کورد و نەتەوە و ناسیونالیزم

لەلایەن ستاندار Posted on 581 جار بینراوە

ڕزگار عەلی
بەشی شەشەم/ ناسیونالیزم لە نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان و نەوشیروان مستەفا

تێزەکانی ئۆجەلان لەبارەی ئەو سیستەمەی دایمەزراندووە کە کۆنفیدڕالی دیموکراتە بۆ ئەو پرسیارەمان دەبات، ئایا ناسیونالیزمی (بێ دەوڵەتی) دەبێت چ فۆڕمێکی ناسیونالیزم بێت؟ چونکە ئەوەی لەناو تیورەکان و سیستەمە جیھانییەکە ھەیە ئەوە نییە ئایا ناسیونالیزم بێ دەوڵەتی چ فۆڕمێک وەردەگرێت، بەمانای ئەوە ھیچ شتێک و پڕۆژەیەک لە دەرەوەی دەوڵەت وجودی نییە. تا ئێستاش زیاتر ئەو دوو فۆڕمە سەرەکییە ھەیە، کە ئایا دەوڵەت نەتەوە دروست دەکات یان نەتەوە دەوڵەت دروست دەکات؟ واتە لە ھەردووکیاندا مادەم نەتەوە ھەیە دەبێت پڕۆسەیی ناسیونالیزم ھەبێت. لە یەکەمیاندا دەوڵەت یان ئەم فۆڕمە سیاسییە و ئەو سیستەمە سیاسیییەی ھەیە پڕۆژەی ناسیونالیزمی ھەیە و دواجار ئەم پڕۆژەیەش نەتەوە دروست دەکات، ئەمە بە تێزە گێلنەر و بەمانا مۆدیرنەکەی. بە تێزەکەی تر کە زیاتر تێزێکی عروبەییە ئەوەیە، کە نەتەوە وجودی ھەیە و ئەوە نەتەوەیە دەوڵەت دروست دەکات. دیارە لێرەدا نەتەوەبوون و دەوڵەت کە کۆکردنەوەی ھەموو جیاوازییەکانە لەناو کەلتورییەک و زمانێک لە ھەردوو فۆڕمەکەی ھەیە، فۆڕمی یەکەمیان دۆخی مۆدێرنەیە کە نییە و دروستییان کردووە، واتە خۆیان دەستیان لە بوونیدا و خوڵقاندنی ئەو سیستەمە سەرتاپاگیرە ھەیە. ھی دووەمیش کە عروبەکەی خودا و زمانی قورئان توانیوێتی ئەوەی رۆژئاوا و ئەوروپا بە چەندین سەدە پێ ی بگەن، ئەوان بە حازری بێتە بەردەستیان لەلایەن خوداوە، زمانی قورئان ئەو زمانەیە کە ھەموو جیاوازییەکان لەناو خۆیدا حەزف دەکات و کۆتایی پێ دەھێنێت. بەڵام لێرەدا ئەوەی وای لە سیستەمی پانعەربیزم و عروبە کردووە کە ناسیونالیزمەکەیان ناسیونالیزمێکی فاشی و دڕندەیی بێت ئەوەیە کە قۆناغی مۆدێرنە و قۆناغی پیشەسازی کە بە جەوھەری ناسینوالیزم بە مانا مۆێرنەکەی دادەنرێت ئەویش وەکو قورئان لە لایەن خوداوە بۆیان دانەبەزیوە، بەڵکو ئەمەیان ھیچ مەجالێکی سیاسیی تێدا نییە و دەبێت بخوڵقێنرێت.
لە نێو ئەم دوانەدا کورد نە دەتوانێت ناسیونالیزم بەمانا مۆدیرنەکەی بونیاد بنێت، ئەمەش لە بەشی پێشوو گوتمان پەیوەندی بە چوار دەوڵەتەکەی پێشووە ھەیە، بۆیە بەم شێوەیە ناتوانێت دەوڵەتی ھەبێت. لە لایەکی تریش نە لە لایەن خوداشە و قورئانێک یان زمانێکی ھاوبەشی بۆ دابەزێنراوە تا ھەموویان کۆبکاتەوە لەناو فۆڕمێکدا، بۆیە بە ڕای ئێمە ئۆجەلان لەم ڕاستییە حاڵی بووە بۆیە لەدەرەوەی دەوڵەت بیری لەو سیستەمە کردۆتەوە. بەڵام ھەرچی (نەوشیروان مستەفا)یە لەناو سیستەمە جیھانییەکە ناچێتە دەرەوە و تەواوی ھزری خۆی و لەناو مافی چارەی خۆنووسین بەمانا عامەکەی چڕ دەکاتەوە، ئەو لەبەرنامە سیاسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە دەکات و دەڵێت: ئازادی گەلی کوردستان و مافی بڕیاردانی چارەنووس، بە بڕیاردانی سەربەخۆیی کوردستانیشەوە ئامانجێکی باڵاو ستراتیژی ئێمەیە. کەواتە ئەو ھیچ کات نایەوێت لەناو ئەو سیستەمەی ناوی دەوڵەتە فۆڕمێکی نوێ دابڕێژێ.
