ئارەزوەکانمان چی لە واقیع ئەگۆڕێ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 305 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر

*عەفرین لە چاوی زلھێزەکانەوە.
عەفرین بەرامبەر غوتە، ئەمە ئەو ڕێکەوتنە سیاسیە بوو لە نێوان سوریا و تورکیایا بەسەرپەرشتـی ڕوسیا و بەئاگاداری زلھێزەکانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا و ناتۆو بەڕەزامەندی ئێران و بەچاونووقان و سەرکردن بە خاکـی کۆی کۆمەڵگەی و دەوڵەتی بەڕێوەچوو/ئەچـێ، ئەمە ئەو سیناریۆ بەرچاوەیە کە زۆرترین مشتومڕی لەسەر ئەکرێت بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە ئایا ھیچ ھۆکارێکیتر ھەیە بۆ ھێرش کردنە سەر عەفرین بەتایبەتی و ڕۆژئاوا بە گشتی؟
لە مێژووی نوێیا لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە نەمان بینیوە جەنگی درێژ خایەن لە نێوان یان لە نزیک سنورەکانی وڵاتانی زلھێز وھاوپەیمانە نزیکەکانیان ھەڵگیرسێت کە ئەمە ئەگەڕێتەوە بۆ تێگەشتن لە چەمکی جەنگ لەلایەن ڕۆژئاوا و ئەمریکاوە بەجۆرێکیتر کە خۆی لە بازرگانیا ئەبینێتەوە نەک جەنگ نەکردن!
بۆ بازرگانی کردن و ساغ کردنەوەی کاڵای جەنگ و دۆزینەوەی ھەلی کاری نوێ بۆ کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتانی زلھێز ھەر جارەو شەڕ لە وڵاتێکی جیھانی سێیەم ھەڵئەگیرسێت کە ئەکرێ ئەم چەمکە بە بەشێک لە سیستمی کەپیتاڵیزمی جیھانی بناسـرێت کە لەوێیا بەردەوام ئەگەڕێن بەدوای بازاڕی نوێیا بۆ بەدەست ھێنانی سەرمایەی زۆرتر، ئایا کوردانی ڕۆژئاوا کار بە ھەمان سیستەم ئەکەن؟ لێرەوە کێشە گەورەکە دەست پێئەکات.
کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا پەیڕەوی سیستمێکی سۆسیالستی ئەکەن کە ١٨٠ پلە دژی سیستمی کەپیتاڵیزمی ڕۆژئاوا و ئەمریکاو زلھێزەکانەکە سەرکەوتنی ئەم سیستمە بۆ وڵاتانی زلھێز دڵخۆشکەر نیە چونکە ئەوان ئەم ناوچەیە بە بازاڕێک ئەبینن بۆ بازرگانی. سەرکەوتنی ئەم سیستمە سۆسیالیستییە لە ڕۆژئاوا ئەبێتە فاکتەرێکی بەھێز بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری لە ناوچەکە چونکوم ھەرکاتێ ھۆشیاری بڵاوبیتەوە ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ چارەسەر ئەکرێن نەک بە جەنگ کە ئەمەش ئەبێتە لەدەستدانی بازاڕە گەورەکەی زلھێزەکان کە ئەکرێ ئەمە یەکێکبێ لە بەھێزترین ئەو فاکتەرانەی کە زلھێزەکانی لە کۆمەڵکوژیەکەی عەفرین بەدەستی دەوڵەتی فاشی بێدەنگ کردبێ.

لەم پرۆسەی ھێرش و بەرگریەیا لێکدانەوە و سیاسەتی کورد جێگای سەرنجە، شاراوە نیە کە پ.ک.ک ھێزێکی کاریگەرە لە ڕۆژئاوا لە رێکخستن، لە بەرگری، لە دۆزینەوەی میتوودی بەڕێوەبەری و دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا. ھێزەکانی ی.پ.گ و ی.پ.ژ نایشارنەوە کە فەلسەفەی بەرێز ئۆجەلان ڕێنیشاندەریانە و وێنەی ئۆجەلان لە ھەموو شوێنێک ھەڵاوسراوەوە. فەلسەفەی بەڕێز ئۆجەلانیش ئاشکرا یە لەگەڵ سیستمـی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگای بۆرجوازا ھەڵناکا. لەلایەکی دیکەشەوە پەکەکە لە ململانێیەکی قورس و خوێناویایە لە گەل دەوڵەتی فاشیستی دینخوازی ڕادیکاڵی تورک بەڵام لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە لە لیستی تیرۆرا تۆمارکراوە!

ئەخلاق و مافی مرۆڤ بنەمای دارشتنی سیاسەتی دەوڵەتان نیە نە ئەو کاتەی دەوڵەتانی دراوسێ و زلھێزەکان یارمەتی کورد ئەیەن لە دڵسۆزی بۆ کوردە و نە ئەو کاتەی خۆ یان ئەدزنەوە یان بێ دەنگ ئەبن لەبەر دوژمنایەتی لە گەل کوردا نیە بەڵکو پشتیوانی ئەوان و پاشەکشێشیان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیانە و بەس.
زلھێزەکان زۆر جار ھیچ بایەخێک نایەن بە ڕای گشتی بۆ دیاری کردنی سیاسەتەکانیان، مەگەر ئەو ڕای گشتییە ئەوەنە بەھێز بێت کە رێگر بێت لە دابینکردن و جێگیری سیاسەتەکانیان.

