ژینگەی ژنی کورد بە بەراورد لەگەڵ  پێگەی سیاسی ئەمڕۆ … بە بۆنەی هەشتی مارسەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 784 جار بینراوە

 

د. مەدیحە سۆفی

پێشەکی

ئاوڕدانەوەیەك لە کەلێنە پڕ لە ژانەکانی ژنی کورد لە باشور، مەگەر تەنها بە تروسکایی بەرخودانی ڕۆژئاوا و سوێسکەکانی نێو سەنگەری مرۆڤایەتیەوە، تاریکستانەکەی کاڵ کاڵبێتەوە، باشورێك لە سەرەتای سەدەی بیست و یەكدا خاوەنی چەند هەزار کچی بە سەبایاکراو و چەندەها دایك و ژنی قوربانی بێت، بە ئاوڕدانەوەیەكی خێرا ناتوانرێ هەسارەیەك لە قەوزەی نیشتوو پاکژ بکرێتەوە، وەرگرتنی لێپرسراوێتی ئەم گۆمە وەستاوەی باشور، ئەرکێکی قورس و مەحاڵە، مەحاڵ چونکە چۆن دەتوانرێ لەدەڤەرێ، لە نێو دارستانێکی پڕ لە کەڵبەی هەمەڕەنگی خۆخۆری و گەندەڵی، لێپرسراویەك بۆ چارەسەر بخرێتە گەڕ، کە زەمینەکەی، خۆی زەمینەی هەڵهێنجانی ئەو ژانە و ئەو مۆرانەیەیە کە بنبڕ ناکرێت، لە سۆنگەی ئەم ئاوڕدانەوەیەدا کە دەکرێ مەحاڵ نەبێ، دەبێ هەموو پێکەوە و هەریەکەو چمکێکی ئەو تراژیدیا و وێرانەیەی بەدەستەوە بێ، چونکە ئەوەی ڕۆمانووس و ئابووری ناس و توێژەر و شاعیر و چالاکوان و هونەرمەند و هەر پیشە و بەهرەیەکی دیی هەبێت، نابێت تەنها بۆ ئەو بەهرەیە بژێت، دەبێ دەنگ و ڕەنگ و وشە و لایەکی بەهرەکەی بۆ تایە لاسەنگەکەی ترازووی کۆمەڵگاش تەرخان بکات، ئەگەر نا خۆخستنە گۆشەی تەنیایی و خەڵوەتەوە و خۆدوور ڕاگرتن لەو موێرانەیە، خۆی لە خۆیدا ڕۆڵە بۆ ڕێگەدان بە کەڵەکەبوونی شارای ئەو قەیرانانە، بەتایبەت لە کۆمەڵگایەكی وەکو باشور کە هەر قەیرانە و بەجۆرێك کاردانەوەی نێگەتیڤی لەسەر تاك دەبێ و بەتایبەتی لەسەر ژن.

بۆ ئەمڕۆ و بۆ پێشتریش دابەشکردنی کار، پێداویستیەکی ژیانە، بەتایبەت لە ژیانی مۆدێرندا، بەڵام گەر ئەو دابەشکردنە لەسەر ئاستی جێندەر نەبێ ئەوە دەبێتە دابەشکردنێکی بنەڕەتی بەسەر ڕەگەزدا و پاشتریش دابەشکردنی وردودرشتی بوارەکانی تایبەتمەندێتی و شارەزایی و توانا، تەنها بە پێی ڕەگەز و بە پێوەر و بنەمای ڕەگەز، ئینجا خۆنەویستانە و ئۆتۆماتیك بەرەو ڕەخساندنی هەل دەچێت بۆ دابەشبوونی کومەڵگا بەسەر دوو بەشی ڕەگەزدا، یا دەتوانین بڵێین دابەشبوونی هەموو چەمکێکی دەروونی و ئابووری و فەسلەجەیی و جوگرافی و ئابووری و تواناسازی و دەرفەت و ناوبانگ  لە کۆمەڵگادا بەسەر ژن و پیاودا، واتە  تەسک کردنەوەی بوار بۆ ڕەگەزێك و والاکردنی بۆ ئەویتر، واتە تا ڕادەیەك زیندەچاڵکردنی نیوەی توانای سامانی مرۆیی و چاندنی دڵەڕاوکی و هێزی ناتەندروست و پوکانەوەی هەوڵ و گەشبینی لە بەدەنی نیوەکەی دیکەی، چونکە هەرگیز نیوەی جیاکراوەی کۆمەڵگا ناتوانێ بە تەندروستیەوە و بەتەنها لێپرسراوی نیوەکەی دیکەی بێ، یا ناتوانێ لە مەرج و واتا و پڕکردنەوەی کەلێنەکانی ئەو کۆمەڵگا لەنگ و ناهاوسەنگە، کاری دروستی ڕۆژانەی خۆی بکات.

لەپاش تەواوبوونی شەڕی جیهانی دووەم و ڕادەستبوونی ئەڵمانیا، براوەکانی جەنگ ( ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتی ئەوسا، بەڕیتانیا و فەڕەنسا ) هەموو پێکەوە جڵەوی بەڕیوەبردنی ئەڵمانیایان گرتە دەست، بۆ گرتنەبەری سیاسەتێك لە داماڵینی ئەڵمانیا لە هزری هیتلەری و ئازوقەی شەڕ و بەناو دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگاکە، لەو کاتەدا ئەڵمانیا بریتی بوو لە کۆمەڵێ شاری ڕوخا و کەلاوە و خاشاكێکی زۆر، کە ڕێگاوبان و هاتوچۆ و تەواوی جوڵەی ژیانی وەستاندبوو، جگە لە ملیۆنەها قوربانی و دیل و بریندار، ئەوەی بە پێوە بوو هەر ژنان بوون، ئەو بە پێوەبوونەی ئەوان بوو، کە ئەڵمانیای لە خاشاکی شەڕ پاك کردەوە و ڕوحی هێنایەوەبەر  دەوڵەتێکی ڕۆچوو لە ڕوخان و هەڵکێشراو لە نازناوی ڕەگەزپەرستی و دۆڕاو ، بۆئەو کاتەش دەمێك بوو، بزوتنەوەکانی ژنان لە کارو چاڵاکیەکانیاندا بانگەشەی مافی یەکسانی و هاوتاییان دەکرد و بەڵام بەهۆی شەڕی جیهانیەوە چالاکی و دەنگیان کزتر بووبوو.

لە دوای جەنگ و بۆ ڕاماڵینی ئەو داڕوخانە، تەنها ژن هەبوو وەکو دەستی کار و چوونە سەرکار، سەختی ژیانی پاش شەڕ و بەخێوکردنی خۆیان و مناڵ و خێزانەکانیان، ناچاری بەدەنگەوەچوونی ئەو بانگەوازە بوون، بۆیە لە لابردنی ئەو خاشاکانە و پاکردنەوەی شەقام و تەواوی نێو شارە وێرانەکان و دوبارە بنیاتنانەوەی ئەڵمانیا، پاش تەواوبوونی ئەو کارە و هاتنەوەسەرخۆی وڵات، زۆربەی ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچوون کە ئەو ڕۆڵە قورسەی ژنان هێدی هێدی بەرەو لەبیرچوونەوە بچێت و  بە هەند وەرنەگیرێ، بۆیە بزوتنەوەکانی ژنان بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا دوبارە دەنگی ناڕەزاییان بەرزکردەوە و جەختیان لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوری ئەڵمانی کرد.

ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەوەیە کە بڕیاری ئەو کاتەی ئەو بزوتنەوانە ئەوەبووە، کە دەبێ ژنان بۆچوونەکانیان لە نێو کاری سیاسیدا زادە بکەن و لە ڕوانگەی ئاکتیڤیتێتی سیاسیەوە جوڵە بخەنەبەر داواکاریەکانیان، چونکە تەنها ناوەندەکانی بڕیار دەتوانن گۆڕان دروست بکەن و  یاسا هەموار بکەن و دۆخی دژواری ژن بخەنە بەرچاوی دەسەڵاتدارە سیاسیەکان،  دەبێ ڕێژەیەکی تەواوی ژن هەبن کە لەو ناوەندی بڕیاردانەدا ئاکتیڤ و خاوەن دەنگ و هەڵوێست بن و کاریگەری لەسەر بڕیاردان هەبێ، بەڵام بزوتنەوە و ڕێکخراو و سەنتەر و گروپ ناتوانن هیچ فشارێك لەسەر بڕیاردان دروست بکەن و دەبوو لەناو پەرلەمانەوە ئەوەندە دەنگ هەبن کە بڕیارەکانی لەمەر ئازادی و هەموارکردنەوەی دەستور جێبەجێ بکرێن.

لە ڕۆژی ١٨/١/١٩٤٩ لە نێو پەرلەمانی بۆن لە ئەڵمانیا، مادەی ٣ پەرەگرافی ٢ خوێندنەوەی دووەمی بۆ کرا، و بە ئەرێنی دەنگی لەسەر درا کە دەڵێ :

[ هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە، بە ژن و پیاوەوە لە پەیڕەوکردنی مافەکانی خۆیاندا یەکسانن، نابێ هیچ کەسێك بەهۆی جیاوازی ڕەگەز، زمان، ئاین، ڕەنگی پێست یا بۆچوونی سیاسیەوە مامەڵەی جیاوازی لەگەڵدا بکرێت یا پەراوێز بخرێت]

 

لە ڕۆژی ٨/٥/١٩٤٩ دا لە پلینیۆمی لیژنەی پەرلەمانیدا، ئەم یاسایە بە ٥٣ دەنگ دژ بە ١٢ دەنگ چووە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ئێستا جێگیر و ڕەوایە.

ئەوەی دەبێ بوترێت، دۆزینەوەی ئەو هێزەیە کە توانی جەخت لەسەر هەموارکردنی ئەم یاسایە بکات و تا بواری پەیڕەوکردن کۆڵی نەدا، ئەویش پارێزەر خاتوو ئەلێزابێت سێلبێرتە، ئەم ژنە هەڵقوڵاوی نێو ژانەکانی ژن بوو، خاوەنی دوو مناڵ و ئەکتیڤ لە نێو پارتی سۆسیال دیموکرات و یەکێك بووە لەو پارێزەرە دەگمەنانەی کە وریا و لێزان و شارەزا بووە لە بواری کارەکەیدا، ئەم توانا و شارەزاییەی، ئەم سووربون لەسەر ڕەوادانە بەم بڕیارە، ئەم بەدواداچوونە بێ ناوبڕە لە پەرلەمان دەبێتە مەرج بۆ پراکتیژەکردنی هەوڵەکانی پێشووتر.

چوونە ناوەندی بڕیار و ئامادەبوونی کەسێتی ژن لە ناوەندی بڕیاردا مەرجە، ئەگەر نەبوو ئەوا وەکو باشوری کوردستان وێران دەبێ، بوونی چەندەها ڕێکخراو و سەنتەر و ناوەند و کۆمەڵ و بزوتنەوەی جیاواز و چەندەها پێگەی جۆراوجۆری جەماوەری بۆ وریاکردنەوە و لەخەوڕاچڵەکینی هەندێ کەس و پەی پێ بردنی توانا و دۆزینەوەی هێز و توانای شارراوە، لەوانەیە ڕۆڵ ببینێ و کۆمەڵگا ڕاچڵەکێنێ بەڵام بۆ بڕیاردان و بڕیارگۆڕین و هەموارکردنەوەی یاسا و جێبەجێکردنی یاسا، تا وەکو دەنگ لە ناوەندی بڕیاردا بوونی نەبێ و نەبیتە زۆرینەی دەنگ بۆ یەکلاکردنەوەی ( بەڵێ ) یا ( نەخێر )، ناتوانی ببیتە هێز بۆ گۆڕان و ناتوانی سوبێکتیڤ بیت و بتوانی بۆ بەدیهێنانی داوا ڕەواکان یا بۆ ڕەتکردنەوەی دیاردە نەخوازراوەکان کاربەدەست و کاریگەر بیت.

 

گرنگی بوونی ژن لە ناوەندی بڕیاردا:

لەسەر ئاستی جیهاندا، ژن کەمترین ڕێژەی لە نێو پراکتیزەکردنی سیاسەتدا هەیە، بۆ ئەوەی لە نێو بواری سیاسەتدا ئاکتیڤ بیت دەبێ کاری سیاسی بکەی، بۆ ئەوەی کاری سیاسی بکەی دەبێ ئازاد بی، بۆ ئەوەی ئازاد بی دەبێ کۆمەڵگا ئازاد بێ، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا ئازاد بێ دەبێ وشیار بێ، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا وشیار بێ دەبێ دیموکرات و دیموکراتیەت لە نێو هەناویدا پەیرەو بکرێ.

لە کۆبوونەوەکانی لوتکەی ئابووری جیهاندا، مێرکل تەنها ژنی سەرکردەیە، هەرچەندە لە نێو بازنەی دەوڵەتە پێشکەوتووەکانیشدا ماوەیەکە کێبڕکێی چوونەپێشەوەی ژن بەرەو نەك هەر ناوەندی سیاسەت بەڵکو  بەرەو ناوەندی بڕیار لە کۆمپانیا گەورەکانیش لە کێبڕکێی دەسەڵاتی ئابووریشدا، بابەتێکی گەرم و چڕە، هەر لەو دەوڵەتانەش کە پێگەی ژن لەکۆمەڵگادا تا ڕادەیەك لە کایەیەکی ئازاددا ناوزەدە دەکرێ، هێشتا ڕێژەی ژن لە گرتنە دەسەڵاتی سیاسی و بوونی لە ترۆپکی بڕیاردا، جێگای پەسەندکردن نیە و بە پێی ئەو ئاستەی بوارەکانی دیکەی کۆمەڵگای تێدایە، ئەوەندە جێگەی دڵخۆشی نیە و تا ئێستاش هاوتاکردنی موچەی ژن و پیاو و کەمی ڕێژەی ژن لە لوتکەی سیاسەت و پێگەی بەرزی سیاسی و لە ناوەندەکانی بڕیاردا جێگەی مشتومڕ و لێکۆڵینەوەن.

