توێژینەوە: عەفرین لەبەردەم ھێرشی تورکیادا

لەلایەن ستاندار Posted on 1153 جار بینراوە

ئامادەکردنی: جەزا ئەحمەد فارس/ توێژەری سیاسی
دەروازە
تورکیا ھێرشی سەربازی دەستپێکردوە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی عەفرین لەبەر ئەوەی عەفرین پێگەیەکی ستراتیجی گرنگی ھەیە و لە ئایندەدا پرسی سوریا لە عەفرینەوە یەکلای دەکرێتەوە.
بیانوەکانی تورکیا بۆ پەلاماردان و ھێرشکردنە سەر عەفرین بریتیە لە بوونی یەکینەکانی پاراستنی گەل وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی سنورەکانی بەڵام ئەم ھێرشە تەنیا پەیوەندی بەوە نیە بەڵکو ھاوکێشەیەکی ھەرێمی و نیودەولەتی تەحەکومی پێوە دەکەکات کە خۆی دەبینێتەوە لە ململانێکانی روسیا و ئەمریکا لە پێناو زیاتر ھەیمەنە کردنیان لە سوریادا.
دورکەوتنەوەو ئالۆز بوونی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا کاریگەری گەورەی ھەبووە لەسەر ھەڵکردنی گڵۆپی سەوز لە لایەن رووسیاوە بۆ دەستکردن بەم ئۆپراسیۆنە بە ئامانجی ئەوەی لە ئایندەدا تورکیا دوربکەویتەوە لە ھاوپەیمانی ئەمریکا و بچێتە چوار چێوەی ھاوپەیمانی روسیاوە بەمەش روسیا دەیەوێت کە پرسی سوریا لە بەرژەوەندی خۆی یەکلای بکاتەوە.
لەپاڵ ئەو ململانێ نێو دەوڵەتی و ھەرێمەی کە لەسەر عەفرین ھەیە کورد خاوەنی ھێزێکی سەربازی تۆکمە و بەھێزە لە رۆژئاوا و تەواوی سوریا بەناوی یەکینە کانی پاراستنی گەل کە رۆلی گرنگی یەکلا کردنەوە ئەبینن لەم ململانێدا بەو پێیەی ئەم ھێزە تێکشکێنەری داعش و پارێزگاری یەکەمی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستانە.
ئەمەی خوارەوە توێژینەوەیەکی کورت و پوختە لە سەر (عەفرین لە بەردەم داگیرکاری تورکیادا) کەبەم شێوەیەی خوارەوە دابەشمانکردووە :
-ھێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین
-گرنگی پێگەی عەفرین
-ئامانجی تورکیا لە ھێرشکردنە سەر عەفرین چیە؟
-بەرپەرچدانەوەی ھێرشەکانی تورکیا لەلایەن YPG ەوە
-کاریگەری ململانێکانی روسیاو ئەمریکا لە ھێرشکردنە سەر عەفرین
-کاردانەوەی ووڵاتان سەبارەت بەم ھێرشە
-دەرئەنجام
-لیستی سەرچاوەکان

ھێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین
سوپای تور کیا لە (٢٠/١/٢٠١٨)ەوە دەستیان کردوە بە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی لە ژێرناونیشانی (چڵە زەیتوون) کە ئامانج لێی بریتیە لە چونە ناوخاکی سوریاوە بە قوڵای (٣٠)کم لە سنوری عەفرینەوە.
تورکیا بە بیانووی پاراستنی سنورەکانی لە ھێرشی ھێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەکینە کانی پاراستنی گەل بەشێکی سەرەکی پێک دەیەنن و لە لایەن ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە دژی داعش کە ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات دروست کراو ن و پشتگیری دەکرێن دەستی کردووە بەم ئۆپراسیۆنە٠(١)
تورکیا ھەمیشە یەکینەکانی پاراستنی گەل کە بەشێِکی سەرەکی ھێزە کانی سوریای دیموکرات پێکدەیەنن بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئەوان بەشێکن لە پارتی کرێکارانی کوردستان کە پارتێکی کوردییە و لە قۆناغی خەباتی ریزگاری نیشتیمانیدایە دژی تورکیا ئەمە لە کاتێکدا یەکینەکانی پاراستنی گەل ئاماژەبەوەدەکەن کە ئەوان ھیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆیان لەگەڵ پارتی کریکارانی کوردستان نیە٠(٢) .
تورکیا بۆ ئەم ھێرش و داگیر کاریەی پشت بە چەکدارانی سوریای ئازاد و گروپە توندرەوەکان دەبەستێت کە لەماوەی رابردودا راھێنانیان پێکردون، ئەم گروپ و ھێزە توندرەوانە بە ئاڵای تورکیاوە پەلاماری عەفرین دەدەن(٣).
دوا بەدوای ھێرشی تورکیا پارتی یەکێتی دیموکرات داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە تەداخول بکەن .
روسیاش بەوە تۆمەتبار دەکات کە ناپاکی لێکردوون و ئەو ھێزەی روسیا کە لە عەفرین بوون پێش دەست کردن بەم ئۆپراسیۆنە کشێنراونەتەوە.
گرنگی پێگەی عەفرین
عەفرین ناوچەیەکی شاخاوییە کە روبەرەکەی نزیکەی ٣٨٥٠ کم چوار گۆشەیە کە دەکاتە لە %٢ خاکی سوریا سنورێکی فراوانی لەگەڵ تورکیادا ھەیە.
ژمارەی دانیشتوانی بەھۆی ئاوارە بوونی خەڵکی ناو چەکانی ترەوە بەرز بۆتەوە بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ، گرنگی عەفرین لەوەدایە کە ئەو ناوچانە لەیەکتری دادەبڕێت کە لە ئۆپراسیۆنی تورەی فرات ئەو ھێزانەی نزیکن لە تورکیا کۆنترۆلیان کردوە مەبەست لێی جەرابلوس و بابە ئەعزازە لە رۆژھەڵاتی عەفرین وە پارێزگای ئیدلیبیش لە لەرۆژئاواوە.
کۆنترۆڵککردنی عەفرین لە لایەن تورکیاوە بەواتای بەستنەوەی سەرجەم ئەو ناوچانەی کە ھێزە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا کۆنترۆڵیان کردووە لە سەر سنور ، و گەشتنە بە دەریای ناوەراست(٤).
عەفرین یەکێکە لە گرنگترین کانتۆنەکانی رۆژئاوا کە لە ٢٠١٢ ەوە دوای ئەوەی سوپای سوریا ئەو ناوچەیان لەدەستدا یەکینەکانی پاراستنی گەل ئەرکی پارێز گاریکردنی ئەم ناو چەیان گرتۆتە ئەستۆ و لە ٢٠١٤ ەوە وەک کانتۆنێکی رۆژئاوا راگەیاندراوە(٥).
