کورد و نەتەوە و ناسیونالیزم

لەلایەن ستاندار Posted on 404 جار بینراوە

ڕزگار علی

بەشی دووەم / دۆخی مۆدێرنە و دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی:

لەبەشی یەکەمدا باسی دروستبوونی نەتەوەمان کرد کە ئاماژەمان کرد لە دۆخی سروشتی نەتەوە لەناو دۆخی ژینگەی سروشتی و ژینگەی مرۆیدا دروست دەبێت، دۆخی سروشتی دۆخێکی عەفەویی و بیرلێنەکەرەوەیە، یان بەجۆرێکی تر دۆخێکە مرۆڤەکان ناچار دەکات لە پێناو غەریزەکانیان ئەم کارانە بکەن، بەڵام بە تێپەڕبوونی زەمەن و بەدیاریکراوی دوای ڕوخاندنی ئیمڕاتۆڕییەکانی ڕۆژئاوا جۆرێکی تر لە (نەتەوە و دەوڵەت) دێتەکایەوە کە پێی دەڵێن دەوڵەتی نەتەوەیی، واتە ئیتر نەتەوە بوونێکی سروشتی و عەفەوی نییە، بەڵکو پلانی بۆ دانراوە و دروست دەکرێت. ئەو پێکھاتانەی توانیان لە بواری دروستکردنی (نەتەوە) سەرکەوتوو بن توانیان دەوڵەت دامەزرێنن. ئەم پڕۆسەی پێکھاتنی نەتەوە پلانی دروستکردنی بۆ دانرا، پڕۆسەیەکی مۆدێرنە بوو کە دوای شۆڕشی فەڕەنسی ڕوویدا، واتە ئەم جۆرە دروستکردنی نەتەوەیە ھەرگیز پێش شۆڕشی فەڕەنسی بوونی نەبوو. یەکێک لەو موفەکیرانەی کە بە قوڵی تیوری نەتەوەخوازی لە دۆخی مۆدێرندا ڕوونکردۆتەوە ئیرنست گێلنەرە. گێلنەر پێی وایە نەتەوەخوازی مۆدێرنە بنەمایەکی سیاسی ھەیە، ئەوە دۆخی سیاسییە داوای ئەوە دەکات ھەماھەنگی نەتەوەیی ھەبێت، بە پێ بۆچوونی گێلنەر ھەماھەنگی نێوان یەکەی سیاسی و یەکەی نەتەوەیی لە پێش مۆدێرنە بوونی نەبووە، واتە ئەوە نەتەوەخوازییە نەتەوە دروست دەکات. بۆ زانیاریتان لێرەدا چەمکی ((nationalism بە مانای (نەتەوەخوازی) بەکاردەھێنم نەک ناسیونالیزم، چونکە بە گەڕانەوەم بۆ گێلنەر ھەر بەو شێوەیە بەکاریھێناوە. ئایا ناسیونالیزم یان نەتەوەخوازیی چۆن دروست دەبێت، یان دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە دوای شۆڕشی فەڕەنسییەوە چۆن دروست کران؟ دروستبوونی نەتەوەخوازی کە ئیش بۆ ئەوە دەکات نەتەوە دروست بکات ئەوەیە دەبێت لە کۆی یەکە سیاسییەکەدا کەلتورێک ھەبێت و ئەم کەلتورە خۆی بۆ ناو ھەموو تاکەکانی ئەم یەکە سیاسییەدا جێگیر بکات. ئایا ئەم کەلتورە چۆن پەیدا دەبێت؟ ئەم کەلتورە لە ڕێگەی نەتەوەخوازییەوە پەیدا دەبێت، واتە کۆی کەلتورە جیاوازییەکانی نێو یەکە سیاسییەکە ڕێدەکەون یان ھەماھەنگی دەکەن بۆ ئەوەی کەلتورێکی موشتەرەک بۆ یەک بونیاد بنێن، کاتیک ئەم کەلتورە ھاوبەشە بونیاد نرا ئەوە نەتەوە دروست دەبێت، ئەی ئەو یەکە سیاسییە چییە؟ ئەو یەکە سیاسییە دەوڵەتە، بە ڕوونی لە دۆخی مۆدێرنەدا ئەوە دەوڵەتە نەتەوە دروست دەکات نەک بە پێچەوانەوە، واتە ئەوە بیرکردنەوەیە دەوڵەتە کە کۆمەڵگەی کشتوکاڵی بەجێدەھێڵێت و دەچێتە قۆناغی پیشەسازییەوە دواتر لەناو قۆناغی پیشەسازی قۆناغی دەوڵەت و یەکەی سیاسی لە دایک دەبێت و بۆ لەدایکبوونەکەش پشت دەبەستێت بە بنەمای (نەتەوەخوازیی). ئەگەر ھاتوو ئیمکانی ھەماھەنگی یەکەی سیاسی و یەکەی کەلتوری نەبێت ھەرگیز دەوڵەت دروست نابێت. ئەوەی پسپۆڕانی ئەم بوارە ڕایان وایە ئەوەی دۆخی(نەتەوەخوازی) دەھێنێتە کایەوە قوتابخانە و زانکۆ مۆدێرنەکانن یان ڕۆشنبیر و نووسەرەکانن کە لە ڕێگەی کتێب و بڵاوکراوە ڕۆشنبیرییەکانەوە ئەو دەورە دەگێڕن، ئەم پڕۆسەی ڕۆشنبیرکردن و فێرکردنە بۆ ئەوەی تاکە جیاوازەکان ڕابھێنن لەسەر ئەم کەلتور سەراپاگیرە کە بە ھەماھەنگی خۆیان بەسەر ھەموویان دەسەپێنرێت و تا واز لە بەشێک لە کەلتورەکەی خۆیان و زمانەکەی خۆیان بۆ کەلتورە ھاوبەش و زمانە ستاندەرە ھاوبەشەکە بھێنن، بڵاوکردنەوەی کەلتورێکی لەو جۆڕەش بە گروپە کەلتورییە ناوچەیەکان ناکرێت بەڵکو ئەو ئیشی یەکە سیاسییەکەیە کە دەوڵەتە، دەوڵەتیش بۆ ئەوەی ئەو کارەی پێ بەڕێوە بچێت پێویستی بە نەتەوەخوازییە(ناسیونالیزم). لێرە گوتمان لە دۆخی دروستبوونی دەوڵەتی نوێ دەوڵەت نەتەوە دروست دەکات لە ڕێگەی نەتەوەخوازی، واتە نەتەوەخوازی خزمەتی دەوڵەت دەکات بۆ ئەوەی ھەموو جیاوازییە کەلتورییەکان و زمانە جیاوازییەکان بکاتە یەک و زمانێک و کەلتورێکی ھاوبەش بۆ دەوڵەتەکە بونیاد بونێت، بەم زمان و کەلتورە ھاوبەشە کە لە نێوان کۆی زمان و کەلتورە جیاوازییەکان دروست بووە پێ ی دەڵێن نەتەوە بە مانا مۆدێرنەکەی. لە نێوان دەوڵەت و نەتەوەخوازی ئیمکانی نییە یەکیان ھەبێت و یەکیان نەبێت، بەڵکو ڕاستە ئێمە گوتمان دەوڵەت پێش نەتەوە دێت بەڵام دوو پڕۆسەن تەواوکەری یەکن، بەڕای ئێمە: ھاوشێوەی دایکە لە پڕۆسەی لەدایکبوونی منداڵەکەی، ئەگەر دایک منداڵی نەبێت نابێتە دایک، واتە ئەوە منداڵە فۆڕم بە دایکبوون دەدات، بەڵام دواجار دایک خوڵقێنەری منداڵەکەیە، واتە دایک خوڵقێنەری خودی خۆی خۆیەتی،(باوک مەھێنە ناو پڕۆسەکە)، ئەمەش ئەگەر دایک بخەیتە جێگەی دەوڵەتی نەتەوەیی بەو شێوەیە.

