ڕاپەڕین و پاڵتۆکەی گۆگۆل

لەلایەن ستاندار Posted on 488 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

گرنگترین ڕووداوی سیاسی لە کوردستانی باشوردا ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١بوو دژی ڕژێمی بەعس، حزبەکان بە ھاوکاری و ئازایەتی خەڵک ئەم ڕووداوەیان دروستکرد. پێش ڕاپەڕین خەڵک چەندین خەونی گەورەی ھەبووە ڕزگاربوون لەدەستی بەعس گەورەترین خەون بوو، دەبینین ئەوکات منداڵەکان ناوییا لێدەنرا ڕزگار یان ئازاد. ھەموو ئومێدەکان بریتی بوون لە ڕزگار بوون لە دەستی ستەمکاری بەعس و چونە ناو بەھەشتەکەی بەرەی کوردستانی! دوایی ڕاپەڕین بەماوەیەکی کورت حزبەکان ھەڵبژاردنیان کردوو ھەنگوینەکەی دەسەڵات و پارە یەکێتی و پارتی کرد بەدژی یەک، شەڕی ناوخۆ لەسەر پارە بوو نەک چەسپاندنی ئومێدەکانی ڕاپەڕین، شەڕی ناوخۆ سەرەتایی نائومێدیەکان بوو.
ھۆشی منەی ڤێتنامی دەڵێت بۆ ئەوەی شۆڕشگێرەکان گەندەڵبکەیت غەرقیان بکە لەپارەدا، سەرکەوتنی ڕاپەڕین بەماوەیەکی کورت کوتایی ڕاپەڕین و ئامانجەکانی بوو، وەک علی وەردی دەڵێت سەرکەوتن گۆڕی شۆڕشە، واتا زۆرکات سەرکەوتنی شۆڕش و ڕاپەڕینەکان کۆتایی خەون و ئومێدەکانی خەڵکە و سەرکەوتن دەبێتە گۆڕی ئامانجەکان، دەبینین لە دونیاشدا شۆڕشە گەورەکان دوای سەرکەوتن بوونەتەوە جەھەنەم وەک پێش شۆڕش، شۆڕشی فەرەنسا ١٧٨٩ دوای خۆی ڕۆپسپیری ستەمکاری دروستکرد، شۆڕشی ئۆکتۆبەر ١٩١٧ی ڕوسیا ستالینی بەرھەمھێناو بە ملیۆنان کەسی کوشت، شۆڕشی کوبای چیڤارا و ڤیدڵ کاسترۆ دواتر ڤیدڵ کاستڕۆی کردە ستەمکارێکی گەورەو تامردن کورسی دەسەڵاتی چۆڵنەکرد. لێرەدا سەرکەوتنەکان بونە سەرەتایی ستەمکاریەکی گەورەتر، دەبێت لەپاڵ ھەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا گومانی ستەمکاریمان ھەبێت.