عەفرین پێشتر لەلایەن بەرەی نوسرە و داعش و حکومەتی سوریا وە چەندین جار ھەوڵدراوە کۆنترۆڵ بکرێت و ھێرشکراوەتە سەری بەڵام یەکینەکانی پاراستنی گەل پاراستوویانە(٦).
یەکێک لە گرنگییەکانی تری عەفرین بریتیە لەوەی کە خاڵێکی گرنگی بەستنەوەی کوردەکانی رۆژئاوایە بە باکوری کوردستانەوە کە کوردەکانی ئەم دووبەشەی کوردستان زۆر نزیکیان لە گەڵ یەکتری ھەیە بە شێوەیەک کە تەنانەت ھەردووکیان بەھەمان شێوەزاری کوردیش قسە دەکەن.
لەپاڵ ھەموو ئەوانەی کە باسمان کرد عەفرین پێگەیەکی گرنگی جیۆستراتیجی ھەیە بەو پێیەی دەروازەیەکە بۆ گەشتنی کورد بۆ سەر دەریای ناوەراست کە دەکرێت لە ئایندەدا ببێتە خاڵێکی گرنگی کرانەوەی رۆژئاوای کوردستان بەروی جیھاندا لە رووی بازرگانیکردنەوە و ھەوەھا سوردی گرنگیشی ھەبێت بۆ باشوری کوردستان لە بەر ئەوەی ھاوسنورە لە گەڵ رۆژئاوادا.
عەفرین چۆن گرنگییەکی زۆری ھەیە بۆ کوردەکان بە ھەمان شیوە وەک شوێنێکی ستراتیجی گرنگ دادەنرێت بۆ تورکیا چونکە تورکیا نایەوێت کورد سود لە دەریای ناوەراست ببینێت بەمەبەستی کرانەوە بەڕووی جیھاندا و ھەروەھا دەیەوێت ئەو ناوچانەی سوریا کە لە لایەن گروپە توندرەوەکان و سوپای سوریای ئازادەوە کۆنترۆڵ کراون بگەیەنێتەوە بەیەک.
ئامانجی تورکیا لە ھێرشکردنە سەر عەفرین چیە؟
تورکیا رایگەیاند کە ئەوان ئامانجیان لەم ئۆپراسوێنە چونە ناوخاکی سوریایە بە قوڵای ٣٠ کم بەمەبەستی پاراستنی سنورەکانیان و دروستکردنی ناوچەی ئارام لە نزیک سنورەکەیان چونکە ئەوان بوونی ھێزی یەکینەکانی پاراستنی گەل بەھەڕەشە دەبینن بۆ سەر ئاسایشی تورکیا لەبەرئەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل لقێکن لە پارتی کرێکارانی کوردستان ھەروەھا ئەوان نیگەرانن لە پشتگیری کردن و پڕچەککردنیان لە لایەن ئەمریکاوە(٧).
لەراستیدا تورکیا ئامانجی سەرەکی بریتییە لە بچراندنی پەیوەندی نێوان کوردەکانی رۆژئاوا و باکور لە لایەک و لە لایەکی ترەوە نایەوێت کوردەکانی رۆژئاوا بگەنەوە سەر دەریای ناوەڕاست لەبەرئەوەی لە ئایندەدا سوردی زۆری دەبێت بۆیان.
تورکیا بەھێرشکردنە سەر عەفرین و داگیر کردنی دەیەوێت رۆژئاوای کوردستان ئابلۆقە بدات و تەوقیانبدات بەشێوەیەک ھیچ دەروازەیەکیان بۆ نەھێڵیتەوە بۆ پەیوەندی کردن بە جیھانی دەرەوە چونکە لەحاڵەتی گەشتنی کورد بەدەرەوە ئەوە کوردەکان دەست دەکەن بە بازرگانی و لایەنی ئابوری ئەم ھەرێمە کوردیانە دەست دەکات بە بووژانەوە کە ئەمەش لە بەر ژەوەندی تورکیادا نیە.
بەداگیر کردنی عەفرین تورکیا دەیەوێت کە ئەو ناوچانەی کە چەکدارە توندەرەوەکان داگیریان کردن لەگەڵ سوپای سوریای ئازاد کە نزیکن لێیەوە بگەیەنێت بەیەکتری و وەک قەڵخانێک بۆ پاراستنی تورکیا بەکاری بیەنێت و بشیانخاتە شەرەوە لەگەڵ کانتۆنەکوردییەکانی تر.

