ئەرێ بەڕاست کەس ماوە لەم وڵاتە ئیھانە نەکرێت؟!

لەلایەن ستاندار Posted on 437 جار بینراوە

زیاد ڕەشاد قادر

ئیھانەکردن لە پێناسەیەکی زۆر ڕووکەشیدا بریتییە لەوەی کەسێک جوێن و قسەی نەشیاو بە کەسێکی دیکە بڵێت و بەھۆیەوە زیان بە سومعە و کەسێتی و کەرامەتی بگەیەنێت. یا زۆر جار ئەگەر بڵێن کەسێک ئیھانە کراوە، ڕەنگە وا بێتە بەر زەینمان قسە بە باوان و ئەژدادی گوتراوە. یا ڕەنگە وا وێنای بکەین، ئیھانەکردنی کەسێک واتە پشتاوپشت بیخەیتە سەر پشتی گوێدرێژێک و سەر و برۆی بە گوێزان پاک بتراشی و بەناو شاردا بیگێڕیت. دەشێ ئیھانەکردن سوغدانی سەری کەسێک بێ بە مەنجەڵێک ماست و تەماتە تێگرتن و ھێلکەبارانکردنی بێ لەنێو خەڵکدا. دەشێ ئیھانەکردن ھۆیھاکردن بێ لە ڕکابەرە سیاسییەکانمان، یان ئەوانەی جلکپۆشین و ڕۆیشتن و ئیقاعی قسەکردنیان وەکوو ئێمە نییە. دەشێ ئیھانەکردن بەسەردا ھاوارکردن و پەلاماردانی ئەوانە بێت کە باڵامان ناگاتە باڵای ئەوان و ھتد…

ئەوانە و چەند مۆدێلگەلێکی ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوی دیکەی ئیھانەکردن، کە ھەموومان لێی حاڵی دەبین و دەزانین مامەڵەی نەشیاو و ناشارستانیین و کار لەسەر زامدار کردنی ڕۆحی ئینسان و تێکشکاندنی کەسییەتیی بەرانبەرەکانیان دەکەن، وەلێ چەند فۆرمێکی دیکەی ئیھانەکردن لەوڕۆدا لەنێو کۆمەڵگەی مرۆییدا بەگشتی و ئەم سەر زەمینەی ئێمە بەتایبەتی ئیشی لەسەر دەکرێت. بۆ نموونە: ئەگەر بابێک بە منداڵەکەی خۆی گوت: ساڵی داھاتوو کۆمپیوتەرێکت بۆ دەکڕم، دوایی نەیکڕی و خۆی لێ نەبان کرد، یا بیانووی پووچی ھێنایەوە. یان حکومەتێک ڕۆژانە بە خەڵکەکەی خۆی بڵێت: ژیانتان ھێندە خۆش و خۆشگوزەران دەکەم و مووچە و شایستەی داراییتان ھێندە باش دەکەم، کەچی دوایی زێتر تێکوپێکی بدات. یان وەزارەتەکان سۆزی چاککردنی کارەبا، ڕەوشی تەندروستی، سێکتەری خزمەتگوزاری، کەرتی بازاڕ و گەشتیاری… بدەن، دوایی ھیچی بەسەر ھیچەوە نەھێڵن… ئەمانە و دەیان جۆری دیکە لە: گفتی بێ کردار، بەڵێنی درۆ، ئەوڕۆ و سبەی پێکردن، خۆگمرخاندن لە کار و خۆڵکردنە چاوی ئەوانی دی… ھەموویان جۆرێکی دیکەن لە ئیھانەکردن و شکاندنی شکۆ و کەرامەتی ئینسان.

ھەروەھا لە ھەر جێیەک دیتمان نێوەندە ڕۆشنبیرییەکان میدالیای سەرکەوتنیان بەخشییە نووسەر و ھونەرمەندە نەخوێندەوارەکان و لەولاوەش داھێنەرەکانیان فەرامۆش کرد. ھەر کات دامەزراوەیەک توخمە جاھیل و مشەخۆرەکانی کردە پێشەنگ و لە بەرانبەریشدا نرخی بۆ کتێب و فەرھەنگ و بڕوانامە و کەفائەت دانەنا. ھەر گاە لایەنێک لەباتی کار و خزمەت و دڵسۆزی، سەفسەتە و چەنەبازی و پڕبێژی کردە پێوەری پێشخستن و کردنە مەسئوول. ھەر دەم حیزب و حکومەت و دامودەزگایەک بە گەز و ترازووی ڕەنگ و ڕەگەز و ناو و ناسنامە و لەسەر بنچینەی عێل و عەشرەت و خزمچێتی و شارچێتی و بە پێوەری ئەوەی (مادام بابی مەلەزانە، کەواتە ئەم بە سانایی لە ڕووبارەکە دەپەڕێتەوە)… خەڵکیان کردە وەزیر و مودیر و پەرلەمانتار و موستەشار… ئەوا ئەو دەم ھەموومان لەبەردەم شاڵاوێکی گەورەی ئیھانەکردنداین، ئیھانەکردنێک لە ڕووکەشدا سادە و بچووک دێتە بەر چاو، بەڵام لە ناوەڕۆکدا گەلێک سامناکتر و کوشتندەترە لەوەی سەر و برۆی دەتراشن و تەماتەبارانی دەکەن و بەدوای ماشینێکدا ڕایدەکێشن و ھۆیھای لێدەکەن. ئەرێ بەڕاست لەم وڵاتە کەس ماوە ئیھانە نەکرێت؟!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.