ئەم دوو باسە بۆ دوو بیرکردنەوەمان دەبات، ئایا ئۆجەلان چۆن بە دامەزراندنی سیستەمێکی بێ دەوڵەتی لەگەڵ جیھان و دەوڵەتەکانی تر ھەڵ دەکات؟ ئایا چۆن دەیەوێت ھەبێت و ھەموو ئەو جۆرە ناسیونالیزمانەی پێشتر ھەبوون ڕەتدەکاتەوە. پرسیارێکی تریش، ئێمە گوتمان کورد نەدەتوانێت دەوڵەتێکی ھاوبەش لەگەڵ عێراق و سوریا و تورکیا و ئیران دروست بکات، نە دەشتوانێت دەوڵەتێک بۆ خۆی ڕابگەیەنێت چونکە پرۆسەی ناسیونالیزمی ئەوانی تر ھەڵدەوەشێنێتەوە. کەواتە ئایا نەوشیروان مستەفا چۆن دەچێتە ناو دەوڵەت و سیستەمە جیھانێکەوە؟ ئایا پرۆژەی ناسیونالیزمە نەوشیروان مستەفا چییە بۆ دروستکردنی دەوڵەت؟ کەواتە ئێستا ئۆجەلانمان ھەیە، دەوڵەت ڕەتدەکاتەوە، ناسیونالیزمی کوردیش بەو مانایەی ئەو دەوڵەت و نەتەوەکانی تر کە ھەیە و خۆیانیان پێ گەیاندووە و دروست کردووە ڕەتدەکاتەوە. نەوشیروان مستەفاش لەگەڵ پڕۆسەی دەوڵەتە بەڵام ھەم دونیایەک جیاوازی کەلتوری ھەیە لەناوخۆ کە بەئاسانی کۆناکرێنەوە یان ناتوانرێت وەکو دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرن بن، ھەم زمانێک و کەلتورێکی خوابوونیان نییە وەکو دەوڵەتانی دەوروبەر، ھەم سیستەمی ناسیونالیزمی دەوڵەتانی دەوربەریش ڕێگە نادات.
لێرەدا ئەگەر بچینە ناو سیستەمەکەی ئۆجەلانەوە کەوا سیستەمی بێ دەوڵەتییە، ئیریک ھۆبزباوم پێ ی وایە ئەو بوونەی ھەیە ناتوانێت بێ دەوڵەت بوونی ھەبێت، بە تەواوی ئەو بوونەی کە ئێمە لەبەشی پینجەم بە کوردمان بەخشی و بەمانا ئەندرسون کە دەڵێت: نەتەوە گروپیکی سیاسی فەنتازیکراوە، لێرەدا کوردمان لە بێ نەتەوەبوون یان ئەوەی نەتەوە نییە و خێڵە ڕزگار کرد، بەڵام ھەرگیز ناتوانین لەوەی چۆن ئەو نەتەوەیە ھەبێت و خۆی بپارێزێت و خۆی مانفێست بکات خۆمان ڕزگار بکەین، واتە پڕۆسەی ناسیونالیزم کە پڕۆسەیەکە بۆ دەوڵەت و لەناو دەوڵەتیش بۆ نەتەوە، بێ ئەو چوارچێوەی کە پێ ی دەوترێت دەوڵەت ناتوانێت ھەبێت و بەردەوام بێت، چونکە ھەر جۆرە نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت ھەبێت لەگەڵ یەکە سیاسییەکەی ناو دەولەتەکەی تر کە ھەڵگری دەوڵەتە و لە ڕێگەی دەوڵەتیشەوە کەلتورەکەی دەسەپێنێ، گەر نەیسەپێنێ ئەوا دەوڵەتەکەی توشی داڕمان و مەترسی دەبێتەوە، ئەمە وەکو کورد لەناو چوار دەوڵەتەکەوە. ھەرچی پەیوەندی بە چوونە ناو سیستەمە جیھانیکەوە ھەیە توشی کیشەیەکی تر دەبین، ئەویش ئەوەیە، ھیچ شتێک بە نیسبەت ئەو دەوڵەتانەوە نییە لە دەرەوەی دەوڵەت، نە نەتەوە و نە ھاوڵاتی و نە ھیچ مافێک لە دەرەوەی دەوڵەت لە چاو وڵاتانی ترەوە نییە، ئەگەر نمونەگەلێک وەربگرین:
