ئەتککردنی خەباتی شاخ لە سەرانی شاخەوە بۆ نەوەکانیان

لەلایەن ستاندار Posted on 391 جار بینراوە

نیزام فەیسەڵ

 

لە ھەموو دنیادا ھەر ھێز و دەسەڵاتێک، کاتێک تاوان و پێشێلکاریی ئەنجامدەدات، ئەو لایەنی تۆمەتبار ھەوڵدەدات بەڵگەکانی تاوانباربوونی شونبزبکات و شوێنەواری کارە دزێوەکانی نەھێڵێت، لە وڵاتی ئێمە بە پێچەوانەوەیە؛ ئەگەر یاداشتی سەرکردە و سەربردەی تێکۆشەرانی شاخ بخوێنییەوە، ئەوەندەی قەسابخانە و گۆمی خوێنی براکوژیت دەکەوێتە بەرچاو، ئەوەندە بیرت بۆلای ئەوە نادەچێت ئەوانە بۆ چوونە شاخ و ئامانجە گەورەکانی بەخشینی ئەو ھەموو قوربانییە چی بوو؟!
لە ھەردوو قۆناغی جولانەوەکانی شاخ و حوکمڕانی دوای راپەڕین، ھیچ ھێزێک بە قەدەر یەکێتی و پارتی، بەڵگەی پێشێلکارییەکانیان لە دژی خۆیان نەخستوەتە روو، ئەگەر مێژونوسێک بیەوێت بزانێت لە شازدەی ئۆکتۆبەر کەرکوک بۆ بەو شێوە ئابڕووبەرە کەوت، لە کاتێکدا بانگەشەی گەڕانەوەی دەکرا بۆ سەر ھەرێم! یان ھاووڵاتیەک بیەوێت بزانێت بۆچی حکومەتی ھەرێم لە رووی سیاسی و ئابووری و جەماوەرییەوە مایەپوچبوو، یاخود ئەگەر پێشمەرگەیەکی دێرین، یان کەمئەندامێکی سەنگەری مووچەبڕاو، پرسیار بکات و بیەوەێت بزانێت بۆ ھەوڵ دەدرێت بەرخودانی شاخ و شانازییەکان دزێو و شەرمەزار دەکرێن، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە پێویستت بە بەڵگەی ھیچ لایەنێک نییە جگە لەو دوو ھێزە دەسەڵاتدارە، پێویستت بە بەڵگەنامەکانی لایەنەکانی بەرھەڵستکارانی یەکێتی و پارتی نییە، بەڵکو ئەو دوو ھێزەی تۆمەتبارن بە ھەرەس، خۆیان بە بەڵگەی فەرمی و یەکلاکەرەوە شەرحی حاڵی خۆیان دەکەن.

شۆڕشی چاکسازی
یان ھەڵمەتی وێرانسازی

رۆژانی بەرلە ریفراندۆمە شوومەکەی ٢٥ی ئەیلولی ھەرێمی کوردستان، لەپاڵ بانگەشەکردن بۆ سەربەخۆییەکی ساختە، یەکێتی و پارتی ھەڵمەتێکی چڕیان دەستپێکردبوو بەناوی چاکسازی لە ھەرێم، ھەروەکو جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی لە وتە بەناوبانگەکەیدا گوتی: “ئێمە شۆڕشی چاکسازیمان راگەیاندوە و وڵاتانی جیھان سەرسامن بە ئەزموونی ئێمە” ھەرلەو کاتە نوسراوێکی فەرمی کە بەڵگەیەکی ئابڕووبەرە، لە حکومەتی ھەرێمەوە دەرچوو (ئابڕووبەر لەو وڵاتانەی؛ دەسەڵاتداران شەرم و ئەخلاقی سیاسیان ھەیە و دەبێتە ھۆی ھەڵوەشانەوەی کابینە)، نوسراوەکە بریتیە لە فەرمانی خانەنشینکردنی بەڕێز (محمد وەسمان حسین) بە پلەی وەزیر، بە ژمارە (٥٣٥) لە رێکەوتی ٣٠/٧/٢٠١٧ بەئیمزای سەرۆکی حکومەت نێچیرڤان بارزانی. بانگەشەی شۆڕشی چاکسازی و خانەنشینکردنی کەسێک بە پلەی وەزیر کە؛ نە خوێندەواری ئەو پۆستەی ھەیە، نە رۆژێک وەزیر بووە، جگە لە جێبەجێکردنی پلانێک بۆ وێرانکاریی و بە گەندەڵ نیشاندان و ناشیرینکردنی خەباتی پێشمەرگە دێرینەکان، ھیچی دیکە نییە، ئەم فەرمانە لە بارودۆخێکدا دەرچووە، لەبەر خەراپی رەوشی گوزەران چەندین پێشمەرگە و فەرمانبەر ھەبووە ئەلقەی پەنجەی خۆیان فرۆشتوە بۆ کڕنی نانی رۆژ و لە نەخۆشخانەکانیش نەخۆش ھەبووە گیانی لەدەستداوە بەھۆی نەبوونی دەرمان و ئیفلاس بوونی حکومەتی ھەرێم.

