خەیاڵدانی فەتحکردنی عەفرین، لەپاڵ ڕەھەندی ئاینی و یاسای و سیاسیەوە ..

لەلایەن ستاندار Posted on 467 جار بینراوە

گەشتیار مەحمود

نەتەوەی کورد لەھەرپارچەیەکی خاکی داگیرکراودا، بەدرێژای مێژوو نەیارانی زۆردار بەپاساوی جۆراوجۆر لەسەربنەمای مەزھەبی شیعی و سوننەگەڕای و نەریتی خێڵەکی و عەشیرەتگەڕای نەتەوەی کوردیان بەشبەشکردوە و شوناسی نەتەوەخوازی لای تاکی کورد کاڵکراوەتەوە تاوەکو بورکانی پەنگخواردوی ھەستی ناسیۆنالیزم ونەتەوەپەرەوری کورد دیوار وبەربەستی کپکراوی شەقبردوە و نەیاران ھەرگیز نەیانتوانیوە پشکۆی ئاگردانی شۆڕشەکانی ئەم گەلەستەمدیدەیە دابمرکێننەوە. بەداخەوە، ھەرکاتێک ئازایەتی و نەبەزی کورد شکێنەری کۆت وزنجیری ژێردەستەیی و زۆرداری بووبێت دوژمنانی کورد لە نیشتیمانی ئەم نەتەوەیدا تۆی خوێنڕێژی و دوبەرەکیان لەناو کوردا چاندوەو ناھۆشیاری و ساویلکەی کورد وایکرد نەوەدوای نەوە بەمیراتی تێکقژقژان و یەکترلەناوبردن ویەکترقڕکردن بەری چێنراوی نەیاری باوانیان زیندووبکەنەوە. لەھەمان کاتیشدا دوژمنانی کورد بە گیانی وەحشگەڕی تێنویەتیان بەمژینی خوێنی ئەم نەتەوە بەدبەختە شکاندوە و زۆر جار بەبەرچاوی ھەموو دونیا مێژووی نامرۆڤایەتی دژبەکورد گەیشتۆتە لوتکەی ناشرینی و پیسی ودڕندەکاری ئێستاش ئەم زەڵکاوە ھەرلێی ئەچۆڕێ و ھەر لەپەرەسەندن دایە.