سکۆتلەندییەکانی بەریتانیا ئەگەرچی کەلتوری خۆشیان پاراستووە، زمانی خۆشیان ھەیە، بەڵام ھەرگیز ناتوانن شوناسی ئینگلیزیبوونیان فڕێ بدەن و ئاماژە بە شوناسی سکۆتلەندی بکەن، کەسێکی سکۆتلەندی تەنیا لەناو بەریتانیا سکۆتلەندییە و لە دەرەوەی بەریتانیا ئینگلیزە و وەکو ئینگلیزییەک دەبینرێت. ئەم ھاوکیشەیە بۆ کوردیش ڕاستە، کوردیکی سلێمانی یان عەفرین گەرچی تەواوی سیستەمەکە ھی خۆشیبێت و داھاێنانی زۆر گەورەشیان لە مافەکانی مرۆڤ و ئینسانییەت و دیموکراسی کردبێت بەڵام ھەرگیز وەکو عەفرینییەک و کوردستانییەک لە دەرەوە نابینرێت، چەندین جار کوردەکانی دەرەوە دەبینرێن چەندە بێزارن کاتێک کەسێک لێیان پرسیون خەڵکی کوێن! ئەوان لەناو کوردستانی عێراق دەتوانن ھەڵگری شیعاری خۆیان بن و ونیش نەبن و شانازیش بکەن، بەڵام ھەرگیز لە دەرەوە ناتوانن ئەم شوناسبوونە بپارێزن، ھاوڕێیەکم چووبووە ھیند، لەوێ لە شارێک بۆ ھوتێل گەڕابوو، ھەموو ھوتێلەکان کاتێک جەوازی لێ وەردەگرن یەکسەر عێراقی نووسراوە، دەڵێن ژوورمان نەماوە، ئیتر ھیچ ھاوارێک و فریادرەسێک ناتوانێت کەسێک بەمانا مۆدیرنەکەی لەسەر سیستەمی دەوڵەتبوون پەروەردەکراوە تێبگەیەنێت بڵێت کاکە من عێراقی نیم. ھیچ کاتێک کوردێک کە پەناھەندەیە ڕوو لە وڵاتان دەکات لە دەفتەر و دۆسیە ڕەسمییەکانی دەوڵەتان وەکو کوردێک ناونووس ناکرێت، تەنانەت وەکو کەمە نەتەوەیەکیش مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت بەڵکو ئەوان لەو دەوڵەتە وەکو عێراقییەک، سورییەک و ئێرانییەک و توورک ناونووس دەکرێن.
ئیتر لای من ڕوون نییە ئایا ئەو سیستەمەی ئۆجەلان دایڕشتووە، چۆن مامەڵە لەگەل ئەم جیھانە دڕندەیە دەکات؟ کێشەکە باشی و خراپی نییە، کێشەکە بنەمای ھێزە، دەکرێت لەناوخۆدا ھێز بکوژرێت بەڵام تا ئێستاش ناتوانین ئەو سیستەمە جیھانییەی لەسەر ئەساسی ھێز بونیاد نراوە بگۆڕین.
سەبارەت بەناسیونالیزمیش لای نەوشیروان مستەفا، با دۆخی ناوخۆ وەربگرین، بزانین نەوشیروان مستەفا بونیادی ناوخۆ چۆن کۆدەکاتەوە، چۆن پڕۆسەی ناسیونالیزم دەکات رێگەیەک بۆ ئەوەی بگەینە شتیک لە نەتەوە باڵاتربێت؟
نەوشیروان مستەفا بنەمای ناسیونالیزمەکەی نە لەسەر ئەساسی مۆدیرنە و دەوڵەتی_مۆدێرن دادەڕێژیت، نە لەسەر ئەساسی عروبەکەی، بەڵکو لەسەر ئەساسی دیموکراسی کەلتوری بونیا دەنێت، ئەو پێ ی وایە پێویستە تێگەیشتی بوون بۆ کوردستانی بوون لەسەر ئەساسی ھاوڵاتیبوون بە جۆرێک ھەموو دانیشتوانی کوردستان بگرێتەوە، سەر بە ھەر نەتەوە و ئاین و مەزھەب و بیڕوباوەڕێکی سیاسی و ناسیاسی بن.
