کورد و نەتەوە و ناسیونالیزم

لەلایەن ستاندار Posted on 455 جار بینراوە

ڕزگار عه‌لی
بەشی حەوتەم/ ناسیونالیزمی بەرگری لە نێوان عەفرین و کەرکوکدا

ئەوەی لەبەشەکانی تر بە تەواوی ناسێنرا پڕۆژەی ناسیونالیزم بوو لە چەند دەوڵەت و فۆڕمی جیاوازی حوکمڕانیکردندا، لە دەوڵەتی مۆدێرن پڕۆژەی نەتەوەخوازی بریتییە لە کۆکردنەوەی ھەموو جیاوازییەکان بۆ ئەوەی شوناسێکی ھاوبەش بۆ ھەمووان دروست بکەن، ئەمە ھەروەکو گوتمان ناکرێت ناوبنرێت ناسیونالیزم بەمانا ڕۆژھەڵاتییەکەی، بەڵکو ئەم فیکرەیە پێ ی دەگوتریت نەتەوەخوازی، واتە دروستکردنی نەتەوە و دەوڵەت کە سەرچاوەی ئەم دەوڵەتی نەتەوەییە پرۆژەی نەتەوەخوازییە.
لە بەشەکانی تردا باسی ناسیونالیزمی پانعەربیزم و عروبەمان کرد کە چۆن شوناسی خۆیان لەسەرووی ھەموو شوناسەکان داناوە، ھەر ئەم جۆرە ناسیونالیزمەش بوو دەیان جینۆسایدی بەسەر کورددا ھێنا، چونکە ئەوان بنەمای زاڵییەتیان لە سروشتەوە بۆ مابوویەوە، ئەوان ھەرگیز ناتوانن ھاوبەشبوون بونیاد بنێن، کوردیش لەم نێوەندەدا وەکو گەورەترین نەتەوە لەم دۆخەدا مابێتەوە ئەوەیە نە لە کەلتور و دۆخی سیاسی ئەواندا دەتەوێتەوە و تەسلیم دەبێت نە خۆشی دەتوانێت ئاغابوونی ئەوان ڕەتبکاتەوە تا ببێتە دەوڵەت، چونکە ڕەتکردنەوەی ئاغابوونی ئەوان ھەم دروستکرنی دەوڵەتە بۆ خۆی ھەم کۆتایھێنانە بەو جۆرە دەوڵەتەی کە عروبەی لێ دروستکراوە. کەواتە دەگەینە دەرئەنجامێک پڕۆژەی ھەم نەتەوەخوازی بەمانا مۆدێرنەکەی ھەم پڕۆژەی ناسیونالیزم بەمانا عروبەکەی حوکمڕانیکردنە، واتە نەتەوەخوازی و ناسیونالیزم حوکمڕانیکرنی نەتەوەیەکە بەسەر تەواوی نەتەوە و کەلتورە ھاوبەشەکانی ناو ئەو یەکە سیاسییە.
لێرەدا دەگەڕێینەوە بۆ ئۆجەلان، ئایا ئەو پرسیارانەی ئۆجەلان لە (بەشی پینجەم)کردمان لە کوێ ی ناسیونالیزم و نەتەوەخوازییە، ئایا ئۆجەلان ئەو ھەموو جەختکرنەوە و تائکیدکرنەوەی لە کورد و نەتەوەی کورد چییە؟ ئایا زۆربەی پسپۆڕان ناڵێن ئۆجەلان کوردایەتی تێپەڕاندووە؟ ئەی ئەگەر کوردایەتی تێپەڕاندبێت ئەو ھەموو جەختکردنەوە لە نەتەوەی کورد چییە؟
ئەوەی لەبەشەکانی تر ڕوونمان کردەوە بەتەواوی ناسیونالیزم و نەتەوەخوازی بە ھەموو جۆرەکانی بریتییە لە پڕۆژەی حوکمکردن و حوکمڕانیکردن بەسەر ئەوانی دیکەی جیاوازدا. واتە فەرزکردنی کەلتورێکە کە یەکە سیاسییەکە یان دەوڵەتەکە پێ ی ھەڵدەستێت بۆ ئەوەی جیاوازی شوناسبوونی ئەوانیتر پێ بکوژێ، ئەمەش بە جەختکرنەوەی لەوەی ئەو کەلتورە ھەیە و ھی دەوڵەتە و دەبێت لەسەرووی ھەموو جیاوازییەکان بێت. کەواتە:
ئایا شتێک ھەیە ناوی پڕۆسەی ناسیونالیزمی کوردی؟ ئایا مەسافەی نێوان کورد و کوردایەتی چییە؟
کورد بەمانای نەتەوە، کوردایەتی ھەڵگری پڕۆژەی نەتەوەیە، ئەگەر پڕۆژە و ناسیونالیزم نەبێت کەواتە نەتەوەش ناتوانێت ھەبێت، واتە کوردایەتی و ناسیونالیزم پڕۆژەی نەتەوەیە، ھیچ نەتەوەیەک نییە پرۆژەی نەبێت و مابێتەوە، لە رۆژئاوا تەواوی نەتەوەکان بە واتە مۆدێرنەکەی یەک نەتەوەیان دروستکرد و ھەموویان بوونە وەسیلەیەک بۆ ئەوەی ئەو نەتەوەیە دروست بکەن و پێشی بخەن و بیپارێزن، کەواتە لەناو یەکە سیاسییەکەدا لە دەوڵەتی نەتەوەیی یەک نەتەوە ھەیە، نەتەوەی تر نییە. تەقریبەن تورکیا پەیوەندی بەم کەلتوری دەوڵەتی نەتەوەییە ھەیە، ئەوەی ماف بە تورکیا دەدات کورد بە نەتەوە نەزانێت پێیان وایە یەک