بەقوربانی كردنی خاكی نیشتیمان… لە پێناو ڕیفراندۆمێكی ساختەدا

لەلایەن ستاندار Posted on 402 جار بینراوە

هێمن بنەسڵاوە

لەدوای ساڵی 2003ەوە پرسی ناوچە كێشە لەسەرەكان بووە بابەتێكی گەرم و چەندان كۆبونەوەو دانیشتن و گفتوگۆی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند لەپێناو دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ ئەو ناوچانە كە هەرێم هەوڵی گەڕاندنەوەیان دەدات وەك ناوچەیەكی دابڕێندراوی كوردستان، بەڵام عەرەبەكانیش بەبەشێكی خاكی خۆیانی دەزانن و هەوڵی بەدەستهێنانەوەی دەدەن. ئەو ناوچانە گیرۆدەی ئەو گۆڕانە دیمۆگرافیایەن كە ڕژێمی بەعس ئەنجامی داون لە پارێزگای دیالە و سەعدیەو خانەقین و جەلەولا و كەركوك و مەندەلی و كفری، ئەم كێشمەكێشەی نێوان هەرێم و بەغداد بەردەوام بوو تا ساڵی 2005 و نوسینەوەی دەستوری عێراق، كەتیادا لە مادەی 140 ی ئەم دەستورە… باس لەم ناوچانە دەكات وەك چارەسەرێك كە هەموو نەتەوەكان تێكرا پێی ڕازین بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا حكومەتی ناوەند نەهاتوونەتە ژێر باری جێبەجێكردنی ئەم ماددەیە.

ماددەی 140 ماددەیەكی دادپەروەرانەیە و دەبێت كێشەكانی پێ‌ چارەسەر بكرێت، بۆیە لەم ماددەیەدا هاتووە: دوای ئاسایی كردنەوەی سەرژمێری لەو ناوچانەدا لە ڕاپرسیەكی جەماوەریدا خاوەندارێتییەكەی یەكلایی بكرێنەوە. بەڵام بە هۆكاری سیاسی كە گەورەترین بەربەستی بەردەم سەرجەم بڕگەكانی ئەم ماددەیە بوو و بەڕای زۆربەی چاودێران لەبەرژەوەندی كوردە، چەندان جار لیژنەی تایبەت لە هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم پێكهێنراون و چەندین بڕگە لەم ماددەیە جێبەجێ كراون وەك قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتوان  و ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی ناوچەكە،  بەڵام گرنگترین بڕگە كە سەرژمێری و ئەنجامدانی ڕاپرسیەكی تایبەتە بەو ناوچانە دوور لە دەستی حزب بۆ بڕیاردان لە چارەنوسی خۆیان بۆ مانەوە لەگەڵ حكومەتی بەغداد یان هەرێم كە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و ئەنجام نەدراون. هەرچەندە بە ڕێژەیەكی زۆر دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە دوای 2003 وە ئارەزووی ئەوەیان دەكرد بخرێنە سەر هەرێم لەتاو بێكاری و خراپی باری گوزەرانیان و كوردستانیش زۆر بە ئاسانی دەیتوانی ئەوە جێبەجێ‌ بكات بەڵام نەیكرد. چونكە سەركردەكانی كورد خەریكی بیركردنەوەی تەسكی حزبایەتی و نەوت دزین بون نەك خەمی خاك و نەتەوە .

لە ڕاستیدا هیچ یەكێك لە سەركردەكانی عەرەب نایانەوێت بچنە ژێر باری ئەم مادەیە و چەندین جار هەوڵی گۆڕینی ئەم ماددەیەیان داوەو نیازی جێبەجێكردنیان نیە لە بنەڕەتدا وەك هۆكارێكی سیاسی بە خیانەتی ئەزانن، بۆیە هەموو سەرۆك وەزیرە یەك لە دوای یەكەكان ئەم پرسەیان بە كراوەیی بۆ یەكتری بە جێهێشتووە لە پێناو داهاتووی خۆیان و حزبەكانیان، ڕۆڵی كوردیش زۆر لاوازبوە لەو ناوچانە چونكە بەردەوام خەریكی خۆخۆری و نەبونی یەك هەڵوێستی و نەبوونی خیتابێكی سیاسی یەكگرتووە، لە دوای 2003ەوە لەو ناوچانە دوو بنەماڵە حوكمی ئەم ناوچانەیان كردوەو بەردەوام خەریكی خۆخۆری و توندكردنی پێگەی حزبەكانیان بوون لەبری خەمی نەتەوەكەیان و گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە، لە پاڵ ئەوەشدا دزینی خێروبێرو سامانی ئەو ناوچانە بە تاڵان بردنی نەوتەكەی و بردنی داهاتەكەی بۆگیرفانی بنەماڵە و حزب. پارتی و یەكێتی زۆر بەئاسانی ئەو ناوچانەی لە 16 ئوكتۆبەر چۆڵكرد و هێزو سوپاكانیان كشاندەوە تەنانەت نەیان توانی چەند سەعاتێكی كەمیش بەرگریش بكەن لەبری چارەسەری ماددەی 140 هاتن برینەكانیان قوڵتركردەوە، لەدوای ئەو ڕیفراندۆمە ساختەیەی مسعود بارزانی و هاوئاوازەكانی، بۆیە تا ئێستا یەك هەنگاو نەنراوە نە لەلایەن هەرێم نە حكومەتی ناوەند بۆ یەكلایكردنەوە یان ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە، هەردوولا خەریكی تۆمەتن بۆ یەكتری، ئەم ناوچانە بوونەتە قوربانی لە نێوان سونەو شیعە و كورد كە هەموویان وەك كارتی فشار یەكتری پێ‌ بەكاردەهێنن.

