نوخبەی تێکشکاو لەبەردەم کەلتووری خۆرئاوادا

لەلایەن ستاندار Posted on 498 جار بینراوە

عەبدولحەکیم زراری
نووسەری بەناوبانگی بەریتانی پرۆفیسۆر (Brayan Magee)لە کتێبی (Story of Philosophy) کە (عوسمان حەمە رەشید گورون) لە سوێدیەوە کردوویەتییە کوردی، لە بەشێکی نووسینەکانیدا دەڵێت (تا ماوەیەکی زۆر ئەوروپییەکان پێیان وابوو شارستانییەت ھاوتایە بە کەلتووری ئەوروپایی، بەڵام ئەوەی شایانی باسە ئەو کاتانەی ئەوروپا بەو قۆناغە تاریکەدا تێ پەڕی لە نێوان ساڵانی (٦٠٠ تا ١٠٠٠ )زایینی، ھەندێک بەشی تری جیھان کەلتووری گەشەکردوویان ھەبووە، ئەوکاتە سەردەمی زێڕین بووە بۆ ئیسلام کە ھەموو ئەو ناوچانەی رۆژھەڵاتی ژێر دەسەڵاتی جارانی ئەسکەندەری مەکدۆنی و لەوێشەوە بە درێژایی باکووری ئەفریقیا تا دەگاتە ئیسپانیا گرتبۆوە، ھەروەھا شارستانییەتی چینی لەسەردەمی (بنەماڵەی تانگ)دا (٦١٨ – ٩٠٧ز) گەیشتە بەرزترین ئاست، بە بۆچوونی شارەزایان ئەو سەردەمە گەشەسەندووترین قۆناغی شیعر بووە لە چین. لە یابان سەردەمێکی نوێی کەلتووری خێرا گەشەسەندوو لە بەرامبەر کەلتوورە کلاسیکییەکاندا ھاتۆتە ئاراوە، بەمەش پێویست بووە پێنج سەدە تێپەڕێت تا ئەوروپا بتوانێت جارێکیتر دەستبکاتەوە بە پڕۆسەی زاڵکردنی دەسەڵات و کەلتووری خۆی بەسەر جیھاندا).
ھەروەھا لە درێژەی باسەکەیدا نووسەر دەنووسێت (گەر یەکێک لەسەردەمی ئەو چاخە تاریکانەدا پێشبینی بکردبایە، کە رۆژێک دێت ئەم کێشوەرە بەربەرییە دواکەوتووە (ئەوروپا) دەگاتە ئەم حاڵەتەی ئێستا، ئەوا دیارە دەبووە مایەی گاڵتەجاڕی).
جا مەبەستی ئێمە لە خستنەرووی ئەم تێزەی نووسەر بۆ ئەوەیە کە ھەم بزانین شارستانییەت بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بەرھەم و موڵک و تاپۆی ھیچ کێشوەر و فەلسەفە و ئایدیا و ئاینێکی دیاریکراو نەبووە، بەڵکو بەردەوام لە پڕۆسەی گۆڕانکاری و جێگۆڕکێیی و دەستاودەستکردندابووە، ھەمیش دیسان پێویستە بزانین کە شارستانییەتی ئێستای ئەوروپا وا بە ئاسانی لە دایک نەبووە بەڵکو بەرھەمی ھەوڵ و کردو کۆششی زۆر و نەپساوەی فەیلەسوف و بیرمەندان بووە، کە لەبەردەم شارستانییەتی گەلانی تر نە رووخان و تووشی داڕمانی دەروونی و بە چۆکاداھاتن نەبوون،و شوناسی حەقیقی خۆیات ون نەکرد و لە بۆتەی کەلتووری پێشکەوتووی ئەوکاتی گەلانی تر نەتوانەوە، بەڵکو بوێرانە و جەسورانە وێڕای سوود وەرگرتنیان لە ئەزموونی پێشکەوتووی گەلان، رووبەڕووی ستەمی سیستمی دەسەڵاتی فەرمانڕەوای ئەوکات و ئەو فەزا کولتووری و عەقلییەتە سەقەتە بوونەوە کە ببووە مایەی دواکەوتوویی