كوتك دەزانێت قوناغ لە كوێیە

لەلایەن ستاندار Posted on 364 جار بینراوە

                                                                          هیواسەید سەلیم

  دەڵێن بڕیارە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستكاری پاشەكەوتی مووچە بكات، ئەو بریارەی حكومەت لە كاتێك دایە كە چەند رۆژێكە ئاستی ناڕەزایەكان گەیشتۆتە زۆنی زەرد،  بە تایبەت هەولێری پایتەخت، هاتنە سەر شەقامی چین و توێژەكانی ناڕازی لە مامۆستایان و پزیشك و  كارمەندانی تەندرووستی لە سنووری زەرد، وێڕای ئەو فشارە بەردەوامەی چەند رۆژێكە كە دەسەڵات بە گرتن و لێدان و فشاری زۆریشەوە بەڵام نارەزایەكان دانەمركاوەتەوە، بەڵكوو  وا خەریكە بەرهەمەكەی شتێكی لێ شین دەبێت.

ئەگەر راست بێت حكومەت پێداچوونەوە بە بڕیاری پاشەكەوتی مووچە بكات، ئەوە نیشانەی ئەوەیە بزووتنەوەی ناڕەزایی خەڵك لە هەرێمی كوردستان دەبێتە ئەو كارتە فشارەی كە دەكرێت بۆ زۆر بابەتی تریش بەرنامەی بۆ دابندرێت و لایەنەكانی نێو كارتی فشار كاری جدی لەسەر بكەن.

لە جیهاندا بزووتنەوە ناڕەزایەكان بەبێ قوربانی نەگەیشتوونەتە ئامانجەكانی خۆیان، ئەوەی كە بەدەستیش هاتووە لەو وڵاتانە بەرهەمی شەو رۆژێك نیە، بەڵكوو زادەی خەباتێكی زۆر و قوربانیەكی گەورەیە،  بۆیە دەبێت ئەمەش لای خەڵكی كوردستان روون بێت كە ئەو جۆرە خەباتە فرشی سووری بۆ ڕانەخراوە، بەتایبەت لە سایەی نەبوونی دیموكراسیەتی ڕاستەقینە و ئازادی تەواو لە هەرێمی كوردستان بەبێ قوربانی ناگاتە دوا مەنزل،  هەروەها  ئامانجەكانی خۆی بەدەست ناهێنێت، بۆیە دەبێت بەلامانەوە ئاسایی بێت ژن و پیاو پیرو گەنج بەرشەق بكەوێت و میدیا سنوورداربكرێت و ئازادی بخرێتە ژێر پرسیارەوە، چونكە ئەمانە سیمای دەسەڵاتی خۆسەپێنن، كە لە هەرێمی كوردستانیش ئەو جۆرە دەسەڵاتەمان هەیە.

لە ئێستادا كە بزووتنەوەی ناڕەزایی خەڵك وەك بزووتنەوەیەكی خۆرسك سەرهەڵدەدات، دەسەڵات بەو هەموو هێزی خۆی ناتوانێت رێگری لە دەنگی ناڕەزایی خەڵك بكات،  گرنگە كە دەبیستین حكومەت بەنیازە پێداچوونەوە بە سیستەمی مووچە بكات، بەڵام لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە دەبێت بزانرێت كە بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم مەكرەمە نیە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم، بگرە ئەمەیان بەرهەمی خەباتی ناڕەزایەكانی خەڵكە.

لەو پێناوەشدا دەبێت فشارەكان بەردەوامیان هەبێت و میكانیزمی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە، لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە كە دەبێت چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان لە مامۆستایان و فەرمانبەران سەرجەم خاوەن پیشەكان خۆیان لە سەندیكای تازە رێكبخەن،   كە سەندیكایەك بێت نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ئەو چین و توێژانەی پێبكرێت، چونكە لە ڕابردوو ئەو سەلمێندرا كە سەندیكای حزبی و تەوافقی نێوان لایەنەكان ناتوانێت پێشەنگایەتی ئەندامانی بكات بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانیان.

ڕاستیەكی تریش هەیە كە هەموو لایەك بیزانین، دۆخی سیاسی كوردستان و كاریگەریەكانی ئاسەواری دوو ئیدارەیی هۆكاری بێكاریگەری بزووتنە ناڕەزاییە لۆكاڵیەكان بووە، بەڵام كاتێك ناڕەزایەكان دەبنە سەرتاسەری و سنووری دوو ئیدارەی لە هەرێمی كوردستان تێدەپەڕێنن، ئەو چالاكی و بزووتنەوانە كاریگەری دادەنێنن و دەسەلات ملكەچی داخوازیەكان دەكەن.

هەر بۆیەشە دەبێت بڵێین ئەو كوتكە بڕیار دەدات قۆناغ لە كوێیە، نەك مەكڕەمەی دەسەڵات، بۆیە خەڵك نابێت ئەوەی لەبیر بچێت كە لە سایەی ئەو دەسەڵاتە خەمساردە ساڵانێكە برسی دەكرێت و لە مافی سەرەتایی خۆی كە مووچەیە بێبەش دەكرێت، وە ئەگەر ئەو فشارە جەماوەریە نەبایە بە دلنیایی دەسەڵات ئەو هەنگاوەی هەرگرتبوو بۆ مانگێك پێش هەڵبژاردن.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.