زۆرانبازی ئەمریکاو ئێران لە عێراقدا بەرەو کوێ ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 366 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

نزیکەی ١٥ ساڵی ڕێکە کە ڕژێمی بەعسی ێدامی ڕوخاوە لەعێراقدا بەھێزی ھاوپەیمانان بەڕابەرایەتی ئەمریکا و ئیدی لەوکاتەوە گەلان و خاکی عێراق ڕزگاریانبوە لەدڕندەترین ڕژێمێکی تاکڕەو و ستەمکاری سەدەی بیستەم،ھەرچەندە ئەمە دەستپێک و سەرەتایەکی قۆناغی نوێ بوو بۆ گەلانی عێراق و مایەی دڵخۆشیان بوو،بەڵام لەدوای ئەو بەروارەوە و بەدرێژایی ئەم ١٥ ساڵەی ڕابووردوو نەگەلانی عێراق و نە ناوچەکەش ئارامیان بەخۆیانەوە نەبینیوە کە ھەموانیان وایان دەزانی ڕژێمەکەی ێدام حسێن ھۆکاری ئەو گرژی و نائارامیە بوە،بەڵام لەئێستادا بۆیان دەرکەوتوە کە ئەوە ململانێ ناوخۆیەکانی نێوان حیزب و سەرکردە سیاسیەکان لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە ململانێ نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبیە جیاوازەکان ھۆکاربونە و لەپاڵ ئەمانیشدا ململانێ ناوچەییەکان و نێودەوڵەتیەکانیش بە بەھێزیەوە ئامادەگیان ھەبوە.بۆیە ماوەی ئەم ١٥ ساڵەی ڕابووردوو گەلانی عێراق بەری ڕەنجی چەندین ساڵەی خەبات و قوربانیەکانی ٣٠ ساڵەی قۆناغی ڕژێمی ێدام حسێنیان نەچنیەوە تا ڕووبارێک خوێن و فرمێسک و قوربانی تری ھاتە سەرو تائێستاش بەردەوامی ھەیە و ئەوسەری ڕێگا و تونێلەکەش ناڕوون و نائاشکرایە بۆ ئایندە.

وڵاتانی ناوچەکە و زلھێزەکانیش ھەریەکەیان بە پێی توانا و بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەستیان وەرداوەتە ناو کاروباری عێراقەوە و ھەریەکە بەمەرامێک و بۆ جێگە کردنەوەی پێگەیەکی شیاو لە ئایندەی عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت و غازی سروشتی و ..ھتد.گەرەکیانە بمێننەوە و لەو پێناوەشدا ململانێ دەکەن.

لەناو ھەموانیاندا ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران زۆر ئاشکرایە و زۆریش توندەو ھەریەکەیان کێبکڕکێی ئەویتریان دەکات بۆ سەرکەوتن و بە ئانامج گەیشتنیان لە چەسپاندنی دەسەڵات و ھەژموونی سیاسی و ئابوری و سەربازی خۆی لە عێراقدا.عێراق لە ئێستادا بۆتە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ ململانێ نێودەوڵەتیەکان و بەتایبەتیش ئێران و ئەمریکا.ھەردووکیان گرنگی تەواو دەدەنە ئایندەی عێراق،چونکە باش لە گرنگی و کاریگەری جێگە و پێگەی عێراق دەزانن لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناویندا،چونکە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەند و بەھێز و خاوەن ٣٨ملیۆن کەس و یەدەگێکی زەبەلاحی نەوت و غازی سروشتیە و پێگە و ھەڵکەوتەیەکی جیۆسیاسی گرنگی ھەیە لەناوجەرگەی ڕۆژھەڵاتی ناویندا و دەڕوانێتە سەر وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و دەروازەی وڵاتانی عەرەبیە بۆ ئێران و ھەریەکێک لە ئێران یان ئەمریکا بتوانێت عێراق کۆنتڕۆڵ بکات وەکو ئەوە وایە ھەموو ڕۆژھەڵاتی ناوینی کۆنتڕۆڵ کردبێت.بۆیە ئەم ململانێیانەی ئێران و ئەمریکا بەتەنھا لەعێراقدا نەماوەتەوە بەڵکو پەلی کێشاوە بۆ تەواوی ناوچەکە لە سوریا و لوبنان و فەلەستین و میسر و یەمەن و عومان و بەحرەین و …ھتد.پڕیشکی ئەم ململانێ یان زۆرانبازیە دوو قۆڵیە پەلی ھاویشتوە و مەترسیشی دروستکردوە بۆسەر نفوز و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ھاوپەیمانەکانیان لەناوچەکەدا بەوێنەی سعودیە و میسر و ئیسڕائیل. ھەربۆیە پێناچێت ئەم ململانێیە بەئاسانی کۆتایی پێبێت و کۆتاییەکەشی کۆتاییەکی مەترسیدار و خوێناویش دەبێت بۆ ناوچەکە،چونکە لەلایەک ھیچ کامیان پاشەکشە ناکەن ولەلایەکی تریشەوە بۆخۆی ئاگری شەڕی دژ بەتیرۆریستانی داعش و ھاوشێوەکانی ھێشتا بەتەواوەتی کۆتایی نەھاتوە.

