چۆن هەموو حزبەکان وەک یەکن ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 401 جار بینراوە

پێشڕەو بابەشێخ

لەسەرو بەندو نزیکبونەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان, هەم بۆئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەم بۆ پەرلەمانی کوردستان لێرەولەوێ گوێ بیستی ڕستەی ( هەموو حزبەکان وەک یەکن ) دەبین کە خەریکە وردە وردە جێگای خۆی لەنێو بەشێکی خەڵک دەکاتەوە . بوە بە چپەیەک و بەر گوێی هەموان دەکەوێت, خەریکەببێت بە خاڵێک و لە کۆتایی هەموو گفتوگۆکان دابنرێت . (هەموو حزبەکان وەک یەکن ) خەریکە ببێت بە قفڵێک و لە کۆتایی هەموو گفتوگۆیەکی تایبەت بە ژیان و گوزەرانی خراپی هاوڵاتی و بێ موچەیی و دروستکردنی قەیرانەکان و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی میلەت و بەتاڵان بردن و بڕینی قوتی خەڵک و سەروەر نەبونی یاسا و نەبونی دادی کۆمەڵایەتی, بدرێت. ئەوەی لەم هەرێمە دەگوزەرێت هیچ نیە جگە لە یاریکردن بە هەست و شعوری هاوڵاتی و تاکی دەنگدەر, هیچ نیە جگە لە بەلاڕێدا بردنی کۆمەڵگا و خۆڵکردنە چاوی خەڵک, بەشاردنەوەی ڕاستیەکان و بەشەریککردنی هەموان لە شکست و نەهامەتیەکان سوتاندنی تەڕو وشک پێکەوە و بەیەک ڕەنگ سەیرکردنی ڕەش وسپی پێکەوە . کێن ئەوانەی سود لەم جۆرە پڕوپاگەندەیە دەبینن ؟

یەکەم / ئەو جوت حزبەی لەوە گەیشتون بونەتە هۆی نەهامەتی بۆ خەڵک و ئێستا لەڕێگای تابوری پێنجەمەوە, جەنگی دەرونی لەگەڵ دەنگدەر و هاوڵاتی دەکەن و دەیانەوێت شکستی حوکمڕانیان دابەش بکەن بەسەر خەڵک و لایەنەکانی تردا, لە کاتێکدا سەروەت و سامان و قوتی خەڵکیان تەنها لە نێو خۆیاندا دابەشکردوە و تەنانەت لە نێو خودی حزبەکانیشیان بۆ چەند بنەماڵەیەک و چەند گروپ و چەند کەسێک بوە .

دووەم/ ئەو دوو حزبەی بەدرێژایی مێژوی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان, نەیانتوانیوە بونیادنەری پایە و بناغەی حکومەتی هاوڵاتی نەک دەوڵەت و دەوڵەتداری بن, لەهەوڵدان بۆ بەیەک چاو سەیرکردنی ئەو لایەنانەی بکوژی ڕۆژنامە نوس و خۆپیشاندەر و کپکردنی دەنگی ئازادن لەگەڵ ئەو لایەنانەی هۆکاری دروستبونیان بۆ ڕێگریکردن بوە لە کوشتنی ڕۆژنامەنوس و خۆپیشاندەر و کپکردنی دەنگە دلێر و ئازاکان و ئازادەکان .

سێ یەم / هەموو ئەوانەی خۆشگوزەرانی و دەسەڵات و ژیانی ڕەفاهیەتی منداڵ و نزیکە کانیان و خوێندن و سەفەر و گەشتیان بەندە بە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە . نەک نەهامەتی و بێ موچەیی و ژیانی کولە مەرگی و بێ کارەبایی و دانەمەزراندن و نا ئارامی و ژیان لەگەڵ دەرونێکی ناتەندروست . بەیەک چاو سەیرکردنی هەموو لایەنەکان بەردەوامبونە بۆ مانەوە لەدەسەڵاتی دەسەڵاتدارێک کە باوەڕیان بە بڕیاری دیوەخان و خێڵەکیانە هەیە نەک سەروەری یاسا و سیستەمی پەرلەمانی و بڕیاری هۆشیاریانە و شیکردنەوە و لێکدانەوەی دوور مەودا .

چوارەم / هەمویان وەک یەکن ! قسەیەکی پوچە, ئەوانە خاوەنین و هاندانی بۆ دەکەن کە دەیانەوێت تەنها خۆیان فرۆشیاری نەوت بن, خۆیان واژووی گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوت بکەن و داهاتەکەشی لای خۆیان و هەر بۆ خۆیان بێت . ئەوانە خاوەنی وەها پڕوپاگەندەیەکن کە دەیانەوێت دەسەڵاتی ڕەها لای چەند کەسێک و چەند بنەماڵەیەک بێت, خۆیان خاوەنی فڕۆکە و فڕۆکەخانەبن, خۆیان پڕۆتۆکۆلەکان دابڕێژن و خۆیان دادوەر دابنێن و خۆشیان دادگاکان بەڕێوە بەرن . خۆیان بە پلە فەرماندەیی باڵا بن و پلە بەندی سەربازی لای ئەوان بێت .