کۆمەڵگاکەیان و بەجێمانیان لە مواکەبەکردنی شارستانییەتی گەلان، بۆیە لەدواجاردا توانرا لەسەردەستی نوخبەی جیددی و خەمحۆرانی راستەقینە بۆ کۆمەڵگە جارێکی تر شارستانییەت لە دەستی گەلانی تر دەربھێنن و ئەوروپا ھەڵسێننەوە، بەمەش جلەوی جیھانیان جارێکی تر بۆ خۆیان گرتە دەست و ئەوروپایان لەو شەوەزەنگەی تاریکی و دواکەوتوویەی لە سەدەی ناوەڕاستدا تێی کەوتبوو،و بەو رێچکە زانستییەی پەیڕەویان لێدەکرد و بەو تێز و دونیابینی و فەلسەفەی قەناعەتیان لەسەری ھەڵچنی بوو، توانیان ھەموو ئەوروپا رۆشن بکەنەوە. کە لە راستیدا پێشکەوتنەکانی چەرخی رۆشنگەری و بە شارستانی بوونی ئەوروپا دەرەنجامی زنجیرەیەک ململانێ فیکری و رۆشنبیرییەکانی سەردەمی رێنیسانس بوو، کە لە ھەردوو ئاستی فەلسەفی و رۆشنبیریدا بەدیارکەوت. کە لە سەردەمی بزووتنەوەی دژی سکۆستالیزم لەسەر دەستی فەیلەسوف ولیەم ئاکام دەست پێدەکات ئینجا بۆ سەردەمی سەرەتای زانستی مۆدێرن و دۆزینەوەی گەردوون کە لە کۆپەر نیکۆسەوە درێژ دەبێتەوە تا گالیلۆ و تماسۆ کامپلا و ئیسحاق نیوتن، دوا بەدوای ئەمانەش فەلسەفەی سەردەمی نوێ دەست پێدەکات لە دیارترینیان فرانسیس باکۆن و تۆماس ھۆبز پاشان عەقلگەراییەکان دێن وەکو دیکارت و سپینۆزا و لایبینز و تا دەگاتە سەردەمی رۆشنگەری وەکو تۆماس ھۆبز و جۆن لۆک و مۆنتیسکیۆ و ڤۆلتێر و ھۆلباخ و دیدرۆ و رۆسۆ و داڤید ھیوم و….. بەم شێویە ھەوڵ و کۆششەکان لەلایەن بیرمەندان و فەیلەسوفان و رۆشنبیرانەوە تا سەردەمی ئێستا بەردەوام دەبێت بۆ زیاتر خزمەتکردن بە شارستانییەتی ئەوروپی و مانەوە و ئیدامەدان بە ھەژموونکردنی کەلتوورەکەیان بەسەر ھەموو جیھاندا.
ھەموو ئەمانەی سەروو کە ئاماژەمان بۆ کرد تەنھا یەک پەیاممان پێ دەدەن ئەویش ئەوەیە ئەگەر ھەر گەل و نەتەوەیەک بیەوێت لە ململانێی شارستانییەتەکان نەبەزێ و سەرکەوێ، تا دواجار جلەوی سەرکردایەتی کردنی شارستانییەت بۆخۆی بگرێتەدەست، بێگومان پێویستی بە ھاتنەپێشی دەستەبژێرانی کۆمەڵگا و ئەھلی قەلەم و بیرمەند و رۆشنبیرانی جیددی دەبێت، کە بە ھەستی لێپرسراوانەو ورە بەرزانە و نەلەخشاوانە و چاونەترسانە و نەبەزیوانە و تێکنەشکاوانە بێنە مەیدان و بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی گەلان و پەندوەرگرتن لە شکستەکانی رابردوویان، بینای شارستانییەتێکی تر دابمەزرێنن کە ھەموو جیھان ئێرەییان پێببات، بێگومان ئەمەش بە شەو ورۆژێک ناکرێ بەڵکو پێویستی بە پرۆسەیەکی مێژوویی دورودرێژی پڕ لە کردو کۆشش و تەقەللای بێ وچانی فیکری و مەعریفی و فەلسەفی و زانستی ھەیە.