لەم سەردەمەدا، ئەوەی بەئاشکرا دژ بە عەفرین دەکرێت مشتێکە لەخەرمانی جەنگڵستانی نامرۆڤایەتی دوژمنانی کورد کە سەدە دوای سەدە لەزەماوەندی دەستگرتنەشانی تورک و عەرەب و فارس وێنە تاوانکاریەکنیان دوبارەدادەڕێژنەوە. لەھەموو لایەکەوە گورگە دەمبەخوێنەکان جارێک لەژێرناوی رێکخراوی تیرۆرستی داعش و جارێک لەژێرناوی پاکتاوی تیرۆر و ئاسایشی نەتەوەی تورک پەلاماری عەفرین دەدرێت و لەناوچاڵی تاریکی بێکەسی دا مناڵ و دایک و پیروپەکەوتەی بێتاوانی کورد زیندەبەچاڵ دەکرێن و ژیانیان لێدەسەندرێتەوە. ئەوانەش لەرووی ئاینی و یاسای و سیاسی یەوە کەڕەوایەتیان بەم پەلامارە وەحشیەتگەڕیەدا بۆتاھەتەیە بەرنەفرەتی مێژوو کەوتوون. ئەوەی جێگای تێڕامان و ووردبونەوەیە لەم پلانەدارێژراوەدا کەپێویستە شیکردنەوە و وردبینی بۆ لێکدانەوەی نیازی سوڵتەی میلیتاریزمی سوڵتانی زۆردار(ئەردۆغان)بکرێت، بەخوێندنەوەیەکی ڕاستەقینەی ئەم سێ ڕەھەندە کۆڵکە ھاوبەشە (ئاینی ، یاسای، سیاسی) دەتوانرێت نھێنی پشت ئەم ڕوداوەجەرگبڕە بخرێتەڕوو کە ئەمانەن
۱ـ ڕەھەندی کۆڵکەی ئاینی:
یەکێک لەسەر مەشق و ھەرەکاریگەرەکانی جێبەجێکردنی ئەم پلانەکوردکوژیە، کۆلکەی ڕەوایەتی و شەریعەتپێدانی دەوڵەتی تورکیا بۆ پەلاماری سەر شاری عەفرین کۆدەنگی شەقامی سوننەگڕایی یە تاوەکو لەڕووی ئاینیەوە پیلانەکەی بیخاتە چوارچێوەیەکی شەرعی و بەحوکمی ئەوەی ھێڕشبەرەکە لەجیھانی ئیسلامی ڕوبەڕوی ڕەخنەنەبێتەوە و پشگیروپاڵپشتبکرێت لەوەی کەڕشتنی خوێنی کوردەکانی عەفرین حەڵاڵە ئەویش بانگەوازی یە بۆ (فەتح) کردن. بۆئەم مەبەستە، عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیھانیی زانایانی موسڵمان لە ئاژانسی ھەواڵی ئەنادۆل ووتی (“پشتگیری دەکەین لە تورکیا بۆ پاراستنی سنوورەکان و گەلی خۆی لەڕێی شەرعییەوە”). واتە بەومانایەی تورکیا مافی خۆیەتی سنوورەکانی بپارێزێت. ھەڵبژاردنی کوردێک بۆڕابەرایەتی و پێدانی نازناوی ئەمینداریەتی و کۆکردنەوەی جیھانێک لەزاناو ویژدانپەروەرانی خودا تەنھا بۆدەمکوتکردنی موسوڵمانانی جیھانە کە ئەو سنورەی تورکی چەپەڵ پارێزگاری لێدەکات سنورێکی دەستکرد نیە! ئەوگەلەی لەھەردوو دیووی سنورەکەن گەلی ھاوردەن و لێقەومان و دەسەڵاتی تورکیای وەحشەتگەڕی پارێزەریانە! بێگومان تورک لەھەردوو دیوی سنورەکە بێگانەیە ئەوسنورەش کەجەستەی یەک نیشتمانی لەتکردوە یەک گەلی لەسەر دەژیت کەگەلی کوردە وتاکەمەترسی لەسەر ژیان و خۆبژێوی گەلی کورد تەنھا کەڵبەی ژەھراوی لغاجەی تورکە کەچڕنوکی لەخاکی پڕبەرەکەتی کوردگیرکردوە و چاوی تەماحی بڕیوەتە سامانی نیشتیمانێکی زوڵملێکراو.

ئەم ڕوداوانە ھەمیشە ڕووی ڕاستەقینەی ھێزو لایەنەکان دەردەخات کە دابەشدەبن بەسەر بەرەی پاڵپشتی ھێزی زۆرداری یان پشتیوانی گەلی چەوساوە، کورد وەک گەلێکی ستەملێکراو نەک تەنھا قوربانی شمشێری دەستی بێگانە بووە بەڵکو گەردەنی گەلی کورد لەژێڕ ڕەحمی چەقۆی دەستێکی کورد زۆرجار‎ (بِسْمِ اللەِ) ی لێکراوە و خوێنی حەڵالکراوە و بۆ سەربرین وبلیتی چونەبەھەشتێک لەبازاری بازرگانیکردن بەمرۆڤ بۆتەقوربانی. ئەگەر سەردەمی پەلاماری دڕندەکانی تاریکپەرستی داعش بۆ سەر کورد سەردەمی پاساوبەدەستی یەکێتیی جیھانیی زانایانی موسڵمان بووبێ کە داعش لەژێر سێبەری دوژمنانی ئیسلام کاردەکات و بۆیە ووتەی ئەمیندارێکی یەکێتیی جیھانیی زانایانی موسڵمان ھیچ کاریگەری نابێت چونکە ئەوان لە پەیڕەوی شەریعەتی ئیسلام لایانداوە و بۆیە نەتواندرا ڕشتنی خوێنی کورد حەرامبکرێت. ئەوا ئەمڕۆ بەڕۆژی ڕوناک فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تانک، تۆپ و ھاوەن ودەبابە ی تورکی پەلامری عەفرینی دا، تۆ بڵێ ی ئەمیندارەکوردەکە چەند لە ژمارەی خێرەکانی کەمیدەکردەوە ئەگەر بەتوندی ئیدانەی ئەم ھێڕشە دڕندەکاریەیی شەرمەزارکردبوایە؟!

