ڕاپۆرتی ئۆکسفام لە داڤۆس ئاوێنەی دۆخی ئابوری ھەرێمی کوردستانە

لەلایەن ستاندار Posted on 518 جار بینراوە

حەسەن ئەبەبەکر صديق

ئۆکسفام (Oxfam International ) بە کورتی، یەکییەتیەکی نێودەوڵەتیە پێکھاتووە لە بیست ڕێخراوی جیاواز کە لە نەوەد وڵات کارەکانی دەکات کە زۆربەیان لە کیشوەری ئەفریقیان، کاری سەرەکی ئەم یەکییەتیە بریتیە لە دژایەتی کردنی ھەژاری لە سەرانسەری جیھاندا.

ئۆکسفام کە پشتی بەستبو بە کۆمەڵێک تێز و لێکۆڵینەوەی ئابوری لە سەر ئاستی جیھان بە گشتی، لە ڕاپۆرتی ئەمساڵی خۆیدا کە لە کۆڕبەندی داڤۆس ئاشکرای کرد لە سەر زاری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەم یەکیەتیەوە کە ئەویش خانمێکی بە ڕەچەڵەک ئۆغەندیە بە ناوی خاتوو (وینی بایینایما)، ئەوە دەردەخات کەوا دارایی و ئابوری جیھان لە بەرژەوەندی و پاداشتکردنی دەوڵەمەندەکان لێژدەبێتەوە لەسەر حیسابی کارکردن و کرێکاران، بە واتایەکی دیکە دەوڵەمندەکان دەڵەمەند تر دەبن و ژمارەی ھەژارانیش زۆر تر دەبن و ھەژار تر دەبن.

ھەر لەو ڕاپۆرتەدا ئەوە باس دەکات کەوا لە ساڵی ٢٠١٧ دا بە ڕێژەی نیوە زیاتر لە دانیشتوانی جیھان ھیچ زیادەیەک بەسەر داھات و داراییان نەھاتووە و بەڕێژەی ٨$ لە ھەر ١٠$ لەو سامانانەی پەیدا کراون چوونەتە گیرفانی سەدا یەکی دانیشتوان و ئەو سەدا یەکە ٨٢% لە سامانی جیھانیان پچریوە.

وە ئەوەی بۆمن زۆر سەرنج ڕاکێشبوو وتەیەکی ئەم خانمە بوو کە دەڵێت ( زۆر بوونی ژمارەی ملیونێر و بلیونێر لە ھەر وڵاتێک ئاماژەی باشی و تەندروستی و گەشەی ئابوری ئەو وڵاتە نیە بەڵکو بە پێچەوانەوە دەرخەری داڕمانی سیستمی ئابوری و دارایی ئەو وڵاتەیە)، ئەمەش بەڕوونی ئابوری و گوزەرانی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستانمان بیر دەخاتەوە کە لە چەند ساڵی ڕابردودا بە دەیان و سەدان بلیونێر و ملیۆنێر لەپڕدەرکەوتن و ھەڵتۆقین و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیان لە لای خۆیان قەتیس کرد و کار و بازاڕیان بە یەکجاری قۆرخ کرد و دەرفەتی گەشە و گوزەرانیان لە خەڵک زەوت کرد و بە تەواوەتی دەستیان گرت بەسەر ھەموو ژێر خان و سەر خانی ئەم وڵاتەدا و لە ئەنجامدا خاک و خەڵکی کوردستانیان تووشی ھەرس و نسکۆ کرد و لە وڵاتێکی دەوڵەمەند کۆمەڵگایەکی ھەژار و نەداریان بەرھەم ھێنا.

ئەمەش ھەمووی نەک لە ڕێی شەرعی و پێشبڕکێی بازاڕەوە وەک ھەموو دونیا بەڵکو لە ڕێی بەکارھێنانی دەسەڵاتی چەکداری و زەوتکردنی دەسەڵاتی سیاسی بەنا حەق و ناشەرعی و بە ڕەوانتر دەکرێت بڵێین لە ڕێی دزییەوە.

وە ھەر وەک ئەوەی خاتوو (وینی بایینایما) لە کوردستان ژیابێت و باسی کوردستان بکات دەڵێت( زۆر ئەستەمە سیاسیەک یان سەرکردەیەک یان خاوەن کار و بەرژەوەندیەک بدۆزیتەوە باس لەوە نەکات کە نەڵێت ئێمە دڵگرانین لە نا یەکسانی بەڵام لەوەش ئەستەم تر ئەوەیە کە یەکێک لەوانە بدۆزیتەوە شتێکی جدی بکات لەو بارەیەوە.) بە دیوەکەی لای خۆمان ئێمەش ئەستەمە نەمان بیستبێت و ڕۆژانە ئەو قەوانە شکاوەمان گۆی لێنە بووبێ لە ھەموو بەرپرسانی ئەم وڵاتەوە لەسەرەوە تاوەکو خوارەوە نەڵێن گەندڵی ھەیەو ئەوان دڵگرانن بەو بابەتە ھەر وەک ئەوەی بەرپرسانی مەریخ ھاتبن ئەو دزی و فزییان ئەنجام دابێت و خۆیان نەبن.

ڕۆژانە ئەم گەندڵکارانە و بە مەبەستی فریودان و خەریککردنی میللەت بەرنامەو پڕۆژەی بەرانگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە دەخەنە ڕوو بێ ئەوەی ھیچ ھەنگاوێک بنێن کە لە ئەسڵدا چارەسەر کردنی ئەو بابەتەش لە خۆی ئاسانتر نیە ئەوەش ئەوەیە، با خۆیان دەست بەرداری دزی بن و دەست لە قۆرخکاری و زەوتکردن ھەڵگرن ھەموو شت باش دەبێت، بەڵام نەخێر ئەمە ھەرگیز واناکرێت ئەوەی باسم کرد خەونەو دڵنیابن نایەتە دی ئەوان قەد ئەوە بە ویستی خویان ناکەن, ئەگەر گەل خۆی ھەنگاو نەنێت و پێشیان پێنەگرێت و لەو سەروەت و سامانەی دزیویانە دایانماڵێت و بە سزای ڕەوای خۆیان بگەیەنێت , بەڵام ئەجارەشیان ھیوام وایە ئەمەشیان ھەر وەک پێشوو خەون نەبێت و ئەگەر دووریش بێت ڕۆژێک بێتە دی.

لە کۆتایدا ئەوەماوە بڵێین کە کۆربەندی داڤۆس یەکێکە لە ھەرە کۆبونەوە گرینگەکانی بواری ئابوری لە جیھاندا و دەرفەتی زۆر گەورە دەرەخسێنێت بۆ دەسکەوتی ئابوری لەسەر ئاستی وڵاتان و کەسایەتیە خاوەند کارەکان، وە ئەوانەی دەچنە ئەوێ بەرنامە و نەخشەی پێویستیان ھەیە بۆ سود وەرگرتن لەو دەرفەتە تەنانەت لەسەر ئاستی سیاسیشدا، جا پرسیارەکە ئەوەیە ئایە نیردراوەکانی ھەرێمی کوردستان بە چی نەخشە و مەبەستێکەوە چوونە و چی بەرنامەو و بلانیکیان ئامادەکردوە بۆ کەڵک وەرگرتن لەو کۆڕبەندە و بە چی ناونیشانێکەوە بەشدارن.
سەرچاوەی زانیاریەکان :-
Fox٦١.com
کەناڵی CNN
پێگەی USA TODAY .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.