ژن لای مرۆڤە سپیەکە واتە نیشتمان

لەلایەن ستاندار Posted on 327 جار بینراوە

 

ستارە عارف

لەماوەی٢٧ساڵی حوکمڕانی هەردو بنەماڵەی قۆرخکاری بارزانی و تاڵەبانیدا، مرۆڤە سپیەکان یان پەراوێز خراون، یان بەهۆی زۆری کردەی مافیایی و گەندەڵی بەرپرسانی هەردو حزب و پاشکۆکانیانەوە، لەتارمایدا بون و نەبینراون، یان ڕاستر هەوڵ و تێکۆشانیان بە هەند نەگیراوە، بەهۆی ئاست نزمی ئەو بەرپرسانەوە، یەکێک لەو کەسانەی خۆڕاگرانە و بەرپرسیارانە و نیشتمانیانە ژیاوە و کەسێتی و ناوبانگی خۆی بە پاکی پاراستوە و بۆ چەتەکان نەچەماوەتەوە و لەپشت پەردەوە متمانە بەخۆ کاری کردوە، کاک جەلالی سام ئاغایە.

لەماوەی ٩ ساڵ کارکردنیدا لەدیوانی چاودێری دارایی سلێمانی، کە پلەکەی وەزیر بوە و وەک وەزیر نەژیاوە و هەمو یارمەتی و ئیمتیازێکی تایبەتی بۆ خۆی ڕەتکردۆتەوە و سادە و ساکار ژیاوە، (٢هەزار و ٧٢٠) ڕاپۆرتی لەسەر هەر سێ دەستەڵاتەکە بۆ دادگایکردنی کۆمەڵێک تۆمەتبار ئامادە کردوە،(٨٦)کەیسی گەندەڵی قورسیشی خستۆتە بەردەم دادگا و بۆ پەرلەمانی کوردستانیشی ناردوە، هەرچەندە هیچ یەکێک لەوانە لەلایەن دادگا و داواکاری گشتیەوە نەجوڵێنراون. لەماوەی ئەو ساڵانەدا ڕوبەڕوی هەڕەشە و هەوڵی تیرۆرکردن و زەحمەتی قورس بۆتەوە، هەر کۆڵی نەداوە و سازش بۆ دەستڕۆیشتوان ناکات و ئالنگاری حوکمی چەتەکانی هەردو بنەماڵە دەکات، لەگەڵ ئەوەیشدا لەکاری بەخشین و خزمەتی نیشتمان بەردەوامە، گەورەییە بۆ مرۆڤێک لەناو دەریایەک خراپەکاری دەستەڵاتی هەردو حزبدا ئەو هەنگاوەکانی خێراتر بون و بۆ ساتێکیش خزمەتی نیشتمانی لەیاد نەکردوە، سام ئاغا تا ئێستایش لەکاری بەخشندەیی بەردەوامە و خانوەکەی، کە بە ئەرک و ماندوبونی خۆی دروستیکردوە، لەسەر وەزارەتی تەندروستی هەرێم تاپۆی کردوە، تا پاش خۆی بکرێتە نەخۆشخانە و میللەت سودی لێوەربگرێت، دروستکردنی قوتابخانەیەکی دوانزدە پۆلی بۆ منداڵانی ڕەش و ڕوتی ئەم وڵاتە بە ناوی (زەکیە سام ئاغا)وە لەسەر ئەرکی خۆی لەڕۆژی١٠/٨/٢٠١٧وە کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، زەکیە سام ئاغای خوشکی یەکێکە لەمامۆستا دیارەکانی شاری سلێمانی و کۆچی دوایکردوە، ئەختەر خانی خوشکیشی شوقەکەی خۆی بە دیاری بە وەزارەتی پەروەردە دەبەخشێت، بۆ ئەوەی بە باخچەی ساوایان بکرێت و بۆ سودی گشتی وڵات و منداڵانی ئەم گەلە بەش مەینەتە، بڕیاریشە هۆلێکی پرسەی ژنان بە ناوی ئەختەرخانی خوشکیەوە دروست بکات.