دیسان بەداخەوە، دەستێکی شەرمەزاری شکاوی کورد بەرنەفرەتی مێژوو کەوت ئەگەر لەزووترین کات دەستەکانی بۆ ئاسمان بەرزنەکاتەوە و تۆبەی وەھمی قەرەداغی لەقراغ کورسی سوڵتەی سوڵتانی زۆردار باوەشێنەی بەردەوامی مانۆڕی سەرتاقیکاری حەڵاکردنی گۆشتوخوێنی ژن ومنداڵ و دایک وھاوڵاتی بێتاوان. بۆیە با ھەرلەوەگەڕێین ئەندام پەڕلەمانێکی تورکمان لەناوجەرگەی کوردستانی باشور پشگیری پەلامارەدڕندەکاریەکەی کرد، و لەولاشەوە لەناو وڵاتی تورکیا دوژمن بۆھاڕینی گۆشت وخوێنی کورد نزیک لە نەوەد ھەزار ووتارخوێنی مزگەوتەکان پشتڕاستی ووتەکانی ئەمیندارەکوردەکەیان کردوەو لەسەرانسەری شارەکان بە خوێندنی سورەتی (الفتح) بانگەوازی ھەڵکردنی ئاڵای داگیرکاری بۆسەر شاری عەفرینیان جاڕدا و ھاوڵاتی بێتاوان لەخاکەپڕبرینەکەیدا خەڵتانی خوێنکرا. پاشان بەئامادەبوونی ئەردۆغان لەیەکەم پرسەی ماتەمینی سەربازەکوردکوژەکان ئایاتی قورئانی بەسەردا خوێندنەوە وەک ئەوەی لەپێناو ئیسلام لەجەنگی جولەکە و ڕزگارکردنی قودسی فەلەستین بڕوانامەی شەھادەت ھەڵبواسی بەسەرتابوتی تەرمی سەربازەکانی!

لەبەشێکی تری ووتەکانی عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیھانیی زانایانی موسڵمان ڕاشیگەیاندوە (“بە ھەموو توانایەکمەوە دژی پرۆژەی ئەمریکی – سەھیۆنی دەوەستمەوە کە خوازیارن تۆوی خراپەکاری و فیتنە لەنێوان مسوڵماناندا بچێنن”). سەرەڕای ئەوەی ئەم ناودارە لەجیھانی ئیسلامی یەکەم ھەنگاو دژی سازدانی ئەم کوشتارگەیە نەوەستاو پەیامێکی خاڵی لەبەھاکانی ژیاندۆستی بەسەر ئەم مەملەکەتە خوێدە و گەردەنی ئەم گەلە چەوسایەوەی خستە ژێر ڕەحمی شمشێری دەستی ئەردۆغان. لەھەنگاوی دووەم پاساو بیانوی دایە دەست تورکیا بۆپەیڕەوکردنی ئەم ھێڕەشە وەحشەتگەریە تاوەکو موسلمانان دژی ئەم ھێڕشە نەڕژێنە سەر شەقام، و سەرەنج و چاوی جیھان لابدرێت لەسەر سنوری دەستکرد و گەلیبەشکراو و بەشخوراو. لەھەنگاوی سێ یەم و کۆتای دا بوونی کاریگەری پێگەیی خۆی وەک حاکمی بەتاڵکردنەوەی سیحری فیتنە و پوچەڵکردنەوەی پیلانی ئەمریکی_سەھیۆنی بەیانکرد، وەک ئەوەی ئەم ئەمیندارە وەک پارێزەری سەندنەوەی مافی موسوڵمان لەفەڵەستین دژی پڕۆژەی ناساندنی قودس بەپایتەختی وڵاتی یەھودیەکان و ئیسرائیل لەجەنگدابێت و تورکیا فریاد ڕەسەکەی قودس و گەورەزلھێزی ناتۆ لەرزی ھێنابێتە عەرشی ئیسرایل و لەگەڵ زەوی تەفروتونای کردبێت؟! ئەوھا حەماس لەووتەکانی بەدیدەکرێت. بەڵام ھزری خەلەفاوی و قورمیشکراوی خوێندنەوەی ڕاستەقینەی پشت پەردەی ووتەکان دەریدەخات ئەگەر نیەتی بەتاڵکردنەوەی سیحری فیتنەبێت و وەک خەمخۆر پەرۆشی ناوبانگی ئاینی ئیسلامبێت با بفەرمووێ بە مێزەری سپی و وبەجوبە وعەبای ئاشتی و بەدەستی بەدەستنوێژ و وبەیژدانەنوستوەکەی لەخەوھەلسێنێ و لەناو جەرگەی شاری عەفرین ڕێپێوان بکات و سینگی بخاتە بەردەم لولەی دەبابە وتۆپی تورک تاوەکو بۆھەموو دونیا بەکردار ڕونبێتەوە ئەو لایەنە کێ یە کە خوازیارن تۆوی خراپەکاری و فیتنە لەنێوان مسوڵماناندا ئەچێنن؟!

