پێشمەرگە دەترسێنن…؟!

لەلایەن ستاندار Posted on 506 جار بینراوە

محەمەد غەزالی

هیچ بەربەستێکی (سیاسی،سەربازی، نیشتیمانی،نەتەوەیی …..)ڕێگر نییە لەبەردەم هێزەکانی پێشمەرگە، ئەگەر سبەی بڕژێنە سەر شەقام…..!
ئەم هێزە وەک هەر پێکهاتەکی دیکەی کۆمەڵگای کوردی، زیاتر وەک داردەست بۆ یەکلاکردنەوەی بەرژەوەندییەکانی حزبییەکان، لە بەرگی نیشتیمانپەروەری بەکارهێنراوە…!!! ڕاهێنراوە کە بیری لای(حزبەکەی، موچەکەی،خاکەکەی، دوژمنەکەی، دەوامەکەی)بێت….!!! سڵ لە (داعش) ناکاتەوە، بەڵام ترسی لە کامێرا هەیە، شەرم دەکات بڵێ برسیم پەنا بۆ قەرز و خۆ کوشتن دەبات، ئەم هێزە بەشمەینەتە بەگشتی خاڵی لاوازییان(حزبی بوون، هەڕەشەی نانبڕین)ە لەلایەن خێڵانی دەسڵاتدار…!!

دەبێ پێشمەرگە بزانێ کاتێ ئەو لە شەڕی داعش بوو خەڵکی دی بازرگانی لەگەڵ دەکردن..!! کاتێ گەندە خۆرەکان فەرمانی کپکردنی دەنگی شەقامییان پێ دەدان، بەرپرەسە باڵاکانییان خەریکی پیلانی کەمکردنەوەی مووچەکانییان بوون، کاتێ ئەوان چاوەڕێی مووچەی بە پاشەکەوت بوون، دەسەڵات و بەرپرسانییان خەریکی دەرکردنییان بوون لە لیستی مووچە، ئەمە بوون بە داردەستەییە وهیچ پاساوێک هەڵناگرێت…!!
ئەم حکومەتە کارتۆنییە خێڵەکییە، هەر بەوەشەوە نەوەستاوە، ئێستا لەڕێگەی هەندێ قەڵەمی پیس و پۆخڵ و بانگەشەچی پرۆحزبیی چەقاوەسووی ملشۆڕ، کە دەزانن بەد ئەخلاقی کردارەکانییان گەیشتۆتە بنبەست، خەریکی بڵاوکردنەوەی ترسن، بەوەی(ئەگەر پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکان خۆپیشاندان بکەن، لەڕووی یاساییەوە بە ئینقیلاب حساب دەکرێت )… !!!

ئەمە جگە لە هەڕەشەی دەسەڵاتدارانی خێڵەکانی حوکمڕانی باشور لە هیچ کونجێکی یاسای عیراق و یاسای هیچ وڵاتێکی دی جێی نابێتەوە…!! ئەسڵەن هێزی پێشمەرگە بەشێکی کەمی یاساییە،کەواتە ئەگەر بڕژێنە سەر شەقامەکان بەکام یاسا مەحکوم دەکرێن…؟! دەبێ هێزی پێشمەرگە بپرسێت:
ئەگەر داواکردنی مافەکانییان تاوانی ئینقیلاب بێت، ئەی دەبێ ئەوانەی بازرگانییان لەگەڵ داعش و تورک شەرق و غەرب دەکرد و کوردی باشورییان گەیاندە دۆخێک کە عەبادی حسابی تورێکیان بۆ نەکان، دەبێ ئەمان بە چ یاسایێک مەحکوم بن…!؟
بەکام یاسا مووچەیان بڕاوە..؟ بە کام پێو و دانگ مووچەی شەهیدانی شەڕی دوێنێ بڕاوە..؟ بەکام سیستەم لە لیستی مووچە نەماون..؟ بەکام و بە چی و بەکێ و بەچۆن و چەند ژیانییان بگوزەرێنن، ئەم قەڵەمانەی دەسەڵات کە دەیانەوێ پێشمەرگە بترسێنن، جارێکی دی نیشانەی پرسیار لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە دادەنرێت، بۆیە پێویستە پێشمەرگە ڕاستە قینەکان خۆیان ڕێکبخەن، شۆکۆی پێشمەرگە و حوکمڕانی ئەم وڵاتە بگێڕنەوە بۆ پێش گاڵتەجاڕییەکانی دەوڵەتداری ئەم حکومەتە شکستخواردووە و سنورێک بۆ قەڵەمە ملشۆڕەکان دابنێن، دەتوانن هەرچی زووە ناڕەزایەتییەکانییان، بکەنە بەردی بناغەی وەدەستهێنانی مافە خوراوەکانی خۆیان و خەڵکی کوردستان.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.