یەکینەکانی پاراستنی گەل بەرپەرچی ھێرشی تورکیا دەدەنەوە
یەکینەکانی پاراستنی گەل کە بەشێکی سەرەکی ھێزەکانی سوریای دیموکرات پێک دەینەنن لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانی دژی داعشەوە پڕچەک کراون و مەشقیان پێکراوە بەتوندنی بەر پەرچی ھێرشەکانی تورکیایان داوەتەوە بۆ سەر عەفرین.
تورکیا بە ئاسانی ناتوانێت سەرکەوتوو بێت لە ھێرشەکانی ھەرچەندە لەڕوی چەک و ھێزی سەر بازییەوە نا بەرامبەرییەکی زۆر گەورە ھەیە لە نێوان سوپای تورکیاو یەکینەکانی پاراستنی گەل بەڵام وەک پێشتر لە کوبانی و زۆر ناوچەی تر بینیمان یەکینەکانی پاراستنی گەل ھێزێکن بە ئاسانی تەسلیم نابن و تا کۆتای شەر دەکەن بەمەش پێویستە چاوەری شەرێکی قورس بکەین.
لەدوای ھێرشەکانی تورکیا بۆسەر عەفرین خۆبەرێوەبەری دیموکراتی عەفرین داوای لە سەر جەم خەڵکی ناو عەفرین و پلەباڵاکانی کردووە کە چەک ھەڵبگرن و دژی داگیرکارییەکانی تورکیا بوەستنەوە و جگە لەوە داوا لە کۆمەڵگای نێو دەولەتی دەکەن کە بێدەنگ نەبن (٨).
ھەموو پێشھاتەکان ئاماژەی ئەوەمان پێدەدەن کە شەڕێکی قورس چاوەڕوانی تورکیا دەکات لەبەر ئەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل ماوەی چەندین ساڵە خۆیان بۆ ئەم شەرە ئامادەکردوە و و ئەزموونێکی باشیشیان لە شەردا ھەیە بەو پێیەی بەتێکشکێنەری داعشن لە رۆژئاوا و تەواوی سوریادا (٩).
لەپاڵ بانگەشەی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی عەفرینیش ھاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی فیدرالی باکوری سوریا داوای لە سەرجەم کوردان و پارتە سیاسیەکان کرد کە دژی داگیر کاری تورکیا بوەستنەوە بۆ سەر عەفرین (١٠).