بەڵام ڕووی ڕودەری ڕوداوەکان ئاشکرایدەکان ئەگەر ئەم ڕۆژگارە ڕۆژگاری زیندەبەچاڵکردنی ئازادی گەلی ژێردەستەکان بێت بەڵام لەھەمان کاتدا ۆژگاری کۆتایھێنانی ئامرازی چەواشەکاری و خەلەفاوی و ناھۆشیاری گەلەچەوساوەو بەشخوراو مافخوراوەکانیشە. بۆیە ئەوانەی نیازیان وایە لەژێر زەبروزەنگ ھەوێنی برایەتی ئاینی و ئاشتی و پێکەوەژیانی (کورد و تورک، کوردوعەرەب، کوردوفارس) بەچارەسەربزانن تاتەمەنی ئەم ژێردەستەیە درێژبکەنەوە و بەبیانوی ئەوەی (“ئیسلام دژی تیرۆر و بێدینینە جا لە ھەر قەومێک بێت”). ئەمە وەکو ئەوە وایە مشتێک تاریکی بە ناو قەوارەی تاریکستانێک بەرپاو بەربڵاو بکەی؟! لەکاتێکدا ئەھلی قەوارەکە ھەمیشە دوعاخوێنی ئاسۆی روناکی و تروسکایی ھیوابن، و نوێژکەری ڕزگاربوون لەتاریکی داگیرکراوی و ئومێدی سەربەخۆی بن. چونکە وەڵامی ھێز بەھێز و عەقل بەعقل دەدرێتەوە، کورد وەک نەتەوەیەکی زۆرینە موسڵمان چەندەچاوی لەئازادی و سەربەخۆیی یە ھێندەش باوەشی کراوەبووە بۆ ئاینێک کەدژی ئەم زوڵمەبوەستێتەوە، ئەوانەش بۆھەرمەبەستێک ئاین بەکاردەھێنن بۆنیازەگڵاوەکانیان ئەوا دووجار ڕوویان ڕەشدەبێت لەبەردەم نەتەوەو لەبەرامبەر ئەو خودایەی کە ئەم نەتەوەیەی بە کورد ئافراندوەو زمان و خاک و نیشتمان پێسپاردوون.
۲ـ ڕەھەندی کۆڵکەی یاسایی:
تورکیا تا فریوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بدات بەپاساوی ئەوەی ھێزەکوردیەکانی خۆبەرێوبەری کانتۆنی عەفرین لە کوردستانی ڕۆژئاوادا پێکھاتەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) بەسێبەری سیاسەتی (پەکەکە) و لقێک لەدرەختی ئایدۆلۆژیایی ئاپۆچێتی بەگوێ ی دونیا چرپاندوە و لەژێر ناوی تیرۆر بەرگی یاسای کردونەتەبەر. چونکە ترسی پەرەسەندن و بەھێزبوونی یەپەگە وپەیەدە پڕچەکردنیان بەھاوکارو ھاوپەیمانی ئەمریکا تەواو تورکیای ھەراسانکردوە بەڵام ئەوەی ئێستا تورکیا کاری بۆدەکات شتێکی کتوپڕنەبووە و لەئاست کاردانەوەی تورکیا چاوەڕونکراوبووە. دەسەڵاتی فاشیزمی تورک لەم ڕێگایەوە گوشاری کردۆتە سەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان بەمەبەستی پاکتاوی تیرۆر بەھێڕشە بەربەریەکەی گەماڕۆی عەفرینی دا گوایە یەپەگە و پەیەدە جێگای مەترسین بۆسەر ئاسایشی نەتەوەی تورک.

