ململانێ لەسەر میراتی کاک نەوشیروان و مام جەلال

لەلایەن ستاندار Posted on 425 جار بینراوە

کەمال چۆمانی

کە کاک نەوشیروان مرد گۆڕانخوازەکان لەسەر میراتی کاک نەوشیروان کەوتنە ململانێ؛ میراتی کاک نەوشیروان کتێبەکان و دونیابینییەکانی بون. سیاسەتە نیشتیمانیی و ئینساندۆستانەکەی بو. خاکییەکە و هەژاردۆستییەکەی بو. ئەوانەی کاک نەوشیروانیشیان خۆشدەویست، ئازایانە بەرگرییان لە میراتەکەی کرد و هەڕەشەیان لە گۆڕان کرد کە لە هێڵی کاک نەوشیروان لابدەن لێیان قبوڵناکرێت. هەرچەندە کەسانێکیش هەبون ویستیان گۆڕان بە ئاراستەیەک ببەن کە جیاواز بو لە دونیابینییە سیاسییەکانی کاک نەوشیروان، بەڵام سەرنەکەوتن. ئەو ململانێیە ئێستاش بەردەوامە، تا ئەو بزوتنەوەیەش مابێت بەردەوامدەبێت. لەناو ئەو بزوتنەوەیە و دەرەوەی ئەو بزوتنەوەیەش، کەس ناتوانێت میراتی نەوشیروان مستەفا ناشیرین بکات. دۆست و دوژمن و نەیارەکانیشی، ئێستا بۆیان دەرکەوتوە کاک نەوشیروان سیاسەتمەدارە راستەقینەکەی هەرێمی کوردستان بو.


بەڵام کاتێک مام جەلال نەخۆش کەوت و دواتر مرد، یەکێتییەکان و تەنانەت کوڕ و برازاکانیشی، لەسەر ئەو میراتە نەکەوتنە ململانێ کە دەیتوانی مام جەلال گەورە بکات، بەڵکو لەسەر ئەو میراتە کەوتنە ململانێ کە مام جەلالی بچوککردبوەوە و بچوکیدەکاتەوە. تاکە یەک سەرکردەی یەکێتیی، تەنانەت دو کوڕەکەی مام جەلال و برازاکانیشی، رۆژێک نەهاتون ململانێ لەسەر ئەو میراتە بکەن کە مام جەلالی جوان کردبو لای خەڵک، بەڵکو لەسەر ئەو میراتە ململانێ دەکەن کە مام جەلالی ناشیرین کردبو. هەر لە رۆژی نەخۆشکەوتنیەوە تا مردنی و ئێستاشی لەگەڵ بێت، ئەوەندە جوانییەی مام جەلال مابو ئەویشیان کوشت. ئێستا یەکێتییەکان لەسەر ئەوە ململانێ ناکەن کە مام جەلال چ عێڕاقێک و کوردستانێکی دەویست، بەڵکو لەسەر ئەوە ململانێ دەکەن کە کێ پۆستی سکرتێر بباتەوە و کێ ئیدارەی گشتیی یەکێتیی کۆنترۆڵ بکات و کێ لەگەڵ پارتیی نەوت و سامانی بن زەویی و سەر زەویی دابەشبکات و کێ پۆست وەربگرێت و کێ وەرینەگرێت.
بەر لەوەی بمریت هەوڵبدە میراتێک بەجێبهێڵیت کە دۆست و دوژمن بە هی خۆی بزانن نەک میراتێک کە کوڕ و برازاکانیش بکاتە دوژمنی یەکتر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.