کەچی بەداخەوە لە دونیایەکی وێرانی وەک دونیای ئێمەدا لە جیاتی ئەوەی رۆشنبیران و خاوەن ھزر و پێنووس بە دەستان، ھاوشێوەی نوخبەی ئەوروپی بیر لە چۆنییەتی سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی کۆمەڵگاکەیان بکەنەوە و وڵات لەو دێوەزمەیەی تێکەوتووە دەربازی بکەن، ئەویش لەسەر ئەو میتۆد و نەھج و ئایدیایەی کە لەگەڵ نۆرم و بەھابالاکانی کۆمەڵگاوە دێتەوە پێچەوانەی ئەو فەلسەفە و دونیابینیەی رۆژئاوای لەسەر دامەزراوە، کەچی یان ئەوەتەیە دەیانەوێت لاساییەکی کوێرانەی ئەوروپا بکەنەوە و وەکو کۆپی پێست و بە کوڵک و پێستەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەن و لە کۆمەڵگەکەی خۆیان جێ بەجێی بکەن، کە بەم تەرزە ھەوڵ و بیرکردنەوەیە ھەرگیز سەرکەوتوونابن چونکە شارستانییەتی ھیچ گەلێک بە شارستانییەتی گەلانی تر ناچێت و لەسەر یەکتری کۆپی نابنەوە ئەویش بەحوکمی ستراکتۆر و شوناس و کلتووری جیاوازیان، یانیش لەبەرامبەر کلتوور و ھەژموونی رۆژئاوادا دەبەزن و تووشی شکستێکی گەورە دەبن و لە دەروونەوە تێکدەشکێن و دادەڕووخێن و دواجار لەبەردەم وەھمی عەزەمەتی کێشوەری ئەوروپی بەچۆکدادێن و شوناسی راستەقینەی خۆیان لێ ون دەبێ و لە نێو کۆلانەکانی کەلتووری رۆژئاوادا گوم دەبن. کەواتە دەبێ ئەو حەقیقەتە لای ھەموومان روون بێت کە ھەموو گەلێک دەتوانێ پێشبکەوێ و بنەماکانی شارستانی بوون لە خۆیدا رەگدا پێبکوتێ ، بۆیە ئەرکی نوخبەیە کاتێک زەمینەی عەقڵ و بیرکردنەوە و شیکردنەوەی عەقڵانییانە ئامادیە ئەو دەبێ خەریکی بەرھەمھێنانی بەرچاوڕوونی بێت لەسەر گشتی دۆخە سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابووری و کلتووری و … ئیشی رۆشنبیرانی ئێمە لە جیاتی سەرسام بوون و تەسلیم بوون و تێکشکان لەبەردەم کلتووری خۆرئاوایی،و بەکەم سەیرکردن و بە خورافی زانینی ئاینی راستەقینەی ئەم گەلە و یەخە پێگرتنی بە ناڕەوا لەسەر ھەمان ریتمی نوخبەی رۆژئاوایی لە سەدەکانی ناوەڕاست دژ بە پاپا و حوکمی ستەمکاری کلێسا، ئەوەیە رێ لە عەنتەرییاتی دەسەڵاتی گەندەڵ و حەماسەتی پفدراوی وێرانکەری ناسیۆنالیستی و خورافەت و بێعەقلی سیاسی دەسەڵاتداران بگرێت و کۆمەڵگا لە تەماح و چاوچنۆکییە سیاسیە ترسناکەکان ئاگادار بکاتەوە کە وڵاتیان بەو رۆژە گەیاندووە و وێرانیان کردووە، نەک ببن بە بوونەوەرێکی خەمبار و تێکشکا و بەزیو لە ئاست گۆڕانکاریی و رووداوەکاندا، چونکە بەم خەمساردییەی نوخبە و خۆ دیتنەوە لە باوەشی دەسەڵاتی داتەپێنی کۆمەڵگا و بێ باک لە ئاست ناسۆری و ناڕەحەتییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە،و خۆ گرمۆلەکردنەوە و گرگن نیشاندان لە ئاست رۆژئاوادا، ھەرگیزا و ھەرگیز بەم لۆژیک و بیرکردنەوە ئیفلیجییەی دەستەبژێرانی کۆمەڵگەکەمان، چاوەڕی ئەوە مەبە جلەوی شارستانی و پێشەنگ بوون بگرینە دەست بەپێی پرۆسەی ئالوگۆڕی شارستانییەت لە نێوان گەلان کە بووەتە سوننەتی ژیان وەکو خوای گەورە دەفەرمووێت { ۆتِلْک الأيام نداولها بينَ النَّاس } ( آل عمران : ١٤٠ )

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.