دوژمنانی کورد بەیاسای دارستانی دڕندەکان ھەمیشە بۆ پاروەنانێک گورگەکانی سیاسەتی گۆڕەپانی کوردیان چاوبەستکردوەو و پڵنگەئازاکانی نیشتیمانی کوردیان لەکونجی زیندانەکان ئەشکەنجەداوە یەخسیریانکردوون و بە پەتی سێدارە و پاوانی ھەوای ئازادی نیشتیمانی کوردی و ھاواری ھەناسەکانی سەربەخۆی شەڕڤان و پێشمەرگەو گەڕیلاکانی پێ خنکاندوون! دادوەری ئەم مەھزەلە یاسایی یە دیسان بەفیتی قەلەڕەشی بەدفڕەکوردیەکان ئەنجامدراوە بەدەمامکی ناسیۆنالیزم و نەتەوەخوازی حیزبی کوردی ئەم ئافاتەی لێکەوتۆتەوە کە ئێستا دەبینین بەپاساوی پاکتاوی تیرۆر تورکیا ئەم ھێڕشەدڕندەکاریەی بەرپاکرد. چونکە ئەوپلانە نووستوەی تورکیا بەپشگیری ھەندێک لەحیزبەکوردیەکانی باشور توانی ئەم بۆمبە چێنراوە بەرگی یاسای نێودەوڵەتی بکاتەبەر و ڕەوتی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی نەتەوەیی لەژێرناوی پارتی کرێکارانی کوردستان بەڕابەرایەتی عبداللە ئۆجەلان بخاتە لیستی تیرۆر. بەداخەوە لەماوەی حوکمڕانی چارەگەسەدەیەک لە دەسەڵاتی کوردی، کوردستانی باشور لەجیاتی ئەوەی کاربۆئەوەبکەن ئەم بۆمبەچێنراوەی تورکیا پوچەڵبکەنەوەو کار بۆ ئازادکردنی پڵنگی ناوزیندان بکەن بەڵکو کەوتنە گیانی یەکترو بە فرۆکەی جەنگی تورکی و تۆپ وتەیارە و دەبابەی تورک یەکتریان قڕکرد. چاڵی لەگۆڕنانی خەونی سەربەخۆی کوردیان قوڵترکرد و بۆھەموو دونیایان سەلماند کە ئەقڵی خۆبەڕێوەبەری و خۆبژێوی لەکەللەی سیاسەتی کورد پوکاوەتەوە!

چونکە نەیارانی کورد لەھەرسەردەمێک و زەمەنێکدابن، ھەمیشە بەپلانی تۆکمە پەڕوباڵی ھەڵۆکانی کوردیان دەرکێشاوە و پڵنگەکانیان قۆڵبەستکردون و ھەرکاتێکیش دەستیان ھەڵەبڕیوە دەستێکی نوستووی دوژمن بەپێکی ژەھری خۆکوژی دەرخواردراوە، و بریاربەدەستە سیاسیەکوردەکان لەھەرھەنگاوێکی سەرخۆی نزیکبوبێتنەوە تەڵەیەک قاچی شکاندوون و لەولاشەوە ھەستی برایەتی کوردی لەبری دەستگرتن و دەربازکردن بەخەونەکانەوە بە ھەنگاوە ھەڵگەڕاوەکانەوە براونەتەبەر پەتی سێدارە. ھەروەھا وەک ئاشکرایە چاوساغیکردن بۆدوژمن و مۆڵگەو بارەگای تورکی لەخاکی کوردستانی باشور سەلمێنەری ئەوڕاستیەن کە ململانێی ناوخۆیی و کورتبینی و بەرژەوەندی حیزبی چەندە دۆزی ڕەوای کوردی دوچاری چ شکستێکی لۆژیکی و مەیدانی کردۆتەوە، کە زۆرجار شکستەکان ھێندەترسناک بوونە تاگەیشتۆتە لوتکەی زیانگەیاندن بە دەستکەوتەکان و ھەرەسھێنانیان بەمەش گەلی ڕەشوڕوت تەمەنی لەژێردەستەی و چەوساوەی درێژترکردۆتەوە.