بوونی ژن لە پێگەی سیاسیدا، واتە بەرجەستەبوون و هەڵهێنجاندنی چەندەها جۆرە توانای مت و نووستوو و شارراوە کە دەبنە بەڵگەی دروست بۆ هاوتابوونی شیاوی و لێهاتوویی لەگەڵ پیاودا و سەلماندنی پەیڕەوکردنی چەمکی جێندەر لە بوارەکاندا و لەسەر ئاستی توانا نەك ڕەگەز و بەراوردنەکردنی تواناکان لەسەر بناغەی ڕەگەز، ئەمە لەلایەکەوە، لە لایەکیتریشەوە چاوەڕوانی جەماوەر و جەخت و پەلار و تیشکی ڕاگەیاندنەکان کە زیاتر سەرقاڵی دیوی دەرەوەی کارکردنی ئەو کاندیدە ژنە دەبن وەك لەوەی شیتەڵی ناوکی کارکردنەکە بکەن، زۆر جار روانگەی خەڵک بۆ سیاسیەکی ژن لە روانگەی میدیایەکەوە وەردەگیرێت، کە خۆی لە قەرەی ناواخنی کارەکەی نەداوە، بەڵکو تەنها پەراوێزێکی ڕوخساری دەرەوەی کردووەتە سەنگی قسە لەسەرکردن.

کاری سیاسی بۆ ژن لەسەر ئاستی کاری حکومی و وفەرمانڕەواییدا، واتە قاڵبوون لە نێو پەیڕەوی لایەنێکی سیاسی و کارکردن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ڕەوتی ئەو سیاسەتەی کە ژن تیایدا ئاکتیڤە، واتە کارکردن لەسەر خاکی ئازادکراو و بوونی سنوور و ئینجا بوونی ڕکابەری سیاسی هاوزمانی یا هاونیشتیمانی، ئەمانەش لە کات و شوێنی خۆیدا هەڵسەنگاندن و بۆچوونی خۆی هەیە، کاری سیاسی ژن لە نێو حکومەتدا، لێپرسراوێتی کەمکردنەوەی گرفتەکانی نێو کۆمەڵگا و بەدواداچوونی هۆکارەکانی ئەو دیاردانەی دەکەوێتەسەر وەکو جیاوازی و نایەکسانی و توندوتیژی و مامەڵەی نامرۆڤایەتی ڕۆژانەی نێو کۆمەڵگا، واتە نەك چارەسەرکردنی کێشەی ژن چونکە کێشەیەك نیە بەناوی کێشەی ژن بەڵکو کێشەیەك هەیە بەناوی کێشەی کۆمەڵگا لە هەموو بوارەکاندا بەتایبەت لە بواری نێو خێزان و ئابووری و مافی سیکسوال و مافی کارکردن و هەڵبژاردن و هەروەها مافی چوونە نێو بواری سیاسەتیشەوە.

کەمی ژن لە بواری سیاسەتدا خۆی ئاماژەیەکە بۆ زانینی ئاستی کۆمەڵگا، لە ساڵی ٢٠١٥ دا ڕێژەی ژن لە نێو پەرلەمانی هەندێ وڵاتدا ڕەنگدانەوەی بزوتنەوەی ژنان و جوڵەی ئەرێنی ژنان بوو لەو شوێنەدا، لەو ساڵەدا تەنها ٢٣% ی ئەندامانی پەرلەمان لە جیهاندا ژن بوون، لە هەندێ وڵاتدا نوێنەری ژن هەر نەبوو، بۆ نمونە لە قەتەر و یەمەن، لە پێناو یەکسانیکردنی ژن و پیاودا و لە پێناو داکۆکیکردن لە مافەکانی ژن لە سەرجەم بوارە جیاوازەکاندا و لەسەر ئاستی جیهاندا هەوڵی بەردەوام لە ئارادایە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش یەکەم کۆنفڕانسی جیهانی ژنان لە ساڵی ١٩٧٥ دا لە مەکسیکۆ کرا، تا ئێستاش ئەو کۆنفڕانسانە هەر بەردەوامن.

ئەی ئەگەر شیکاری بۆ پڕاکتیزەکردنی سیاسەت بکەین بۆ ژن، لەسەر خاکێکی داگیرکراو و کاتێکی دژواردا، دەبێ هاوێنەی کامێرای شێکردنەوە و توێژینەوەکە تەواو جەخت لەسەر ئەو بڕوا و ڕەگ داکوتانی لێپرسراویە بکات کە لە کایەی هزر و هۆشی ئەو ژنەدا چینە دەکات، لە ئێستادا جیهان بە کۆی گشتی لە ئاستی بابەتێکی بێ وێنەدا ( نەك کەم وێنە) هەڵوێستە دەکات، بابەتێك کە ئەو تێگەیشتنە لەپێشینەیەی ئێمەی بۆ توانای ژن خستووەتە ژێر پرسیارەوە، توانای ژنی کورد لە بواری سەربازی و دژ بە دڕندەترین گروپی تیرۆرستی چەمکی ژن و ڕۆڵی ژنی لە جیهاندا گۆڕی.

ئەگەر ئاوڕێ لە ڕابووردوو بدەینەوە دەبینین کۆمەڵێ ژن هەن کە لە مێژوودا ناویان جێگیر و خاوەن پێناسە و ناسنامەی ئازایەتی و زیرەکی و توانای سەرسوڕهێنەرن، بۆ نمونە لە بواری زانستی فیزیکدا وەکو مەدام کوری، یا بواری تیۆلۆژی و بەخشندەیی و بەهاناوەچوونی هەژاراندا وەکو دایکە تێریزا، یا نووسەری ئەدەبی مناڵان وەکو ئەسترید لینگرید، یا بواری بزووتنەوەی ژنان وەکو ڕۆزا لوکسمبورگ، یا وەکو ئەکتیڤێکی گەنجی بواری سیاسی بۆ نمونە سۆفی شۆل لە گروپی بەرەنگاربوونەوە دژ بە هیتلەری نازی،  یا ئەننا فرانك بە  نووسینی یادەوەریەکانی مناڵی لە سەردەمی نازیەکان و پێش بردنی بەرەو کوورەی مردن، یا وەکو مارگریت تاتشەر یەکەم ژنی  سەرۆك وەزیرانی بەڕیتانیا و زۆر ژنی بەتوانا و خاوەن بوێری و مێژووی شایستە کە لاپەرەکانی ڕابووردووی مرۆڤایەتیان لە ئازایەتی و لێهاتوویی ژن بێبەش نەکردووە، بەڵام بوونی ژن لە مەیدانی شەڕ و لە نیو سەنگەری بەرگری و دژ بە ناهەموارترین گروپی تیرۆرستی وەکو داعش لەم سەرەتای سەدەی هەزارەی سێیەمە، تەنها ژنی کوردە.

