کورد و نەتەوە و ناسیونالیزم

لەلایەن ستاندار Posted on 695 جار بینراوە

ڕزگار عه‌لی

بەشی ھەشتەم و کۆتایی/ ناسیونالیزمی بەرگری لە نێوان عەفرین و کەرکوکدا

تا ئێستا ئەوەی باسمکرد ھیچ ناسیونالیزمێک لە دەرەوەی دەوڵەت نییە، پێشتر ھەموو فۆرمە جیاوازەکانی ناسیونالیزم لەناو بڕۆسەی دەوڵەتدا بوو، ھەر لەو فۆڕمە دەوڵەتانەی لە ئەوروپا ھەیە تا دەوڵەتەکانی عروبە. ئیشکردن و پڕۆسەی ناسیونالیزم ئیشکردنە بۆ مانەوەی زاڵییەتی دەوڵەت بەسەر ئەتنیکە جیاوازەکاندا، ئەوەی پەیوەندی بە دەوڵەتی_نەتەوەیی مۆدێرن ھەبێت ھۆبسباوم بۆ شکستپێھێنانی نەتەوەخوازی و ناسیونالیزمی (نادەوڵەتی) نمونەی وێڵزییەکان دەھێنێتەوە، ئەو پێ ی وایە دەوڵەتی نەتەوەیی بەریتانییەکان وا لە وێڵزییەکان دەکات واز لەو زمانە خۆیان بھێنن چونکە ھاوڵاتیبوون و بەریتانیبوون لەناو بەریتانیا ئەوانەن شوناس و زمانی ئینگلیزی ھەڵدەگرن، ئەو لەوێوە لە ڕێگای زاڵییەتی زمانی ئینگلیزییەوە باس شکستی نەتەوەخوازی نادەوڵەتی ویڵزییەکان دەکات.
لێرەدا دەچینە ناو پڕۆسەیەکی شازی نەتەوەخوازی نادەوڵەتی. دەبێت بزانرێت و بگوتریت، مادەم نەتەوەیەک خۆی بە نەتەوە بزانێت دەبیت پرۆژەی نەتەوەخوازی ھەبێت، واتە کوردایەتی پەیوەندی بە کوردبوونەوە ھەیە، ئەم دووانە ھەرگیز لەیەکتر جودا نابنەوە، کاتێک بڵێن (کوردایەتی) تێدەپەڕێنین واتە کوردبوونمان تێپەڕاندووە، ئەو کاتەش کوردبوونت تێپەڕانت ناکرێت شیعاری نەتەوەبوونت ھەڵگرتبێت، تەنیا لە دوو حاڵەتدا دەتوانیت نەتەوە تێپەڕبکرێت، یەکەم ئەوەی بەمانای (گێلنەر)ێکەی کاتیک ئاماژە دەکات: نەتەوەخوازی شیعارێکی ڕاستەقینە نییە بەڵکو ئەوەی ھەیە گواستنەوەیە لە قۆناغ کشتوکاڵییەوە بۆ قۆناغی پیشەسازی، ئەمەش بۆ ئەوەی ھەموو ئەتنیکە جیاوازییەکان کە لە قۆناغی کشتوکاڵیدان و گروپ گروپن کۆبکاتەوە و ئامادەیان بکات بۆ ئیشکردن لەناو قۆناغی پیشەسازی، بەمەش شوناسی خۆیان لێدەسێنێتەوە شوناسی ئیشکردن بۆ دەوڵەت و لەخزمەت دەوڵەت دەداتێ. بەڵام لەم حاڵەتەشدا چونکە ھەموویان شوناسێکی گشتگیریان بۆ پەیدا بووە بەمەش ناونراوە ھاوڵاتی دەوڵەتی_نەتەوەیی، کەواتە لێرەدا ڕاستە لە ھەموو ئەوروپا لەناو قۆناغی پیشەسازین بەڵام تا ئێستاش نەتەوەی فەڕنسی و ئەڵمانی و بەریتانی جیاوازن و ھەن، کەواتە لەم قۆناغەش ناتوانرێت نەتەوە تێپەڕێنرێت. لە قۆناغی دووەمدا وەکو تیور ھەندێک بزووتنەوەی چەپ ھەن کە شیعاری ئەنتەرناسیونالیزمیان بەرزکردۆتەوە بەڵام ئەم قۆناغە تا ئێستا لەناو دۆخی حوکمڕانی و پراکتیکدا نییە، بەڵام ئەوەی ھەبوو وەکو پراکتیک، وەکو تێپەڕاندنی قۆناغی نەتەوە، گروپ و دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بوو، داعش دوور لە نەتەوە و توانیبووی بە ئایدیایەکی دینی سەروو نەتەوە و سەروو ئایدۆلۆژیای ناسیونالیزم بوونی ھەبێت.