بۆدەربازبوون لە لاوازی و بێدەسەڵاتی و شکستی سیاسەتی کورد لەسەرئاستی ناوەوە ودەرەوە پێویستە لەژێرناوی چەتری نەتەوەی ڕەوتەرزگاری خوازەکانی ھێزو لایەنە کوردیەکانی ھەرچوارپارچەی کوردستان یەک ئاراستەی سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بگرنەبەر و پەیڕەوی لێ بکەن و بەیەک گورزە مەرگ بۆ پیلانەکانی دوژمن بێنن. دەست لەناودەست یەک ڕیزو یەک دەنگ و یەک ھەڵوێستبن و کاربکەن بۆ ئازادکردنی ڕێبەری نەتەوەی (عبداللە ئۆجەلان) بەمەش تورکیا لەمەرگ نزیک دەبێتەوە. چونکە تاکە ھێز بتوانێت بومەلەرزەیەک لەعەرشی دەسەڵاتەکەی سوڵتانی ستەمکار بدات تەنھا پڵینگەکەی زیندانە. بەداخەوە ئەوانەی واھەستدەکەن کوردپشتوپەنای نیە ئەوا پێویستە جارێکی تر مێژوو بخوێننەوە کە ھەموو ئەو گەلانەی ئێستا خاوەن ئاڵاو نیشتیمانن قارەمانەکانیان ھیچ کات بەئەگەری توشھاتی خۆخۆری نەکەوتونەتە کونجی تاریکی زیندان. چونکە لەناو ھەرنەتەوەیەک ئەوانەی پێگەیەکی بەرزی ئاینی یان دەوڵەتداری لەھەرولاتێکی دونیایان ھەبووایە ئەوە بوونەتە ھێمای تروسکەی ھیوای تاریکبەزێنی و بەختی نەتەوەکەیان نەک داردەستی جێبەجێکاری پلانەگلاوەکانی دووژمن. کەچی بەپێچەوانەوە لەناوکوردا ئەوانەی لەپلەوپایەی بەرزدان بۆ بەرژەواندی تایبەتی خۆیان قورمیشکراو خەلەفاون ھێشتا لە سەردەمی خێلگەڕای و بنەماڵەیی و ساڵانی ناھۆشیاری دەژین، بۆیە ھەمیشە نەتەوەی کورد بۆتە خۆراکی گورگەدەمبەخوێنەکانی سیاسەت.

لەھەمانکاتدا، ئایا کۆمەڵگای نێودوەڵەتی لەئاست دەسڵاتی عەقلیەتی تۆتالیتاری تورکی فا شیست دەتوانێ خۆی دەربازبکات لەبەرپرسیاریەتی ڕوودانی کارەساتی مرۆیی کە ڕوبەڕوی عەفرین کراوەتەوە. ئەوا عەفرین وەک قەڵا لەسەر ئاستی جیھان بەخۆراگری دەمێنێتەوە و بەرخودانی عەفرین بە گوشاری ڕەوەندی کوردی لەسەرانسەری جیھان جارێکی تر بێدەنگی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان و دونیای ڕۆژئاواو دیموکراتی و مافی مرۆڤ شەرمەزاردەکات.

۳ـ ڕەھەندی کۆڵکەی سیاسی:
ئەگەر بگەرێینەوە بۆ مێژووی گەلی ستەمدیدەی کورد تا وەڵامێک وەرگرینەوە بۆ ئەو پرسیارەی کە چی بەرژەوەندی نەیارانی کورد (تورکیا،سوریا،ئیران،عیراق) کۆکردۆتەوە کەئەویش بریتیە لە بەش بەشکردنی خێروبێری کوردستانی گەورە، وەک کێکی سەرمێزی نەتەوەی تورک و عەرەب و فارس جەستەی ئەم نیشتمانەیان ھەڵدڕیوە، ئێستاشی لەگەڵدابێ کورد بۆتە قوربانی ڕێکەوتنامەی نێوان نەیارەکانی. ناشاردرێتەوە، ڕوداوەکانی چەندساڵی ڕابردوو دەریخست گەشەکردنی کورد لەھەرپارچەیەکی کوردستان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پاچەکانی تر دەبێت، وە سیستەمی خۆبەرێوەبەری و خۆبژێوی ئەگەر لەھەر پارچەیەک سەربگرێت ئەوا ڕاستەوخۆ سەردەکێشێ بۆ سەربەخۆی بێگومان ئەمەش بەرژەوەندی دوژمنانی کورد دەخاتە مەترسیەوە.

