مادامەکینێ کورد براوەی شەڕە ، با مناوەراتی سیاسیشی لە گەڵدا بکا

لەلایەن ستاندار Posted on 402 جار بینراوە

مەهدی کاوانی

دەگۆترا شەڕ ، شەڕی دژبە داعشە کەچی ئێستاکە بووەتە شەڕی بەرژەوەندو دابەش بوونی نفوز . ئەوەی لە سەر ئەرزی واقیع داعشی بەزاند ، شەڕڤانان بوون هەردوو زلهێزەکەش هاوکار بوون لە گەڵیان ، کەچی ئێستاکەو بۆ ماوەی ٥٠ ڕۆژ ئەو هێزە لە گەڵ تورکیا ڕووبەڕووی سەخترین شەڕبۆتەوەو دوو زلهێزەکەش یەکێکیان گلۆپی سەوزی بۆ تورکان پێکردیەو ئاسمانی عەفرینیشی بۆ ئاواڵە کردوون و دووەمیش خۆی وەک کەڕولال لێ کردیە . ئەگەربە جوانیش دیقەت بدەی شەڕەکە ئاڕاستەی تری بەخۆوە گرتووە ، ئەوە وەک ئەوە وایە هێزە شەڕکەرەکان بە وەکالەت بۆ دوو زلهێزەکە دەجەنگن . یەکێکیان ئێران و ڕژێمی سوریای کردۆتە ئامانج و ئەوی تریش بەرەی نوسرەو ئەنسارو شام و بەرەی ئسلامی و ئیدی ئیدی کردۆتە ئامانج .

پێدەچێ ئەمەریکا خەریکی ئەوە بێت تەعاتوفێکی تریش لە گەڵ هێزە ئیسلامیە توند ڕەوەکان بێنیتە پێشەوەو هەردو هێزە زلهێزەکەش خەریکی سەوداو سەوداکارین لە گەڵ تورکی و هەر بابایەیان و بیەوێ تورکیا لە دواجاردا بەلای خۆیدا بشکێتەوە . مەبەستەکەی من لێرەدا کوردە . ڕووسیا لە سەرێکەوە گلۆپی سەوز بۆ تورکان و لە دژی کوردان پێ دەکاو لە سەرێکی تریش دەڵێ دەبێ کوردیش بە فراوانی دەناو پڕۆسەی ئەستانەو سوتشێ دابیت و ئەمەریکاش دەیەوێ لە بن سەری کوردان بەرەیەکی تر لەو هێزانە کۆکاتەوە کە ئەنتی کوردن . ئێ دەبا کوردیش لە ئەو هەلگێڕو وەرگێڕیە ، قسەگەلی خۆی هەبێت . من ناڵێم هەیتی یان نیتی بەس گوێزانەوەی هێدی هێدی هێزەکانی لە دێر زوورو ڕەقە بۆ بەرەی شەڕی عفرین ، دیارە مەبەستیتی زیاتر پشت بە خۆی ببەستێ و بەرخوردانی عەفرینیشی کردۆتە ئەوەلیاتی خۆی .

ئەم هەنگاوە سەربازیە شتێکی باشە بەس دەبی هەنگاوی سیایشی بە دواوەبێت . سەرزارو بنزاری ئەمەریکا وەها دەخوێندرێتەوە کە کوردان بەو گلۆپە سەوزەی رووسی لە دژیان وەها هەڵگەڕێتەوە کە کوردان بە تەواوەتی بکاتە دوژمنی رووسان و ئێران و بەشار ئەسەد و بۆ خۆشی لە بەری ڕۆژهەلاتی فورات بڵێ داکۆکیتان لێ دەکەم و لە عەفرین و شەهباش بڵێ هەقم بەسەرتانەوە ، نیە . بەندە قسە لە سەر دادپەروەری و ناداد پەروەری ، شەڕەکە ناکەم . ئەسلەن خودی هەلگیرسانی شەڕەکەش با بە ناوی داعشیشەوە بووبێت ، بەڵام لێکەوتەکانی ئەوەی دەبینرێ ، لە سەرەتاشدا هەر بۆ لێکەوتەی لەو جۆرەی ئێستا بووەو مەیینەوەکانیش هێشتا زۆری پێوە ماوە کاخوان چ ئاراستەیەکی تریش بە خۆوە دەگرێ . ئیدی کوردیش هەقی خۆیەتی هەموو هێلکەکان نەخاتە ناو سەبەتەی ئەمەریکی و ئەوها لە خۆی نەکات ڕووسیاو بەرەکەی بە تەواوەتی بایبای لێ بکەن . بە بۆچوونی خۆم هاتنی هەندەک لە سوپای سووری بۆ عەفرین ، جۆرە گلۆپێکی رووسی پێوە بوو بەڵام کافیش نەبوو . ڕەنگە ڕووسەکان چاوەڕوانی زیاتر لە یەپەگە بکەن کە زیاترو بە دڵی ئەوانەوە بچنە ناو پڕۆسەی سیاسی ئەستانەو سوتشێ . ئەو قسەیەم بۆ سەرەتای شەڕەکە گوونجاو نیە بەلکو بۆ ئێستایە کە یەپەگە ملی بۆ تورکان نەدا . بیر مەندی جیهانی کارل مارکس دەڵێ ، شەڕ درێژە پێدەری سیاسەتە . یانی ئەوە ڕێکاو ڕێک ئەو بەرجەستە بوونەیە کە کوردانی ڕۆژئاوا بەڕێوەی دەبەن .