ئەوەی تایبەتە بە ئۆجەلان و ئەزموونی ڕۆژئاوا لە ھیچ بارودۆخێکدا و لە ھیچ کونجێکی ئەم دونیایە و ھیچ شیعارێکی ئۆجەلان نییە بانگەشەی تێپەڕاندنی نەتەوەی کردبێت، ڕێک پێچەوانەوە ھیچ موفەکیرێک وەکو ئۆجەلان نییە تائکید لە بوونی کورد بکاتەوە(تکایە بگەڕێوە نووسینەکانی لە بەشی پێنچی ئەم وتارە)، ئۆجەلان تەنانەت ھەر پێنج بەرگەکەی مانفیستۆی ناو ناوە (کێشەی کورد و ڕێگەچارەی نەتەوەی دیموکراتیک)نەک کێشەی ھاوڵاتیانی دونیا و ڕێگە جارەی نەتەوەی دیموکرات. ئۆجەلان لە ھەموو کتێبەکاندا ڕۆدەچیتە ناو خاک و نیشتیمانی کوردانەوە و بە پیرۆز ناوی دەبات، ئەو بەو کارەی دەیەوێت لەبەرانبەر فاشیزمی دەوڵەتانی تورک و فارس و عروبە یادەوەری کوردبوونمان زیندووبکاتەوە، ئەو لە ھەموو دونیا و ھەموو دەوڵەتان ئیش بۆ پەکەکە و ئایدیای پەکەکە دەکات تا نەتەوەی کورد نەمرێت، واتە ڕەوەندی کوردی تایبەت پەکەکە لە دەوڵەتەکان و شارەکانی ئەوروپا دژی ناعەدالەتی ئەو شار و دەوڵەتانە دەگمەن خۆپیشاندانیک بکەن، دەگمەن دژی گەلانی جەوساوەی تر خۆپیشاندان و ناڕەزایی بکەن، بەڵام لەبەرانبەر عەفرین و قەزێی کوردی ھەزاران خۆپیشاندان و چالاکی دەکەن، ئەمە ناسیونالیزمی کوردی نەبێت چییە؟
ئۆجەلان لە ئەوروپا تەلەفزیونی (ماد) دادەنێت، کە یەکەم تەلەفزیونی نێودەوڵەتی کوردییە، ھەر ناوھێنانی ئەم تەلەفزیونە کە کاریگەری یەکجار گەورەی لەسەر کوردان ھەبوو بۆ ھەوڵدانە بۆ بەخشینی ئەو قوڵاییە مێژووییە بە بوونی نەتەوەی کورد. ئۆجەلان دواتر ھەر خۆی و تیورەکانی خۆی لەسەر نەتەوەبوون داڕشت و ( (knkکۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانی ئاواکرد و دروست کرد بۆ کۆکردنەوە و نزیکردنەوەی کوردەکانی ھەموو ناوچەکانی جیھان لەیەکتر.(جەمیل بایک، میژووێک لە ئاگرل٦٣٤).