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە سوریا و کوردستانی ڕۆژئاوا ھەمان نموونەی دکتاتۆرە ملھوڕەکانی دوێنێکەن کە ئەمڕۆ دابەش بوونە بەسەر ھێزولایەنە کارتێکراوەکانی گۆرەپانی ململانێی سیاسی کەپێکاتەی ئەم ھێزەکاریگەرەکانەش بریتیە لە پاڵپشتی ئەمریکا بۆ بەرەی کوردەکان وھاوپەیمانان، پاڵپشتی تورکیا بۆبەرەی تورکمانەکان وسوپای ئازاد و بەرەی نوسرە، پاڵپشتی ڕوسیا کە سێبەری ھێزی ئێرانی و حیزبولا یە لەسوریا. بۆیە پشتیوانانی ھێزەکاریگەرەکان بۆبەرژەوەندی تایبەت وڵاتانی تورکیا و ڕوسیا وسوریای پێکەوەلکاندوە. نوێترین ھەواڵ کەلە ئاژانسی ڕۆیتەز بڵاوکراوەتەوە، ڕێکەوتنی نھێنی نێوان تورکیا و ڕوسیا وسوریا ئاشکراکراوە ، سەرچاوەی ھەواڵەکە پشتڕاستکراوەتەوە بە سوڕوبونی تورکیا بۆ داگیرکردنی شاری عەفرین لەلایەن تورکیا و ئەماژەکراوە لەزاری ئەردۆغانەوە ئۆپەڕاسیۆنە داگیرکاریەکەی بەردەوام دەبێت و ئەگەری پاشگەزبونەوەشی تێدانیە.

تورکیای فاشیست تاوەکو بتوانێ پێگە و دەستکەوتەکانی ھێزەکوردیەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا لە سوریا بپوکێنێتەوە و بسرێتەوە و مەترسی بەھێزبوونی ئەزمونی کورد لەڕۆژئاوا پەلنەھاوێژێتە کوردستانی باکور، لەبەرامبەر ئەمەدا تورکیا ئامادەی ھەموو نەرمی نوندنێکی سیاسیە تا پاڵپشتی روسیا لەدەستنەدات و بەپێچەوانەشەوە ڕوسیا پێویستی بەتورکیایە تاپارسەنگی ھێز بپارێزێ دژی ڕکابەرەکەی کە ئەمریکا یە. چونکە بەھێزبوونی ھێزەکوردیەکان بەپشتیوانی ھاوپەیمانیەتی ئەمریکا وادەکات کورد لەخەونی گەیشتن بەدەریای سپی ناوەراستی نزیک بێتەوەو ئابووری کوردستانی ڕۆژئاوە بگاتە لوتکە بەمەش ئەمریکا لەنێو بژاردەی بازرگانی و ببەرژەوەندی ئابوری لەنێوان کوردستانی ڕۆژئاواو تورکیا سەربەست دەبێت. لەلایەکی تریش ترسی تورکیا لەوەیە لەداھاتویەکی نزیک پڕۆژە دەستورێکی کۆنفیدرالی بۆ وڵاتی سوریا لەدایک ببێت و کێشەی سوریا بنبڕبکرێت، بەمەش تورکیا ھەناگاوێک لەڕوخانی ھەڕەمی دەسەڵاتی دیکتاتۆری نزیک ئەبێتەوەو چونکە ھەموو جیھان چاوی ئەکەوێتە سەر سیاسەتی سەرکوتکردنی کوردی باکور لەلایەن سوڵتەی تورکیای داپڵۆسکەر. ھەرچەندە سوریا ڕوشانە لەبەر ناوبانگی سەروەری وڵات نیگەرانی دەربڕیوە دژی پەلاماری تورکیا بەڵام ژێربەژێر بەرژەوەندی سوریا لەم رێکەوتنە سێ قۆڵیە خۆی لەوەئەبینێتەوە کە سوریا بێ ھیوابووە لەوەرگرتنەوەی نیشتیمانی کورد لەھێزەکانی کوردی رۆژئاوا بۆیە ئەگەر پیلانی خەونی تورکیا سەربگرێ ئەوا لەداھاتوودا سوریا ئاسنتر دەتوانێ بەھەماھەنگی لەگەل تورکیا جارێکیتر سنورەدەستکردەکەی وەرگرێتەوە و دایڕێژێتەوە، لەئەنجامدا تورکیا سەرھەڵدانی خەونی سەربەخۆی کوردی ڕۆژئاوا چەندەھا ساڵێک ئەباتەدواوە. وەھەروەھا ئەوەی ڕوسیای ھانداوە پێی بخزێتە ناو ئەم ڕێکەوتنە ئەمەیە کە دەیەوێت پارسەنگی ھێزو دەسەڵاتی خۆی لەڕۆژھەلاتی ناوین بەھێزبکات بەڕازی کردنی تورکیاو بەپاڵپشتکردنی سوریا کۆڵەکەی سیاستی دەوڵەتەکەی دژی ئەمریکا تاودەدات. ھەرچی ئەمریکایە ترسی لەدەستدانی تورکیای ھەیە کەلە یاری جەمسەری لوتکەی ولاتە زلھێزەکان ئەکتەرێکی دیاری گۆڕەپانی ململانەکەیە تاوەکو تایەی تەرازوی ھێز بەلای ڕوسیا لاسەنگبات بۆیە ئەمریکا لەم ناوەدا ھەرگیز دەستەوسان ناوەستێت.

