ڕزگار عەلی
بەشی پێنجەم/ ناسیونالیزم لە نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان و نەوشیروان مستەفا
لەم بەشەدا ھزری ئۆجەلان لەبارەی ناسیونالیزم دەخینە ڕوو، لە بەشی دواتردا دەیکەینە بەراوردکاری لە نێوان ئۆجەلان و نەوشیروان مستەفا.
ھیچ کاتێکدا بێ تێگەیشتن لە مێژووی پەکەکە و مێژووی کەسایەتی ئۆجەلان و ھزری ئۆجەلان ناتوانرێت بە ئاسانی لە فیکری ئۆجەلان بگەین، چونکە تێگەیشتن لەو فیکرەیە دەبێت تێگەیشتن بێت لەو زنجیرە دیالێکتەی کە لە دامەزراندنی پەکەکە و ساڵی حەفتاکانەوە دەست پێ دەکان تا ئێستاش بەردەوامە، ئەمە دیالێکت و ڕەخنەلەخۆگرتن و قوڵبوونەوانە وای لە ئەو لێکۆڵەرانە کردووە بۆ تێگەیشتن لە ھزری ئۆجەلان مەحکوبن تەواوی کتێب و وتارەکانی پێش زیندان و دوای زیندانی بخوێننەوە، چونکە گەر ئەو کارە نەکەن دەکەونە ھەڵەی گەورەی زانستییەوە.
یەکەم/ قۆناغی پێش ئیمڕاڵی:
قۆناغی یەکەم کە چەندین قۆناغی جیاواز جیاواز لە خۆی دەگرێت ئەو قۆناغەیە کە پەکەکە لە ژێر کاریگەری بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیزمی بونیادراو بوو، ئەمەش ئەو قۆناغەبوو کە مێژووی تورکیا لای پەکەکە و ھزری ئۆجەلان دابەشی سێ قۆناغ کرابوو:
قۆناغی یەکەم/ کە ساڵی (١٩٢٦_١٩٥٠) لە خۆ دەگرێت ئەم قۆناغە بە قۆناغی ئۆلگاریشی تاقمێکی یەک حزبی وەسف دەکرێت.
قۆناغی دووەم/ ساڵی (١٩٥٠_١٩٨٠) ئەمە قۆناغی شەڕو کوشتار و کودەتا دژوارەکانە بۆ ئەوەی دەوڵەتان لەگەڵ کارئەکتەرە ئۆلگاریشەکان ببنە شەریک و ببنە خاوەن زەوی وزاری فراوان.
قۆناغی سێیەم/ ساڵی (١٩٨٠-٢٠١٨) ئەم قۆناغی قۆناغی دەستتێوەردانی سەرمایەی جیھانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتییە.
پەکەکە و ئۆجەلان لە قۆناغی سێیەم لەدایکبوون، کاتێک پەکەکە و ئۆجەلان دەرکەوتن جیھان بۆ دوو بەرە دابەش بووبوو، بەرەی کەپیتالیزم کە ئەمریکا پیشەوایی دەکرد، بەرەی سۆسیالیزم کە سۆڤییەت پێشەوای دەکرد، بەرەیەکی تریش ھەبوو کە لایەنگری ھیچ لایەک نەبوون، بۆیە پێیان دەوترا جیھانی سێیەم، بەڵام ھیچ کاریگەرییەکیان نەبوو. بە ڕای ئۆجەلان کەپیتالیزم ئەو کات کوردستانی دابەشکردبوو، کوردی قڕ کردبوو، نکوڵی لێ دەکرد، دەبایە ئەگەر بەرەکەی تر سۆسیالیزمی ڕاستەقینە بایە کوردی بە بنەما وەرگرتایە، نکوڵە لە قڕکردنی کوردان بگرتایە، بەڵام ئەوانیش وەکو کەپیتالیزم بە تاکتیک جار جار لە کورد نزیک دەبوونەوە، نمونە/ بە ھاوکاری سۆڤییەت کۆماری کوردستان دروستکرا، بەڵام ساڵێکی نەبرد دەسبەرداری بوو، ھەروەھا ئەمریکا کاریگەری گەورەی ھەبوو بۆ سەر کوردان پاشان لەساڵی ١٩٧٥ و ڕێکەتننامەی جەزائیر دەسبەرداری کوردان بوو. کەواتە ھەردوولا وەکو تاکتیک بەردەوام کورد بەکاردەھێنن.
ئەو کاتیش لەناو بەرەی سۆسیالیزم لەناو خۆیاندا دەیان جۆر ھەبوون، بەڵام ئۆجەلان نەچووە ناو ھیچ لقێکی سۆسیالیزمی چین یان سۆڤییەت یان ئەلبانیا، یان ڕۆژئاوا یان بەرەی ڕۆژھەڵات، چونکە ھەموویان بە تاکتیک لە کورد نزیکدەبوونەوە، پەکەکە لەم تاکتیکانە گەیشت و (سۆسیالیزمی زانستی) کەپێیان وایە لەسەر ئەساسی پێشکەوتنی دیالێکتی زانستی دامەزراند.