رۆڵی ململانێکانی ئەمریکا و رۆسیا لەھێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین
ئەمریکا پێی وایە کە ترسی تورکیا لە ئاسایشی نەتەوەکەی شەرعییە بەڵام دەبێت تورکیا کۆنترۆڵی خۆی بکات و وە پێویستە کە جوڵە سەربازییەکانی سنوردار بێت و قوربانی لێنەکەوێتەوە بە تایبەتی ھاوڵاتیانی مەدەنی نەبنە قوربانی.
بەڵام تورکیان نیگەرانە لە رەفتارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەو پێیەی کە ئەمریکا پشتیوانی ھێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات .
دوای ئەوەی کە ئەمریکا رایگەیاند لە (١٣/١/٢٠١٨)یارمەتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات دەدات بەمەبەستی دروستکردنی ھیزی ئاسایشی سنور لە کە ژمارەیان لە ٣٠ ھەزار شەرکەر پێک دێت و ئەمریکا راھێنانیا پێدەکات، نیگەرانی تورکیای لێکەوتەوە لە بەر ئەوەی نێوەی ئەم ھێزە لە ھێزەکانی سوریای دیموکرات پێک دێت ئەردۆغان ئەم ھێزەی بە سوپای تیرۆر ناو برد(١١).
ئەمریکا مەبەستی سەرەکی لە دروست کردنی ئەم ھێزە نوێیە بەناوی ھێزی ئاسایش سنور بریتییە لە وەستاندنی ھاتنی تیرۆرستانی داعش لە تورکیا و عێراقە وە بۆ سوریاو ھەروەھا مەبەستێتی ئەم ھێزە ببێتە بەر بەست لە بەر دەم ھەیمەنەی روسیاو تورکیادا بۆیە رۆسیا بریاری کشانەوی سەربازەکانی خۆیدا لە عەفرین و لەگەڵ کشانەوەی سەربازانی روسیا لە عەفرین تورکیا دەستی کرد بەھێرشکردنە سەر عەفرین لە ژێر ناوی ئۆپراسیۆنی(چڵە زەیتون).
بەر لە کشانەوەی سەربازانی روسیا لە عەفرین، دوو بژرادەیان خستۆتە بەردەم کوردەکان کە ئەوانیش بریتی بوون لەوەی کە واز لە عەفرین بیەنن بۆ حکومەتی سوریا کە مەبەست لێی حکومەتی بەشار ئەسەدە یان دەبێت رووبەرووی سوپای تورکیا ببنەوە(١٢).
پەیوەندییەکانی رۆسیاو تورکیان لە نزیکبونەوەدان لەگەڵ یەکتری لەدوای دروستبوونی ناکۆکی و ئاڵۆزی لەنێوان ئەمریکا و تورکیادا بە تایبەت دوای ئەو پشتگیریانەی کە ئەمریکا دەیکات بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل (١٣).
ئاڵۆز بوونی پەیوەندی ئەمریکا و تورکیا ھانی بەرووسیاوە ناوە کە گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا ھەڵبکات بەمەبەستی ھێرشکردنە سەر عەفرین بە ھیوای ئەوەی کە لە ئایندەدە تورکیا دەستبەرداری ئەمریکا ببێت و ببێتە ھاوپەیمانی روسیا لەناوچەکەدا.
کەواتە ئەوەی لە عەفرین روو ئەدا بەشێکی دەرئەنجامی ململانێی دوو ووڵاتی زلھێزی گەورەی وەک روسیاو ئەمریکایە کە لەدوای جەنگی جیھانی دووەمەوە بەشێوازی جیاجیا لە پێناوی بەرژەوەندیەکانی خۆیان ھێزو ووڵاتانی جیھانیان پێکدا کێشاوە.
کوردەکان زۆر جار رۆسیا بە ناپاک وەسف دەکەن لەبەر ئەوەی کە گلۆپی سەوزی بۆ تورکیا ھەڵکردوە لە دوای کشاندنەوەی سەربازەکانی لە عەفرین.
بێدەنگی ئەمریکاش سەبارەت بە داگیر کاری تورکیا بۆ عەفرین لەوە وە سەرچاوە دەگرێت کە عەفرین وەک بەشێک لە ستراتیجی روسی سەیر دەکەن بەڵام دوور نیە لە ئایندەدا ئەم کانتۆنەش وەک کانتۆنەکانی تر ببێت بە بەشێک لە ستراتیجیەتی ئەمریکی.
کاردانەوەکانی ووڵاتان سەبارەت بە داگیرکاری تورکیا بۆ سەر عەفرین
ووڵاتانی ئەوروپا بە شێوەی جیاجیا لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەیانەوە رای خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە ھێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین .
فەرەنسا داوادەکات کە دەست بەجێ شەرکردن بوەستێنرێت و ھاوکاری مرۆی بگەیەنرێتە لێقەوماوانی شەڕ .
ئەوەی کە خاڵی زۆر گرنکە لە سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسا سەبارەتە بە عەفرین بریتیە لە داواکردنی فەرەنسا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ھێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین را بگرێت ئەمە لەکاتێکدا یە وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ پێی وایە کە بردنی ئۆپراسێونی تورکیا بۆ ناو رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن فەرەنسا یان ھەر ووڵاتێکی ترەوە بێت بەبەرژەوەندی تیرۆرستان کۆتای دێت کە مەبەستی یەکینە کانی پاراستنی گەلە.
لەپاڵ فەڕەنساش وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش رای گەیاند دوای ھێرشی تورکیا بۆ سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل مەترسیەکان پێشبینیکراو نین و ئەم ھێرشەی تورکیا نیگەرانی کردون، چونکە دوای ئەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل سەرکەوتنی گەورەیان بەسەر داعش بەدەستھێنا پێویستە ئاشتی بێتە کایەوە نەک شەرێکی تر چونکە سەرجەم خەڵکانی سوریا بە دەست شەرەوە قوربانیان داوەو دەناڵێنن(١٤).
میێریش وەکو یەکەم ووڵاتی عەرەبی لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی رایگەیاند کە ئەوان ھێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین کە دەکەوێتە باکوری خۆرئاوای سوریاوە رەتدەکەنەوە چونکە ئەمە بەواتای بەزاندن و ھێرشکردنە سەر سەروەی سوریا دێت وە ئەم ھێرشە کاریگەری ئەبێت لەسەر ھەوڵەکانی لەناو بردنی تیرۆر لە سوریادا (١٥).
دەرئەنجام
-قوربانی یەکەم لە ھێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین بریتی دەبێت لە ھاوڵاتی مەدەنی کە زیاتر لە یەک ملوێن ھاوڵاتی مەدەنی لە عەفرین دەژیی لە ئێستادا.
-ئەوەی لە عەفرین روودەدات بریتیە لە پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی روسیاو ئەمریکا کە ھەریەکەیان ھەوڵی زیاتر کردنی ھەیمەنەی خۆی دەدات لە ناوچەکەدا.
-تورکیا ناتوانێت سەرکەوتنی گەورە بەدەست بیەنێت لەم ئۆپراسیۆنەدا لەبەر ئەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل کە بەھێزترین ھێزی چەکدارن لە سەرجەم سوریادا بڕیاریاندەوە کە بەتوندی دژی تورکیا بوەستنەوە.
-بەبیانوی پاراستنی سنورەکانی تورکیا دەستی کردووە بە ئۆپراسیۆنی سەربازی بە ئامانجی داگیر کردنی عەفرین بۆ پێکەوە بەستنەوەی ئەو ناوچانەی کە ھێزەکانی نزیک لە تورکیا کۆنترۆڵیانکردووە.
-بەھەڵکردنی گڵپی سەوز لەلایەن رۆسیاوە بۆ تۆرکیا کورد زیاتر لە ئەمریکا نزیک دەبێتەوە بەمەش دوور نیە ھاوکێشەی سیاسی سوریا بەبەرژەوەندی ئەمریکا یەکلای ببێتەوە.
لیستی سەرچاوەکان

