وتارە مێژویییەکەی نیڵسۆن ماندێلا دوای سەرکەوتنی کۆنگرەی نیشتیمانیی باشوری ئەفریقا

لەلایەن ستاندار Posted on 416 جار بینراوە

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کەمال چۆمانی

کێیپ تاون
٩ی مێی ١٩٩٤
بەڕێزان و ئازیزان،
ئەندامانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان،
هاووڵاتییە باشوری ئەفریقایییەکانم
ئەمڕۆ دەچینە ناو سەردەمێکی نوێ بۆ وڵات و خەلکەکەی. ئەمڕۆ ئاهەنگی سەرکەوتنی لایەنێک ناگێڕین، بەڵکو سەرکەوتنێک بۆ هەمو خەڵکی باشوری ئەفریقا.
وڵاتەکەمان گەیشتۆتە بڕیارێک. لەنێوان هەمو ئەو حیزبە پێشبڕكێکارەکان لە هەڵبژاردندا، رێژەی زۆرینەی باشوریی ئەفریقایییەکان پارتیی کۆنگرێسی نیشتیمانیی ئەفریقایان راسپاردوە بۆ سەرکردایەتییکردنی وڵاتەکەمان لە داهاتودا. ئەو باشوری ئەفریقایەی کە خۆمان و گەلەکەمان خەباتی بۆ کردوە، جا ئەفرقیی بێ، هیندیی بێ یان سپێی یان هی رەنگی دی، خۆیان وەک وڵاتیی یەک نەتەوە دادەنێن.
لەوانەیە ئەوە مێژو بو کە ئەوەی بەدەستهێنابێت لێرە، لە ‘کێیپی هیوای چاک’ کە پێویستە بەردی بناغەی نەتەوەیەکی نوێی لێ دابنێین. هەر لەبەرئەوەی [بەردەکە] لێرە بو لە ماوەی سێ سەدەی رابردودا، لەو کەنارانە سەرەتای چارەنوسی ئاوێزانبوی گەلانی ئەفریقا، ئاسیا و ئەوڕوپا دەستیپێکرد.
بۆ ئەم نیمچە-دورگەیە بو کە نیشتیماندۆستانی، لەناویاندا میر و زانایان، ئیندۆنیزیا زنجیرکران. ئەوە پێدەشتە لماوییەکانی ئەم نیمچە-دورگەیە بون کە یەکەم جەنگە ئەفسانەیییەکانی بەرخودانی تێدا بەرپابون.
کاتێک بەسەر دەریاچەی تێیبڵ دەڕوانین، ئاسۆکەی بە دورگەی رۆبن داگیرکراوە، ناوبانگە خراپەکەی وەک زیندانێکی ژێرزەویی بۆ ئاگردانی رۆحی ئازادیی وەک کۆڵۆنیالیزم لە باشوری ئەفریقا کۆنە. بۆ ماوەی سێ سەدان ئەو دورگەیە وەک شوێنێک دەبینرا کە ئەوانەی ئاوتکاست [ئەوانەی دەرەوەی هەمو چینە کۆمەڵایەتییەکان دان] بون تێیدا دوردەخرانەوە. ناوی ئەوانەی لە دورگەی رۆبن زیندانکران و دەخوێنرانەوە، ناوی شەڕڤانانی دیموکراسیی و بەرخودان بو بەدرێژایی سێ سەدە. ئەگەر بە راستیی ئەوە ‘کێیپی هیوای باش’ە، ئەو هیوایە زیاتر قەرزداری ئەو رۆحە نەبەردەی سوپای شەڕڤانان و ئەوانیدییە.
