خۆبەخشەکان وەک ئامرازی ھەڕەشە بە دەستی دەسەڵاتەوە!

لەلایەن ستاندار Posted on 330 جار بینراوە

د.حلمی رەسوڵ رەزا

گومانی تێدا نییە، خۆبەخش لە ھەرسەردەم و کاتێکدا بێت، نیەتی ھاوکاری و باشییان ھەیە، و دەیانەوێت پشت و پەنای نیشتمانەکەیان بن لەکاتی قات و قڕی و نەھامەتیدا. لەھەمان کاتیشدا ئەوەی ئەلف و بێی یاسای کارگێڕی بزانێ، زانیاری ئەوەی ھەیە فەرمانبەری ھەر دەوڵەتێک بە گرێبەست دادەمەزرێ و لەسەر بنەمای ماف و ئەرک دادەمەزرێت.. واتە پاش ئەوەی فەرمانی وەزاری و ئیداری بۆ دەردەچێت، مەگەر پاش پابەند بوونی نەبێت بە رێنماییەکان و دەرکردنی چەند سەرەنج راکیشان و ئاگادارکردنەوە و بانگەواز لە رۆژنامەیەکی رۆژانە بۆی ئینجا دەتوانرێ لە کارەکەی دوور بخرێتەوە..
مەبەستی سەرەکی لەم چەند دێرەدا ئەوەیە، پاش کەڵەکە بوونی کێشەکان و قوڵبونەوەی قەیرانی دارایی لە ھەرێمی کوردستان، و دەربڕینی ئامادەیی لەلایەن گەنجانی دەرچووی زانکۆو پەیمانگەکانی ئەم وڵاتەوە بۆ ئەوەی کار لە دام و دەزگاکانی حکومەتدا بکەن بەبێ بەرانبەر، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا ئەوپەڕی دڵسۆزی و لە خۆبورەدەییە و ھەست بەلێپرسراوێتیە بەرانبەر بە خاک و خەڵکی کوردستان.. بەڵام لێپرسراوی زۆربەی دام و دەزگاکانی حکومەت ئەم دۆخەیان قۆستۆتەوە، و بە ئیعازی سەرەوەی خۆیان جار جار ئەوە بە گوێی فەرمانبەرە فەرمیەکانی حکومەتدا دەدەن، ئەگەر بێت و ئیلتزام بە دەوام نەکات ئەوا خۆبەخشەکان دەتوانن جێگایان بگرنەوە، و ئەوان فەرامۆش دەکرێن.. کە لە بنەمادا ھیچ ڕەواییەک بۆ ئەم قسانە نییە..
لە کاتێکدا حکومەتی گروپێک لە خۆسەپێنان ئەم ھەڕەشەیە بەکار دێنن، ناتوانن بچوکترین مافی فەرمانبەر کە مووچەکەیەتی دابین بکەن، بۆیە ھیچ رێگە پێدراو نین ئەم جۆرە ھەڕەشانە رووبەرووی فەرمانبەرانی بێ خزمەتی ئەم وڵاتە بکەنەوە.. حەقیشە فەرمانبەران سەڕەرای ئەوەی ئەرکە لەسەریان کارەکانیان جێبەجێ بکەن، لەھەمان کاتدا بەم ھەڕەشانە نەترسێن..چونکە یاسایان لە پشتەو دەسەڵاتداران تەنھا بەخۆسەپێنی دەیانەوێ خۆیان فەرز بکەن.. ھەر کەسێکیش رەخنەی لەم قسانە ھەیە با چاوێک بگێڕێ بە یاسای کارگێڕی دام و دەزگا رەسمیەکانی حکومەت.. و خۆبەخشیەکانیش دەکرێ لەلایەن حکومەتەوە رێزیان لێ بگیرێ و پاداشت بکرێن، نەوەک، وەک ئامرازێک بەکاربھێنرێن و کەلایەک بن بەدەست خۆسەپێنەرانی ئەم وڵاتەوە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.