پەکەکە لە ژێر میراتێکی شۆڕشگێری و ئەزموونێکی شۆڕشگێری لە ژێر ناوی سۆسیالیزم دەست بە تێکۆشان دەکەن، وەکو دیارە زۆر لە ژێر کاریگەری ڕابوون و(گەلی ڤێتنام) دەبێت.
لێرەدا ئەوەی سود بە ئێمە دەگەیەنێت وەکو لێکۆڵەر ئەوەیە ئۆجەلان دەبێت تەنیا و تەنیا ئیشکردنەکەی بەھۆی ئەو ئایدۆلۆژییەوە ھەیەتی ببێتە کارئەکتەریکی ئەنتەرناسیونال، بەڵام لەپاڵ ئەم ئەنتەرەناسیونالیزمەیشدا مەسەلەی ( نەتەوە )شی بە بنەما وەرگرت، بەڵام دەبێت بووتریت ئەم مەسەلەی نەتەوایەتییە بابەتێکە ھەرگیز ھەم بەمانا سروشتییە فاشییەکەی ھەم بەمانا مۆدیرنەکەی لای ئەو نایەت، بەڵگەشمان ئەوەیە: ھەر لەسەرەتاوە ئۆجەلان بە تەنیایە، ئەوەی دەکەوێتە پەیوەندییەوە لەگەڵ ئۆجەلان و دواجار دەبنە ڕۆحی ئۆجەلان دوو کارئەکتەر کە دەناسرێن بە (کەمال پیر) و (حەقی قەرار)، ئەم دووانە کورد نین، خەڵکە کوردستانیش نین، بەڵکو تورک و لە تورکیا دەژین، پەکەکە پێیان وایە شوێنگرتنی ئەو دوو کارئەکتەرە گەورەیە لە کوردان و ھزری ئۆجەلان بۆ ئەوەیە چونکە دەیانبینی ئازادی خۆیان و ئازادی ھەموو گەلان و ئازادی مرۆڤایەتیشیان دەبینی، بۆیە بێ دوودڵی لەگەڵ ئۆجەلان بوون.
تا( قۆناغی ئیمراڵی) ھزری ئۆجەلان ھەر لەژێر کاریگەری (سۆسیالیزمی زانستی) مایەوە.
قۆناغی ئیمرالی:
لەناو قۆناغی زینداندا ئۆجەلان لە ڕێگە پارێزەرەکانەوە و دادگای دادی نێودەوڵەتییەوە پەیوەندی بە دەرەوە دەبەست، لە زینداندا تەحولێکی زۆر گەورە لە بیرکردنەوەی ئۆجەلان ڕوویدا، پێشتر پەکەکە بە ئایدۆلۆژیای چەپ و سۆسیالیزمی زانستی خەباتی دەکرد، ئەم خەباتە بۆ بەرگریکردن بوو لە (مانەوەی)کورد، لە پاڵ ئەمەشدا دەیانویست لە پاڵ دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێکی سۆسیالیزم بۆ کورد ئاوا بکەن. بەڵام لە زینداندا ئۆجەلان بە تەواوی بڕوای بە دەوڵەت نامێنێت، ئایا ھۆکارەکەی چییە؟
جاران ئۆجەلان و پەکەکە کیشەی کوردیان ھەر تەنیا وەک کێشەی ئازادی گەل نەدەبینی، شانبەشانی ئازادیش داوای دەوڵەتیشیان دەکرد، واتە ئەگەر بخوازرێت کێشەی گەلی کورد چارەسەر بکەیت، ئاوا دەبێت دەوڵەتێکی بۆ دروست بکرێت، بەم شێوەیە کێشەی کورد چارەسەر دەبێت، ئەم تێڕوانینە تائسیراتی سۆسیالیزم و چەپ بوو، بەڵام دوای ئەوەی ئۆجەلان لە ئیمڕالی بە شیکردنەوەکانی دەگاتە ئەو بڕوایەی کە مەسەلەی ئازادی و دیموکراسی مەسەلەی دەوڵەت نییە، تەنانەت ئەگەر دەوڵەتیشت ھەبێت ئەوا ناتوانیت ئازادی و دیموکراسی بەدیبھێنرێت. چونکە دەوڵەت بە ھەر شێوەیەک بێت حاکمییەت و (باڵادەستی) بە بناغە وەردەگرێت، ئەو باڵادەستییەش کۆیلایەتی دروست دەکات، بۆیە پەکەکە بینی کێشەی کورد کێشەی دەوڵەت(دەوڵەتبوون) نییە، کێشەی کورد کێشەی ئازادییە(ئازادبوون). ئیدی ئۆجەلان لەسەر بناغەی ئازادی و دیموکراسی سیستەمەکەی خۆی پێش دەخات، ئەوەی بیەوێت ئازادی و دیموکراسیش ئاوا بکات دەبێت لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی ژێرەوە(خوارەوە) ئیش بکات.
