یەکێتی و چارەنوسێکی ھاوشێوەی پارتی

لەلایەن ستاندار Posted on 385 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

حیکمەتی سیاسی ئەوەیە کەوا سەرکردەکان رابردوو بخوێننەوەو لەگەل واقیعی رۆژدا بیبەستنەوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانی داھاتویان دەستنیشان بکەن ، چونکە روداوەکانی رابردوو ئاییندە گرێدراوی یەکترن . بەداخەوە سەرکردەکانی کورد بەدرێژایی تەمەنی سیاسییان نە پەندو عیبرەت لەرابردو وەردەگرن، نە واقیعیانەش روداوەکانی رۆژ ئەخوێننەوە، نە ئەشتوانن پێشبینی ئاییندە بکەن. سەرکردەکانی یەکێتیش بەدەر نین لەمانە ، سەرەرای ئەوەی یەکێتی ھەر لەدامەزراندنیەوە وەکو حزبێکی سۆشیال دیموکرات و پێشکەتنخواز وەکو بەدیلێکی حزبە کلاسیکیەکان خۆی تەرح کردو، کەسانی رۆشنبیرو دیموکراتخوازی زۆری لەدەوری خۆیدا کۆکردەوە.

بینیمان لەزۆربەی روداوەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی ئەمدواییەی ھەرێم، سەرکردایەتی یەکێتی زۆر بەھەڵە مامەڵەی لەگەڵ واقیعەکەدا کرد، یەکێتی زیاتر وەک پاشکۆیەکی زەلیلی حزبێکی دواکەوتووی کلاسیکی وەکو پارتی بەدەرکەوت ، نەوەک ئەو حزبەی رۆژانێک ببوە ئومێدێکی گەورەی نەتەوەیی بۆ گۆڕینی ھاوکێشە سیاسیەکان. بەشێک لەسەرکردەکانی یەکێتی بەبێ ئەوەی بیر لەرابردوی پەیوەندی و ئەزمونە تاڵەکانیان لەگەڵ پارتیدا بکەنەوە، بونە بەشێک لەئەجیندا سیاسیەکەی پارتی و کوێرانە کەوتنە داوی پیلانەکانی ئەم حزبە نەیارەیان بۆ لاوازکردنی رۆڵی یەکێتی لەسەر ساحەکەداو چەسپاندنی ھەژمونی دیکتاتۆرییانەی پارتی بەسەر ھەرێمدا،ھەندێکیان لەترسی کەشفبونی فەزاحەتەکانیان لەلایەن پاراستنەوە، ھەندێکیان بۆ بەردەوامبون لەپۆستەکانیان، ئەوانیتریش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانیەکانیان ، بەمەش دەرەفەتێکی باشیان دایە پارتی بۆ ئەوەی خۆی وەک حیزبی قائید نمایش بکات و یەکێتی و ئەوانیتریش وەکو پاشکۆیەکی زەلیل. بەمەش وڵات وێران بو، کاتێک ھیچ حزبێک نەیتوانی بەرامبەر بەپیلانەکانی پارتی نقە بکات، ھەر لەچەسپاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەوە، تا پەکخستنی پەرلەمانو دەرکردنی وەزیرەکان ، کۆتاش کارەساتی ریفراندۆمو لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان وسۆزی نێو دەوڵەتی بۆ کورد وکوردستان.

وەزعی ئەمڕۆی میللەت بەھۆی بێدەنگی حزبەکان بە تایبەتیش یەکێتی وەکو ھێزێکی کاریگەری سەر ساحەکە ، لەسنوری تەحەمولکردن تێپەڕیوە، ھیچ ترووسکاییەکیش نەماوە بۆ چارەسەری قەیرانە قوڵەکانی ھەرێم ، حکومەتەکەمان ئیفلاسبونی تەواوی راگەیاندوە، ئابوری سەربەخۆ فەشەلی ھێنا، پارەو داھات بەدەست حکومەتەوە نەماو ناتوانێ قووتی ھاوڵاتیانیش دابینبکات، رۆژ لەدوای رۆژ بەغدا دەسەڵاتی ھەرێم بچوکتر ئەکاتەوە ، لێرەدا یەکێتی بەرپرسیاریەتیەکی گەورەی ئەکەوێتە ئەستۆ بۆ چارەسەر، بەتایبەت ئەو وەک ھێزێکی جەماوەریی کاریگەری ھەیە بەسەر روداوەکاندا، بەڵام لەبەر کێشە ناوخۆییەکانیەوە تا ئێستا نەیتوانیوە ئەم رۆڵە بگێڕێ .

خەڵکی بەگشتی چاویان برَیوەتە ھەڵبژاردنەکانی داھاتو بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەک رووبدات و، نەخشەی سیاسی سەرلەنوێ دابرێژرێتەوە ، بەڵام یەکێتی بەم دەموچاوانەی ئێستاو بەم ھەڵوێستە لەرزۆکانەی بەرامبەر بەسیاسەتەکانی پارتی ناتوانێ روبەروی ھەڕەشەی بچوک بونەوەی زیاتری خۆی ببێتەوە.

