ستاندەر
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ھەواڵێکدا ڕایدەگەیەنێت حکومەتی ھەرێم مەرجەکانی پێشتری بۆ ھاتنە ژورەوەی ھاوڵاتیانی ناوەراست و باشوری عێراق بۆ ھەرێم ھەڵدەگرێت.
رۆژنامەکە ڕایگەیاندوە بەگوێرەی رێکەوتنی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی بۆ لەمەولا ھاوڵاتیانی ناوچەکانی تری عێراق مەرجی ھەبونی کەفیل بۆ ھاتنە ناو ھەرێم و تابلۆی ئۆتۆمبیلیان لەسەر ھەڵدەگیرێت و، وەک ھەر ھاوڵاتیەکی ھەرێم تەنھا لە خاڵەکانی پشکنین داوای ناسنامەی باری کەسیان لێدەکرێت.
جێی باسە پێشتر ھەر ھاوڵاتیەک لە ناوچەکانی تر بھاتبایە ھەرێم پێویست بو لەلایەن کەسێک کە دانیشتوی ھەرێم بێت “کەفالەت” بکرێت بۆ ئەو ماوەی لە ھەرێم دەمێنێتەوە و، پێویست بو تابلۆی ئۆتۆمبیلەکەشی بەشێوەی کاتی بگۆرێت ھاوشێوەی ئۆتۆمبیلەکانی ھەرێم.
ئەو زنجیرە سازشەی دەسەڵاتی کوردستان و حکومەتەکەی بەرامبەر بەغدا دەیکەن تاکو ئێستا لەبەرامبەریدا تەنھا ٣١٧ ملیار دیناری وەرگیراوە، چاودێران پێیان وایە ئەوەی ڕوودەدات رێکەوتن نیە بەڵکو تەنازولی بەردەوامی حکومەتی ھەرێم بەرامبەر بەغدا و، مەترسیان ھەیە ئەگەر ئەو دەسەڵاتە بەردەوام بێ بەتایبەت بۆ دوای ھەڵبژاردن قەوارەی سیاسی ھەریم زیانر بکەوێتە بەردەم ھەڕەشە.