عەفرین دەبێتە دەروازە بۆ نەتەوەیەک.!

لەلایەن ستاندار Posted on 534 جار بینراوە

نەبەز جەلال

کورد لە ھەر چوارپارچەی کوردستاندا بەدۆخێکی قورسی مێژووی گەرمی شەڕی ناڕەوا و بەرگری کردنێکی توندی ململانێی ڕاستەقینەی نەتەوەیی بونی خۆیدا گوزەر دەکات .
باشوری کوردستان پاش ٢٦ ساڵی حوکومڕانی لەدەستکەوتی گەورەوە گەیشت بەشکست و بەرھەمی دەستکەوتەکەی بوە ئازارێکی قورسی رۆحی و دەروونی بۆ سەرتاسەری خەڵکی کوردستان ،

ڕوداوی بەدەستەوەدانی نیوەی خاکی باشوری کوردستان بە ھۆکاری شکستی بەڕێوەبردن و پاوانخوازی دەسەڵاتی دوو پارتی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان و زۆرانبازی ھێزی بەناو براوەکان بوو بۆ سەرکەوتن و دیاریکردنی دێڕێکی زەقی درۆینەی کاری نەکردە لەمێژووی گەلێکی بەش مەینەتدا بوو بۆ تاکێکی ھەڵچنراو.

بە پێچەوانەی چاوەڕوانی دەستکەوتەکەشییەوە بوە مایەی دڵشکاندنی زۆرینەی خەڵکی کوردستان و بێ ئومێدی و پەرتبونی ماڵی کورد و بچوککردنەوەی دۆزی کورد لەدونیادا کە کورد تێیدا گەیشتبوە لوتکە،

ھێزی بەرگریکار و دڵسۆز و وڵاتپارێزی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کە لە کۆبانی و ناوچەکانی تردا بوونە سیمبولی بەرگری و بەرخۆدان و مایەی سەربەرزی کورد و سەرخستنی پرۆسەی ڕزگاری ئازادی بۆ نیشتیمان بەرھەمیان دروستکردنی کانتۆنەکانی بەڕێوەبردنی خۆجێییی خەڵک بوو بۆ خەڵکەکەی خۆیان و نیشتیمان.

بەدڵنیایی بەردەوامی مانەوە و بەرگریکردنی ئەم ھێزە کوردستانیانە لە خۆرئاوادا دەبێتە مایەی سەرکەوتنی زیاتر و گەڕاندنەوەی شکۆی ڕاستەقینەی نەتەوەو کوردبونێکی ڕاستەقینە بۆخەڵکی کوردستان و خاکەکەی نەک وابەستە بەحیزبی فەرماندە و تاک پاڵەوان و دەسەڵاتە بازرگانییە گوماناوییەکانیان لە پارچەکانی تری ووڵاتدا.

بێگومان شکستی کورد لە رۆژئاوای کوردستاندا دەبێتە شکستی تەواوی خەڵکی کوردستان و دواکەوتنی کورد لە بەشداریپێکردنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی ناوچەکە لە نێوان زلھێزەکان و نەخشە نوێیەکەیدا بۆ گۆڕانکاری.

تورک دوای تەواوبوونی جەنگی نابەرابەری دژ بەکوردانی عەفرین ناوەستێت ، ملھوڕییەکانی زیاتر دەکات و دەستی زیاتر درێژدەکات لە پێناو دروستکردنی پشتێنەیەکی دڵنیایی پارێزراوی تۆکمەتر و دورتر لە سنورەکانی بەرکەوتنی خۆیی لە نێو خاکی تورکیادا .

پلانی دانان و لێدانی سەنگەرەکانی بەرگریکردنی خۆیان زیاتر دەکەن لە چوارچێوە دیاریکراوەکەدا بۆ گۆڕەپانەکانی شەڕ و ھێڵی ئاگرینی بەرکەوتن لەو شوێنەی ئەوان ناوی دەبەن دوژمن.!.
بە مانایەکی تر ھەموو ئەو ناوچانەی بەجێ دۆستنشین و تورکنشینی خۆیانی دەزانن دەیگەڕێننەوە نێو باوەش و ژێر باڵی پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانەی سوڵتان و دەیکەنەوە ماڵی تورکی خۆیی و دەستی بێ مەقاشی بێکێشەو ڕاستەوخۆی خۆیان دەبن بۆ ھەرێمی کوردستان و شەڕ دەخەنەوە نێو ناوچە تورکنشینەکانی ھەرێمی باشورەوە بە شارەکانی ھەولێر و کەرکوک و موسڵیشەوە بۆ گەیشتن بەدوا خەونی میرنشینی سوڵتانەوە لە باشوری کوردستان .