پێدەچێت ململانێی نێوان جەمسەری زلھێزەکان (ئەمریکا_ڕوسیا) و کێبڕکێیان لەنێو یاریەکەدا ئەمریکا وەک پاڵەوانی گۆڕەپانی سیاسی ناوچەکە بمێنێتەوە، چونکە دەستەوسانی ئەمریکا و ئەگەری براوەی بەرەی ڕوسیا وادەکات ئەمریکا متمانەی ھێز لەڕۆژھەڵاتی ناوین لەدەست بدات و ھاوپەیمانەکانی وێنەیەکی لەرزۆک لەپاڵ سیاسەتی داھاتووی ئەمریکا لەناوچەکەدا ڕەنگیبداتەوە و ھەڵسەنگاندنی نابەرامبەری بۆبکرێت. ھەروەھا، لەڕووی بەرژەووندی ئابوریشەوە پلانی ئەمریکا بۆبەستنەوەی سنوری دەسلاتی ھاوپەیمانەکانی(کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا) بەدەریای ناوەڕاست بەمەش زەبرێکی کوشندە بەرئایندەی ئابووری تورکیا دەکەوێت و ئەڵتەرناتیڤیک و جێگرەوەی تورکیا ئەخاتەمەترسیەوە. پێشبینیەکان دەریدەخەن، پلانی چەندساڵی داھاتووی ئەمریکا بۆ ئەوەی تورکیا ناچاربکات ملبداتە بەرژەوەندیە تایبەتمەندیەکانی ئەمریکا و پارسەنگی ھێزی روسیا لاوزدەرکەوێت، ڕەنگە لەم قۆناغەی ئێستای ڕۆژئاوادا پشتی کوردەکان بەرنەدات و لەژێرەوە یارمەتی سەربازی ھێزەکوردەھاوپەیمانەکان بدات چونکە کەوتنی عەفرین بالادەستی جەمسەری ڕوسیا دەردەخات بەڵام خۆڕاگری عەفرین و دەنگدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان پلانی تورکیاو ھاوپەیمانەکانی پوچەڵدەکاتەوە خەونی تورکیا لەگۆڕدەنرێت. لەڕوێکیترەوە ئەگەری وێرانەبوونی عەفرین لەلایەن تورکیا بێگومان باجەکەی قورس دەبێت و تورکیا وەک نەیارێکی سەرسەختی ئەمریکا پێگەی خۆی دەخاتە بەردەم مەترسێکی گەورە. بۆیە بەدوورنازانرێت سەرسەختی تورکیا کاربگاتە ئەوەی لەداھاتوودا بڵێسەی ئاگری شۆڕشی کورد لە دیاربەکر ڕەنگبداتەوە و پشێوی ناوخۆی تورکیا سەرھەڵبدات و کورسی سوڵتەی سوڵتانی زۆردار لەمەرگ نزیکبێتەوە و لەسەردەستی کورد کۆتای بەم دەسەڵاتە کوردکوژە تۆتالتارە دڕندەکاریە بھێنرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.