هەر لە مێژە لە زۆر وڵاتی جیهاندا، هەندێ ڕیزبەند هەبوون کە توانای فەسلەجی ژنانی بۆ ڕێپێدان بە هەندێ کار خستبووە ژێر پرسیارەوە،  لە هەندێ وڵاتیش لە بواری  خوێندندا بە تەواوی کەمی خوێندکاری ژنی پێوەدیاربوو، بۆ نموونە لە ساڵانی نەوەدەکاندا کەلێنی کەمی خوێندکاری ژن لە بەشی ئینفۆڕماتیك و بەشەکانی تێکنۆلۆژی بەدیدەکرا، بۆیە توێژینەوەکانی ئەو کاتە لە هەوڵی یەکسانیکردنی ژمارەی ژن و پیاو بوون بۆ بەرەو بەشە جیاوازکانی خویندن چونکە ناهاوسەنگی لەهەر بوارێکدا هەبێ کاریگەری لەسەر ناهاوسەنگکردنی هەموو بوارەکانی دیکە دەبی، هەر لەو بارەیەوە بەدواداچوونە زانستیە جیهانیەکانی، کە ساڵانە دەکرێ ئاستی سامانی مرۆیی هەر وڵاتێك ئاشکرا دەکات، دەرئەنجامەکانی ساڵی ٢٠١٧ ی The Global Gender Gap ، کە سەنتەرێکی توێژینەوەی گشتیە و سەر بە  کۆبەندی ئابووری جیهانیە World Economic Forum  بۆ ١٤٥وڵات و لە چوار بواردا کرا کە بریتین لە بواری ئابووری و ئاستی خوێندن و تەندروستی و سیاسی، لەو ١٤٥ وڵاتەدا وڵاتی ئیسلاند لە ڕیزبەندی یەکەم و وڵاتی یەمەن لە ڕیزبەندی دوا وڵاتدا بوو، دوو هۆکاری سەرەکی ڕۆڵ دەبینن لە بوونی ئیسلاند لە ڕیزبەندی یەکەمی ئەم ڕاپرسیەدا، یەکەمیان بوونی ژن بە ڕێژەیەکی زۆر لە پەرلەمان و لە نێو کاری سیاسی، دووەمیش بوونیان لە نێو دەستە و ناوەندی بڕیار لە کۆمپانیا و بەڕێوەبەرایەتیەکانی دەوڵەت، هەر یەك لە ١٠ وڵاتی یەکەم لەو توێژینەوەی ساڵی ٢٠١٧ دا بریتین لە ( ئیسلاند، نەرویج، فینلاند، ڕواندا،سوید، نیکاراگوا، سلۆڤینیا، ئیڕلاند، نیو زیلاند، فیلیپین)، بەلام فەڕەنسا و ئەڵمانیا ڕیزبەندی ١١ و ١٢ یان هەیە. ئەم توێژینەوەیە ئەوە دەردەخات کە نەبوونی ژن لە نێو سیاسەت و نەبوونی لە نێو ناوەندی بڕیاردان و لە لوتکەی کارەکانی حکومەت و لە بەڕێوەبردنی ئابووری وڵاتدا، واتە وەستان و بگرە بەرەو دواوەچوون. لەم ڕوانگەیەوە دەبێ بڕوانینە بەرنامەی سیاسی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان لەمەڕ پێگەی ژن و تێهەڵکێشکردنی بە کاری سیاسی و ڕایەڵکردنی بە سەرجەم لێپرسراوێتیەوە، لەسەنگەرەوە تا ئەفسەر، چونکە ئەم مۆدێلە مۆدێلێکی هێشتا نائاشنایە کە لە ژێر فشاری پێداویستی و هەلومەرجی کات و سەردەم لەدایك دەبێت.

بەشی دووەم

لە بەشی یەکەمدا، ئەو چەمکەمان لەلا دروست بوو کە ڕێکخراو و بزوتنەوە و گروپ و کۆمەڵ و سەنتەرەکان دەتوانن توانای کەسەکانی تێدا بدۆزرێتەوە و بەردێکی بچوك و بە شێوەیەکی کاتی فڕێ ببداتە گۆمی وەستاوی کۆمەڵگاوە بەڵام ناتوانن ببنە دینەمۆی گۆڕان و هەوێنی بڕیار و جێگیرکردنی یاسا لە نێو دەستوردا، چونکە یاسا لە نێو پەرلەمان و بە دەنگدان دێتە هەموارکردن و کار پێکردن و دان پێدانان، بۆ گەیشتن بەم دەرئەنجامە، پێویست بە بوونی ژن دەکات لە پەرلەمان بۆ کارکردن لەسەر بابەتە هەنوکەیی و گرنگەکان کە کۆمەڵگای ئیفلیج کردووە.

ئەی کێن ئەو ژنانەی دەبێ ئەو ڕێگەیە ببڕن تا دەگەنە ئەو هۆڵی یەك لاییکردنەوە و بڕیاردانە، ئەمە پرۆسەیەکی ئاسان نیە و لەناکاوا هەڵناتۆقێ، لێرەدا پەروەردە و پەیام و پەیرەو و دیسپلین و ڕێگایەکی پێچاوپێچ و سەختی دوای ڕچەشکێنی دەوێ، کە بەتایبەت لە باشوری کوردستاندا غائیبە. چەمکی کارکردن لە سیاسەتدا وەکو مەبەست لە نێو خولیای هەرکەسێکدا بێت، دەبێ پێشتر خۆی لە خۆپەرستی و خۆویستی ماددیدا داماڵی بێ، ئەو کارەی  کە زۆر سەختە و بە ئاسانی ناکرێ ئەگەر خودی کەسەکە خۆی پەروەردەیەکی زانستی و مۆڕاڵی نەکرابێ، لێرەدا کۆمەڵگای ئامادەی دەوێ، کە ئازادیی خودی خۆی، لە یەخسیربوون بۆ ڕواڵەت خۆشتر بوێ، قسەکردن لەسەر سیاسەتی باشور بێ هودەیی دروست دەکات، بۆیە باشترە قسە لەسەر ئەو ناوەندانە بکرێ کە توێکڵی کۆنی دوێنێی هزرت پێ فڕێ دەدەن و بە ئەمڕۆی پڕ لە شکۆت دەسپێرن.

هەر لە ناوەندی هەشتاکانەوە ژن وەکو ئەندام لە بەرخودانی باکوری کوردستاندا ڕۆڵ دەبینێ، ڕۆڵی سەرەکیش،  بە ویژدانیشەوە ساکینە جانسز نمونەیەکی زۆر دڵ بەسوێیە، کە مرۆڤ دەبێ لە چرکە چرکەی ژیانیدا فێری ژیان بێت، فێری عیشقێکی ڕەها بۆ ئازادی و تێکۆشان بێت، وەکو سەرکردەیەك کە ئێستا هەزارەها خوێندکار و شوێن پێ هەڵگری وەکو هزر و ورە و بڕوا  هەیە، نەك هەر بۆ کورد بۆ هەموو جیهان، چونکە ژانی نێو ڕوحی ساکینە هەڵگری ژانی نێو روحی مرۆڤایەتیە نەک ڕەنگ و ئاین و زمان و نەتەوە، دیارە ئەمەش هەڵهێنجانی نێو هزری پ ك ك یە بەڵام بە هەموو وردەکاریەکیەوە کار لەسەر بەرنامەی پەروەردەیەکی وا دەکات کە لە چاندنی تۆوی خەلقەوە دەست پێبکات، واتە بە شانەی یەکسانی و بە چەمکی جێندەرەوە پرچی درێژی کۆمەڵگا شانەدەکات و گرێ و ئاڵۆزیەکەی شی دەکاتەوە، واتە زانستی ئابووری و سۆسیۆلۆژی و ژنۆلۆژی و پسیۆلۆژی و تەنانەت جیۆپۆلیتیكی تێدا بەرجەستە دەکات و هاوتەریب هەمووی لەگەڵ مەرجە بنەڕەتیەکانی گەشەی ئەمڕۆی کۆمەڵگا پەروەردە دەکات، ئەوسا پێویست ناکات پیاوێك لە تەمەنی پەنجا ساڵەوە و بە کۆمەڵێ پشتخانی زاڵ بەسەر بیر و بیرکردنەوەیدا، کە لە منداڵیەوە پەروەردەی کردووە، هەر لە ناکاو داوای پەیڕەوکردنی پێودانگێکی لێ بکەین، کە ئاشنای نیە و هیچ خوێندنەوەیەکی بۆ ناو و ناوەڕۆکی ئەو سیستەمە نیە و بە تەنها تاوانباری کێشەی کۆمەڵگا و دواکەوتنی ئەژمار بکەین.