پێنجەم / هەموو حزبەکان وەک یەکن ! ڕستەیەکی هیچە, جگە لە فێڵێک لە دەنگدەر بۆ وەک یەک سەیرکردن هیچی تر نیە بۆ وەک خۆ مانەوەیان لە داهێنان لە شێوازی تری بندیوار و زۆری پاسەوانی تایبەت و داهێنان لە بونیادنانی کۆشک و ڤێلایی جیاوازتر و فراوانتر و گەڕان و ڕابواردنی زیاتر و زۆرتر . هیچی تر نیە جگە لەوەی بەناوی خوێنی شەهیدان ژمارەی پاسەوان بۆ منداڵەکانیان زیاتر بکەن . دەیانەوێت ئەمجارە و بەو شێوازە خۆیان بەراورد بکەن بەوانەی هەڵقوڵاوی ناو جەماوەرن و داهێنەرن لە کاری کادیرانە و سیاسیانەی خۆبەخشانە, نەک بە موچەی حکومی کار لە بارەگا حزبیەکان بکەن .ئەوان دەیانەوێت بەو شێوازە زێڕوگەوهەری دەست و سینگ و بەرۆکی منداڵەکانیان لە بازاڕ و شوێنە گشتی و بۆنەکۆمەڵایەتیەکان, زڕەی ئەوەندە بێت خەڵک بە ئاگا بێتەوە لە زیاتربونی پاسەوانە تایبەتەکانی خێزانەکانیان .

شەشەم/ هەمومان وەک یەکین ! چونکە پەرلەمانێک کۆماندەکاتەوە لە کاتی بودجەدا جامی پەنجەرەکانی ڕەشدەکەین و لەکاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەبێ درێژکردنەوەی ماوەکەی, دەرگاکانی دادەخەین و تا ئەوکاتەی پێویستمان نەبێت کاراکردنەوەی ئەستەمە و ڕێگە بە یاسایەک نادەین لە بەرژەوەندیەکانی حزب و بنەماڵە نەبێت لە پەرلەمانی خەڵکەوە دەرچێت . پەرلەمانێک ئەوەندە بێ ئەرزش بکرێت نەتوانێت لێپرسینەوە لە بڕیاربەدەستانی حکومەتێک بکات موچەی منداڵ و خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە و کەم ئەندامی سەنگەر و خانەنشین و کەم ئەندامانی مەدەنی ببڕێت و کەمبکاتەوە . حکومەتێکی دەسەڵات بەدەست نەتوانێت موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران دابین بکات, دەسەڵاتێک نەتوانێت سەرەتاییترین پێداویستی و مافەکانی هاوڵاتی دابین بکات .

حەوتەم / پڕوپاگەندە بۆ بەیەک چاو سەیرکردنی هەموو حزبەکان وەک یەک خزمەت بەکەس ناکات ئەوە نەبێت دەنگدەر سارد بکاتەوە لە ئومێدێک بۆ گۆڕینی دۆخەکە, خزمەت بەهیچ لایەک ناکات جگە لەو لایەنانەی ترسیان لەدەنگی دەنگدەر و ترسیان لە کاروکردەوەکانی ڕابردوی خۆیان هەیە . ترسێک لە بەشداریکردنی کارای هاوڵاتی و تۆڵە کردنەوە لە بری حوکمداریەکی شکستخواردوی ناشایستە بەژیانی خەڵک و دەرنەبڕینی دەنگی ناڕازی لە ڕێگای سندوقی دەنگدان, ترس لە تۆڵە سەندنەوەی دەنگدەر . ئیتر دەبێت ئەوە بزانین ئەوانەی لەم جۆرە قسانە دەکەین بە بێ ئاگایی خۆمان, خزمەتی مانەوەی دەسەڵاتێکی شکستخواردوو دەکەین . بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەکاردەهێنرێین بۆ درێژەدان بە بەردەوامبونی ئەم دەسەڵاتە . ئیتر کاتی ئەوە هاتوە ڕەش و سپی لێک جیابکرێتەوە و لە نیەت و مەرامەکانیش تێبگەین, لەهەر پڕوپاگەندەیەک نەبین بە هاوبەش و لەدواجاردا ببین بە هاوبەش لە شکستی دەسەڵاتێکی هیچ لەبارا نەبوو .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.