‌بایکۆت چییە و چۆن ئەنجامی دەبێت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 1020 جار بینراوە

ڕزگار علی

یەکێک لەو ڕێگا مەدەنیانەى کە هاونیشتمانانى هەر وڵاتێک دەیگرنەبەر نارەزایەتییە بەرامبەر دۆخێک کە تێیدەکەون، چا دەبێت بپرسین ئەو ناڕەزایەتییە چۆن خۆى مانفێست دەکات؟ لە وڵاتە ڕۆژئاوایەکان کاتێک کە فەرمانبەران یان کرێکارانى سێکتەرێک یان کارگەیەک لە دۆخى خۆیان ناڕازین هەڵدەستن بە مانگرتن، یەکەم ئیشى مانگرتن نەچوونە سەر کارەکانیانە، بەمەش ئەو شوینە ئیفلیج دەبێت، یان بە شێوەیەکى تر ئاماژەى پێ بکەین، لە وڵاتە ڕۆژئاوایەکان ئەو شوینەى کە ئیفلیج دەکرێت بەهۆى مانگرتنى کرێکارانەوە کاریگەرى بە تەنیا لەسەر خودى شوینەکە نابێت، بەڵکو کاریگەرى دەخاتە سەر تەواوى وڵات، بەمەش لە وڵاتە ڕۆژئاوایەکان ئیفلیجکردنى تەواوى وڵات دەتوانێت بە سێکتەرێک یان بە بەشێک یان بە سکەى قیتارێک دەست پێ بکات، ئەمە لەبەر ئەوەى هەم ئەو وڵاتە وڵاتێکى بە دامەزراوەییە و هەموو شوێنە زیندووەکانى وڵات پەیوەندى بەیەکەوە هەیە، هەم دەتوانین بڵێن لە وڵاتان سیاسەت پەیوەستە بە هەموو دامەزراوەکانى وڵات و بۆیە پیویستە لە خزمەتى هەموو دامەزراوەکانى وڵاتیشدا بێت، ئەگەر لە وڵاتان دامەزراوەیەک پەکی بکەویت راستەوخۆ شکستى سیاسەتە، چونکە سیاسەت بەو دامەزراوەیە بوونى هەیە. با ئێستیک بکەین بۆ کوردستانى خۆمان و بزانین ناڕەزایەتى دەبێت چۆن چۆنى بێت؟ لە کوردستان چونکە سیاسەت بە دامەزراوەیی نییە، هیچ کارێک و پەیوەندییەکى بە دامەزراوەکانیشەوە نییە، لێرە سیاسەتمەداران و حوکمڕانان چونکە ئیشیان لە مافیابوون و ڕوتکردنەوەى هاوڵاتیان زیاتر هیچى تر نییە، بۆیەش تەنیا پێویستییان بە یەک سێکتەر هەیە ئەویش ئەو سێکتەرەى کە مافیابوونیان دەپارێزێت، بێگومان ئەو سێکتەرەش سەرباز و ئاسایش و کۆمەڵە جەتەگەراییەک کە دەچنە خزمەتى خۆیەوە، ئەم پەیوەندییەش کە ئەم جۆرە مافیایە بە سیکتەرەکانى ترەوە دەبەستێتەوە تەنیا ئەوەیە خزمەتى مادى بکەن، واتە ئەم دەوڵەتە مافیایە تەنیا بۆ مادە ئەم سێکتەرانەى هێشتۆتەوە کە هەیە، ئەوەشى کە مادەى لێ نییە، هیچ پەیوەندییەکى بە ئەم حوکمڕانە کوردییەوە نەماوە، ئایا لە جۆرە سیاسەتکردنێکى مافیایی ئەوهادا دەبێت سیکتەرەکان، مامۆستایان، قوتابیان، فەرمانبەران و تەواوى چینەکان چۆن نارەزایەتییەکانیان مانفێست بکەن؟ لەوەها دۆخێکى وەهادا دەبێت نارەزایەتییەکان، مانگرتن، بایکۆت شیوازى نوێ لە خۆى بگرێت، لە دۆخێکى وەهادا بایکۆت نابێتە ناڕەزایی، لێرە بایکۆت ناتوانێت دەسەڵاتداران بخاتە سەر خەت، ئەو بایکۆتەى کە ئێمە دەیکەن و دەچینەوە ماڵەوە دادەنیشین سێکتەرەکانى پەروەردە، خوێندنى باڵا، تەندروستى پێ ئیفلیچ دەکەین دەسەڵاتى پێ ئیفلیج ناکرێت، چونکە وەکو گوتمان ئەم دەسەڵاتە کوردییە ئەم سێکتەرانە بە هی خۆى نازانێت، تەنانەت نەک بە هى خۆشى نازانێت جەوهەرى ئەم دەسەڵاتە کوردییە لەسەر کوشتنى ئەوانە ئیش دەکات، ئەم جەتەگەراییەى کە هەیە هەموو دامەزراوەکانیش پەک بخەیت کێشەى نییە، ئەو تەنیا پیویستى بە سوپایەکە بیپارێزێت کە هەیەتى، بۆیە دەبێت بایکۆت بە ناڕەزایەتى نەزانین، بەڵکو بایکۆت بە دەرفەتێک بزانین کە کۆمانیکردۆتەوە و کاتی زیاترمان دەداتێ بۆ ناڕەزایی، واتە ئەو کاتەى هەمانە بەشى هاوارەکانمان ناکات، بەشى (نەخێر)کانمان ناکات مەجبوور دەبین کات لە بایکۆت قەرز بکەین، بۆ ئەوەى شەو و ڕۆژ کۆمانبکاتەوە لەسەر شەقام، لەناو خۆمان بمانهێڵێتەوە و لەسەر داواکارێکانمان سورترمان بکات، فکرەى تازەمان بداتێ تا ناڕەزایەتییەکانمان زووتر بگاتە ئەنجام، کەواتە ئێمە دەبێت واز لەو جۆرە بایکۆتە بهێنین کە دەمانباتە ماڵەوە و بە خواردنى فاسۆلیا و برنچ و قسەى (بەتەماى خواى) خەریکی کردووین، بەڵکو دەبێت بچینە قۆناغى یاخیبوونەوە لەهەمبەر دۆخێکى نەجوڵاو و ستەمکار، دەبێت هەوڵبدەین قیڕەى هاوارەکانمان بچێتە ناوی کۆشکی سوڵتانەکان، دەبێت وابکەین لەو پاشاگەردانییە رزگارمان بێت، دەبێت داواى گۆڕان بکەین گۆڕانێکى ڕیشەیی و بەهادار، دەبێت سەنگەر لە ستەمکارى بگرین، تاوەکو مافى ئەوەى نەبێت ستەممان لێ بکات، دەبێت بێڕێزیکردن بووەستێنین، دەبێت کۆشش بکەین بۆ دۆخێکى مرۆیی بەهادار کە هیچ نەبێت کەرامەتى مرۆیی پارێزراو بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.