ماڵی ماممان!

لەلایەن ستاندار Posted on 381 جار بینراوە

زیاد ڕەشاد قادر

تاڵەبانی لە کتێبی (دیداری تەمەن)دا، کە باس لە ڕووداوەکانی سەرەتای شێستەکانی سەدەی ڕابردوو دەکات، دەڵێ: “ھەندێ کەلیمەی سڕیمان ھەبوو، بۆ نموونە بە سۆڤیەتمان دەگوت ماڵی ماممان”. ھەموومان دەزانین سۆڤیەتی ھەنگینێ و ڕووسیای ھەنووکە نە لە سەردەمی کۆماری مەھاباد و نە لە ئێستا و تەواوی سەدەی ڕابردوو و نە پێشتریش، ھیچ کات مامی کورد نەبووە و نییە. ھەر وەک چۆن نە لەسەردەمی شێخ مەحمووددا، تورک مامی ئێمە بووە، نە لە ھەڕەشە و ڕووداوەکانی دیکە کە بە درێژایی مێژوو لەسەر نەتەوەی کورد ھەبووە، ئەمەریکا و ئەوروپا و کۆی وڵاتانی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا مامی کورد بوون. لە ڕووداوە تازەکانیشدا ھەمدیس چ لە ھێرشی سەر کەرکووک لە شازدەی ئۆکتۆبەر، چ لەو ھێرشە نابەرابەرەی دەکرێتە سەر کانتۆنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە، بەداخەوە ھیچ وڵاتێک ماڵی ماممان نییە.

بۆیە ئەگەر لە ھەموو ھەرەس و لێقەومان و کارەساتەکاندا، ھەقیقەتی ئەو گوتەزایە کۆنەــ نوێیەمان زێتر بۆ دەرکەوتبێ، کە دەڵی: “کوردەکان جگە لە چیاکان ھیچ دۆستێکی دیکەیان نییە”، ئەوا دەبێ پتر ئەو ڕاستییەشمان لەکن ڕۆشن بێ، کە لە سەردەمی نوێدا ھیچ شتێک لە یارییەکان نەگۆڕاون ھیچ، نە سیاسەتی دەولی و مامەڵەی پراگماتییانەی دونیا، نە سادەیی و خۆشباوەڕی ئێمە، ھیچیان نەگۆڕاون. ئەوەی گۆڕاوە تەنێ ئەوەیە کە پێشتر قەتڵ و عام و ئەنفال و کیمیاباران دەکراین، زەمەنێکی دەویست تا دونیای دەرەوە دیمەنە تراژیدییەکانمانی پێ بگات و بیانبینێ. بەڵام ئێستا سات بە سات و چرکە بە چرکە ھەمووان تەماشای وێنەی برین و خوێن و مردنمانە دەکەن، بێ ئەوەی ھیچێک لەوانەی بە ماڵە مامیان دەزانین زۆر جار تەنانەت بە وشەیەکیش پشکداریی کۆست و کەسەر و پرسەکانمان بن.

ئای چەندە سەخت و سەیرە لە شاییدا ھەموو دونیا ماڵی مامت بێ! لە شیوەندا یەک ماڵە مامیش شک نەبەیت، لەوەش سەختتر و سەیرتر ئەوەیە، ئەمجارە و جارێکی دیکە و دەیان و سەتان جاری دیکەش، لە خۆشیدا و لە عانی زۆربوونی پوول و ھاوتەریببوونی بەرژەوەندییەکاندا، باوەڕ بە خۆت بێنی کە ئەو ھەموو ماڵە مامەت ھەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.