لەئەدەبیاتدا بەچەندین شێوە مەترسیەکانی ستەمکاری دوای شوڕش و ڕاپەڕینەکان نیشاندراوە، نوسەری بەریتانی ( جۆرج ئۆرویل ) لە ساڵی ١٩٤٤ ڕۆمانێک دەنوسێت بەناوی (کێڵگەی ئاژەڵان) پاش ڕێگرییەکی زۆر لە ساڵی ١٩٤٥لە بەریتانیا بڵاو دەبێتەوە، ڕۆمانێکی واقعی مێژووی سیاسییە، ئەم ڕۆمانە باسی شۆڕش و دوای شۆڕش دەکات لە زمانی ئاژەڵانەوە، ھەرچەندە ئەم ڕۆمانە گوزارشتە لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی روسیا و دواتر ھاتنە سەر کاری ستالین و کوشتنی ملیۆنان کەس بەناوی شۆڕشەوە، بەڵام ئەم ڕۆمانە وێنادەکرێت بۆ گشت شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی دونیا، لە کێڵگەی ئاژەڵاندا چەندین ئاژەڵی وەک ( بەرازو مەڕو بزن و کەرو ئەسپ و ماین و مریشک و قەلە ڕەش ) دەژین، بەرازیک خەون بە شۆڕش و ڕزگار بوون لە دەستی مرۆڤ دەبینێت و دواتر بۆ ئاژەڵەکانی دەگێڕێتەوە و دەمرێت، دواتر ئەو خەونە دێتەدی و ئاژەڵەکان شۆڕش دژی خاوەنی کێڵگەکە دەکەن کە مرۆڤە و دەست بەسەر کێڵگەکە دادەگرن، دوو لە بەرازەکان ڕابەرایەتی شۆڕشەکە دەکەن، بە ڕۆیشتنی ڕۆژگار ھەنگوینی دەسەڵات بەرازەکان بەرەوفەرمانڕەوای و ستەمکاری و گەندەڵی دەبات، بەناوی خیانەتەوە دوو بەرازەکە یەکتر تۆمەتبار دەکەن و تادوای بەرازێکیان لە کێڵگە دەردەکرێت و تاکە بەرازێک ڕابەرایەتی کێڵگەکە دەکات، ھەرچی حەرامە حەڵاڵی دەکات بەتەنیا بۆ بەرازەکان، بەرازەکان بنەماکانی شۆڕش پشگوێ دەخەن، ئاژەڵەکانی تریش بێ ئیرادەن و تامردن دەبنە کۆیلەی بەرازەکان و خۆزگە بە سەردەمی پێش شۆڕش دەخوازن. ئۆرویڵ نیشانمان دەدات گوڕینی دەموچاوەکان گرنگ نیە و پێویست ناکات بە ڕوکەشەکان بڕوابکەین.

نیکۆلای گۆگۆل ڕۆماننوسی ڕوسی ساڵی ١٨٤٢ چیرۆکێکی نوسیوە بەناوی (پاڵتۆ)، ئەم چیرۆکە کاردانەوەی زۆری ھەبووە تا ئێستاش، بۆیە دۆستۆیفسکی دەڵێت ھەموومان لە پاڵتۆکەی گۆگۆلەوە ھاتوینەتە دەرەوە. ئەکاکی پاڵەوانی چیرۆکەکەیە و لە بەڕێوەبەرایەتیەکی حکومی فەرمانبەرە، ئەکاکی خاوەنی پاڵتۆیەکی کۆن و شڕە و ناتوانێت بیگۆڕێت، لەسەر ئەم پاڵتۆ شڕەی دەبێتە گاڵتەجاڕیی ھاوڕێکانی، لەژێر ئەم گاڵتەجاڕییەدا ئەکاکی ئەم پاڵتۆیە دەگۆڕێت و پاڵتۆیەکی نوێ بەدروستکردن دەدات لەکاتێکدا ئەکاکی زۆر ھەژارە، ئەکاکی پاڵتۆ تازەکە دەپۆشێت و ماوەیەک ھەست بەئارامی دەکات، بەڵام شەوێک چەند کەسێک ڕێگە لە ئەکاکی دەگرن و پاڵتۆکەی لێدەسەنن، ئەمەش خەمێکی قوڵ بۆ ئەکاکی دروستدەکات و دواتر کاربەدەستان بەساردیی وەڵامی دەدەنە بۆ دۆزنەوەی پاڵتۆکەی، لەکۆتاییدا ئەکاکی بەم خەمەوە دەمرێت.
ئەم چیرۆکەی گۆگۆل ڕیالیزم و ڕەخنەگرانەیە و بەکۆمەڵگا دەڵێت بە ڕوکەش و ماسکەکان نەخەڵەتێن، لێرە پاڵتۆ ھیمایە بۆ دەسەڵاتی سیاسی و کاتێک پاڵتۆکە کۆن و شڕ بووە ئەوا دەسەڵات بێکەڵک بووە، دواتر لەڕێگەی شۆڕش و ڕاپەڕینەوە ئەم پاڵتۆیە کە وێنای دەسەڵاتە دەگۆڕێت بۆ پاڵتۆیەکی تازەتر بەڵام لە پاڵتۆ شڕەکە خراپتر دەبێت، گۆگۆل نیشانماندەدات دەبێت گومان دروستبکەین بۆ گۆڕانکارییەکان و مەرج نیە گۆڕانکاریەکان لە جەھەنەمەوە بمانبەن بۆ بەھەشت، زۆرکات شۆڕش و ڕاپەڕینەکان جەھەنەمێکی گەورەتر دروست دەکەن.

