بۆکەمترین موچەی خانەنشینی نەکرایە (٤۰۰) هەزاردینار؟

لەلایەن ستاندار Posted on 427 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

لەدانیشتنی ۲٦– ۲ — ۲۰۱۸ ،ی نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان زۆرترین گفتوگۆی پەرلەمانتاران لەسەر کەمترین بڕی موچەی خانەنشینانی کوردستان بوو .
هەر زوو تیمی حکومەت وتیان ئێمە هاتوین وئەم پڕۆژە یاسایەمان هێناوە تاکو خەرجی کەمبکەینەوە نەک زیادی کەین ، گەر واناکەن پڕۆژەکەمان بدەنەوە بابیبەینەوە .
لەهەرێمی کوردستان مانگانە بڕی ( ۱۰۸) ملیارد دینار دەدرێتە خانەنشینان ، ژمارەی ئەو خانەنشینانەی کەلەبەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی موچە وەردەگرن و بڕەکەی کەمترە لە ( ٤۰۰) هەزاردینار بریتی یە لە ( ۱۲۷۹٤۲)سەدوبیست وحەوت هەزارو نۆسەدوچل ودوو کەس ، وەمانگانە بڕی ئەو پارەیەی دەدرێتە ئەم خانەنشینانە
( ۳۳) ملیارد دینارە .
گەر موچەی هەموو ئەمانە مانگانە بکرێنە ( ٤۰۰)هەزاردینار ئەوا بڕی پارەی پێویست بۆی بریتیە لە ( ٥۱ ملیاردو ٤۰۰هەزار ) دینار .
واتا ئەو پارەیەی کەپێویست بوو بۆئەوەی موچەی خانەنشینانی پێ هاوتای خانەنشینانی عێراق بکرێت تەنها ( ۱۸) ملیارد دیناری تربوو کەلەڕاستیدا بۆتوێژێکی گرنگ ومافخوراوو ماندوی وەک خانەنشینان دابینکردنی ئەوبڕە زۆرئاسان بوو ، بۆنمونە تەنها ئەو قازانجەی مانگانە لەبانکی کوردستان لەگۆڕینەوەی دۆلاربەدینار دەکرێت زۆر لەوبڕەپارە زیاترە کەپێویست بوو بۆکردنی موچەکە بە (٤۰۰)هەزاردینار.
ئێمە لەیەکەمین ڕۆژی هاتنی پڕۆژەکەوە بۆپەرلەمان داوامانکرد یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق ژمارە (۹)ی ساڵی (۲۰۱٤) وەک خۆی جێبەجێبکرێت ،کەبەپێی یاساکە کەمترین موچەی خانەنشینی نابێت لە (٤۰۰) هەزاردینار کەمتربێت .
ڕایەکی ترپێشنیارکرا کەبریتی بوو لەوەی کەمترین موچە بکرێتە (۳۰۰) هەزار دینارکە ژمارەی ئەو خانەنشینانەی موچەکەیان کەمترە لە ( ۳۰۰) هەزاردینار بریتیە لە ( ۷۷٥۳۹)حەفتاوحەوت هەزاروپێنج سەدوسی ونۆ کەس ، کە بەکردنی کەمترین موچە بە( ۳۰۰) هەزاردینار حکومەت تەنها ( ۳) ملیاردی تری دەویست بیخاتە سەر ئەو پارەیەی کەپێشتر دەدرایە ئەو کەسانەی موچەکەیان لەخوار ( ۳۰۰) هەزارەوەیە .
حکومەت ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەم ڕایە چونکە خۆیان وتەنی قورسایی زۆر دروستناکات لەسەر دارایی هەرێم .
