من و مام جەلال لەفرۆكەخانەی لوبنان

لەلایەن ستاندار Posted on 550 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

ماوەی شەش مانگ خەریكی وەرگێڕانی كتێبی ( دیداری تەمەن ) ی مام جەلال بوم بۆ سەر زمانی عەرەبی . ئەم ئەركەم لەئەستۆ گرت بۆ گەیاندنی وێنە جوانەكانی رێبەری میللەتەكەمان و وێستگە پر لەهەورازو نشێوەكانی كاروانی خەباتی نەپساوەی ئەم زاتە گەورەیەو ناساندنی بە نێوەندە عەرەبیەكان ، وەكو شانازییەك بەم رێبەرە نەتەوەییەمان ویستم خزمەتێكی رێبازە پیرۆزەكەی بكەم. دوای تەواوبونی وەرگێڕانەكە هەوڵمدا خانەیەكی چاپی باش بدۆزمەوە بۆ ئەوەی چاپكردنو دابەشكردنی بەسەر وڵاتانی عەرەبیدا لەئەستۆ بگرێ ، هەڵبەت لەم ناوچەیەشدا وڵاتی لوبنان و چاپخانەكانی باشترین شوێنن بۆ ئەمكارە ، بۆیە جانتام پێچاو هەفتەی رابردوو رووم لەبەیروتی پایتەختە جوانەكەی لوبنان كرد . سەرەتا لەبەغدا دابەزیم بۆ ئەوەی رۆژی دواتر بەفرۆكە سەفەری بەیروت بكەم ، بەڵام لەبەر پەلەپەلی و گەشتن بەفرۆكەخانەی بەغدا جزدانی پارەو گشت ناسنامەكانم لەبیر كرد ، واتا بەگیرفانی بەتاڵەوە چومە فرۆكەخانەو كاتێك لە ناو فرۆكە دەستم بردە گیرفانم بینیم جزدانەكەم لەبەغدا جێهێشتوە ، بەڵام لەبەر ئەوەی فرۆكە خەریكی هەڵسان بو هیچ بوارێك نەما بۆ گەڕانەوە ، بەبێ ئەوەی یەك دینارم پێبێت بەتەمای خودا سەفەرم كرد.

كاتێك لەفرۆكەخانەی بەیروت دابەزین بینیم خەڵكەكە سەرەی بەستوە بۆ بەردەم بەشی فیزاو هەر یەكەو مەبلەغێكی پێیە بۆ نرخی فیزا كە پێی دەڵێن ( رەسمی پوول ) ئەویش 35 دۆلارە .. كەوتمە مەوقفێكی زۆر موحریجەوە ، تەلەفۆنم بۆ برادەریك كرد كە لەبەیروت چاوەڕێی ئەكردم ، بەڵام ئەو پێی وتم كەوا بەهیچ شێویەك ناهێڵن بێتە ناو فرۆكەخانەوە تەنها ئەتوانێ لەدەرەوە چاوەڕێم بكات.. بەناچاری هانام بۆ كوڕێكی گەنجی خەڵكی كۆیە برد ئەویش مەردانە پارەی فیزاكەی بۆ دام و ، گەیشتمە لای ئەفسەرەكانی فیزای داخڵبون. ئەفسەرەكە كچێكی گەنج بو سەیری پاسپۆرتەكەی كردم وپرسی : ئایا حیجزی ئوتێلت هەیە؟. وتم بەڵێ . پرسی دوو هەزار دۆلارت پێیە بۆ مەسرەفی ناو بەیروت ؟ پێموت ” بەخوا یەك دۆلاریشم پێ نیە ، چونكە جزدانی پارەم لەبەغدا لەبیر كردوە !. كچەكە وتی ناتوانین دخولییەت بۆ بكەین تا دوو هەزار دۆلارت پێنەبێ . هەرچەندی هەوڵمدا تێیبگەیەنم كەوا من ئەمە یەكەم سەفەرمەو جزدانەكەم بیر چوە با یارمەتیم بدات چونكە خەڵكی لەدەرەوەی فرۆكەخانە چاوەڕێم ئەكەن و ئەتوانم بچم لەوان وەریبگرم ، بەڵام ئەو نەیسەلماند .

بۆیە بریارمدا مادام پلیتی گەڕانەوەم هەیە ، شەو لەفرۆكەخانەكە بمێنمەوە رۆژی دواتر بگەڕێمەوە بەغداو سەفەرەكەم هەڵوەشێنمەوە. ئەفسەرێكی گەنجی فرۆكەخانەكە لەولاوە بینی مشتومڕمانە لەگەڵ كچە ئەفسەرەكە هاتە لامان وپرسی ” كێشەتان چییە؟. منیش پێموت ” جزدانی پارەم لەبەغدا لەبیر چوەو ئەم خوشكەش ئەڵێ دوو هەزار دۆلارت پێنەبێ ناهێڵم داخلی لوبنان بیت . وتی ” هەقیەتی چونكە ئیجرائاتی فرۆكەخانە وایە ئەوەی پارەی پێنەبێ ناتوانێ داخڵ ببێ “. منیش وتم” ئاخر خەتام نەبوە من پارەم هێنابو بەڵام لەبەغدا لەبیرم كرد. ئەفسەرە گەنجەكە لێی پرسیم” تۆ چ كارەیت ؟. منیش وتم ” رۆژنامەنوسم “. پرسی” بۆچی هاتوی بۆ لوبنان ؟. وتم” هاتوم كتێبێكم هێناوە ئەمەوێ لێرە چاپی بكەم “. وتی” كتێبەكە چییە ؟. وتم؟” یادەورییەكانی مام جەلالە “. وتی” مەبەستت فەخامەتی سەرۆك جەلال تەڵبانی یە “؟. وتم ” بەڵێ “. یەكسەر وتی” پاسپۆرتەكەت بێنە ” پاسپۆرتەكەی لێوەرگرتم ومۆری داخڵبونی خستە سەرو سەلامێكی عەسكەریشی بۆ كردم وتی” فەرمو خۆتو بەرێز سەرۆك تاڵەبانی بەخێر بێن بۆ لوبنان “. لەم كاتەدا خەریكبو لەخۆشی گەورەیی ناوی مام جەلالەوە فرمێسك بەچاوما بێتەخوار و لەدڵی خۆما وتم” ئای مامە گیان تەنانەت لەدوای مردنیشت ناوە گەورەكەت فریامان ئەكەوێ وكێشەكانمان چارەسەر ئەكات ، دروود لەخۆت و گۆڕە پڕ لەنووەرەكەت ئەی رێبەری مەزن ، ناوی تۆ قەت قەت لە مێژوودا ناسڕێتەوە ، شانازم بەوەی سەربازێكی رێبازە پرۆزەكەتم ئەی گەورەم تاڵەبانی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.