ئەوەی بۆ عەفرین دەكرێت، بۆچی بۆ كەركوك نەكرا؟

لەلایەن ستاندار Posted on 332 جار بینراوە

هيوا سەید سەلیم

لەگەڵ بەرخۆدانی چەند ڕۆژەی عەفرین و خۆڕاگری شەرڤانان و خەڵكی عەفرین و گوندەكانی دەوروبەری لەبەرامبەر گەورەترین هێرشی داگیركەرانەی دەوڵەتی توركیا، لە كوردستان و وڵاتانی هەندەران چەندین چالاكی جۆراو جۆری پشتیوانی ئەنجامدەرێن، هەروەها لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش دەبینرێت كە باس باسی عەفرینە، بۆیە خەلكانێك هەن كە دەپرسن ئەوەی ئێستا بۆ عەفرین دەكرێت بۆچی پێشتر بۆ كەركوك نەكراوە؟

ئەوە پرسیارێكی بە جێیە، كە بۆچی لە ١٦ ئۆكتۆبەر ئەو كاردانەوەیە نەبینرا، ئایا كەركوك و لە دەستدانی ئەو شارە و شار و شارۆچكەكانی تر شایانی ئەوە نەبوون كە وەك عەفرینیان بۆ بكرێت؟

كەركوك كە زیاتر لە نیو سەدەیە رووبەرووی سیاسەتی (بەعەڕەبكردن و راگواستن ) دەبێتەوە، لە چەند ساڵی دوای رووخانی رژێمی سەدامیش دەرفەتێكی باشی بۆ ڕەخسا كە سێبەری سیاسەتی ڕەشی داگیركەرانی لەسەربڕەوێتەوە، وە كۆتایی بهێندرێت بەو غەدرە مێژووەیەی كە رژێمە یەك لەدوای یەكەكان دەرهەق بەو شارە و شارۆچكە تەعریبكراوەكانی تر كردوویانە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشی كە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، رژێمی سەدام رووخا، وە ئەو ناوچانەش لەلایەن هێزی پێشمەرگە ئازادكران، وە بۆ ماوەیەكی دوورو درێژ كورد زۆربەی جەمگە سەرەكیەكانی ئیدارەی ئەو ناوچانە لەدەستدا بوو، بەڵام نەك هەر نەتوانرا ئەو دەڤەرانە بخرێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، بگرە نموونەی ئیدارەدانی باشیش پێشكەش نەكرا.

دوای پرۆسەی ئازادی عێراق (پارتی و یەكێتی) كێشەكانی خۆیان لە هەرێمەوە گواستەوە بۆ ئەو ناوچانە، ركابەری حزبی و حزبایەتی كردنی خراب و كاریگەری دوو ئیداری و دوو لەشكری و دوو ئاسایش بە زەقی بەسەر تەواوی ئەو ناوچانەو بەتایبەتیش بەسەر كەركوك دیاربوون.

بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوەی لە (١٦)ی ئۆكتۆبەر روویدا، زادەی شكستی حوكمڕانی حزبی بوو لە هەرێمی كوردستاندا، كە دواتر پرووشكی ئاگرەكەبەر كەركوكیش كەوت، وە لەو رۆژەشدا شكستی سەربازی لێكەوتەوە، شكستێك كە نەتوانرا یەك رۆژیش لەو شارە بەرگری سەربازی بكرێت، كە زۆرێك لە چاودێران پێیان وایە، ئەوەی ئەمرۆ لە عەفرین دەگوزەرێت دەكرا لە كەركوكیشبكرابایە بەڵام نەكرا .

خۆڕاگری عەفرین بەرامبەر یەكێك لە ١٠ سوپا بەهێزەكانی جیهان، دووەم سوپای بەهێزی ناو هاوپەیمانی ناتۆ هەفتەیەكی تێپەڕاند، ئەگەر بەراوردێك لە نێوان (عەفرین و كەركوك) بكەین تێدەگەین خاڵە بەهێزەكانی پشتی بەرخۆدانی عەفرین بریتیە لە (ئیرادە و بڕوابەخۆبوون)، كە ئەو ئیرادەیە لە كەركوك نەبینرا، نەبوونی ئەو ئیرادەیەش دەسەڵاتی كوردستان لێی بەرپرسە.

بۆیەشە بە بەرپرسانی هەرێم دەڵێین، ئەگەر ئەوەی لە عەفرین دەكرێت ئێوەش بتانكردایە ئەوسا مافی خۆتان بوو داوای هەمان پشتیوانی لە خەلك و ڕای گشتی بكەن.

بەڵام كە ئەمەتان نەكرد، وە بە ماوەیەكی زەمەنی زۆر كورت ناوچەیەكی بەرفراوانی كوردستانیتان ڕادەستی میللیشیاكانی حەشدی شەعبی كرد، نا بێت نیگەران بن كە خەڵك حەماسی نەتەوەیی لەگەڵ بەرخودانی عەفرین بەرزبێتەوە و ئەو جۆرە پشتیوانیە لە بەرخۆدانی عەفرین بكات.

٢٦ ساڵە باشووری كوردستان ئازادە، دەبوو لە شوێنی هێزی وابەستە بە حزب هەرێمی خاوەنی سوپای یەكگرتووی نیشتمانی بوایە، رووداوەكانی ١٦ ئۆكتۆبەر كەلێنی ئەو سوپا نیشتمانیەی پێوەدیاربوو، لەبەرامبەر ئەوەدا رۆژئاوا خاوەنی یەك هێزی یەكگرتوو و یەك ناوەندی بڕیاری سیاسیە بۆیە تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت گەورەترین هێزی سەربازی كە هێزی توركیایە بە تانك و فڕۆكە و بەرزترین تەكنەلۆجیا هەفتەیەكە نەیتوانیوە زەفەر بە چەپەرەكانی شەڕڤانان ببات.

ئێستا تێدەگەن بۆچی ئەوەی بۆ عەفرین دەكرێت بۆ كەركووك نەكرا، چونكە ئەوەی لە عەفرین دەكرێت ئێوە نەتانكرد .

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.