*عەفرین لە چاوی کورد و تورکیاوە.
سەرەتا عەفرین کۆیە؟
ناوچەیەکـی شاخاوییە کە ڕووبەرەکەی نزیکەی ٣٨٥٠کم چوارگۆشەیە کە دەکاتە نزیکەی %٢ی خاکـی کۆی سوریا، سنورێکـی فراوانی بە تورکیاوە ھەیە و ژمارەی دانیشتوانـی ڕەسەنـی ناوچەکە شەس سەد ھەزار کەس ئەبـێ و بەھۆی شەڕو ئاڵۆزییەکانـی سوریاو ئەو ژمارەیە بەرزبۆوە بۆ سەرو یەک ملیۆن کەس. عەفرین گرنگە چونکە ناوچەکانی جەرابلس و بابەعەزاز و ڕۆژھەڵاتی عەفرین و پارێزگای ئیدلیب لە ڕۆژئاوا لەیەکتری دائەبڕێ کە ئۆپراسیۆنی تەوەری فورات ئەو ھێزانەی لە تورکیا نزیکن تورکیا لە بەرژەوەندی خۆی بەکاریان ئەھێنێ کۆنترۆڵیان کردووە.
کۆنترۆڵکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە واتە بەیەکەوە بەستنی سەرجەم ئەو ناوچانەی کە ھێزە توندڕەوە تیرۆریستەکانی کە تورکیا پشتگیرو ڕێکخەریانە کۆنترۆڵیان کردووە لەسەر سنور کە ئەوەش گەشتنە بە دەریای ناوەڕاست کە ئەمە سەرەکیترین ھۆکاری شاراوەی تورکیایە کە نایەوێ کورد دەستی بگاتە ئاو لەوێشەوە بە دنیای دەرەوە چونکە عەفرین پێگەیەکی گرنگی جیۆستراتیجی ھەیە بۆ گەشتنی کورد بە دەریای ناوەڕاست کە لە داھاتووا ئەبێتە دەروازەیەک بۆ گەیاندنی نەوت و غازی کوردستان بە جیھان و خاڵی کرانەوەی کوردستان بە ڕووی جیھانا ھەروەک چۆن سودێکی زۆریشی بۆ کوردستانی باشور ئەبێ .
عەفرین گرنگە بۆ تورکیا چونکە تورکەکان نایانەوێ کورد بگاتە سەر دەیاری ناوەڕاست و بە ھەڕەشەی ڕاستەخۆی بۆ سەر خۆیان ئەزانن چونکە تورکەکان باش لەوە تێگەشتوون گەیشتنی کورد بە دەریای ناوەڕاست چیتر تورکیا ئەو پێگە ستراتیجیەی نامێنێ نە لە بواری بازرگانی نە لە بواری سەربازی ھەروەک چۆن تورکیا مەبەستێتی گروپە توندڕەوە گوێرایەڵەکانی خۆی بگەیەنێتەوە بەیەک.
عەفرین خاڵێکی گرنگی بەستەوەی کوردانی ڕۆژئاوایە بە کوردانی باکور کە ئەم دوو بەشە لێکدانەبڕاوەی کوردستان ھێندە نزیکیان لەیەکەوە ھەیە بەجۆرێک بەھەمان زاراوەی کوردیش قسەئەکەن ھەر جۆڵەیەک لەیەکێک لەم دوو بەشە لێکدابڕێنراوەی کوردستان کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر بەشەکەیتر دائەنێت.

ئەوەی لە ڕۆژئاوا بوونی ھەیە چەک و جبەخانەیەکی کەمی سوک و مام ناوەندی زەمینییە بەڵام ئیرادەیەکی پتەو بەھێز بوونی ھەیە بۆ خواستێکی ڕەوای گەلێک کە بەدرێژای مێژوو خەباتی بۆ ئازادی و سەربەخۆی خود موختاری کردووە لەسەر خاک و نیشتمانی خۆی، جگە لە ئاشتی بۆ درواسێکانی ھیچ خواستێکی جەنگ و داگیرکاری بوونی نییە بەڵام ھەرچی تورکیایە خواستێکی شەڕەنگێزی داگیرکاری و کۆمەڵکوژی و سـڕینەوەی نەتەوەی کورد بوونی ھەیە بەپشتی ھێزێکی پڕ چەکی زەمینی، دەریای و ئاسمانی تەکنەلۆژیای نوێی سەردەم.
ئەوەی تا ئێستا سەرنجی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی ڕاکێشاوە بۆخۆی وێڕای بی دەنگیان ئەو خۆڕاگری و مقاوەمەت و بەرەنگاریەیە لە نێوان دوو ھێزی زۆر نابەرابەرا بە ھەموو پیوەرەکانی جەنگ، بەڵام بوونی ئیرادە توانیویەتی ڕیگربێ لە پێشـڕەوی دووەم زلھێزی ناتۆو ھەشتەمین زلھێزی جیھان خۆ ئەگەر پێشـڕەوییەکی کەمیش لەلایەن تورکیاوە کرابێ بەڵام سەنگی سەرکەوتن ھەر بەلای عەفرینا شکاوەتەوە.
ئیرادە فاکتەرێکی گرینگە لە خەبات و ململانێکانا بەڵام ئیرادەی بەھێز تاکە فاکتەری سەرەکی و دیاریکەر نیە لە شەڕی خاک و جوغرافیای تەندراو بە دوژمنی خاوەن پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیای سەردەم. بەپێی دواین زانستەکان کە لێکۆڵینەوە لە بواری جەنگا ئەکا سەلمانویانە ئێسات تەکنۆڵۆژیای شەڕ و لۆجستیک فاکتەری یەکەمن لە دیاریکردنی شەڕا دوای تەکنۆلۆژیا فاکتەرەکانی دیکەش کاریگەری خۆیان ھەیە ئەوەش لە عەفرین سەلمێنرا ئەگەرنا حەز و ئارەزووەکانی ئێمە ھاوسەنگی ھێز لە دونیای واقیعدا ناگۆرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.