ئاشکرایە کە کۆمەڵگا هێدی هێدی گەشە دەکات، بەڵام کاتێك گەشەیەکی تەندروستی دەبێ، کە ڕێبازێکی دادپەروەر و ئابووریەکی قۆرخ نەکراو و ئاسایشێکی گشتی و هاوسەرۆکیەکی جیاواز و ئایدیایەکی دیوەدەر و خێزانداریەکی کۆکار و کارگێڕیەکی هەرەوەز و ماڵداریەکی کۆمەكدار ببێتە چوارچێوە و ناوەڕۆکەکەشی پڕ بێ لە سەنگی زانست و لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و سیاسەتێکی یەك لاکەرەوە بۆ پەروەردە، کە پاراستنی تەندروستی ڕەگ و ڕێشەی ئەو گەشەسەندنەی لە سەر ئەستۆی خۆی دابنێ و دوور بێ لە پەتای ڕابوردوو و بەڵام نەریتە خوازراو و ڕەنگاوڕەنگەکانی خۆی لە توێی جوانیدا بە هەند هەڵبگرێ، بێ ئەوەی ببنە خاوەنی ئایدیا نوێیەکان و بێ ئەوەی هەنگاوە زانستی و چەکەرە پڕ لە بوێریە تازەکان بشکێننەوە، دەبێ هەردەم وریای حەزی ئەو کەمینەیە بی کە خوازیاری سیستەمی کۆن و گەڕانەوەی دەسەڵاتی یەک لایەنەی خۆیەتی و کار بۆ ئەوە دەکات کە ڕێسەکەت لێ بکاتەوە بە خوری.

وزەیەکی خۆڕسك و ڕکابەرێکی مۆدێرنی سروشت

شەڕی کوبانی و پاشتر هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین، زۆر  نهێنی لەسەر بوونەوەر ئاشکرا کرد، زۆر خاڵی تاریکی ڕووناك کردەوە، سۆسیۆلۆژی لە ڕوانگەیەکی نوێوە شیکردەوە ، بە تیوریەکانی گەشەکردن و ماکەکانی گۆڕانی پشتبەستوو بە زانستی سیاسەت و زانستی مرۆڤدا چووەوە، زیاتر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرژەوەندیە جیهانیەکان ئاشنا بووین، لە هەمووی گرنگتر، نەك هەر ئێمە بەڵکو هەموو جیهانی لە بوونی توانایەكی شارراوە لە مرۆڤدا ئاگادار کردەوە، کە تا ئێستا تەکنەلۆژیا و لابورەکانی ئەتۆم و کۆمپانیا قەبەکانی پشکنین بەدوای وزەدا، پەی پێ نەبردووە، ئەویش هێزی کارا و هزر و ڕوانینی ژنی کوردە، خەباتێك کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەر لەنوێ داڕێژایەوە و زلهێزەکانی پەیوەست کرد بە دەستپێکێکی نوێ لەو دەڤەرەدا. دەمێکە تورکیا بارە بەسەر ئەمریکاو و هەموو ڕۆژئاواوە، لێدانی قەوانی ( شوێنی ستراتیژی تورکیا ) بۆ ئێستا ئیدی کۆن بوو و ڕێگا بۆ ئەلتەرناتیڤی نوێ چۆڵ دەکرێ و شیرازەی ناوچەکەش سەرلەنوێ بە دەسەڵات و پێشەنگی نوێوە دەخرێتە ئاراوە، ئەم بابەتە هەم درێژخایەن و هەم تێهەڵکێشە و باشتر وایە لە بابەتێکی تایبەت بە سیاسەتی وزە و ژینگەدا ببێتە توێژینەوەیەکی سەربەخۆ و بۆ دەرفەتێکی دیکە هەڵگیرێ، وە لەبەر ئەوەی سیاسەتی ( زیکزاکی ) زلهێزەکان جار جار تووشی شێواندنت دەکەن، باشترە بە بەڵگە و فاکتەوە بخرێتەڕوو.

کاتێ هێزەکانی داعش، کە تا ئێستا توندڕەوترین گروپی تیرۆرستین، لە سێبتەمبەری ساڵی ٢٠١٤ دا دەستیان کرد بە هێرش بردنە سەر شاری کۆبانی، بە مەبەستی داگیرکردنی، بێ گومان بە هاوکاری پلانەکانی تورکیا، دەمێك بوو هێزە ئازیدیخوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە سەنگەری بەرگریدا بوون، بۆ خۆپاراستن و ئازادکردنی گوند و شارۆچکە کوردیەکان، کۆبانیش یەکێك بوو لەو شوێنانەی بە خوێنی شەڕڤانەکان و بەرخودانی ئەوان ئازاد کرا ، بەڵام مەرامەکانی تورکیا و هەوڵەکانیان بۆ پوچەڵکردنەوەی رەنجی کورد هەمیشە ئاکتیڤ و لەکاردایە، بۆیە بۆ کردنەوەی دەروازەیەك بۆ هاتووچۆ و گەیاندنی ئازوقە بە داعش و بۆ لێکترازانی کانتۆنەکانی عفرین و جەزیرە و بۆ پوکانەوەی ئەو بەرخودانە و بۆ ئیمزاکردن لەسەر وەسێتی ئەتاتورك، هەرچی هێزیان هەبوو خرایە گەڕ، بەڵام هێزەکانی داعش پوکانەوە و ناکام و شەرمەزار بوون، نەکەوتنی کۆبانی داستان بوو، داستانێکی واقیعی لەسەردەمێکی زۆر مۆدێرندا، شۆڕش بوو، کە دەبوو دوژمنیش دانی پێدا بنێ، داستانێك کە ڕوحی ژن تیایدا دادەگیرسا و بەو داگیرسانەی چاوی تاریکی وڵاتە بەناو پێشکەوتووەکانی دەرحەق بە هێزی ژن ڕوناکتر کردەوە، لێرەدا ژنی کورد کۆمەڵێ فاکتی زانستی سۆسیۆلۆژی و سەربازی ژنی کردە بەڵگە بۆ هەموو جیهان.