نەتەوە لە تورکیا ھەیە کە نەتەوەی تورکە و نەتەوەی تورکیش بۆ ھەموو تورکیایە، عروبەش بەمانا فاشیستەکەی پێیان وایە مادەم کورد ھەیە دەبێت تەسلیمی شوناسی عروبە بێت و یەک دەوڵەت و یەک کەلتور ھەبێت ئەویش عروبەیە. کورد پێ ی وایە ئەوان نەتەوەیەکی سەرەبەخۆن لە تورک و عەرەب، ئەمەش مانای وایە ئەوان دەیانەوێت سەربەخۆ بن لە چوار دەوڵەتەکە کە ئەوانی بەسەردا دابەشکراوە، کەواتە ئەوەی ئەم چوار دەوڵەتە دەیکەن ھەر لە جینۆساید و ئەنفال و عەفرین و کۆبانێ و دیاربکەر ئەوەیە کە ئەمانە بەشێکن لە خۆیان بەڵام یاخین و نابنە ئەو بەشە، کوردیش دووپاتی دەکاتەوە کە نەتەوەیەکی جیاوازن و بەشێک نین لە ئەوانیتر.
لێرەدا کوردایەتی ئەگەر پڕۆژە بێت بۆ جەختکردنەوە لە کوردبوون جیاواز لە ھەموو ناسیونالیزمەکانی تر ئەوەیە ئێمە ھەین، ئێمە جیاوازین، بۆ ئەمەش بەرگری دەکەین، واتە نەتەوە بێ ناسیونالیزم بوونی نییە، ھیچ نەتەوەیە نییە لە دونیا پڕۆژەی نەبێت، مادەم نەتەوەت ھەیە دەبێت پرۆژەت بۆ ئەم نەتەوەیە ھەبێت، پرۆژەی نەتەوەی کورد جەختکرنەوەیە لە ھەبوونمان، لە جیاوازیمان و بەرگریکردن لەم جیاوازییە، کەواتە ناسیونالیزمی کوردی چونکە دەوڵەتی نییە نەبووەتە حوکمڕان، حوکمڕانیکردن بەسەر ئەوانی تردا ناسیونالیزمی حوکمرانیکردنیکی زاڵە، بەڵام کورد دەوڵەتی نییە تا حوکمڕان بێت، نەچووەتە ناو حوکمڕانی کەسی دیکەوە و قبوڵی نەکردووە ببێت لە بەشێک لە ئەوان و زاڵییەتی ئەوان قبوڵ بکات، کەواتە ناسیونالیزمی کوردی بریتییە لە ڕەتکرنەوەی ئەوان، واتە کوردایەتی کە پڕۆژەی کوردبوونە بریتییە لە بەرگریکردن لە کوردبوون، ئەمەش من ناوم ناوە(ناسیونالیزمی بەرگری). ناسیونالیزمی بەرگری تەنیا کاری ئەوەیە لە ئەوانیتر نەتوێتەوە، ئەوانیش تریش ھەوڵ دەدەن چۆکی پێ دابنێن. ئەم جەنگی توانەوە و چۆکدانەنانە لە نێوان تورک و کورد تا ئێستاش بەردەوامە و خەریکە دەگاتە خاڵی کۆتایی.
ئەگەر گومانت ھەیە لەوەی بەرگری عەفرین ھەروەکو کۆبانی ھیچ پەیوەندی بە ناسیونالیزمەوە نییە، تەنیا ئەو پرسیارە لە خۆت بکە: بۆچی ئەردۆگان ھێرش بۆ سەر ئەو دوو شارە دەکات؟ ئایا بۆ عەفرینی بە ئامانج گرتووە؟ ئایا بۆ شعوری ئینسانێکی سلێمانی و ھەولێر و دیاربەکر و کرماشان زیاتر بۆ عەفرین دەجوڵی نەک بۆ موسڵ و حەلەب؟ ئەوەی ئەردۆگان دەیکات ھێرش نییە بۆ سەر عەفرین وەکو شارێک بە تەنیا، عەفرین وەکو دۆخی ئابوری، عەفرین وەکو دۆخی سیاسی، عەفرین وەکو زیادکردنی جوگرافیای تورک، بەڵکو ئامانجەکە تەنیا ئەوەیە عەفرین شارێکی کوردانە، عەفرین ھەڵوەشاندنەوەی زاڵییەتی تورکە لەناوخۆی تورکیا، عەفرین مەترسییە لەسەر سروشتی دروستبوونی دەوڵەتی تورکیا. ئەمەی باسکرا پەیوەندی بە ھێرشی تورک. ئەوەی تایبەتیشە بە بەرگی، ئەوەی گومانی لەسەر (ناسیونالیزم بەرگری) ھەیە با بپرسێت، ئەو بەرگرییە سپارتاییەی ھێزە کوردییەکان لە کۆبانێ و عەفرین دەیکەن بۆ لە موسڵ و حەلەب نەیانکرد؟ وەڵامەکە ئاسانە چونکە ئەوێ خاکی کوردان نییە، ئەوێ ھەڵگری ڕۆحی شوناسی ئێمە نییە. ئەوێ مەترسی نییە لەسەر وجودمان.
لەبەشی کۆتایی باسی دوو دۆخی حوکمڕانی کوردی شاز دەکەین لە دەرەوەی سیستەمە جیھانێکە و ئەو فۆڕمانەی بە ناسیونالیزم ناسێنراون، بزانم حوکمڕانی کوردی لە کەرکوک و عەفرین چی بوون و لە کوێ ی ناسیونالیزمن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.