لە ساڵی 2003 ەوە تا ئێستا ئەم ناوچانە دووچاری چەندین گۆڕانكاری هاتوون، كیشەی سەرەكی ئەو ناوچانە كۆنەو قوڵبوونەوەی زیاتریشی دەگەڕِێتەوە بۆ سەردەمی بەعس كە كوردی لەو ناوچانە وەدەرنراون و عەرەب و توركمانەكان خراونەتە شوێنیان. بەڵام دەسەڵاتدارانی كوردیش بەڕێگای جیاواز عەرەب و توركمانەكان وەدەردەنێن و كورد دەخەنەوە جێگای خۆیان واتە ئەم ئاڵوگۆڕە یاسایی نیە و بۆتە كێشەیەكی گەورە، بەڵام جارێكی تر لە دوای ڕوداوەكانی 16 ئوكتۆبەر لە كەركوك دیمۆگرافیایی ناوچەكە بە ئاڕاستەی پێچەوانە لە دژی بەرژەوەندی كورد گۆرانی بەسەردا هات و لە بەرژەوەندی عەرەب و خیانەتی حزبە چەكدارەكان كە حكومەتی هەرێم بەڕێوەدەبەن  لەگەڵ نەبوونی یەك هەڵوێستی و نەبوونی خیتابی سیاسی یەكگرتوو و ناتەبایی و خۆخۆری كە وای كرد ئەو ناوچانەی دەریایەك خوێنی ڕۆڵەكانی كوردیان بۆ ڕشت زۆر بەئاسانی بە دەستەوەبدەن. بۆیە گەورەترین هەڵەی كورد ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو كەئەوەندەی تر پێگەی كوردیان لە ناوچەكە و ووڵاتانی دراوسێ‌ و نێودەوڵەتی لاوازتر كرد و  بەدوای خۆیدا ئەم ڕووداوانەی هێنا كە ڕووداوی چاوەڕوان كراوبوون وەك لەدەست دانی نیوە زیاتری خاكی كوردستان، وە دواجار ئەم حكومەتە شكست خواردوە خۆیان بڕیارەكەی دادگای عێراقیان قبوڵكرد كەتیادا عێراق بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، ئەوەش ئەنجامی ڕیفراندۆمی پوچەڵكردەوە. سوپای عێراق زۆر بەئاسانی كەركوك و ناوچەكانی كەوتەوە ژێردەست و لە ئەنجامدا 10 پێشمەرگە شەهید بوون و 40 پێشمەرگەش برینداربوون، “حەیدەر عبادی” ڕایگەیاند گرتنەوەی ئەو ناوچانە ئامانج لێیان سەپاندنی دەسەڵات و هەیبەتی دەوڵەت و پارێزگاری كردنە لە سەروەت و سامانی ئەوناوچانە لە گەندەڵكاران، ئەوەش ئەوپەڕی بێ هێزی كوردی دەرخست لەماوەی 100 ساڵەی ڕابردوودا، كە كورد ئەوەندە لاواز نەبوە، هۆكارەكەی بە تەنها خودی خۆی بوو بەداخەوە، سەركەوتنی كورد و سەرنەكەوتنیشی دەپێورێ‌ بەدەستكەوتی دوای ڕیفراندۆم. بۆیە مافیاكانی كوردستان ناتوانن تاسەر موزایەدەی سیاسی بەسەر خەڵكی كوردستانەوە بكەن وهاشوهوشی هێنان وبردنی هێزی پێشمەرگە بكەنە درۆی پارێزگاری لەخەڵكی ئەم ناوچانە، چونكە لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا هیچ خزمەتێك بە هێزی پێشمەرگە نەكراوە، بە پێچەوانەوە كراون بە پارێزگاری ماڵ و سامان و باخ و ڤێلاكانیان و سەركوتكردنی خۆپیشاندانی ڕەوای مامۆستایان و هاوڵاتیانی كوردستان.

بۆیە لەكۆتاییدا و بە بۆچوونی من پێویستە هەر زوو لەوناوچانە دەستی حزب دووربخرێتەوەو هەموو نەتەوەكان بە هەموو پێكهاتەكانەوە وەك خۆیان چۆن بەدرێژایی مێژوو لە ناوچەكانی خۆیان لە ژێر یەك سەقف  و بێ‌ جیاوازی ئاینی و نەتەوە و مەزهەب ژیانیان گوزەراندوەو بەرگری لە ماف و خواستەكانیان و ژیانیان بكەن و لە ڕاپرسیەكی ئازادو دور لەدەستی حزب بڕیار لە چارەنوسیان بدەن بیانەوێت بێنەوە سەر هەرێم یان حكومەتی ناوەند و خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنێك بتوانین وەك ئەمری واقیع كوردستانی بوونی ئەو ناوچانە بسەلمێنین، ماددەی 140 بكەینە بناغە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد. كاری جدی بكرێت بۆ یەكخستنەوە و ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە وەك هێزیكی نیشتمانی و نابێت جارێكی تر بیر لە سەربەخۆیی بكەینەوە تا تەواو پایەكانی دابین و قایم نەكەین، هەروەك چۆن ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا باسی لێوەكردبوو. لە هەموو ڕوداو و پێشهاتەكاندا پێویستە كورد كۆدەنگ بێت، ئەگەر ئەمانە جێبەجێ‌ نەكرێن هەموو ناوچەكانی پارێزگای دیالەو كەركوك و خانەقین و سەعدیەو جەلەولا و قەرەتەپە و…..لە ئایندەدا ئەگەری قوڵبونەوەی گرفتەكان و مەترسی زیاتری لێ‌ دەكرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.