داستانی کۆبانی داستانێك نیە تەنها لە ڕوانگەی قارەمانێتیەوە باسی لێوە بکرێ، داستانی کۆبانی ئەو چرایەیە کە ناوەڕۆکی وزەی شارراوەی ژنی تیادا دۆزرایەوە، داستانی کۆبانی پۆستی ئەو پەیامە بوو کە ساکینە جانسز دەیویست بیگەیەنێ، بەڵام بەداخەوە دوای خۆی گەیشت، ئەو داستانە کە چەمکی تێگەیشتنی، لە توانای مرۆڤ بە گشتی و ژن بەتایبەت خستە ژێر پرسیارەوە، گومانی لە تیوری زانستی و بڕوا و کاری فەسلەجی ژن دروست کرد، وای کرد کە لە بوارە جیاجیاکاندا، هەر چی توێژینەوە و بەدوداچوون هەن نیوەچڵ ببینرێن و کورت بێنن، بۆیە لە ناوچەیەکی پڕ لە گەنجینەی وەکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە تا ئێستاش گرنگترین بەنزینخانەی وڵاتانی ڕۆژئاوایە بۆ وزە و باشترین بازاڕی ساغکردنەوەی چەك و شەڕە، وا دەستپێکی ئازادی ژن و یەکسانی و تیوریەکانی سۆسیالیزمی تیادا چەکەرە دەکات و جەخت لەسەر بەگشتی کردنی بەشداری ژن دەکات، بەتایبەت لە کایەی شەڕ و لە ڕوانگەی ڕاچڵەکاندنی هێزی متبوو و حەشاردراو و پێش هەمووی لە ڕوانگەی کردنەوەی دەرگا داخراوەکانی هزرەوە، ئەویش بە خۆپەروەردەکردن و لابردنی ڵێڵی سەر چاو و فێربوونی خوێندەواریە، باشترین نمونە بۆ ئەم حاڵەتە بارودۆخی خەڵکی شارۆچکەی سنجار بوو، کە پاش ئەوەی لە ژێر ساباتی دەسەڵاتی کورد لە باشوردا ئەنفال کرا و هەزارەها ژن و کچی ئەو شارۆچکەیە کەوتە دەستی داعش، ئەوانەی کە مانەوە و لەلایەن گەریللاوە پارێزران، سەرەتای یارمەتیدانیان پاش ڕزگارکردنیان، فێرکردنی خوێندەواری بوو، کردنەوەی قفڵە سەرەکیەکانی هزر و مێشکیان بوو، ئەوەی کە سیاسەتی باشور چارەکە سەدەیەکە پرۆژەیەکی نەبوو بۆ گەشەکردنی ئەو سامانی مرۆیە، بەڵکو پرۆژەی بۆ وێران کردن و پیلان گێڕان و بەرەو دواوە چوون و سەرلێشێواوی و برسیکردنی جەماوەر هەبوو و  تەنها بۆ پاراستنی مەقام و کورسی خۆی ئاکتیڤ بوو.

لەگەڵ پەیرەوکردنی بەرنامەی خوێندەواری وەکو ئەوەی لە سنجار پەیرەو کرا، خودی بڕوا بە خۆبوون و بوێری و هەستکردن بە لێپرسراوی و خۆ داماڵین لە وابەستەیی بە چواردیواری ماڵەوە و دۆزە دۆزە بەدوای نهێنی وزەی ناوەوەی ژن، کەسێتیەکی ئازاد دروست دەبێت، کە زکماك نیە بەڵکو داڕێژراوی ڕێکخستنی پرۆگرامێکی سیاسی و ڕۆشن فیکریە، کە هێدی هێدی زەین و هزر پێکەوە بە خود ئاشنا دەکەنەوە، مرۆڤ هەتا لە نزیك تەڵەی چەکی ژەندرمە نەبێ، باشتر وایە بیروهۆشی بە زادی ئاشتی بنۆشێ، بەڵام بۆ ئەمڕۆی کورد کە لە بەرەی بەرخودانی شەڕە و ناچار و لە پێناوی خۆڵی ژێر پێی خۆی دەجەنگێ، بوونی ئەو هێزی مرۆییەی کە لە ژن پێك هاتووە هێزی جەکداری ژنانی وەکو هێزێکی پاڵپشت و سەرەکی، سەنگی سەروەریەکانی پاراستووە، وەکو هێمایەکی نوێی سەدە خۆی دەنوێنێ، ئەو هێزەی بووەتە ناوەندی توێژینەوە و بووەتە سەنتەری ترس لێنشتنی وڵاتانی ڕۆژئاوا، لەوەی لەنێو ئەو ئاگردانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە زلهێزەکان بە هەموو توانایانەوە ئاگردانەکەی تێكدەدەن و ئاگرەکەی خۆش دەکەن، لەو ناوەندەدا سیستەمێکی دیموکراتی وا چەکەرەی کردووە کە ناکوژێتەوە، بوونی سیستەمی دیموکراتی واتە کرانەوەی هزر و بیرکردنەوە و یەکسانی و داد و دادپەروەری و خستنەگەڕی سامانی مرۆیی و چەکەرەی وشیاری و مافی ژیان، ئەوەی زەحمەت، خاوەن بەرژەوەندیەکان هەتاسەر ئافەرینی لێ بکەن، بەداخەوە، مەگەر ئەگەری ئەوە لە بەرنامەیاندا بێت، کە جیۆپۆلیتیکی باکوری سوریا بۆ دواڕۆژ، وەکو شوێنێکی ستراتیژی بۆ پەڕینەوەی وزە، جێگای تورکیا بگرێتەوە.

بۆچی هەڵکردنی چرای وشیاری و خستنەگەڕی هێزی سامانی مرۆیی و توانای جێندەر لە باشور، زۆر جێگای متمانە و هەڵچنینی هیوا نیە؟

لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا، لەو سەردەمە نالەبار وپڕ لە ترس و سام و زۆرداریەدا، لەگەڵ شاڵاوی ئەنفالی بەدناو لە گەرمیان و لەگەڵ ڕەشبگیری پیاوانی بەرزانی لە ئۆردوگای قوشتەپە و دەوروبەری، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و کچانی بێکەس، بە تایبەت ژنانی بەرزانی بەبێ کەس و بێ سەرگەورە و ئیشکەر مانەوە، بێ دەرەتانی و نەبوونی هیوای و دەروازەیەك بۆ زادی ڕۆژانە و خۆبەڕێوەبردن و هیچ خەرجیەك کە قوتی خۆیان و مناڵیان مسۆگەر بکات، بووە پاڵنەرێ لە گەڕان بەشوێن کارکردندا، با ئەوەش بڵێین، کە لە نێو کلتوری کوردەواری کەو دەڤەرە و بەتایبەت کلتوری ناوچەی بەرزان، کارکردنی ژن و چوونە مەیدانی دابینکردنی بژێوی، کارێکی نەخوازراو و جێگەی ڕەزامەندی نەبوو و لە ئامادەبوونی پیاواندا بە هەموو شێوەیەك ڕەت دەکرایەوە، بەڵام کاتێ کە ناچاری بووە فاکت و خاڵی وەرچەرخان و ژنی لەو شورا بەرزەی کولتور و لەو تیوری  ڕەتکردنەوەیە ئاودیو کرد و مەحاڵی دەستکردی کردە نامەحاڵ، هەنگاوەکانی ژنی بەرەو فابریك و کێڵگە و کارگە بچوکە خۆماڵیەکان برد، ئەو کاتە بەبێ ئەوەی پێبزانین شۆڕشێکی ناچاری و بەبێ بوونی پەیڕەو و پرۆگرامێك، بە هەڕەمەکی و زۆرهاتنی برسێتی و پێداویستی و یەك باڵی خێزان، هاتەکایەوە، ساتەوەختێکی گرنگ بوو کە دەکرێ بە شۆڕشێك ئەژمار بکرێ، من بە بەڵگەوە دەڵێم، ئەو ساڵانە ساتی وشیاربوونەوە بوو، چونکە کە مرۆڤ ئابووری ئازاد و سەربەخۆ بوو، بڕیار و ویستەکانی وابەستە نابن، واتە ئەودیوی دیواری ماڵەوە بۆ کارکردنێکی مۆڕاڵ و بۆ خودی خۆدۆزینەوە و پەیداکردنی زاد و پشتبەستن بە ڕەنج و توانای خۆد واتە سەلماندنی ناوەڕۆکی کەسێتیەك کە تا ئێستا شارراوە و مت و بێدەنگ و قۆرخکراو بووە، چەندەها ژن بە درێژایی چەندەها ساڵ تەنها سەرچاوەی بژێوی خۆی و مناڵی بووە، شاری هەولێر و کارگەکانی خۆماڵی و کێڵگەکانی سەوزە و بێستانەکانی ئەو دەڤەرە شاهێدن.