دوای زیاتر لەچارەکە سەدەیەک لەڕاپەڕینی کوردستانی باشور ئەوەی دەیبینین جەھەنەمێکی دروستکراوی دەستی حزبەکانە بەتایبەتی یەکێتی و پارتی چونکە کۆنتڕۆڵی ھەموو جومگەکانی دەسەڵاتیان کردووە، ھەندێ حزبی تریش لە دیوەخانی ئەم دەسەڵاتەدا سەمادەکەن. مایکڵ ڕۆبن دەڵێت ئەوەی سەددام حسێن تەواوی نەکرد لەدوای ڕاپەڕین دەسەڵات تەواویکرد، ئەم دەسەڵاتە ستەمکارێکی تەواوەو مەترسیدارە و بۆ مانەوی خۆی ئامادەیە ھەمووشت بکات، وەک مۆنتسکیۆ دەڵێت ستەمکار دارێک لەژێرەوە دەردێنێت بۆ لێکردنەوەی بەرەکەی، لەکۆتایدا ئەم دەسەڵاتەی دوای ڕاپەڕین کەمژدەی خۆشبەختی و ژیانێکی ئازاد و دیموکڕاسی ھەڵگرتبوو کەوتە برسیکردنی خەڵکەکەی بەھۆی فەشەلی سیاسەتەکانی و کلیپتۆکڕاسی نەوت، جۆن لوک گوتی کاتێک دەسەڵات گەلەکەی ھەژارو برسیبکات لە ستەمکاری ئەو دەسەڵاتە گومانت نەبێت.
ڕاپەڕین بریتی بوو لە گۆڕینی ستەمکار بۆ ستەمکارێکی تر و ستەمکاریی بەردەوامە، لە ئێستادا ھەموو خەونەکانی ڕاپەڕین کۆتاییان ھاتووە و دەسەڵات بە بۆنی نەوت و دۆلار مەستبووە، دەبێت ھۆشیارییەکی بەرز چەکوشێک بدات لە کەلـلەی ئەم دەسەڵاتەو خەبەری بکاتەوە، تاکەکان دەبێت دووبارە خۆیان ئەبدەیت بکەنەوە و گومانی زیاتر دروستبکەن لەسەر دەسەڵاتی دوای ڕاپەڕین، تا ئێستاش بەشێکی کۆمەڵگایە بۆتە دەست و قاچی دەسەڵات، ئاتین دۆلابۆتێ دەڵێت دەسەڵات ھیچ نیە جگە لەوەی ئێمە پێمانداوە، دەستمان پێداوە تا بۆکسمان لێبدات و قاچمان پێداوە تا شەقمان لێبدا. پۆست ڕاپەڕین بریتیە لە دەسەڵاتێکی ستەمکارو جیاوازی چینایەتی گەورەی دروستکردووە و کۆمەڵگا و تاکی پارچە پارچە کردووە.
لەیادی ڕاپەریندا باچیتر بەیاننامەکانتان ھەوری ڕەشی درۆ دروستنەکات چونکە ئەزمونی شکستخواردوی دوای ڕاپەڕینتان دیارە، ئەم پاڵتۆیەش شڕ بووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.