هیوا سەید سەلیم
دوای سێ رۆژ لە دەستبەسەركردنی ساڵح موسلم، هاوسەرۆكی پێشوی پەیەدە، لە لایەن دەوڵەتی چیك، سەرنەجام دادگای ئەو وڵاتە بڕیاری ئازادكردنی دەركرد، ئازادكردنی موسلم لە كاتێك دایە كە لە ماوەی دەستگیركردنی قسەو باسی زۆر لەسەر ڕادەستكردنەوەی بە دەولەتی توركیا دەكرا، بە تایبەت كاتێك كە دەوڵەتی توركیا لەو چەند رۆژەدا هەموو هەوڵێكی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە دەست پێكردبووو.
ئازادكردنی ساڵح موسلم بە بریاری دادگای چیك جگە لەوەی كاردانەوەی توندی دەوڵەتی توركیای لێكەوتۆتەوە، بە شكستێكی گەورەی سیاسی و دبلۆماسیش بۆ دەوڵەتی توركیا هەژمار دەكرێت، وە دەچێتە پاڵ هەموو ئەو شكستانەی كە لە چەند ساڵی ڕابردوو ڕووبەرووی دەوڵەتی توركیا بۆتەوە.
هەموو ئەوانەی چاودێری رەوشی سیاسی توركیا دەكەن لەو باوەڕەدان كە توركیا لە سایەی سیاسەتەكانی ئەردۆغان تووشی قەیرانی گەورەتر دەبێت، ئەمە لە كاتێك دایە كە ئەردۆغان بە حسابی خۆی كار دەكات تا بتوانێت لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی داهاتوو(2019) سەركەوتنی گەورە بەدەست بێت، سەركەوتنێك كە لەمەودوا ئەردۆغان بتوانێت باس لە سیستەمی ئەردۆغانیەت بكات و بە تەواوی جێگا بە ئەتاتۆركیەت لەق بكات كە ئەمە خەونە سەركیەكەیە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ئەو پرۆژەی سەرەوەی لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی پار لە كۆبوونەوەی سەرانی حزبەكەی باس كردووە، هەروەها هەموولایەكی ڕاسپاردوون كە ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنەكانی (2019) بكەن، كە بریتیە لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا لە مانگی( ئاداری /2019) و هەلبژاردنی سەرۆك كۆمار و پەرلەمانی توركیا لە مانگی (تشرینی دووەمی/ 2019) هەر لەو كۆبوونەەیدا ئەردۆغان باسی لە گرنگی ئەو هەڵبژاردنانە بۆ پارتی دادوگەشەپێدان باسكردووە و ڕایگەیاندووە:
(هەڵبژاردنەكانی 2019 ئایندەی توركیا بۆ نیوسەدەی داهاتوو داری دەكات)
ئەو خەوەنەی ئەردۆغان ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەردۆغان شەڕی عەفرین و دواجاری هەوڵی دەستگیركردنی ساڵح موسلمی بۆ ئەو ئامادەسازیەیە كردبێت، كە پێش هەلبژاردنەكانی ساڵی داهاتوو پێویستیەتی بەڵام وەك دەوترێت:
( مەرج نیە هەموو جارێ با بە قازانجی كەشتیوانەكان هەڵبكات)
بای ئەمجارە نەك هەر بە قازانجی ئەردۆغان و هاوپەیمانەكانی لە پارتی نەتەوەپەرستی توركیا بەسەرۆكایەتی دەوڵەت باخچەلی نەبوو، بگرە ڕووداوەكانی دوو ساڵی ڕابردووی توركیا و ئەو تەنگەژە سیاسی و ئابووریانەی لەسەرینی سیاسەتە چەوتەكانی ئەردۆغان رووبەڕووی توركیا بوونەتەوە، ئەوەمان پێدەڵێن كە ئەردۆغان خەونەكانی دەبنە خەونی چۆلەكە.
دەوترێت ئەمجارەشیان سەرۆكی توركیا لە پلانی بۆ دەستگیركردنی هاوسەرۆكی كۆنی پەیەدەو ڕادەستكردنەوەی بە توركیا مەبەستی بوو هەمان سیناریۆی دەستگیركردنی ئۆجالان دووبارە بكاتەوە، بەڵام بێ ئاگا لەوەی ئەوە ئێستا لە ناوچەكە دەگوزەرێت، زۆر جیاوازە لەو سەردەمی كە توركیا توانی لە رێگەی پلانێكی نێودەوڵەتی ئۆجالان دەستگیربكات .
نۆزدە ساڵ بەر لە ئەمرۆ كاتێك ئۆجالان دەستگیركرا، هەریەك لە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی هاوكاری توركیایان كرد، هەر لە فشارخستنە سەر سوریا بۆ وەدەرنانی ئۆجالان لە وڵاتەكەی، تا فشارخستنە سەر هۆڵەندا و یۆنان و روسیا و كینیا تا ئۆجالان لەخۆنەگرن، بەڵام ئەمرۆ ساڵح موسلم پارتەكەی شانبەشانی ئەمەریكا شەڕی ئەو تیرۆرستانە دەكات كە توركیا پاڵپشتیان لێدەكات، لە بەرامبەریشدا توركیاش لە تەنگژەیەكی دبلۆماسی دایە لەگەڵ ئەمەریكا و زۆرێك لە هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا.
لە ئاستی ناوخۆیشدا توركیا بەدەست چەندین كێشە دەناڵێت كە دیارترینیان ئەو شكستە سەربازیەیە كە 37 رۆژە نەیتوانیوە پێشرەویەكی ئەوتۆ لە شەڕی عەفرین بەدەست بێنێت، جگە لە داگیركردنی چەند كیلۆمەترێك لە گوندە سنووریەكانی كانتۆنی عەفرین.
لە ئێستاشدا دەتوانین بڵێین ئەوەی لە چیك روویدا، لە شكستهێنانی پلانێكی جاسوسیانەی ئەردۆغان بۆ دەستگیركردنی ساڵح موسلم، دەچێتە پاڵ شكستەكانی تری توركیا، وە لەڕووی مۆڕاڵی ئومێدی كورد بە سەركەوتنی بەرخۆدانی عەفرین زیاتر دەكات، وە توركیاش بەرەو قەیرانی زیاتی ناوخۆی و دەرەكی دەبات.