یادەوەریم لەگەڵ دوایین
وەزیری ناوەزیری خانەنشینکراو

پاییزی ساڵی ٢٠٠٦، وەک یاساناسێک یەکێک بووم لە دادوەرانی ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی (ی. ن. ک)، بەھۆی بێلایەنیمان لە ململانێی ناوخۆیان و دوای تەواوبوونمان لە ھەڵبژاردنی مەڵبەندی دھۆکی ئەو حیزبە، لەگەڵ ھاوڕێیانی بەڕێزم وەک لیژنەی ھەڵبژاردن، داواکرا سەرپەرشتی ھەڵبژاردنی مەڵبەندی پشدەر لە قەڵادزێ بکەین، بەھۆی ململانێی توندی نێوان باڵی ریفۆرم و باڵی مام جەلال لەوکاتە، ناکۆکیەکانییان گەرم بوو نەتواندرا لە قەڵادزێ ھەڵبژاردن بکرێت بۆیە ھەڵبژاردنەکە لە کۆیە بەڕێوەچوو، پاڵێوراوی باڵی مام جەلال بۆ بەرپرسی مەڵبەند ئەو کاک محەمەد وەسمانە بوو، بۆ بەلاداخستنی ئەنجامی ھەڵبژاردن و بەشداریکردن لە ھەڵمەتەکە و سەرکەوتنی باڵەکەی بەسەر ریفۆرمخوازان، چەند رۆژێک بەر لەھەڵبژاردن خوالێخۆشبوو مام جەلال کە سەرۆک کۆمار بوو، سەردانی قەڵادزەی کرد و لە ماڵی محەمەد وەسمان دابەزی. لەکاتی ھەڵبژاردنەکە بەھۆی ئەوەی کاک محەمەد بڕوانامەی پێویستی نەبوو، بە گێرەی رێنماییەکانی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی کە ئەرسەلان بایز بەرپرسی بوو، داوام لە محەمەد وەسمان کرد پشتگیریی مەکتەبی رێکخستنم پێبدات، ئەویش وەڵامی دامەوە گوتی: “ئەو کاتەی من لە شاخ بووم مەکتەبی رێکخستن نەبووە و ئەرسەلان بایزیش نەببوە پێشمەرگە” ئەمەش وەک ئاماژەیەک کە لەمێژە پێشمەرگە بووە بۆیە خوێندەواریی نییە.
ئێستا ھەزارانی وەک کاک محەمەد وەسمان لە سەرخاکێکی وەک پشدەری چەندین جار وێرانکراو، ئەوان تەمەنی خۆیان بەخشی و دەرفەتی خوێندنیان بە ھۆی پێشمەرگایەتی لە دەستدا، لە جیاتی قەرەبووکردنەوەی و رێزلێنان لە ناوبانگی خەباتی شاخ، بۆچی وەک دزو درۆزن و گەندەڵ دەیانناسێنن (دوور لە رووی کاک محەمەد و پێشمەرگە دێرینەکان)، ھەروەھا رابردوویان و کەسایەتییەکەیان و مێژووی خەباتەکەیان رسوادەکەن و وەک چەتە نیشانیان دەدەن؟! بۆچی ئەو ئامانجە پیرۆزانەی نەوەی کۆن خەباتیان بۆ کرد لە شاخ، لەباریدەبەن؟! بۆ ناکرێت سیستمی ھەرێم، سیستمێکی دیکە بێت و سیستمی دێواندنی سەرانی شاخ نەبێت؟! بۆ لەسەر ئەو ھەسارەیە تەنیا لەو پارچە زەوییە بچوکە (ھەرێمی باشور) دادپەروەریی مەحاڵە؟١
ئێستا راستە محمەد وەسمان سوودمەندە بە نایاسایی و ئەو شانازییەی پێ نابڕێت کە ھەندێک لە ھاوڕێکانی ھەیانە، ئەوانەی لەپای خەباتی شاخ ئامادەی وەرگرتنی پۆست و ھیچ دەستکەوتێکی ماددی نەبوون تەنانەت ئەگەر یاساییش بێت، بەڵام لێرەدا کاک محەمەد وەسمان تۆمەتبار نییە، تۆمەتبار سەرانی شاخن، داھێنەرانی ئەم سیستمەی ھەرێم، خاوەن بڕیاری مووچەبڕین و ھۆکاری قەیرانەکان، ئەوانەن کە بەم شێوازە بەناوی رێزلێنان لە تێکۆشەرانی دێرینەوە، ھەم دەنگ دەکڕن و ھەم خەباتی شاخ و ناوی تێکۆشەرانی دێرین لەکەدار دەکەن، لە سەردەمێک دوای ئەو ھەموو قوربانییە، ئەوەتا خەڵک خۆزگە بە گوزەران و یاساپارێزی سەردەمی دکتاتۆریەتی بەعسیەکان دەخوازێت.