خەڵاتی ژنانی سەلار خەڵاتەکەی بۆ ژنان، بە ناوی خەڵاتی ژنانی سەلارەوە و ناونانی ژنان بە سەلار و لێهاتو، یەکێکە لەبەها گرنگەکانی ڕیزدانان و بایەخدان بە ژن، کە لەمانگی ئابی ساڵی٢٠١٠وە سام ئاغا سەرۆکی پێشوی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی، پارچە زەویەکی فرۆشت و پارەکەی خستە بانکەوە و لە(٩٠%)ی قازانجی یاسایی ساڵانەکەی، ساڵانە وەک خەڵات بەسەر کارمەندانی دیوانی چاودێری سلێمانیدا دابەش دەکات، بە ناوی خەڵاتی سام ئاغاوە بۆ کارمەندانی لێهاتو و خانمانی سەلار. ئەو بەم خەڵاتە ڕێز و حورمەت بۆ کارکردنی ژنان دەگەڕێنێتەوە و کار و کەسێتیان بەرز دەنرخێنێت، جگە لەوەی هاندانی ژن و تاکە بۆ کارکردنی پاک و ڕاست و خزمەتی نەتەوەیی و گەلێری، لەکاتێکدا دەستەڵاتی هەردو حزب لەماوەی حوکمڕانیاندا ژنیان کردوە بە کاڵایەکی هەرزان، کە دەبوایە حکومەتی هەرێم لەپێناو پێگەیاندنی نەوەیەکی وەبەرهێن و دڵسۆز و نیشتمانپەروەردا ئەم هاندانەی بۆ گەنجان و ژنانی ئەم وڵاتە دابین بکردایە.

تا ئێستا ژنان نەیانتوانیوە ئەو نرخە بۆ کەسێتی و کار و خەباتی خۆیان دابنێن و ناوەڕۆکی بەنرخی خۆیان بەو جۆرە بدۆزنەوە، گرنگیدانی ئەم مرۆڤە مەزنە بە ژنان، لەڕۆحی خۆشەویستی نیشتمانەوە دێت، کە بە تەرخانکردنی ئەم خەڵاتە دەریخستوە، ژن واتە نیشتمان و هەتا ڕێز لەکەسێتی و کاری ژن نەگیرێت و بۆ کۆڕی خەباتی هەمەجۆر هاننەدرێن و نەکرێنە پێشەنگ، نیشتمان هیچ مانایەکی نیە، بەم کارە ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ژنی ئاشکرا کردوە، کە کاری سپی و ڕوبەڕوبونەوەی ستەمکاری و قۆرخکاری بە هاوشانی ژنە سەلارەکان پێشدەکەوێت، کەچی ڕێکخراوەکانی ژنان تا ئەم ساتەیش دەرکیان بەم گرنگیە نەکردوە و باسی ئەو هەڵوێستە بە نرخەی سام ئاغایان نەکردوە، بە پێچەوانەوە هێشتا لەبازنەی داخراودا دەخولێنەوە و دروشمی سواو دەڵێنەوە، ناونانی شوێنی گشتی و کاری بەخشندەیی بە ناوی خوشکەکانیشیەوە، بەشێکی سەرەکیە لەڕێزگرتن لەژن، هەرچەندە ئەم ڕۆحی بەخشندەیی و نیشتمانیە تایبەتمەندی خێزانەکەیانە، کە خێزانێکی دڵسۆزی ئەم شارەن و ئەم شارەیش چەندین مرۆڤی ئاوا مەزنی بەرهەمهێناوە.

سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان لەنائومێدی دا بەهۆی تاڵانی تاقمێک بە ناو بەرپرسەوە نقوم بوە، بەڵام هێشتا کەسانی بەخشندە و پڕ مۆڕال لەم کۆمەڵگەیەدا هەن و ڕۆژانە پێماندەڵێن، هێشتا تیرێژی خۆر لەکەلدایە و نابێت نقوم و ڕەشبین بین و ڕۆژی تاوانباران نزیکە، لەکۆتایدا هیوا دەخوازم نمونەی دەستپاکی و نیشتمانپەروەری و بەخشندەیی کاک جەلالی سام ئاغا و خێزانەکەیان زۆر بێت، ئەم شەوقە لەناو دنیایەکی تاریکدا هاندەر و ورەیە بۆ خەباتکردن بەرەو دنیایەکی ڕوناک.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.