بەڵام نەوشیروان مستەفا ھەرگیز خۆی لە بوونی کەلتورێک موشتەرەک نادزێتەوە، بەڵکو ڕای وایە دەبێت کوردستانیان لە ڕووی کەلتور و زمانە و لەیەکەوە نزیک بن، ئەمەش بەمانای ئەوە نایەت کە کەلتور و کەمە نەتەوەکانی خۆیان حەزف بکەن و یان لە ڕێگەی ئەو کەلتورە موشتەرەکەوە جینۆسایدی کەلتورە بچوکەکان بکرێت، بەڵکو پێ ی وایە دەبێت لە شارە گەورەکان زانکۆی گەورە گەورە دروست بکرێت و لە ڕێگەی ئەو زانکۆیانەوە تەواوی خوێندکاران و مامۆستایان و کەلتورەکەی تەبادول بکرێت، واتە زانکۆیەکی گەورە لە ھەوڵیر بکرێتەوە خویندکارانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و لەھجە جیاوازەکان تیکەڵ یەک بکرێت بەم جۆرەش دوای چەندین ساڵ دەتوانرێت عەفەویانە کەلتورێک و زمانێکی موشتەرەک بونیاد بنرێت، باوەڕم وایە ئەم تێزە ڕاستە ئیشکالییەتی گەورەی بۆ دروست دەبێت بەڵام ئەگەر تەماشای دیوە واقیعەکەی بکەیت و نمونەی ئاوارەکانی سلێمانی و دەوروبەی لە شەڕی ناوخۆ بھێنیتەوە کە نزیکەی بیست ساڵ زیاترە لێرە ماونەتەوە، ئەگەر بە وردی گوێگری باش بین دەزانین ئەوان نە دەتوانن بە سلێمانییەکی ڕەوان قسە بکەن و نە بەھەولێرییەکی ڕەوانیش، کەواتە تێکەڵیەکی باشی نێوانی شارەکانی بۆ زمان دروستبوون من بڕوام پێیەتی و دەکرێت لەھجە و جیاوازییە کەلتورییەکانیش لە جینۆسایدی دەوڵەتی نەتەوەیی بپارێزیت.
ئەمە سەبارەت بەناوخۆی کوردستان، نەوشیروان مستەفا لەسەر ئەساسی دەوڵەتبوونیش بۆچوونێکی ناوخۆیی دەکاتە پێوەر بۆ دروستبوونی دەوڵەت، ئەویش بەھێزبوونی ناوخۆییە لە ڕووی ھەموو سێکتەرەکان، ئەو ڕای وایە ھەمان بنەما کە دەوڵەتانی لێ دروست بووە و بەھێزبوون و خۆیان مانفێست دەکەن، ئێمە دەبێت پیش دەوڵەتبوون بیگرینە بەر بۆ ئەوەی بتوانین دەوڵەتەکە بپارێزین، واتە بنەماکانی ھێزی دیموکراسی و بەھێزبوونی ناوخۆ دەوڵەت دەپارێزیت نەک بە پێچەوانەوە.
ھەرچی پەیوەندی بە گەلانی ناوچەکە و ئەو دەوڵەتانەوە ھەیە کە کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە، نەوشیروان مستەفا ڕای وایە کە دەبێت لەگەڵ ئەم بەھێزی ناوخۆدا پەرەدان بە کەلتوری لێبوردەیی، پێکەوە ژیان و کەلتوری ئاشتیانە ھەبێت، ئەو ڕای وایە دامەزراندنی بنەماکانی شارستانی لە نیوان نوێنەرانی کورد و عەرەب و تەواوی دەوڵەتە جیاوازەکان و تایبەت ناوچە دابڕێنراوەکان ھەبێت، بەڵام ئایا ئەم ھاوکێشەیەی نەوشیروان مستەفا باسی دەکات دەتوانێت ھیچ لەوە بگۆڕێت کە کەلتوری عروبە و پانعەربیزمی شۆڤێنی لە کەڵکەڵەی ئاغایەتی بێنە دەرەوە، بێگومان تا ئیستا نە ئەوەی نەوشیروان مستەفا داوای دەکات لەسەر ئاستی ناوخۆدا جێبەجێ کراوە و نە ئەوەش ھەیە ھەرگیز باوەڕ ناکرێت عروبە لە سروشتی خۆی و ئاغایەتی خۆی دابماڵرێت.
ئەوەی ماوەتەوە ئەو پرسیارانەیە کە لە کۆتای بەشی پێنجەم دەربارەی ئۆجەلان کردمان، ئایا ئەو خەبات و بەرگرییەی کورد دەیکات لە ئێستادا چییە؟ ئایا کورد بوون لە کوێ ی کوردایەتییە؟ ئەم پرسیارانە تیکەڵ بەو وەڵامەی نەوشیروان مستەفا دەکەین کە (شۆڕش حاجی) لە تێزی دکتۆراکەیدا لە بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانیدا بۆ سەرکردەکانی کوردستان لە نەوشیروان مستەفا دەپرسێت: بەڕێز نەوشیروان مستەفا بە ڕای تۆ ناسیونالیزم چییە؟ ئەو لە وەڵامدا ئاماژە دەکات ناسیونالیزم بە مانای شۆڕش.
ھەموو ئەمانە بۆ بەشی حەوتەم و کۆتایی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.