لێرەدا دەگەینە دەرئەنجامێک ئۆجەلان ھەرگیز نەک فۆڕمی نەتەوەیەتی تێنەپەڕاندووە بەڵکو ھەموو ژیانی سیاسی و فیکری خۆی بۆ تەرخانکرنی زیندووکردنەوەی نەتەوە و کوردبوون تەرخان کردووە، ئەم خۆتەرخانکردنەش ناسیونالیزمی کوردی نەبێت چییە؟ بەڵا پرسیارەکە ئەوەیە ئۆجەلان چ جۆر ئایدیا و فۆڕمێکی ناسیونالیزمییە؟ ئەم ناسیونالیزم و ئایدیای ئۆجەلانە ناسیونالیزمیکی نوێیە، ھەڵگری دۆخیکی ئایدۆلۆژی نییە، ھەڵگری دۆخێکی زاڵبوون (عەبەسە) نییە، بەڵکو تائکیدکردنەوەیە لەسەر پاراستنی جیاوازیبوونی نەتەوەکان لە یەکتر، واتە ھەر نەتەوەیەک پرۆژەی نەتەوەخوازی و ناسیونالیزمی خۆی لەسەر ئەساسی قبوڵکردنی نەتەوەکانی تر ھەڵگرتبێت، ئەوەی ئۆجەلانی تیپەڕی کردووە (دەوڵەتی_نەتەوەیی) مۆدێرن و دەوڵەتی عروبەی فاشییە نەک ناسیونالیزم و نەتەوە. لێرەدا پرسی نیشتیمانیبوون و ھاوڵاتیبوون دەبێت لەسەر ئەساسێک بوونی ھەبێت، واتە ئەم دوو چەمکە دژ نین لەگەڵ پڕۆسەی نەتەوایەتی، بەڵکو نیشتیمانیبوون و ھاوڵاتیبوون ڕێک لای ئۆجەلان و ڕۆژئاوا پەیوەندی بە نەتەوەوە ھەیە، واتە ھەموو نەتەوەکان یەکترمان قبوڵکردووە، کەواتە لێرەدا ھاوڵاتیبوون بەوە لێکنادرێتەوە کە لەناو نەتەوەیەکی عەبەسەیەکی زاڵدا بتوێیتەوە، بەڵکو بەوە لەدایک دەبێت ھەرکەسێک ھەڵگری شوناسیی نەتەوەی خۆی بپارێزێت، لێرەدا کیشەی ھاوڵاتیبوون پەیوەستە بە شوناسی نەتەوەوە، ئەگەر پەیوەست نەبێت بە شوناسیی نەتەوەوە، عێراق یان تورک ئامادەیە ھەموو پێویستییەکانی ئێمە وەکو ھاوڵاتیبوون قبوڵ بکات، بەڵام ئێمە ڕەتیدەکەینەوە، چونکە ھاوڵاتیبوونی ئێمە و ھاونیشتیمانیبوونی ئێمە لەناو نەتەوەیە، ئەگەر شوناسی ئەو نەتەوەیە قبوڵ نەکرێت کەواتە ھاوڵاتیبوونی ئێمە وەکو خۆی قبوڵ نەکراوە.
