ئەردوغانی کەچە، خۆی دێنێتە ریز ئەمریکا!

لەلایەن ستاندار Posted on 435 جار بینراوە

ئاشتی ئیبڕاهیم ئه‌فه‌ندی

تورکیا، بۆ کوشتنی کوردان ئەمڕۆ بیانوی بەوە گرتووە، کە “یەپەگە” لە مەیدانەکەدا ھەیە! ئاشکرایە کە یەپەگە، تەمەنێکی ساوای ھەیە، بەڵام لەشکەرکێشی تورکیا بۆ سەر کوردستان و وێران کردنی، کوشتنی ژن و منداڵی کوردان، لە لایەن تورکیاوە، مێژوویەکی ئێجگار قوڵی ھەیە، قوڵتر لە بنی ھەموو زەریاکانی دنیا!

لەشکرکێشی تورکیا، بۆ سەر شاری عەفرین، جگە لە لایەنی مرۆڤایەتی، پرنسیپ، ڕەوشت و مۆڕاڵ، بۆ تاکی کورد بە گشتی، بریندار کردنی ھەستی نیشتمانی و نەتەوەیە، ھەڵکەندن و تازەکردنەوەی برینێکی سارێژنەکراوە، کە سەدان ساڵە، ئەو میللەتە بە دەستیەوە دەتلێتەوە. لەو تێڕوانینەوە، ھەر ئامرازێک، ببێت بەھۆی رزگار کردنی میللەتی کورد، لەو مەینەتە تەمەن درێژە، بەگشتی جێگە خۆشحاڵی و ئاواتی ھەر تاکێکی کوردە، جا ئەو ئامرازە بوونی سەرکردەیەکی دڵسۆزی لێھاتوو بێت، لەگەڵ بوونی پارتێکی پێشڕەو، بوونی پێگەیەکی جەماوەری بەھێزی پەروەردە بوو بە رۆحی بەرەنگاری بوونەوە، یان پشتیوانی ئابووری، سەربازی، کولتووری بێت لەلایەن زلھێزەکانی دنیا، یان بوونی ھەموو ئەو ئامرازانە بێت لەیەک کاتدا. لەو دیدەوە، پشتیوانی نێودەوڵەتی، لەسەر ھەر دوو ئاستی شەقامی نێو نەتەوەیی و سەڕۆکەکانیان، گرنگ و پڕ بایەخە بۆ عەفرین.

ئەمڕۆ، دنیا ھەموو ئەو ڕاستییە دەبینێت و دەرکی پێ دەکات، کە شەڕی زلھێزەکانی دنیا و ناوچەکە، لە پێناو بەرژەوەندیی ماددی و سەپاندنی ھەیمەنەی خۆیانە لە ناوچکە، بەڵام شەڕی عەفرینییە ڕەشوڕووتەکان، تەنیا بۆ پاراستنی لانە، ھێلانە و کەرامەتی نیشتمانی و نەتەوەیە. شەڕ بۆ بچووکترین ماف دەکەن، کە ئەویش ژیانە بە ئازادی، ئاشتی و بە کەرامەت، لە سەر ئەزر و خاکی خۆیان، کە ئەردوغان و نمونەکانی ئەوەیان پێ ڕەوا نابینن! وێرای ئەوەش، شەڕی چوار ساڵی دژ بە داعش، کوردانی رۆژئاوا بە ماڵومنداڵیان بوون بە قەڵغانی جیھان دژ بە ھەڕەشەی داعش بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشیان.

کۆی ئەم فاکتەرەنە و خۆڕاگری عەفرینیەکان، بە سەڕۆکایەتی یەپەگە، بەرامبەر بە لەشکرکێشی یەکێک لە گەورەترین سوپا لە دنیا کە سوپای تورکیایە، سێ فاکتەری گرنگن، کە عەفرین، لەسەر ئاستی شەقامی نێونەتەوەیی، ڕۆشەنبیران و ئازادیخوازانی دنیا، پشتیوانی زۆرە، کە بووە بە فشارێک لەسەر سەڕۆکەکانی ئەو وڵاتانە بە تایبەتی لە ئەمریکا.

میدیا جیھانییەکان، شاھێدی ئەو ڕاستییەن، پێش لەشکەرکێشی تورکیا بۆ سەر عەفرین و چوار ڕۆژی یەکەم لە لەشکرکێشیەکە، بێدەنگی ئەمریکا، ھۆکارێک بوو کە زۆربەی ڕۆشەنبیر، نووسەرانی ئازادیخواز و بە ویژدانی ئەمریکی، نوکی قەڵەمەکانیان تیژ کرد، بۆ سەرکونە کردنی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان و فشار دروست کردن بۆ ھاتنە دەنگ دژ بە ئەردوغان، کە بە گشتی لەو چوار ڕۆژەدا نووسەرە کوردەکان بێدەنگیان ھەڵبژارد بەرامبەر بە بێ دەنگی ئەمریکا!
ھاتنە دەنگی ئەمریکا، داواکردنی لە ئەردوغان، بۆ سنووردار کردنی لەشکرکێشیەکەی و دیاریکردنی بنمێچێکی کاتی، بۆ مانەوەی لە نێو خاکی سوریا، ئەردوغانی توڕە کردوە، ئەوەندە لە خۆبایی بووە، لە پێستی خۆیدا خۆی نابێنێ و خۆی دەھێنێتە ریز زلھێزێکی وەک ئەمریکا و دەڵێ، “ئەمریکا چەند کاتی پێویست بوو لە ئەفغانستان؟ ٢٠ساڵ. ئەی چەند کاتی پێویست بوو لە عیراق؟ ١٨ساڵ! ئەی ئێمە بۆ کات دیاری بکەین بۆ دەرچوونمان لە سوریا؟

ئەردوغانی کەچە، لە یادی چۆتەوە، کە دوای ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، تورکیا چی بەسەرھاتبوو. سەد ساڵە سیاسەتی ھەڵەی فرنسا و بریتانیا، ئاسانکاری وڵاتانی ناتۆ و پارەی روسیا، ئەمریکا و ئیسرائیل نەبووایە، پارەی گروپی مافیا و دراگ فڕۆش و قومارچی و قاچاغچییە تورکەکان نەبووایە، ئەمڕۆش ئەردوغانی کەچە، نەیدەوێرا لە میدیا جیھانییەکان ئەو جۆرە لێداوانانە بدات بەرامبەر بە زلھێزێکی وەک ئەمریکا، کە پێویستە، ئەمریکا لێی بێدەنگ نەبێت و دەمکوتی بکات!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.