بەربەستەکان بشکێنن….!!!

لەلایەن ستاندار Posted on 438 جار بینراوە

محمد غەزالی

لەم چەند بستە زەوییەی ئێمە، کە ٤٩% خاکەکەی لەژێر حوکمی کوردییە، لەسایەی نەبوونی پرۆژەی گەورەی نیشتیمانی،سیاسی،ئابووری، ئیداری….لەماوەی چارەکە سەدەیەک، سندوقی دەنگدان وەک سەرجەم کایەکانی دیکەی گۆڕانکاری تا بڵێی کەم نرخ و بەھابووە….! لە ھەر گۆشەیەک لێی بڕوانی تروسکایێک بەدی ناکەیت بۆ گۆڕانکاری گەورە، ئەم ڕەشبینییەی تاکی کوردی لەخۆڕا نییە، کە متمانە بە سندوقی دەنگدان نەکات…!!

حزبانی دەسەڵات، لەڕێگەی خیتابی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری کوێرانە، چییان نە خوڵقاند..؟ بە درێژایی ٢٧ساڵ بە ئازادی ئەم وڵاتەیان بەش بەش و تاڵان و پاوان کرد، کام نەخشەی پوچی ئیدارییە تاقییان کردەوە، تا گەیشتینە ئەم قۆناغە شومەی ئێستا…!! ئەمان لەم بستە زەوییە کام کایەی جوانی جیھانییە ئەتکییان کردووە، کام نەخشەی و مەنھەجی بە بڕشتە سەرکوتییان کردووە، ھەموویشی تەنیا بۆ بەدەستھێنانی ئامانجی شەخسی و حزبی..!

ئەمان لە داھێنانی مەنھەجی سەقەت و فشەڵ و پوچگەرایی لە پلەی کامڵی تەواوەتی دان، داھێنانی ئەمڕۆیان، سەدان جار قێزەونترە لە داھێنانی خیتابی نەتەوەیی کوێرانەی دوێنێ و پێر، ملی کام داھێنانییان بگریت لە مۆدێلی حوکمڕانی ٢٧ ساڵەی کوردی، لە ستەم و زەھر و نادادی و بەد کرداری نوقم دەبیت ….!!!
حزبانی دەسەڵات و کادیرانییان، وەک جنۆکە ڕۆچونەتە شا دەمارەکانی تاک و خێزان و دار بەرد و دیواری ئەم وڵاتە، …. ئەمان وێڕای ئەوەی ھەر چوار ساڵ جارێک دەبنە ھۆی لەناوبردنی چەندان دەستکەوتی نیشتیمانی و نەتەوەیی، لەھەمانکاتدا دزە دەکەنە ناو چەندین پەیوەندی کۆمەڵایەتی، خێزانی،ناوچەیی……، بەجۆرێک ئەگەر لە خێزانێکی چوار پێنج کەسی باوک، یان گەورەی ماڵ، لایەنگری حزبێک بێت، ئەو لایەنگرییە دەبێتە یاسایەکی نەگۆڕ بۆ ئەندامانی دیکەی خانەوادەکە…!
ئەم داھێنانەی دەسەڵاتی، لەپاڵ ھەڕەشە و سەکوتکردن و بڕینی مووچە و قوتی ئەندام و لایەنگرانییان و سانسۆر خستنە سەر دەنگدەر، عەمەلییەی دەنگدانییان وەک سەرجەم کایەکانی دیکە ئەتککردووە…!!
ئەمان دەنگدەری گەنج و نەوەی تازە ڕوبەڕووی ململانێ و کێشەی قوڵی خێزانی دەکەنەوە، لەپاڵ دەیەھا ڕستەی کلتوری بەدی سیاسیوەک:
ـ عەیبە لە قسەی گەورەت دەرچیت…ئەمە بۆ گەنج.
ـ عەیبە دەسەڵاتت بەسەر مناڵەکەت،براکەت،کەسەکەت…. نەبێت و دەنگی دەنگی تۆ نەبێت، ئەمەش بۆ گەورەی ماڵ….

بەمجۆرە ئەم (بزنس ـ سیاسییانە) بە درێژایی ٢٧ساڵ، کۆمەڵگا و خێزانی کوردییان بردۆتە ناو جەرگەی ململانێی سەختی کۆمەڵایەتی و خێزانی، کە دواجار ئەمە ئەتککردنی مافی تاکە تاکی خەڵکییە، تا دەگاتە ئەتکردنی دەنگی دەنگدەر …… بە درێژایی چارەکە سەدەیەک و دوای ٢٠٠٤ سندوقەکانی دەنگدان وێڕای ھەبوونی ھەزاران دەنگی ساختە، پڕکراون لە دەنگی شەرمنانە و زۆرەملێ، لەسەرووی ھەموو ئەو شتانەشەوە، ئەم کلتورە سیاسییە بۆتە ڕێگر لەبەردەم گۆڕانکاری ڕیشیی لە وڵاتدا، بۆیە پێویستە ئەمجارە ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لە ھەڵبژاردنەکان، ئەم بەربەستانە تێکبشکێنن، بەرنامەیەکی بەھێز و جدییان ھەبێت بۆ شکاندنی بتە شەیتانییە ڕۆچووەکان بەناو خوێنی تاکی کوردی و بەجدی کار لەسەر ئەم جۆرە بابەتانە بکرێت…!!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.