سێ ڕۆژ خۆپیشاندان لە ھەولێر؛ ئازایەتییەکی کەم وێنە

لەلایەن ستاندار Posted on 363 جار بینراوە

سێ ڕۆژ خۆپیشاندان لە ھەولێر…ئازایەتییەکی کەم وێنە…

مەریوان وریا قانع

بۆ ڕۆژی سێھەم خەڵکی توڕە و بێزاری شاری ھەولێر لەسەر شەقامە گەمارۆدراوەکانی شارەکەیانن. دەچنە ئەو گۆڕەپانانەوە کە بە ژمارەیەکی زۆر لە ھێزی سەربازیی و چەکداری مەدەنیی تەنراون. ھەولێری ژێر دەسەڵاتی پارتی یەکێکە لە شارە پڕ لە شەقاوە و بەڵتەجییە گەورەکانی دونیا، پڕە لەو مرۆڤە ڕۆبۆتیانەی کە حیزب و بنەماڵە چەند دەیەیەکە گەورەیان دەکەن بۆئەوەی وەک کۆیلەیەکی تۆتاڵ بۆ خێزانە سیاسییە باڵادەستەکان و بۆ وەلی ئەمرە سیاسییە ڕاستەوخۆکانیان ھەڵسوکەوتبکەن، ئامادەبن بە ئەمری ئەوان شەق لە ھەموو شتێک ھەڵبدەن، لە شەقھەڵدان لە کۆمەڵگا وەک گشتێی گەورەوە بیگرە و بۆ شەقھەڵدان لە تاک بەتاکی ژنان و گەنجان و پیران، بەتێپەڕین بەناو شەقھەڵدان لە ھەموو بەھایەکی مرۆیی و ئەخلاقیدا. پارتی لەشکرێک لە بەڵتەجیی بەدئەخلاقی لەناو ژیانی گشتیی ئەو کۆمەڵگایەدا چاندوە.
مۆدێلی ئەم حیزبە لە حوکمڕانیکردندا یەکێکە لە مۆدێلە ھەرە ناشیرین و خراپەکانی ناوچەکە. بنەماکانی دەسەڵاتی لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکیی دامەزراوە: یەکەم، ھاریکارییەکی پڕ شەرمیی دەرەکیی، لە ٣١ ئابەوە بۆ ئامادەگیی گەورەی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ئەم ھێزەدا. دووھەم، تەزویرکردنێکی گەورە و سیستماتیک لە ھەڵبژاردنەکاندا. سێھەم، دەستگرتن بەسەر داھاتی نیشتیمانیدا و خراپبەکارھێنانێکی کەم نموونەی ئەم داھاتە بۆ مەبەستی شەخسیی و خێزانیی و حیزبی. دروستکردنی چەندان دەزگای سەربازیی و ئەمنیی و میدیایی گەورە بەو پارەیە و بەکارھێنانیان بەپێی خواست و ویست و تەماحی دەسەڵتدارانی ناو ئەو پارتە. لەزۆر ڕووەوە ئەم ھێزە بەلۆژیکی ڕژێمەکەی سەدام حسێن و دەسەڵاتی خێزانە تکریتییەکان حوکمڕانیدەکات. ترس و تۆقاندن، کڕین و ئیغراکردن، ڕاونان و بزرکردن، تێکەڵ بە بەکارھێنانێکی سیستماتیکی تودنوتیژیی، ئامرازە سەرەکییەکانی حوکمڕانیی ئەم ھێزەیە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا.
ئەم ھێزە بەم ئاکار و لۆژیکەوە کۆمەڵگای ئێمە لە کارەساتێکەوە بۆ کارەساتێکی دیکە دەبات. ئابوریی وڵاتەکەی وێران کردوە، پێگەی ناوخۆیی و ئیقلیمی ھەرێمی وێران کردوە، دەزگا ناوەکییەکانی حوکمڕانیی وێران کردوە، پەیوەندیی نێوان ھێزە سیاسییەکانی وێرانکردوە، ھاودیدی و ھاوخەمی نێوان شارەکانی کوردستانی وێرانکردوە. ئەم ھێزە لە پازدە ساڵی ڕابردوودا حاکمی موتڵەقی کوردستان بووە و ھەموو ھێزەکانی تری ئەم ھەرێمە ھێزی پلە دو و پلە سێ و چروک و بچووکی بەردەمی ئەوبوون. بکەری سەرەکیی، بکەری ھەرە سەرەکیی، ناو کارەساتە ئابورییەکان و کارەساتە سیاسییەکان و کارەساتە ناوخۆییەکان ئەم ھێزەیە. بێگومان ھێزەکانی تری ناو کایەی سیاسیی کوردیی بێبەش نین لە تاوانەکان و کارەساتەکان، بەڵام ھیچیان تاوانباری ژمارە یەک و ژمارە دوو و ژمارە سێش نین. لە پازدە ساڵی ڕابردوودا پارتی ھەموویانی کردوە بە بەشێک لە دیکۆرێکی سیاسیی کە خۆی ئەندازیارە سەرەکییەکەی بووە. ئەوەی ئێستا لەھەولێر و دھۆکدا ڕووئەدات تەحەداکردنێکی ئاشکرا و بەرچاوی ئەم ھێزەیە کە ھەموو تواناکانی بۆئەوە تەرخانکردوە کەس نەتوانێت تەحەدای بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.