“عوزریان لە قەباحەتیان گەورەترە”

ئەوانەی ئەو سیستمەیان داھێنا کە بەغدا بەو ھەموو گەندەڵییەوە؛ تۆمەتی گەندەڵی و بە فیڕۆدانی ماڵی گشتیان ئاراستە دەکات، نەوەی سەرانی شاخ لە ھەردوو بنەماڵەی حوکمڕان، دوای ھەرەسھێنانیان دەستیان لەکار نەکێشایەوەو بە پشتیوانی ھێز حوکمڕانی دەکەن، کاتێک بەھانە دەھێننەوە بۆ ئەم دۆخە پڕلە چەرمەسەرییە، ئەوان بە رۆژی رووناک و بەزمانێکی پاراو و بێ تەمومژ دەڵێن: “ئێمە باوەڕمان بە ھەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات نییە و یەک کورسی پەڕلەمان و سەد کورسی لەلامان وەکو یەکەو چەک نابین” کاتێکیش میللەتێکی برسی و قوتبڕاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پرسیاری نانی بڕاویان دەکەن، ئەوان بە بەڵگەیەکی ئابڕوبەرتر وەڵام دەدەنەوە، بۆ نموونە خەڵک دەپرسێت بۆچی بڕی دوو ملیۆن دۆلار لەلایەن حکومەتی بارزانی و تاڵەبانییەوە دەدرێتە تاکەکەسێک بەناوی مەلابەختیار، لە وەڵامدا بەڵگەیەکی دیکە دەخەنە روو، بە نوسراو دەیسەلمێنن، کە بەڵێ لەو قەیرانە داراییە قوڵە، ئەوان بە بەردەوامی ئەو بڕە پارە قەبانەیان لە داھاتی گشتی و لە خەزێنەی حکومەت لە دەرەوەی یاسا و رێساکان وەرگرتووە، مەبەستم ئەو نوسراوەیە بە ناوی مەکتەبی ئیدارەی یەکێتی دەرچوو، بە ژمارە (١١) لە رۆژی ١٦/١/٢٠١٨، بە روونی لێی نوسراوە “ئەمە یەکەمجار نییە” ھەروەھا مەبەستی خەرجکردنی پارەکەش لە نووسراوەکە روونکراوەتەوەو تیایدا “ھاوکاری ماددی” بەکارھاتووە کە لە ڕاستیدا تەخشان و پەخشانکردنی پارەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمە بۆ مەبەستی دەنگکڕین و بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی تاڵانکاریی. جا ئەوەی میللەتەکە لەدەستی داوە تەنیا ژیان و گوزەران و دادپەروەریی نییە، بەڵکو خەریکە ئەو بەھا پیرۆزانەش لەدەستدەدرێت کە چەندین نەوە، وەکو نەوەی تێکۆشەرانی دێرین ساڵەھابوو گیان و ژیانی خۆیان بۆی دەبەخشی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.