خیانەتی ڕێفراندۆم بە تامی ١٦ی ئۆکتۆبێر. بەراوردی عەفرین،کەرکوک،پردێ،دێگەڵە……

لەلایەن ستاندار Posted on 357 جار بینراوە

محمد غزالی

لە پشت ھەر خیانەتێک خێڵێک،ھێزێک، کەسێک ئامادەیە، بەڵام مێژووی خیانەتکاری ئێمە زۆربەی ھەرە زۆرییان بەرگێکی نیشتیمانی و نەتەوەییان بەبەردا کراوە، لەبەر دوو ھۆکاری سەرەکی:
١ـ قەتیسمان و سانسۆرکردن و بێ ئیرادەکردنی خەڵکی کوردستان.
٢ـ یان ئەوەتا خیانەتێکی دیکەی بەدوا داھاتووە و کۆنەکەی لەبیر کراوە…!

نەوەی نوێ دەبێ ھەم سیاسیێکی ورد بێت، ھەم لێکۆڵەر و مێژوو نوسێکی بە پرسیار و ڕاستنوس بێت..!
لە سەرو بەندەی بەرخۆدانەکانی گەلانی (عەفرین)،شەقامەکانی باشور پڕبوونەتەوە لە قسەی نا پەیوەندیدار و تەسفییەی حسابی دەنگ و ڕەنگەکان. دەزگاکانی ڕاگەیەندن، سایت و پەیجە سێبەرەکانی حزب، لەپاڵ دۆخی عەفرین باسی شنگال و کەرکوک و ڕێفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەر و … دەکرێت، ئەگەرچی ھەندێکی لە بێ مەوزوعی و نا ئاگایی وبەزەیی و سادەییە، ھەندێکی دی لە ھۆشیارییە، بەڵام لەپاڵ ئەمانەشدا قەڵەم و قسەی فرمانپێکراویش ھەن بە مەبەستی خاپاندن و گەوجاندن و لەبیربردنەوەی دۆخی باشور دێنە گۆ…!!!

جارێ پێش ئەوەی بەراوردی عەفرین و شنگال و کەرکوک و…ھتد بکرێت پێویستە، بپرسین:
ئایا ڕێفراندۆم پرۆژەی شەقامی کوردی بوو یان ئەجێندای دەرەکی….؟ ئەوانە لە ٢٥ ئەیلول چییات گوت، بە ھەموومان ھەڵەمانکرد…؟یان ڕێفراندۆم ھەڵەی سیاسی بوو لە نەزانی و خۆ بەزلزانین ھاتە پێش..؟ ئایا ڕێفراندۆم چی پێکا و چی ئەنگاوت..؟ دوایی لە٢٥ئەیلول چی گوزەرا…؟ ئەو ھەموو گرووپ و تاقمە چیبوون دەرکەوتن..؟ ئەو ھەموو لۆبییە چی بەسەر ھات..؟ بەجدی ڕێفراندۆم خیانەت بوو بەرگێکی نیشتیمانی و قەومی بەبەرداکرا..؟ یان خەباتێکی نەتەوەیی بوو خیانەتی لێکرا..؟! ئەمانە و دەیان و سەدان پرسیاری تر،دەکرێ کارییان لەسەر بکرێت و وەڵامی ڕاشکاوانەیان لەبارەوە وەربگیردرێت….!!!

ھەڵبەت ئەگەر پرۆژەی ڕیفراندۆم یەکلا کرایەوە، ئینجا پێویستە ١٦ی ئۆکتۆبێر-یش شەنوکەو بکرێت، ئاخۆ بۆچی شانۆ و نەخشەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دوای٢١ڕۆژ بەو ڕۆژە گەیەنرا…!؟ بەڵام مەعقول نییە تۆ بێیت بەرگری پردێ و بەدەستەوەدانی کەرکوک و شنگال لەگەڵ بەرخۆدان و سیستمی بەرگری و ڕێکخستنی سیاسی و سەربازیی ھەرێمی(عەفرین)بخەیتە یەک تای تەرازو، ئینجا ھەرچەندە بەرەکانی شەڕ زۆر جیاوازن، بەڵام ئەوکات بەراوردکردنی بەرخۆدانی عەفرین و لەدەستدانی ٥١%خاکی باشور ئاسانتر دەبن…!
ھەر بە جدی ئێمە بێ مەوزوعین …؟یان لە مەوزوع ڕادەکەین…!؟
بۆ باسی ئەو ڕێگرییانە نەکەین کە لە خەڵکی باشور دەکرێت تا تەڤلی بەرخۆدانی عەفرین نەبن، نمونە ئەمڕۆی دێگەڵە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.