لەگەڵ پرۆسەی ئازادی و دەسەڵاتدارێتی حیزبەکان و هاتنە نێو شار و وەدەرنانی ڕژێم، هەرچی بوێری و چەکەرە و دەستپێکی زیندوبوونەوە هەبوون هەموو دامرکایەوە و هەنگاوەکان سەرکوت کران، چۆن هزری حیزبەکان هەر بۆ پول و پاوانکردنی ئابووری بوو لە میانەی دەسەڵاتی سیاسیەوە، هەر ئاوا و بەو شێوەیەش مەڵاشووی خەڵکیان تەڕ کرد، هەر یەکێك کرا بە خاوەن بڕێك پارەی خانەنشێن و دوبارە لە نێو دیواری ماڵەوە خانەنشێن کرانەوە و ئەو جوڵە و چەکەرە و سەرهەڵدانە  دامرکایەوە، ئەوسا ئەو ژنانە لەسەر ڕیچکەیەکی باشی خۆ پەروەردەکردن و خۆ دۆزینەوەدا بوون، گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی هێزی ناوەوە و توانای خۆیان دەتوانێ ببێتە سەرچاوەی ئازادی ئابووری پاشان ئازادی کەسێتی، نەك هەر بۆ ئەو ژنە لێقەوماوانە، نەك هەر بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان، بەڵکو گەشەی مرۆ بە گشتی لە بواری ڕۆشنبیری و بروا بە خۆبوون و ئینتیمادا لە ئاستێکی باشتردا بوو.

ئەگەر بەرنامەڕێژی ئەوکاتەی حیزبەکان وا بوایە کە ڕووی کامێرایان لەسەر باری کۆمەلایەتی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی، نەك تەنها باری سیاسی نێو شارەکان، نەك تەنها گیرفان و پاوان کردن، نەك تەنها ئابووری خودی خۆیان، بوایە، ئەگەر پلان و ڕێکخستنیان بۆ خستنەگەڕی توانای خەڵك بوایە و سامانی مرۆییان وەکو سامانێکی هەمیشەیی بەرهەمهێنەر بخەمڵاندایە، وە ئەگەر پاش دۆزینەوەی نەوت، بەرنامەیان بۆ بنیاتنانێکی توندوتۆڵی بواری پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و هەموو بوارەکانی دیکە بڕەخساندایە، ئەگەر پەروەردە و تەندروستی سامانی مرۆییان بکردایە پێشەنگی کار و بێکاری و تەمبەڵیان نەکردایە پیشە بۆ دانیشتوان، ئێستا باشور خاوەنی ئەو ڕەوە گەنجە بێزار و بێ هیوایە نەدەبوو، کە ژنان و کچان بەشێکی گەورەی ئەو پێکهاتەیەن.

ژن لە ناوەندی بڕیاردا

بۆچی لە سەر ئاستی جیهاندا هانی ژن دەدرێت کە لە ڕیزبەندی پێشەوەی ناوەندی بڕیارداندا بن، بە تایبەت لە دەستەی ڕیاردان لە نێو حزب و لە نێو کۆمپانیاکاندا، بێ گومان بۆ ئەوەیە کە ژنان لە ڕوانگەی بوێری و ئامادەبوون و بەهرە و توانای خۆیانەوە شەڕی ئەمڕۆ بکەن و ئیتر دڵەڕاوکێ و ترس و پەراوێزکەوتن و تارمایی نەبنە ڕواڵەتیان و ئیتر لە ڕیزی پرسیار  و هەڵسەنگاندندا پۆڵین نەکرێن، کە ئایا دەتوانن یا نا؟ بۆ ئەمەش دەبێ ڕوانگەی سیاسی و ڕوانگەی تاك و ڕوانگەی هزری گشتی دەرحەق بە ماف و توانای ژن لە هەر شوێنێك و لە بۆ هەر ڕەنگێك و بۆ هەر ئایدیۆلۆژیایەك بێت، دەبێت  بگوڕدرێت، نەك لەبەر ستاتیستیك و لەبەر ژمارە و لەبەر ڕیزبەندی کێبڕکێ، بەڵکو لەبەر کاریگەری بوونی ژن لە ناوەندی بڕیار و لەبەر بوونی توانایەك کە شەڕی کۆبانی و عیفرین بەڵگەی تەواوی بوونی ئەو توانایەن و شاهێدێکی ئەمڕۆی سەر گۆڕەپانی جیهانە.

ئەو داستانەی کوبانی و ئەو داستانەی ئێستای عەفرین، ئەوە تەکتیك نیە، ئەوە ستراتیژی گەیشتن بە ئازادیە، ئەوە ستراتیژی خستنەگەڕی توانایە لەسەر بنەمای پەیرەو و میتۆدی دیدێکی نوێ لە گەیشتن بە ماف و لە سەلماندنی خود و لە ڕوبەڕوبوونەوەی ڕۆژگارێکی سەختر لە ڕۆژگارەکەی ڕۆزا لوکسمبورگ، ئێمە مێژوو و قارەمانەکانی مێژوو، بە شانەی ئەوکاتە شانە دەکەین و بیرمان دەچێت کە لە ڕۆژگارێکی ئاڵۆزی پارچەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئێستادا، مێژوویەكی زۆر پرشنگدارتر بۆ مێژوو دەنووسرێتەوە.

نوخبەی کورد لە دوو لاوە کەم تەرخەم و بێدەنگە لە ئاستی گرنگیدان بە ڕۆڵی ژنی کورد لە ڕۆژەڤی ئەم سەردەمەدا، لە لایەکەوە بە ئاماژەنەکردن بۆ ئەو هۆکارە سەرەکیانەی کە ڕۆڵ دەبینن لەو بارودۆخە ناهەموارەی ژنی کورد تیایدا دەژیت لە باشوری کوردستان، لە لایەکیترەوە بە بەرجەستەنەکردنی ئەو داستانە هەنوکەییە و جەخت نەکردن لەسەر ئەو ڕاستیانەی توانای ژنی کورد لە ئاستی جیهاندا دەیسەلمێنێ و وەکو مرۆڤ بووەتە لایەکی سەنگ و ترازووی گۆرەپانی ژیان بە هەموو بوارەکانیەوە هاوسەنگ دەکات، بێگومان ئەمەش زنجیرەیەك لە خول و بەرنامە و بڕوای وابەستە بە پەروەردەیەکی تەندروستەوە، وەکو ڕێگایەك بەرەو خۆدۆزینەوە و شەڕ لە پێناوی ماف و مرۆڤایەتیدا، دەگرێتەوە.