ئێران وەک زلھێزێکی ناوچەیی خۆی نمایش دەکات وھەرچی ھەوڵی ھەیە بۆ پاوانکردن و فراوانکردنی دەسەڵات و نفوزی خۆیەتی و پاڵپشتیشی ھێزە ڕۆحی و ئاینی و مەزھەبیەکەیەتی لەناو گەلانی ناوچەکەدا و ھەرچی ئەمریکاشە وەک زلھێزێکی جیھانی مەبەستی دەستبەسەراگرتنی تەواوی سەروەت و سامانی ناوچەکەیە لەڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنیەوە،چونکە ئەم ناوچەیە بۆ زلھێزەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتیش گرنگی خۆی ھەیە.

لە ئێستادا ئەمریکا لەسەر زەمینەی واقع و لەناو پێکھاتە جیاوازەکانی عێراقدا بە ڕادەی ئێران نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەستبھێنێت بەھۆی لایەنگری زۆرینەی شیعە مەزھەبی عەرەبیەوە بۆ ئێران و ھەرواش سونەی عەرەب و کوردەکانیش لە بێ بەڵێنی ئەمریکا وەڕس بون و شکستە سیاسی و سەربازیەکانیان بۆ ئەمریکا دەگێڕنەوە و تورکومانەکانیش تورکیا بەپاڵپشتی ڕاستەقینەی خۆیان دەزانن و کەمینەی مەسیحیەکانیش لەو نێوەندەدا بێ دەسەڵات ماونەتەوە.لە ئێستادا زۆرانبازیەکی ئەمریکا و ئێران لە پاڵپشتی ھەریەکەیان دەردەکەوێت بۆ سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان لە پێکەوەنانی لیستی و قەوارە و ھاوپەیمانیەکانیان بۆ ھەڵبژاردنی ئایندە و ھەریەکەیان گەرەکێتی لایەنگرانی خۆیان سەرکەوتوبن تابتوانن بۆ ٤ ساڵی ئایندە بەردەوامی بەھەژموون و مانەوەیان بەدەن لە عێراقدا.

ھەربۆیە ئەم زۆرانبازیەی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر حسابی خاک و گەلانی عێراق بۆ ماوەیەکی تریش بەردەوام دەبێت تائەوکاتەی ئەمریکا دەتوانێت گۆڕانکاری لەناوخۆی ڕژێمی ئێرانیدا دروستدەکات و دەبێتە ھۆی گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی لەئێراندا و بەمەش دەتوانێت سەرکەوتنی کۆتایی بەدەست بێنێت،بەڵام ئەم کارەش بۆخۆی نەئاسانە و نە لە ئایندەیەکی زوودا دێتەدی ،بەڵکو ھێندەی تر ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسی و جەنگێکی تری تیرۆریستی دەکاتەوە،ھەربۆیە ئایندەی ململانێکە و کۆتایی چارەنوسی عێراق و ناوچەکەش بەتاریکی و لێڵی دەمێنێتەوە.و نارامی لەنماوچیەکەشدا بەردەوامی دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.