-1 Alex Crawford, Special Correspondent, in Istanbul, Turkish troops move into Kurdish-controlled area of Afrin in northern Syria, on https://news.sky.com/story/turkish-troops-move-into-kurdish-controlled-area-of-afrin-in-northern-syria-11217110 .

-2ZACHARY FRYER-BIGGS, DEFENSE SECRETARY MATTIS WARNS ISIS COULD BENEFIT FROM TURKISH MILITARY STRIKE IN AFRIN, 1/23/18 AT 6:53 AM, on http://www.newsweek.com/mattis-warns-isis-could-benefit-turkey-strike-afrin-787756.

3-Tracey Shelton, ‘We will tear them down’: Turkey launches attack on US-backed Kurds in northern Syria, ON http://www.abc.net.au/news/2018-01-21/turkey-launches-attack-on-afrin-kurds/9346626.

4-بى بى سى العربية، لمحة عن منطقة عفرين السورية التي تتعرض لغارات تركية

،http://www.bbc.com/arabic/in-depth-42184674

5- By;The Kurdish Project, for more information visit : https://thekurdishproject.org/kurdistan-map/syrian-kurdistan/afrin-syria.

6- Jonny Hogg, Syria’s Kurds Warn Afrin Could Be The New Kobani,  https://www.huffingtonpost.com/2014/11/07/syria-afrin_n_6121632.html11/07/2014 11:08 am ET Updated Nov 07, 2014.

7-Jeff Daniels, Turkey’s Afrin offensive against US-backed Kurdish forces ‘a big mistake,’ says ex-DOD official

,ON ; https://www.cnbc.com/2018/01/22/turkey-could-lose-in-its-attack-on-us-backed-syrian-kurds-says-expert.html.

8– Daxuyanî ji Rêveberiya Xweser ya Kantona Efrînê

https://pydrojava.net/kurdi/2018/01/daxuyani-ji-reveberiya-xweser-a-efrine/.

9-Tracey Shelton, ‘We will tear them down’: Turkey launches attack on US-backed Kurds in northern Syria, ON http://www.abc.net.au/news/2018-01-21/turkey-launches-attack-on-afrin-kurds/9346626.

10- ANF NEWS, Today in the attack on Afrin launched with Russia’s permission, https://anfenglish.com/rojava/today-in-the-attack-on-afrin-launched-with-russia-s-permission-24310.

11-BBC, Turkey targets Kurdish forces in Afrin: The short, medium and long story, http://www.bbc.com/news/world-middle-east-42704542 , 22 January 2018.

12- By THE ASSOCIATED PRESS,The Latest: Russia warned Kurdish officials of Turkey attack,ON http://abcnews.go.com/International/wireStory/latest-turkey-troops-enter-syrian-kurdish-enclave-52498986, Jan 21, 2018, 1:12 PM ET .

13-Umut Uras & Tamila Varshalomidze, What is Russia’s end game in Afrin?,23/1/2018, on http://www.aljazeera.com/indepth/features/russia-green-light-turkeys-afrin-offensive-180123064315810.html.

14- بيى بيى سى العربية،عفرين: مواقف دولية متباينة من اجتياح القوات التركية لها ، http://www.bbc.com/arabic/in-depth-42780452 22 يناير/ كانون الثاني 2018.

 

 

15- بي بي سى العربية،عفرين: مواقف دولية متباينة من اجتياح القوات التركية لها،http://www.bbc.com/arabic/in-depth-42780452 22 يناير/ كانون الثاني 2018.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.