دواتر هەردوو ڕایەکە واتا کەمترین موچەی خانەنشینی ( ۳۰۰) هەزاربێت ، یان ( ٤۰۰) هەزار خرایە دەنگدانەوە ، بەداخەوە زۆرینەی پەرلەمانتاران لەگەڵ زیادکردنەکە بوون بۆ (۳۰۰)هەزاردینار کەئەمەش خواستی حکومەتی لەگەڵدابوو ، وەفراکسیۆنەکانی گۆڕان وکۆمەڵ ویەکگرتوو دەنگیان بۆ ئەوەدا کە کەمترین موچە بکرێتە (٤۰۰) هەزار دینار بەڵام ڕێژەی دەنگەکان تەنها ( ۳۷)دەنگ بوو ،ئەوانەشی دەنگیاندا بۆ (۳۰۰) هەزاری مانگانە (٥۲) پەرلەمانتاربوون..
بۆیە بەکۆی دەنگ ئەوەچەسپا کەکەمترین موچەی خانەنشینی ببێتە ( ۳۰۰) هەزار دینار نەک (٤۰۰)هەزار.
لێرەدا دەبێت چەند پرسیارێک ئاڕاستەی ئەو تیمەی حکومەت وپەرلەمانتارانە بکەین کەبۆچی لەگەڵ زیادکردنی موچەکەدا نەبوون کەکەمترینی موچە بکرێتە (٤۰۰) هەزار ، ئەی هەرئێوە نەبوون لەچەندین دەزگای ڕاگەیاندنی هەمەجۆرەوە دەتانوت گەر ئەم پڕۆژەیاسایە بکرێتەیاساو بخرێتەبواری جێبەجێکردنەوە ئەوا مانگانە بڕی ( ۱٥۰) ملیارد دینار پارەدەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت ، باشە بۆچی بۆ توێژێکی گرنگی وەکو خانەنشینان لەو (۱٥۰) ملیاردەی خۆتان وتەنی دەگەڕێتەوە بۆحکومەت دەنگتان نەدا تاکو کەمترین موچەکەیان ببێتە ( ٤۰۰) هەزاردینار ، کەهەندێ لەوخانەنشینانە ئەوبڕەوزیاتریش مانگانە تەنها بۆ چارەسەرکردنی ئەونەخۆشیانەی توشی هاتون خەرجدەکات .
ئاخەرحکومەتێک چارەکەسەدەیەکە بەناوی سندوقی خانەنشینیەوە مانگانە بڕێک پارەلەموچەی فەرمانبەران دەبڕێت بۆئەوەیە پارەکەلەو سندوقەدا پارێزراوبێت ومانگانە لەکات وساتی خۆیدا موچەکەی پێبدرێت ،نەک ئەوەی بونی نەبێت سندوقی خانەنشینیەلەم هەرێمەدا .
ئێوەدەزانن لەوعێراقە موفلیسەی خۆتان دەڵێن زیاتر لە (۸) ملیارد دۆلار پارەی خانەنشینی لەسندوقی خانەنشینیەکەیاندا پارێزراوەومانگانە لەکات وساتی خۆیدا دەدرێتە خانەنشینان وبەشی دەیان ساڵیشی تێداهەڵگیراوە ، بەڵام لەم هەرێمەی لەمەڕخۆماندا وا بەرەومانگی ئازاری ۲۰۱۸ دەچین کەچی موچەی ئازاری ۲۰۱۷ نەدراوەتەخانەنشینان وهەرلەچاوەڕوانیدان بۆی .
بۆیە دەبوو لانی کەمی وەک وەفاو ڕێزوپێزانینێک بۆ ئەرک وماندوبونی دەیان ساڵەی خانەنشینانی کوردستان هەموان کۆک ویەک دەنگ بونایە تاکو لانی کەمی موچەی خانەنشینی مانگانەمان بۆبکردنایەتە ( ٤۰۰) هەزاردیناری عێراقی ، بەڵام بەداخەوە دیسانەوە بەزۆرینەوکەمینەئەم مافەسادەیە بۆخانەنشینان بەڕەوا نەبینراو زوڵمێکی تریان لێکرا.

هەولێر ۲۷-۲-۲۰۱۸.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.