ئێمە لەپێناو دەستورێکی دیموکراتیک لەوەتەی ١٨٨٠اکانەوە خەباتدەکەین. شەڕەکانی ئێمە گەڕانێک بوە بەدوای دەستورێکدا کە سەربەستانە لەلایەن خەڵکی باشوری ئەفریقاوە داڕێژرابێت و رەنگدانەوەی خۆزگە و هیواکانیان بێت. خەبات لەپێناو دیموکراسییدا هەرگیز پرسێک نەبوە تەنها رەگەزێک، چینێک، جڤاکێکی دینیی یان رەگەزێکی باشوری ئەفریقایییەکان بەدوایدا بێت. بۆ رێزلێنان لەوانەی تێکۆشان بۆ گەیشتنی رۆژێکی وەک ئەمڕۆ، شانازی بە هەمو باشترین کوڕ و کچەکانی خەڵکمان دەکەین. لەناویاندا ئەفریقایییەکان، رەنگدارەکان، سپییەکان، هیندییەکان، موسڵمانەکان، مەسیحییەکان، هیندۆسەکان، جوەکان- هەمویان بە دیدگای هاوبەشی ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە یەکخران.
ئەو دیدگایە بو کە لە ١٩٢٣ سروشی بۆ هێناین کاتێک یەکەم قانونی مافەکانمان لەم وڵاتەدا داڕشت. هەر هەمان ئەو دیدگایە بو کە دنەیداین بۆ پێشخستنی داواکانی ئەفریقا لە ١٩٤٦. هەروەها رێبازی دامەزراندنی پەیماننامەی ئازادییە کە وەک سیاسەتێک لە ١٩٥٥ دامانڕشت، کە لە هێڵە هەرە سەرەتایییەکانیدا، باشوری ئەفریقایەک دەچەسپێنێت کە لەسەر بنەمای لەخۆگرتنی وڵاتییبونە.
لە ١٩٨٠کاندا کۆنگرەی نیشتیمانیی ئەفریقایی هێشتا هەنگاوەکانی دەچەسپاند، بوە یەکەم پێکهاتەی سەرەکیی سیاسیی لە باشوری ئەفریقا کە بەتەواوی پەیوەست بێت بە قانونی مافەکان، کە ئێمە لە نۆڤەمبەری ١٩٩٠ بڵاومان کردەوە. ئەو خاڵە مێژویییانە گەواهیی کۆنکریتیی دەبەخشنە باشوری ئەفریقا کە دەتوانێت چی بێت. ئەوان باس لە رێکخستنێکی دەستوریی، دیموکراتیکی سیاسیی دەکەن کە تێیدا قانون مافی هەمو وڵاتییەکان بێ رەچاوکردنی رەنگ، رەگەز، دین، ئاراستەیی سیاسیی و دونیابینیی سیاسیی دەپارێزێت.،
ئەوان پڕۆژەی دیموکراسییەک دەنەخشێنن کە تێیدا حکومەت، جا هەرکێیەک بێت، پەیوەست دەبێت بە هەندێک قانونی باڵاتر کە لە دەستوردا وێنەیان گرتوە، نەک وڵات بە ویستی خۆیان حکوم بکەن.
دیموکراسیی لەسەر بنەمای پرینسیپڵی زۆرینە جێدەگرێت. ئەمە بەتایبەت لە وڵاتێکی وەک ئێمە راستە کە زۆرینە سیستەماتیکییانە مافەکانیان پشتگوێخراون. لە هەمان کاتدا، دیموکراسیی ئەوە دەخوازێت کە مافەکانی هەر هێزێک و کەمایەتییەکانی دیکە پارێزراو بن.
لەم رێکخستنە سیاسییەی ئێمە دامانمەزراندوە، هەڵبژاردنی کراوە و ئازاد و بەردەوام دەبن لە هەمو ئاستەکانی حکومڕانییدا؛ ئاستەکانی ناوەندیی، هەرێمیی و شارەوانیی. لە هەمان کاتدا دەبێت رێکخستنێکی کۆمەڵایەتیی هەبێت کە بەتەواوی رێز لە مافە کەلتوریی، دینیی و زمانەوانییەکانی تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگای ئێمە و مافە بنەڕەتییەکانی تاک بگرێت.
ئەرکەکە دەستبەجێ ئاسان نابێت. بەڵام ئێوە ئێمەتان راسپاردوە بۆ ئەوەی باشوری ئەفریقا لە وڵاتێکەوە کە زۆرینە بە هیوایەکی کەمەوە تێیدا دەژیا بگۆڕین بۆ وڵاتێک کە تێیدا دەتوانن بە کەڕامەتەوە، بە هەستێکی بەخۆباوەڕیی و رێزەوە لە داهاتودا بژین و کاربکەن. کۆڵەکەی بونیادنانی دەرفەتێکی ژیانی باشتر، ئازادیی و سەرفرازیی پڕۆگرامی بونیادنانەوە و گەشەپێدانە.