لە سەروبەندی دەرئەنجامەکاندائەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە لە دووبەشی جیاواز لە پەیڕەوکردنی سیستەم  و بەرنامەدا (مەبەست باشور و ڕۆژئاوای کوردستانە ) دووکۆمەڵگای جیاواز لە دید و ڕوانگە و ئاسۆ فەراهەم دەبێ، کۆمەڵگایەك لێوانلێو لە ئاڵۆزی و چەقیو لە لیتە و قوڕی سەرلێشێواوی و دۆڕاو لە بوارە ئابووری و سیاسی و سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و دارایی، خاوەن سیاسەتێكی دۆڕاو و وابەستە بە دڕندەترین دوژمنی کورد کە بەرنامەکانی جینۆسایدی کوردی داڕشتووە و بە ئەمەکەوە کلتوری ئەتاتورك بەرجەستەدەکات، سیاسەتێك کە دەستوەشاندن لە هەر ئەندامێکی ئەو کۆمەڵگایە، ژن تیایدا دەبێتە نێچیر و قوربانی و بۆ هەتا هەتا بەرۆکی بە داوی نەهامەتی و سەختی ژیان و ستەمدیدەییەوە دەبەستێتەوە، ئاسۆ کوژاوەکەی ژن لە باشوردا ئەوەندە لە زۆرداریدا ڕۆچووە، کە ژیاری چەندەها سەدەی پێش ئستای تیادا دوبارە دەبێتەوە وەکو تاژیدیاکەی بە سەبایاکردنی هەزارەها کچ و ژنی شارۆچکەی شنگال، کە بە هاوپەیمانی دەسەڵاتی کورد و تورکیا و گروپە توندڕەوەکان ئەنجام درا و ڕۆژانە لە سۆنگەیەوە دڕاما و ڕاستیە تاڵەکان دەخرێنە بەر دیدی خەڵك و دەسەڵاتیش لەو ڕەوش و بارودۆخەی ئەوان زۆر ئاگادارە ، جگە لەوەی چەندەها ژن و خوشك و دایکی مرۆڤە تیرۆرکراوەکان، بۆ هەتا هەتا لە بارێکی دەروونی ناهەموار و ناجێگیردا ژیار دەکەن، ئەوە جگە لە ماڵئاوایی ڕوحی ئەو بێ تاوان و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانەی کە بێ لێپێچینەوە و دادگایی و بێ تاوان شەهید کران، بۆ نمونە هەناسەی بۆ هەتا هەتا ساردی شیرین گەرمیانی و دایکی شەهید سەردەشت و دایکە سنەوبەری دایکی شەهید کاوە و کەسوکاری زۆر لەو قوربانیانەی لە ژمارە نایەن.

زۆر زەحمەتە، دانانی ڕێسایەك بۆ بەراوردکردنی ڕوانین و ڕوانگە و پرنسیبی بۆچوون و کار و ئەزمون و پەیڕەوی بزووتنەوەی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ باشووردا، چۆن لە بواری ئیکۆلۆژیدا، دەبێ گەشەی بەردەوام و کەرەستەی خاو بۆ نەوەکانی داهاتوو ڕەچاوبکرێ، هەر ئاواش لەو ئەزمونەی ڕۆژئاوا، کۆمەڵگا دەخرێتە سەر ڕێڕەوێکی ئەوەندە زانستی کە بتوانێ لە ماکەکانی کۆنەپەرستی و لە ڕێگرە بێ بەهاکانی ڕۆژانەی نیو کۆمەڵگا داماڵڕێ، ئەوەی لە ڕۆژئاوادا هەیە فەراهەمکردنی ژینگەیەکی تەندروستە بۆ ژن و ژینگە، کە بە هەردوکیان گەشەی شارستانی و گەشەی هزر و گەشەی درێژخایەن و بەردەوامی مرۆڤایەتی دەڕەخسێنن کە بناغەیەکی تۆکمە و بەهێز و بە متمانە دادەڕێژێ و چەمکی جێندەر دەکاتە سەرپشکی جێبەجێکردنی کارەکان.

دەبێ ئەوەش بڵێین، کە لە باشوردا ڕێکخراو و تاك و ئاکادیمی و چالاکوانی زۆر ئاکتیڤ هەن، کە سوورن لەسەر گەیاندنی دەنگی خۆیان و ڕەتکردنەوەی زۆربەی بەندەکانی باری کەسێتی و شێوازی بەرێوەبردن و زۆربەی یاسا سەپێنراوەکانی ئەمڕۆ، بەلام ئایا دەسەڵاتی کورد لە هەرێم لەو ئاستەدایە کە بتوانێ گۆڕانێکی ڕیشەیی لە شێوازی بەڕێوەبردن و یاسای باری کەسێتی و لە بوارە جیاجیاکاندا بکات؟ ئایا ئەوەندە ئازادە؟ بە رای من هەرێمێك کە بۆ زیاتر لە ٢٥ ساڵە خۆی لەسەر ڕێڕەوێکی چەوت دەڕوات، ئێستا درەنگە بتوانێ ڕێگای گونجاو بدۆزێتەوە، ئەگەر لە ڕەگ و ڕیشەوە ڕوانگە نەگۆڕێت.

بۆیە دەرئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە لە چەند خاڵێكی کورت و گرنگ دەخەینە ڕوو :

  1. ڕێکخراو و ناوەند و گروپ و سەنتەرەکان، بۆ واڵاکردنەوەی دەرگای کارکردن و دۆزینەوەی کزەخاڵ و هۆکاری گرفتەکان تا ڕادەیەك ڕۆڵ دەبینن و کاریگەر دەبن، بەڵام لەبەر نەبوونی دەسەڵات لە ناوەندی سیاسەت و نەتوانینی بڕیاردان و نەگەیشتنی دەنگیان بە پێگە سەرەکیەکانی هەموارکردنەوەی یاساکان لە نیو پەرلەماندا، لەوێدا دەوەستن.
  2. دەبێ ژن لە ناوەندی بڕیاردا سەنگی هەبێ، لە نێو سیاسەتدا دەنگی هەبێ، لە نێو کۆمەڵگادا وریا و بە ورە بێ و لە پەرلەماندا ئاکتیڤ و زاڵ بێ.
  3. پێگە و توانای ژنی کورد لە ڕۆژئاوا، بۆچوون و ڕوانگەی جیهانی بەرامبەر بە توانای کلاسیکی ژن گۆڕی، ئێستا دەبێ بە پێوەرێکی زانستیانەی نوێ و لە ڕوانگەی چەمکی جێندەرەوە شیکردنەوە بۆ ڕۆڵ و توانای ژن بکرێ لە زۆربەی بوارەکاندا و بە تایبەتی لە بواری سەربازیدا.
  4. دەبێ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکان لە ناوەندە زانستیەکاندا، زیاتر جەخت بخاتە سەر قسەکردن لەسەر ئەو توانا شارراوەیەی لە ژنی کوردا چەکەرەی کرد و بووە واقعێکی بەرچاو، کە لە پیوەرە کلاسیکیەکانی لەئاستی جیهاندا گۆڕی.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.