یانی ئەگەر کوردان ملیان بۆ ئەردۆگان دابایە ، ئاڕاستەکانی ڕووسیاو ئەمەریکا و هەر یەکەیان بە ئەجندای خۆی بەرەو ئەو ئاڕاستەیەی دەبرد کە بۆی موریح بێت . کە ملیشیان نەداوە هەلبەتەو هەر یەکەیان لە پلان A یانەوە بۆ پلان B ، کارو کاردانەوە دەکەن . مادامەکینێ شەڕ درێژە پێدەری سیاسەتە ، وە مادام هەتا ئێستا یەپەگە براوەی شەڕ بووە با لە سیاسەتیش وەبەری بێنێ . مەبەستم با خۆی نەکاتە ئەو نێچیرە ئاسانە و هەموو هێلکەکان لە سەبەتەی ڕووسی و سوری و ئێران دەربێنێ . تورکیا بە دیوی خۆی وای کردووە وەک بڵێ کێ لە دیوی ئەنتی کوردەوە بێت من لەوێ دەبم . با کوردیش بە دیوی خۆی بڵێ کێ لە دژی تورکان و ئەوانەی لە گەڵیدان مەبەستم بەرەی نوسرەو ئەنسارو شام و حیزبی ئیسلام و هەتا داعشیش من ئەگەر لە گەڵیشیان نەبم هێلی مام ناوەند وەر دەگرم . ئەگەر بشگۆترێ هێشتا شەڕی عەفرین زۆری بەبەریەوە ماوەو دیار نیە کێ سەر دەکەوێ . ئەوە وایە ، بەڵام بە ٥٠ ڕۆژی شەڕ ، دووەم هێزی ناتۆ بتوانێ تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە سەر سنوور پێشڕەوایەتی بکات ، یا وێلی نەخواستە ئەگەر شەڕەکە ،بکەویتە ناو شارەکان چ قەسابخانەیەک بە نسیبی ببێت . ئەوە قسەی من نیە بەلکو هی بەشی هەرە زۆری لێکۆلەرەوە سیاسی و ڕێوڕەوی شەڕو لێکەوتەکانە . مادامەکینێش شەڕەکە هەر تەنیا شەڕی دوو لەشکر یان سێیان نیەو بووەتە شەڕێکی جیهانی ، خۆ دەبێ عەقلی سیاسی حیسابی ئەو گشتگیریەش بکات . بۆ نمونە ئەوروپا گۆڕانی بە سەردا هاتووە لە هەلوێستێکی شەرمنانە بۆ داکۆکیەکی شەرمنانە لە کورد بە تایبەتی فەڕەنسا ڕەنگە هەنگاوی باشتریشی بە دواوە بێت . پێ دەچێ ئەمەریکا خەریکی ئەوە بێت و بڵێ خۆ تورکان نەشتوانن عەفرین بگرن ، دەتوانن ڕێڕەوێک بۆ ڕێکخراوە سونیە دینیە سەربە تورکەکان و ئیدیش بۆ بەری حەلەب بکەنەوە یانی ڕێڕەوی شەڕەکە لە دژی کوردانەوە بگۆڕن بۆ دژی هێزەکانی بەشارو ئێران و بگرەڕووسیاشەوە .

ڕووسیاش قابیلە لەوەوە بێ دەنگ بێت . ئیدی ئەوانیش پەرچەکرداری لەو بابەتەیان دەبێت . دیارە وەرچەرخانی وەهاش بۆ کورد زیان بەخش نیە . بە دیوی تریش مادام کورد نزیکەی ۲٠٪ ی خاکی سوریای بە دەستەوەیەو توانیتیشی بەبێ هاوکاری ئەم و ئەو ٥٠ ڕۆژ بەرامبەر بە دووەم هێزی ناتۆ مل نەدا ، کەواتە لە سەر ئەرزی واقیع جگە لە ڕووسیاو ئەمەریکا بە هێزی یەکەم یان دووەم دەبێ حیسابی بۆ بکەن لە هەر وتووێژێکی دادێی سیاسی و هەتا ڕووبەڕووبوونەوەش .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.