ئەم کەلتورە ھاوبەشە لە نێوان کەلتورە جیاوازییەکان دروست دەبێت، پێویستییەکە لە پێویستییەکانی کۆمەڵگەی پیشەسازی، دابەشبوونی کار و ھاوڵاتیبوون و فێربوون بێ خوێندن و تێپەڕبوون لەناو ئەم کەلتورە ھاوبەشەی نەتەوەخوازی نابێت، واتە تۆ بۆ ئەوەی ببیتە ھاوڵاتی دەوڵەتێکی مۆدێرن دەبێت بچیتە ناو پڕۆسەی فێربوونی زمان و کەلتور و یاسای و ئەم دەوڵەتە نەتەوەییە، بەمەش یاساکە ئەوە نییە تۆ باوکت خەڵکی کوێ بوو تۆش خەڵکی ئەو شوێنەی بەڵکو چوونە ناو تاک یان ھەماھەنگی تاکەکانی کەلتورە جیاوازییەکان بۆ پڕۆسەی نەتەوەخوازی یان بۆ ناو پڕۆسەی کەلتوری سەرتاپاگیر و زمانی ستاندەر لەناو پڕۆسەی دەوڵەتێک ئەم بڕیارە دەدات تۆ خەڵکی کوێیت( ئەم پڕۆسەی زیاتر بۆ ئەو کاتە دەست دەدات کە دەوڵەتەکەی لێ دروست کراوە)، ئەمەش بۆ ئەو دەرئەنجامەی کە گێلنەر ئاماژەی بۆ دەکات: ئەوە ھەماھەنگی کەلتورە نەتەوەخوازی لێدەکەوێتەوە، نەک نەتەوەخوازییە ھەماھەنگی کەلتوری لێبکەوێتەوە، ئەمەش مەبەستەکە ئەوەیە کوردێک تەنانەت گەر پڕۆسەی کەلتوری تەواوەتی نەتەوەخوازی فەڕەنساش وەربگرێت بە ئاسانی ناتوانێت ببێتە فەڕەنسی، بەڵام کاتێک دەوڵەتی فەڕەنسا دروست کرا کەسەکانی ناو یەکە کەلتورە جیاوازییەکانی ناو جوگرافیای فەڕەنسا بە قبوڵکردنی تاکەکان بۆ پڕۆسە و کەلتورە ھاوبەشەکەی نەتەوەکانی فەڕەنسا بە ئاسانی دەبوونە فەڕەنسی. کەواتە لە دروستبوونی (دەوڵەتی نەتەوەیی) مۆدێرن دەگەینە دەرئەنجامێک ئەگەر دەوڵەتت نەبوو شتێک نییە ناوی نەتەوەخوازی یان نەتەوە یان ناسیونالیزم بێت بۆت، ھەر بەدیاریکراوی لای ئرنست گێلنەر: نەتەوەخوازی یان ناسیونالیزمی (نادەوڵەتی) جگە لە وەھمێکی خەڵەتێنەر کە نەتەوەخوازی فەرمی بۆ ڕازیکردنی ئەتنیکە جیاوازەکانی ناوخۆ بەکاردێنێت ھیچی دیکە نییە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.