ئایدیای حوکمڕانی عەفرین ھەردەم بە پڕۆژەی نەتەوەیەک دادەنرێت، ڕۆژانە چەندە گوێمان لەوە دەبێت کوردەکان ئەزموونێکی سەرکەوتووی حوکمڕانیکرنن لە رۆژئاوا، کەواتە ئەمە پرۆژەی کورد و ناسیونالیزمێکی نوێ ی کوردانەیە و شازە، ئەم ناسیونالیزمە پێشتر تەنیا (ناسیونالیزمی بەرگری)بوو، ئێستا حوکمڕانیکردنە لە رۆژئاوا. ئەم ئەزموونە چونکە نە جۆری ناسیونالیزمەکە ناچێتە ناو سیستەمە جیھانییە ناسیونالیزمیکەوە نە دەوڵەتی ھەیە بۆیە ھەردەم سەرکەوتنی بە قورسی دێتە پێش چاو، چونکە ئەگەر دەوڵەتت نەبێ دواتر چۆن دەچیتە نێو سیستەم بەرگری جیھانییەوە؟ چۆن سەفەر دەکەیت و شوناست سوریت نەبێت؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی سوریا دەکەیت؟ بۆیە من ڕام وایە حوکمڕانیکردنەکەش جۆرێک دەبێت لە (ناسیونالیزمی بەرگری) و ھەرواش دەمێنێتەوە، ئەوەی فۆڕمیشی بەو بەگرییە سپارتایە داوە ئەو فۆڕمە ئیشکردنەیە ئۆجەلان لەناو(ناسیونایزمی کورد)چەسپاندوویەتی، واتە ئۆجەلان ئازادی و ماف و عەدالەت و دۆخی بەرگری بۆ نەتەوەیەک و پاراستنی جیاوازی شوناسییەکانی لە خۆی کۆکردۆتەوە، نەک نەتەوەی تێپەڕاندبێت، نەتەوە ھەرگیز تێپەڕ نابێت و ئەگەر تێپەڕبوو ئەوە نامێنێ، کەواتە ئۆجەلان و ڕۆژئاوا تائکیدکردنە لە پاراستن و شوناسیی نەتەوەی کورد و قبوڵکردنی نەتەوەکانی تریشە وەکو خۆیان.
ھەرچی تایبەتە بە کوردانی باشور و حوکمڕانی باشور بە تایبەت لە دۆخی کەرکوک و جیاوازبوون لە دۆخی ڕۆژئاوا، دەتوانرێت بگوترێت ئەم حوکمڕانییەی لە کەرکوک ھەبوو، درێژکراوەی ئەو حوکمڕانییە بوو لە ھەرێمی کوردستان ھەبوو، ئایا حوکمڕانی باشوری کوردستان لە کوێ ی ناسیونالیزم بوو؟ مادەم دۆخی مۆدێرنە و قۆناغی دەوڵەتی نەتەوەیی نییە، چونکە لە دەوڵەتی_نەتەوەیی دەوڵەت نەتەوە دروست دەکات نەک پیچەوانەوە، ئێمە دەوڵەتین و نەتەوە نین، بۆیە دەبێت لەناو دۆخی سروشتنی دروستبوونی نەتەوە بۆ ناسیونالیزمی کوردی لە باشوری کوردستان بگەڕێن. لەیەکەم ساتی حوکمڕانیکردنی باشوری کوردستان لەدوای جەنگی خەلیجەوە دەستیپێکرد، کوردەکانی باشور دوای ئەوەی لە جەھەنەمی حزبی بەعس کە خۆی لە ئەنفال و کیمیاباران بوو ھاتنە دەرەوە، خۆیان دەرفەتێکیان ھاتە پێش بۆ ئەوەی حوکمڕانیکردنی خۆیان بکەن، بەڵام نەک ئیشیان بۆ پاراستنی ئەو شوناسە نەکرد کە ھەزاران کوشتارو قوربانی بۆ درا بەڵکو ڕێک لە بەعس خراپتر ڕۆحی بەرگریی شوناسی کوردبوونیان لەناو تاکی کورد دەکوژن و تا ئێستاش ئەو کوشتنە بەردەوامە. لە بەشی یەکەم ئاماژەیەکمان بۆ (کۆستاف لۆبۆن) دا، لۆبۆن پێ ی وابوو