دووبارە کاندیکردن ورایەکی جیاواز

لەلایەن ستاندار Posted on 459 جار بینراوە

پ.ی.د. رعد رفعە محمد
لە ھەڵبژاردنەکەی رابردوو –واتە پێش چوار ساڵ- سەرۆک حزبێکی کوردستانی کاریگەر پێش تەنھا بیست رۆژ لە ھەڵبژاردنەکان چەند کەسێکی بانگھێشت کرد –منیش یەکێک بووم لەوان- وداوای لێکردین چەند پێشنیارێک بخەینە روو بۆ سەرکەوتنی کاندیدی لیستی حزبەکەی. لەوەڵامیدا گووتم: بەڕێز واچاکترە بڵێی بۆ کاندیدی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ چی بکەین باشە، نەک ئەم ھەڵبژاردنەی کەتەنھا بیست رۆژی ماوە!!!
ئێستا ھەر ھەمان سەرکردەو ھەمان حزب وبەڵکو حزبەکانی تریش پەنایان بردۆتە ئەوەی سەرۆک وکاندیدی لیستەکانیان بە زۆربەی پەرلەمانتارە پێشوەکان پڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەست بھێنن لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق.
بەچاکی دەزانم ئەم بابەتە بەچەند خاڵێک روونبکەمەوە:
یەکەم: پێویستە ئاراستەی رەخنەکان زیاتر روو لە سەرکردایەتی حزبەکان بکرێن نەک کاندیدە دووبارە وسێبارەکان؛ چونکە ھەم سەرکردەی حزبەکان کاندیدەکانیان دیاریکردوەو ھەم ھەر ئەو سەرکردانە نەیانتوانیوە کادیرو سەرکردەی نوێ دروست بکەن بۆ حکومەت وپەرلەمان وبەڕێوەبردنی خودی حزبەکەشیان. بەڵکو ھەندێک جار بازیان لەسەر زۆربەی کادیرەکانی خۆیان داوەو کەسانی سەربەخۆیان کاندید کردوە.
گلەییەکە لەوەدایە حزب بەو ھەموو ئیمکانیاتی ماددی ومەعنەویەی نەیتوانیوە بەقەد ئەو کاندیدە سەربەخۆیە بوار بڕەخسێنێ بۆ کادیرەکانی خۆی بۆ ئەوەی وەزیر وپەرلەمانتاری بەھێزی لێدەربچێ.
دووەم: ئەو رایەی کە دەڵێ: پەرلەمانتارو وەزیر یەکجار دەبێ پۆستی بەربکەوێ، بەھەڵەی دەزانم وقەت پشتگیری ناکەم؛ چونکە:
– ئەو پەرلەمانتارو وەزیرە بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەزمونی وەرگرتوەو لە کۆتایی خوولەکەی فێری کاری حکومی وپەرلەمانی بووەو پەیوەندی بەھێزی دروست کردوە لەگەڵ کەس ودامەزراوەکان بۆ بەرەوپێش بردنی کارەکانی ودوای ئەم ئەزمونە گەیشتۆتە بیرکردنەوە لە پێشنیارو پڕۆژەی سیاسی وئابوری وھتد… ئێستا حزب دەری دەکات لەم پرۆسەیەو دیسان کەسانی تر دەھێنێ بۆ چوار ساڵی تر بەھەمان پرۆسەی شکست خواردوو تێدەپەرێتەوە.
– مەرج نیە ھەر ھەموو وەزیر وپەرلەمانتارە کۆنەکان خەڵکی شکستخواردوو وبەرژەوەندی خواز بێت؛ بەڵکو خەڵکانی دڵسۆز وسەرکەوتویان لێھەڵکەوتوەو پێویستە پشتگیری بکرێن بۆ خزمەتی خەڵک ودامەزراوەکانی.
لە ووڵاتان کەسە سەرکەوتوەکان چەندین جار کاندید دەکرێنەوەو بەپڕۆژەو سیاسەتی سەرکەوتووتر دێنەوە مەیدانی پەرلەمانتاری. بۆ نمونە: جۆن مەکین ئەندامی گۆنگرێسی ئەمریکی لە ساڵی ١٩٨٢ لەناو پرۆسەی نوێنەراەیەتی تا نەخۆشیەکەی، بە نیمچە بەردەوامی لەم پرۆسەیەدا بوونی کاریگەری ھەبووە.
سێیەم: پێویستە حزب ودەنگدەرەکانی سزای ئەو مەلا وموزیع وفەیسبوکوانانە بدات کە لەماوەی چوار ساڵی رابردوو، چوار ووشەی بەسوود ویەک پێشنیارو پڕۆژەی بەجێیان ئەنجامنەداوەو دووبارەو سێبارە نیازی خۆکاندیدکردنەوەیان ھەیە بۆ خۆدۆڵەمەندکردن وفرۆشتنی دەنگەکانیان ودیسان ھاتنەوە سەرشاشەکان ویاریکردن بە ھەست وعەقڵی خەڵکی کوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.