لێرەدا بناغەی لێدان لە دەوڵەتی نەتەوە لای ئۆجەلان خۆی مانفێست دەکات، ھەموو تەمەنی تەرخان دەکات بۆ ئەو کارە، دیارە ئەو خاڵەی زۆر سەرنج ڕاکیشە ئۆجەلان لێرەدا ھیچ جیاوازییەک لە نێوان فۆڕمی دەولەتبووندا ناکات، بەڵکو پێ ێ وایە ئەو سیستەمەی لە ژێر ھەژموونی دەوڵەتدا کۆدەبێتەوە جگە لە کوشتار و خوێنڕشتن بێ بەھاکردنی تاک و کۆمەڵگە ھیچی دیکە نییە، ئۆجەلان تەنانە ڕای وایە درۆیەکەی یەکجار گەورەیە ئەگەر ئەو فاشیزمەی لە دەوڵەتانی ڕۆژھەڵات ھەیە لە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا جیاوازبکرێتەوە، بەڵکو پێ ی وایە ئەوەشی لە ڕۆژئاوا ناونراوە دەوڵەتی نەتەوەیی و بە تیۆری گێلنەر: کۆکردنەوەی ھەموو جیاوازییەکان بۆ ئەوەی بە ھاوبەشی زمانێک و کەلتورێکی موشتەرەک دروست بکەن، درۆیەکەی یەکجار گەورەیە، بەڵکو ئەم فیکرەیە خۆی لە جینۆسایدی سەدان کەلتور و سروشتی ئینسان دەبینێتەوە.
ئۆجەلان ڕای وایە، دەوڵەتی نەتەوە و ھزری لیبڕال سەرچاوەی خۆی لە جینۆسایدی جەماعی و ڕەتکردنەوەی مافی گروپ و جەماعەت و کۆمەڵگەی مەدەنی وەردەگرێت، ئەو پێ ی وایە ئەو سیستەمەی دەوڵەتی نەتەوەیی کە حوکمەکە لیبڕالیزمە بە ئامانجی ئافراندنی نەتەوەی ھۆمۆژەن و ھاوڵاتی لێکچوو پەیڕەو لە خۆی دەکات، ئەو پێ ی وایە چەندە ئازادی ماف و ئەو جڤاتە ھاوبەشانە کەمبکرێتەوە چانسی زۆرترین داگیرکاری و دەسەڵاتدارییەتی پاوانخوازی سەرمایە و دەوڵەت_نەتەوە بەو ڕادەیە زیاد دەبێت. باسکردنی مافەکانی تاک، بەڵام باسنەکردنی مافی جڤاتەکان و تەنانەت ڕەتکردنەوەیان ھاوشێوەی ھەمان دۆخی سروشتی دروستبوونی ناسیونالیزمی عەرەبی فاشییە، تەنانەت ھاوشێوەی ئەو ناسیونالیزمی عروبەیە. ئۆجەلان میللیگەرایی(نەتەوەپەرستی) بە کاریگەترین ئامارازی ئایدۆلۆژی دەزانێت، ئەو پێ ی وایە ئەم دەوڵەتی نەتەوەییە بەھای ئاینێکی نوێ ی ھەیە، میلیگەرایی پیرۆزییەک بە دەوڵەت_نەتەوە دەبەخشێت کە لە شێوەی “دۆخی خواوەندێک لەسەر زەوی دایە” خۆبەختکردن و مردن لە پێناویدا وەکو باڵاترین بەھا پەسەند دەکرێت، ئەمەش پێویستێکی ئاینە نوێکەیە. کەواتە ھیچ بەھایەک بۆ دەوڵەت لای ئۆجەلان نییە و تەنانەت ئۆجەلان نەرمترین شێوازی دەوڵەتی نەتەوەیی کە سەرچاوەکەی ناسیونالیزمە بەمانا مۆدێرنەکەی بە خراپترین جۆری فاشیزم دەشوپێنێت.