ئەمە پێویستی بە یەکێتیی ئامانجە. ئەمە پێویستی بە کردارە. لە هەموانمان دەخوازێت پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی کۆتایی بە دابەشکاریی بێنین، کۆتایییەک بۆ گومانکاریی و نەتەوەیەکی یەکگرتو لەناو هەمەچەشنیی خۆماندا بونیاد بنێین.
خەڵکی باشوری ئەفریقا لەم هەڵبژاردنە قسەی خۆیان کردوە. ئەوان گۆڕانیان دەوێت؛ گۆڕانیش ئەوە دەبێت کە ئەوان بەدەستیدێنن. پلانی ئێمە بۆ دروستکردنی ئیش، گەشەپێدانی ئاشتیی و ئاشتبونەوە و دەستەبەرکردنی ئازادییە بۆ هەمو باشوری ئەفریقایییەکان. ئێمە هەژاریی بەرفراوان لەناودەبەین کە لەناو زۆربەی خەڵکی ئێمەدا بەربڵاوە. لەڕێی هاندانی وەبەرهێنەران و دەوڵەتی دیموکراتیک بۆ پشتیوانیکردنی پڕۆژەکانی دروستکردنی ئیش کە تێیدا بەرهەمهێنان رۆڵێکی ناوەندیی دەگێڕێت. ئێمە هەوڵدەدەین وڵاتمان لە وڵاتێکی هەناردەکاری کانزای خاوەوە بگۆڕین بۆ وڵاتێک کە بەرهەمی تەواوکراو هەناردە دەکات لەڕێی وەگەڕخستنی قازانج بە گۆڕینی مادە خاوەکانی کانزا.
حکومەت سیاسەتی گشتیی دادەڕێژێت کە دەستپێشخەریی بەرهەمهێن لەناو جڤاکە بێقازانجە ئەفریقایییەکان، رەنگدارەکان و هیندییەکان. لەڕێی ئاسانکاریی مەرجەکانی قەرزکردنەوە دەتوانین یارمەتییان بدەین بۆ زیادکردنی پڕۆژەکان لە بواری بەرهەمهێنان و دروستکردن و تێكشکاندنی ئەو مەودایە بچوکەی دابەشکردن کە لە ئێستا تێیدا گیریان خواردوە.
بۆ سەربەرزکردنی وڵاتمان و خەڵکەکەی لە قوڕاوی نەژادپەرستیی و ئاپارتاید هەوڵ و ئیرادەمان پێویستە. وەک حکومەت، کۆنگرەی نیشتیمانیی ئەفریقایی چوارچێوەیەکی شەرعیی دروستدەکات کە هاوکار دەبێت زیاتر لەوەی تەگەرە دروستبکات بۆ ئەرکی سەرنجڕاکێشی بونیادنانەوە و گەشەپێدانی کۆمەڵگای بریندارمان.
لە کاتێکدا کە ئێمە بەتەواوی پەیوەست دەمێنینەوە بە رۆحیەتی حکومەتێکی یەکێتیی نیشتیمانیی، ئێمە سورین بۆ دەستپێکردن و هێنانی گۆڕانێک کە گەل لە پێناویدا ئێمەی راسپاردوە. .
دونیابینیی خۆمان لەسەر رێکخستنێکی دەستوریی نوێ بۆ باشوری ئەفریقا لەسەر مێز دەچەسپێنین، وەک داگیرکار نا کە ئیرادەی خۆی بەسەر داگیرکراو دەسەپێنێت. وەک هاووڵاتیی قسە دەکەین بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی رابردو بە ویستی بونیاندانی رێکخستنی نوێ لەسەر بنەمای عەدالەت بۆ هەموان. ،
ئەمە ئەو ئاڵنگارییەیە کە ئەمڕۆ روبەڕوی هەمو باشوری ئەفریقایییەکان دەبێتەوە و دڵنیام هەمومان پێکەوە روبەڕوی دەبینەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.