ھەمومان ئەزانین کێشەی سەرەکی یەکێتی لەبەشێک لەسەرکردەکانیەتی ، کە ئێستا بەحوکمی واقیعێکی سەپێنراو بونەتە دوو بەرەوە. بەشێکی سازشکار بۆ پارتی ، بەشەکەی تریش لەگەڵ بنکە جەماوەرییەکەو زۆرینەی کادیرانی حیزب لەھەوڵدان بۆ ئەوەی یەکێتی بگەڕێننەوە سەر رێبازە راستەقیینەکەی مام جەلالەوە.

لەململانێی نێوان ئەم دوو بەرەیەشدا، سەنگی ترازوو تا ئێستای بەلای سەرکردە کلاسیکیەکاندایە لەبەر چەند ھۆکارێک، لەسەرویانەوە ئەوەیە کە زۆربەی ئەندامانی ئەم بەرەیە جومگە ھەستیارەکانی یەکێتیان بەدەستەوەیە، بەمەکتەبی سیاسی ودەستەی کارگێڕو حکومەتەوە ،ھەر ئەمانەش رێگرن لەچارەسەری کێشە ناوخۆییەکان لەرێگەی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی حزب و ھەڵسانەوەو نوێبونەوەی یەکێتی . تەنانەت رێگری لەوەش ئەکەن سەرکردایەتی کۆ ببێتەوە بۆ دیاریکردنی رۆژی بەستنی کۆنگرە. ھەڵبەت ئەم سەرکردایەتیە کلاسیکیە ترسی ئەوەیان ھەیە لەکۆنگرەی داھاتودا دەرنەچنەوەو شکست بێنن، بۆیە لەھەوڵی دواخستنی کۆنگرەن بەھەر بیانویەک و شێوەیەک بێت ، جارێک ئەڵێن کاتەکەی گونجاو نیە، جارێک باسی بلینۆم ئەکەن وەکو بەدیلی کۆنگرە ، کە ئەمەش واتای ھێشتنەوەی ئەو تەرکیبەی ئێستای سەرکردایەتیە، تەنانەت ناشھێڵن بڕیاری زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتیش جێبەجێ بکرێ بە ھەڵوەشاندنەوەی مەکتەبی سیاسی و دامەزراندنی دەستەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی یەکێتی .

ئەم باڵە کلاسیکییە ئێستا رێگری لەھەر سیاسەتێکی راستودروستی یەکێتیش ئەکات سەبارەت بەوەزعی گشتی سیاسی لەھەرێمدا، بۆ نمونە سەرباری ئەوەی ھەر سێ حزبە سەرەکییەکەی کوردستان لەحکومەتە شکستخواردوەکەی نێچیرڤان بارزانیدا کشاونەتەوە، بەڵام ئەم سەرکردانەی یەکێتی رێگرن لەکشانەوەی وەزیرەکانی یەکێتی کە ئەمەش مەتڵەبێکی جەماوەرە.

پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمە شوومەکە خەڵکێکی زۆر ھاواریان کرد کەریفراندۆم دوابخرێ، بەڵام غروری سەرانی پارتی گوێی پێنەدان لەئاکامدا باجە گەورەکە میللەتەکەمان دای و پرۆسەکەش بەلاوازبونی پارتی تەواو بوو، سەرانی یەکێتیش ئەگەر گوێ لەھاواری قاعیدەو جەماوەرو کادیرانیان نەگرن، ھەمان چارەنوس چاوەڕێیان ئەکات.

ئاییندەیەکی پڕ لەمەترسی چاوەڕێی یەکێتی ئەکات ، چونکە بەم دەموچاوە سواوو ناشرینانەی ئێستای سەرکردەکانیەوە بەھیچ شێوەیەک ناتوانێ بچێتە ناو ھەڵبژاردنەکانی داھاتوەوە، ئێستا چەند حزبێکی نوێ بەدەموچاوی تازەوە خۆیان ئامادەکردوە بۆ ھەڵبژاردنەکان ، ھیتریش بەڕێوەن وەک لیستی بەدەر لەحیزبە کلاسیکیەکان، تەنھا سەرکردایەتی یەکێتییە کە ئەیەوێ بەم دەموچاوە ناشرینانەوە بچێتە ھەڵبژاردنەوە، جا ئەگەر لەھەڵبژاردنی پێشوتردا تەنھا روخسارە نەخۆشەکەی مام جەلال سۆزی جەماورەکەی بۆ یەکێِتی راکێشابێت ، ئەمجارەیان مامیش کۆچی کرد و یەکێتی کەوتە دەست کەسانێکەوە کە ھیچ دڵسۆزییەکیان بۆ مام و رێبازەکەشی نەماوە ، بۆیە جارێکتر ھاوار ئەکەین ، فریای یەکێتی بکەون با ئەویش توشی ھەمان دەردی پارتی نەبێ لەغرورو لەخۆبایی بون بەھێزەوە ، چونکە ھیچ حزبێک لەدونیا بەیەک کورسییەوە نەیتوانیوە حوکمی وڵات بکات تەنانەت لەرژێمە دیکتاتۆرو سەرکوتکەرەکانیشەوە..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.