ھەر نەتەوەیەک نەتوانێت بنەمای بەرگری و خۆراک و پاراستنی شوناس بۆ نەتەوەکەی دابینبکات و بیپارێزیت، دەرگا واڵا دەکات بۆ بێگانەکان بۆ ئەوەی ئاغابوونیان قبوڵ بکرێت و لە ئەواندا بتوێتەوە، باشوری کوردستان لە یەکەم ساتی حوکمڕانیکردن چونکە توانای بەرگری نەبوو، چونکە پڕۆژەی نەتەوەخوازی و ناسیونالیزمی نەبوو، دابەش بوو بەسەر دوو دەوڵەتی وەکو ئێران و تورکیا، ئەمە ڕێک لێدان بوو لە شوناسی کورد و پرۆژەی ناسیونالیزمی کوردی. ئەم فۆڕمە وای لەو ھاوڵاتییەکی یەکجار زۆری کورد کرد ڕێگای تاڕاوگە بگرنە بەر، سەفەر بکەن، کوردەکانی باشور پێچەوانەوە باکورییەکان تەنانەت لە تاڕاوگەش دەیانەویت کوردبوونی خۆیان لەیاد بکەن و لەناو کەلتوری ئەوروپا و ڕۆژئاوا بتوێننەوە، چونکە بەرگری نەتەوە و بوونی فەنتازیای گروپی نەتەوەی کورد لە باشور نەماوە، بەمەش لەبەردەم ئاواکردنی نەتەوە و پڕۆژەی نەتەوەخوازین لە باشور. ئەم فۆڕمی حوکمڕانیکردنە ھەمان فۆڕمی حوکمڕانیکردن بوو لە کەرکوک، فۆڕمی حوکمڕانیکردنی باشوری کوردستان نەک پڕۆژەی نەتەوەخوازی و ناسیونالیزم نەبوو، ڕێک لێدانە لە ئەو پڕۆژەیە، لێدانە لە یادەوەری ھاوبەش و خاکی ھاوبەش و کەلتوری ھاوبەش و فەنتازیای ھاوبەش، ئەگەر حوکمڕانیکردنی باشور ناسیونالیزم بێت تەنانەت بەمانا نەژادی و قەومییەکەشی ئەوا دەبایە، حوکمڕانییەکانی باشوری کوردستان نەتەوەی کوردیان لەسەر ھەموو قەزێکان و نەتەوەکانی تر بە بنەما وەرگرتبا، کارئەکتەر و سەرکردە سیاسییەکان کوردستان دەبا قوربانیان بە خۆیان دابا لە پێناو کوردایەتی، ئایا ئەوە کرا؟ سەرکردەکانی کورد و حوکمڕانی کوردی ئەوەی بەلایەوە گرنگ نەبوو کوردبوون و قەزێ ی کوردییە، بەڵگەی ئەوەش لە ٣١ ئایەوە تا ١٦ ئۆکتۆبەر بزانە چەندین جار لە ژێر خزمەتی ئاغایەتی بێگانەن. حوکمڕانی باشوری کوردستان کوردبوون و خاک و نیشتیمان ھیچ بەھایەکی لایان نییە.
بەدیاریکراوی باشترە شوناسی ئەمانە دیاریبکەین لە کەرکوک، کەرکوک حوکمڕانیکردنی بارزانی و پاشگرەکانییەتی لەناو یەکێتی، بارزانی لە ھیچ جۆە فۆڕمێکی جۆراو جۆری ناسیونالیزم جێگەی نابێتەوە، تەنانەت ئەگەر (جیناتی ھیتلەریش) وەربگریت لە ئەویش ناکات، چونکە ھیتلەر جیناتی نەتەوەیەکی بە پیرۆز و بنەما وەردەگرت، ھەر ئەمەشە ئەم فۆڕمە لەناو جۆرێک لە فاشیزمی ناسیونالیزم دەکرێت باسبکرێت چونکە جیناتی نەتەوەی لا گرنگ بوو، بەڵام بارزانی جگە لە (جیناتی خیزانێک) و بەدیاریکراوی خۆی کوڕو کوڕەزاکانی ھیچ شتێکی تر بە بنەما وەرناگرێت، بارزانی ئامادەیە ھەموو کورد بکاتە قوربانی کورسی و حوکمڕانیکرنەکەی خۆی و خێزانەکەی، ئیتر ناسیونالیزم لە کوێ ی بارزانی و پارتەکەیەتی؟ بارزانی دەیان ڕێکەوتنی نەوتی و عەسکەر و دیبلۆماسی و کۆی بوارەکانیتر کردووە لەسەر حسابی ناسیونالیزمی کورد و تەنیا و تەنیا لەبەر خاتری پاراستنی جیناتی خێزانەکەی. ھەر ئەم فۆڕمە حوکمڕانییە بوو لە کەرکوک کە دواجار نیوەی خاکەکەی لەدەست داین، ھەر ئەم فۆڕمە (جیناتە سەرمایەدارییە) کە بەھۆی ھەندێک بارودۆخی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و کوردەکانی پارچەکانی تر نەبێت ئەوا نەتەوەی کورد بەتەواوی لە باشور ئاوا دەبێت و شتێک نامێنێتەوە بەناوی نەتەوەی کورد. ئەمە ئەوە ناکات ئێمە لە کەرکوک داوای حوکمڕانییەکی قەومی و نەژادی کوردی بکەین بەڵکو ھەر نەبێت دەبوایە نەتەوەخوازی کوردی ھەروەکو ڕۆژئاوا فۆڕمێکی جیاوازی نەتەوەخوازی و حوکمڕانیکردنێک بوایە بۆ تەواوی نەتەوە جیاوازییەکان، واتە پێچەوانەی ناسیونالیزمی نەژادی تائکید لە جیاوازبوون و پاراستنی ھەموو کەلتورەکان و قبوڵکردنی ھەموویان وەکو خۆیان بکرابووایەوە، بەڵام ئەم حوکمڕانییە نەک ئەوانیتریشی قبوڵ نەبوو، پڕۆژەیەکیش نەبوو بۆ نەتەوەکانی تر بەڵکو پڕۆژەیەکیش نەبوو بۆ نەتەوەی کوردیش خۆی، بەڵکو کۆی پڕۆژەکە فراوانبوونی جیناتی خێزانی بوو.

سەرچاوەکان:
١. بوونی نەتەوەیی کورد لەنێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلەتیکدا، د.عرفان مستەفا، چاپی یەکەم٢٠١١، چاپخانەی ڕەنج.
٢. کۆماری ترس ، کەنعان مەکییە، وەرگێڕانی حمە ڕشید، چاپی یەکەم ٢٠٠٧سلێمانی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.
٣. مانفیستۆی شارستانی دیموکرات ( بەرگی یەکەم تا پێنجەم)، عەبدوڵا ئۆجەلان، وەرگێڕانی لوقمان عەبدوڵا، چاپخانەی ڕەنج.
٤. ئۆرفا سیمبولی پیرۆز و نەفرەت، عەبدوڵا ئۆجەلان pdf (وەرگێڕان و ساڵ و شوێنی بڵاوکرنەوە نەزانراوە.
٥. نەخشەڕێگای دیموکراسی بوون لە تورکیا، عەبدوڵا ئۆجەلان، وەرگێڕانی: گۆڤاری ڕۆژھەڵات، سلێمانی٢٠١١، چاپخانەی ڕەنج
٦. pkkمێژوویەک لە ئاگر، جەمیل بایک، دیمانەی رۆژنامەیی، ئامادەکردنی:حەسەن جودی، چاپی سێیەم ٢٠١٤سلێمانی.
٧. ناسیونالیزم و سەفەر، مەریوان وریا قانیع، چاپی یەکەم ٢٠٠٥سلیمانی، چاپخانەی ڕەنج.
٨. ایرنست غیلنر، لامم والقومیە، مترجم: د.مجید الراچی، الگبعە الاولی، سوریا، دمشق ١٩٩٩
٩. البعس سوری، تاریخ موجژ، حازم ێاغیە، گبعە الاولی ٢٠١١، دار نشر بیروت لوبنان.
١٠. العروبە اولا: ساگع الحێری، بیروت الگبعە الپانیە، ١٩٥٥م.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.