بەرامبەر ھەمان دۆخی دابەشکراوە لە ناوچەی زۆنی سلێمانی و گەرمیاندا بۆ ئێران و بێبەش نەکردنی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لە حوکومڕانی پێبڕاو و لەسەر دابەشکردنی ھێز لەسەر و ئەگەرەکانی دەسەڵات لە بەدەستھێنانی دەسەڵات لە ناوچەکەدا.

دەربڕین و جوڵە و ھەڵسوکەوتەکانی ئەردۆغان ئاسایی نین، فۆرمێکی جیاواز لە ھەڵسوکەوتێکی زلھێزانەیی زیاترە بەرجەستە دەکات ، وەک لە دەست و دەسەڵاتی سەرکۆمارێکی تورکیا بۆ پەلکێشکردن و کۆنترۆڵکردنی زیاتری ناوچەکە ئەوەی بۆتە جێیی ململانێی ئەمریکا و روسیا و بەشێکی ئەوروپا لە گەمە گەورەکە و بۆرسە جیھانیەکەی ناودەبرێت.

گوژمی ھێرشەکانی تورکیا کە دەیکات سەر رۆژئاوا بۆ ئەوەیە بەرگرییەکەی پتەوتربێت و نایەوێت ھیچ لەو گۆڕانکاریانەی دێنە ناو بازنەکەوە پریشکی ئاگری بەر ووڵاتی تورکیا بکەوێت و خاکەکەی بەپارێزراو بھێڵێتەوە لەم جەنگە کە ئاراستەی فراوانبونێکی زۆر گەورەتری لێ چاوەڕوان دەکرێت.
لێرەدا بەرپرسیارێتی ھێزە کوردییەکان و بەتایبەتیش لە ناوچە و شوێنی بەرکەوتنەکەدا ھێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەبێت لە دۆخی بێدەنگی و سڕبوونیاندا بۆ باکوور بێنە دەرەوە و دۆخی نەخوازراوی ئێستای کوردستان بکەنە مەشخەڵی بەرخۆدان و تروسکایی ئازادی راستەقینە و بڕیاری تەواو و ھەڵوێستی خۆیی بەرامبەر ئەم دۆخە بخەنە نێو زەمینی سیاسی و جوڵەی ئەرێنی باکوری کوردستان و تورکیاوە و ھێزی سەرتاسەری خۆی بکاتە جێی سەنگ و مەحەکی یەکلایکردنەوەی دۆزی کورد و کوردستان، لە پاڵیشدا ھەرجۆرە چالاکیەکی تری کە لە توانایدا ھەیە بۆ جێبەجێکردن بێ سڵەمینەوە بخاتە گەڕ بۆ گەیشتنی ھەرچی زووترە بە ئامانج و لە دەست نەدانی ئەم کاتە گرنگ و گونجاوەی بۆتە دەرفەت بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان و خودی بەدەستھێنان و گەیشتن بەمافەکانی گەلی کورد لە کوردستان.

ئامادەکاریش بخوڵقێت بۆ تێگەیشتنێکی سروشتیانەی ھێزەکانی باشوری کوردستانیش لە وەرگرتن و قۆستنەوەی ئەم چانسی گەورەبون و یەک ماڵییەی کورد و دەست لەو خۆبەدەستەوەدان و ملکەچییە ناوچەییانە ھەڵبگرن و دۆزی راستەقینەی کوردستان بخەنە پێش ھەر ویستێکی تاکی و حیزبی و بازرگانییەوە بۆ تەواوی مافەکانی خەڵک و خاکی کوردستان بۆ گەیشتن بەسەرکەوتن.

یەکانگیر لەگەڵ گشت ئەمانەشدا دەبێت رەوەندی کوردییش دەست لە ناودەست ، تێکۆشانەکانیان یەک بخەن و لۆبیەکی سەرتاسەری پێکبھێنن ، دەنگ و ڕەنگی کوردستانیان بخەنە خزمەت پرۆسەی ئازادکردن و سەربەخۆیی کوردستانەوە .

دەنا بە دڵنیایی کاتی لەدەستدانی ئەم جۆرە ھێرش و پەلاماردانانە دەمانبەنە قەراغی لەبیر بردنەوە و پەراوێز خستنێکی سەرتاسەری و دەبینە دواکەوتەی پرۆسەی سیاسیەکەی خۆرھەڵاتی ناوین.

گەلی کوردیش دەگەڕێتەوە دۆخی جاران و دەبێتەوە بە بن دەستێکی سەرکوتکراوی دۆڕاو لە گۆڕەپانی جەنگ و چانسی دروست بونەوەی رۆژێکی وەک ئەمڕۆمان بە سەدان ساڵی تر بۆ نارەخسێت لە بەخت و تەختی مێژوودا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.