ئۆجەلان سیستەمێک لە دەرەوەی کۆشک و سەراکانی دەوڵەت دادەمەزرێنێت. ئەو پێی وایە ئەم سیستەمەی لە دەرەوەی دەوڵەت سیستەمێکی ئازادی و دیموکراتی بە بنەما وەردەگرێت، واتە ئەلتەرناتیڤی دەوڵەتە، لەم سیستەمە چونکە وەکو دەوڵەت ھێز لە ئارادا نییە و ئازادی و دیموکراسی و یەکسانی و عەدالەت بە بنەما وەردەگرێت و باڵادەستی دەوڵەت و دەسەڵات نییە، بۆیە دابەشکردنی دەستڕۆیشتوویش لە ئارادا نابێت. پێچەوانەی دەوڵەتی مۆدێرن و دوڵەتی نەتەوەیی و دەوڵەتی نەژادی و ناسیونالیزم کە بێ ڕێزی بەرانبەر زۆربەی زۆری کەلتور و زمانەکان دەکات، ئەم سیستەمە ئاماژە دەکات کە ھەموو کەسێک ئازادە بە زمان و ناسنامە و کەلتور و بەرژەوەندی خۆی بوونی ھەبێت و بە ئازادی گوزارشت لە خۆی بکات. سەبارەت بە کێشەی جوگرافیا و سنور، بەو پێیە کێشەی جوگرافیا و سنور لە نکوڵی و قڕکردن و توانەوە دروست دەبێت، ئەگەر ئەوە نەمێنێت یەکتر قبوڵکردن دێتە پێشەوە و بۆ ئەوەش ئیتر پێویستت بە سنور نامێنێت .
تا ئێرە ھزری ئۆجەلانە دەربارەی ناسیونالیزم بە تەواوی ڕوونە، بەڵام ئەوەی ناڕوونە دەبێت بووترێت ھیچ ناسیونالیزمێکی مۆدیرن و ھیچ ناسیونالیزمێکی فاشی و عروبەیی و بە قەت (عەبدوڵا ئۆجەلان) تائکید لەسەر کورد و نەتەوەی کورد ناکاتەوە، تەنانەت ئۆجەلان لە بەرگرینامەی (ئورفا سیمبولی پیرۆزی و نەفرەت) ڕۆچووەتە ناو کوردبوون و خاکی کوردانەوە.
ئۆجەلان ئۆرفا بە خاکی پیرۆزی دەشوپێنیت؟ ئایا ئەمە چییە؟ ئایا ئەمە لە کوێ ی ناسیونالیزم جێگەی دەبێتەوە؟ (بەرگرینامەی ئۆرفا ل١١)
ئەوەی لە کەسایەتی مندا بەر کەنار دەکرێت، دەخوازن مەحکومی زیندانی دوورگەیەکی بکەن لە بنەڕەتدا ئەم کوردایەتییە ئازادییە؟ (بەرگی یەکەمی مانفیستۆ ل١٧)
تێکۆشانی ئەم سی ساڵەی دوایی لە مندا بەڕێوەچوو تەنیا لە پێناو کێشەی بوونی کوردان ئەنجام درا
( بەرگی پێنجەم مانفیستۆ ل٧٤)
(ڕاستینەی نەتەوایەتیمان لەگەڵ ڕاستینەی ژن و ژیان ھەڵدەسەنگیرنێت، کوردبوون وەکو بوون، بوونی کوردان و نەریت، بوونی کورد و نەریتی ئیسلامی، کەلتوری ئیسلام و پەیوەندییەکانی عەرەب، کورد، تورک، کاریگەری ئەرمەنی_سوریانی_یەھودی لە ڕاستینەی کوردبووندا، ڕاستینەی کورد لە سەرمایەداریدا، نیشتیمانی دایک لە ڕاستینەی کورددا، ڕەھەندی نەتەوەیی ڕاستینەی کورد، ناسنامەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ڕەھەندی کۆمەڵایەتی ڕاستینەی کورد، بزووتنەوە ھاوچەرخەکانی کوردان…) ئەمانە ھەمووی ناونیشانی زۆربەی فیکر و تێز و کتیبەکانی ئۆجەلانە.
بەم جۆرە ئۆجەلان دەیان جار تێزی نەتەوایەتی و کوردبوونی بەکارھێناوە، تەنانەت دەیانجاریش (تورکبوونی)کردۆتە بەر ھێرشی فیکر و تێزەکانییەوە.
ئایا ئۆجەلان بەناڕاستەوخۆ و ناھۆشیارییەوە لەناو دۆخی فاشیزمی نەتەوایەتییە؟ ئایا ئەم ھەموو تەئکید کردنە لە کوردبوون و کوردایەتی لە کوێ ی تێزەکانی و ئیشکردنی فیکری ئۆجەلان بۆ پرسی ھاوڵاتیبوون و نیشتیمانیبوون جێگەی دەبێتەوە؟
گرنترین پرسیار و جەوھەریترین پرسیار، ئایا کوردایەتی لە کوێ و کوردبووندایە؟
ھەوڵ دەدەین لە بەشەکانی تر ئەم پرسیارانە وەڵام بدەینەوە؟