مەلا و سیاسەت و فەتوای خۆپیشاندان

لەلایەن ستاندار Posted on 483 جار بینراوە

د. یونس سید رشید

لەو ماوەیە وە بەتایبەتی لە ووتاری هەینی دوینێ لە هەولێر چەند مەلایەك (بە پێی ئەو زاراوانەی بەکاری دێنن) فەتوای بە حەرامکردن و جائیز نەکردنی خۆپیشاندانیان دەرکرد و خەلکیان هان دەدا کە بە هیچ شێوەیەك بەرامبەر دەسەڵات ئەو کارانە ئەنجام نەدەن چونکە لە لایەك لە ڕووی شەرعەوە ڕێگەپێنەدراوە و لە لایەکی تریش زیان بە بەرژەوەندی گشتی دەهێنێت وەکو وەستانی پرۆسەی خوێندن و خزمەتگوزاریە گرنگەکانی تری وەکو ئەوەی لە سێکتەری تەندروستی و سێکتەرەکانی تر، هەروەکو ئەوەی ئەو سێکتەرانە لەوپەڕی بووژانەوەدا بن هاوشێوەی سویسرا.

لە ڕاستیدا ئەو جۆرە مەلا و فەتوایانە و ئەو جۆرە زەواجە نا شەرعیەی نێوان دەسەڵاتی دینی و دەسەلاتی سیاسی شتێکی نوێ و عەجایب نیە، ئەوە بە درێژایی مێژووی ئوممەتی ئیسلامی لە ناو کۆمەلگای موسڵمانان هەر هەبووە و هەر بەردەوام دەبێت تاکو خەڵك شوێنکەوتووی ئەو دەسەڵاتە دینیە بێت. گوفتار و ڕەفتاری مەلاکان و دەسەڵاتی دینی لە کۆمەڵگا جۆراو جۆرەکانی موسڵمانان بە عەرەب و کورد و باقی میللەتەکانی تر هەمان ماهیەت و سیفاتیان هەیە تەنها لە شێوازی دەربڕین و زمانەوە ڕەنگە جیاوازیان هەبێت. زانای عێڕاقی بەناوبانگ لە بواری کۆمەڵناسی خوالێخۆشبوو د. علی الوەردی لە کیتابی (وعاظ السلاطين) باسی ئەو بابەتە زۆر بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی دەکات، هەروەها زانای بەناوبانگی میسڕی لە بواری کۆمەڵناسی د. نبیل السمالوطي باسی کاریگەری دین لە ناو کۆمەڵگا دەکات، هەرچەندە لە بەرهەماکانی دوایی کەوتە ژێر کاریگەری ڕەوتی ئیسلامیەکان، بەڵام هەندێ بەرهەمی بە سوودی هەیە. هەرچەندە من پسپۆڕ نیم لە بواری کۆمەڵناسی، تەنها خویندنەوەم هەیە، بەڵام بێ گومان سەرچاوە بیانیەکان لە بواری کۆمەڵناسی ئەکادیمی تر و پێشکەوەتوو ترن، چونکە گومان لەوەدا نیە پێشکەوتنی زمان و باری شارستانی هەر میللەتیك ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنی باری کۆمەڵایەتی ئەو میللەتەیە. بۆیە خویندنەوەی کۆمەڵناسی لە جیهانی پێشکەوتوو جیاوازە لە خوێندنەوەی جیهانی سێیەم.

هاوشێوەی میللەتانی جیهانی ئیسلامی، کورد وەکو بەشێك لەو جیهانە، کە پێی دەوترێت جیهانی سێیەم، بە واتایەکی تر جیهانی دواکەوتوو. دەسەلاتی دینی پاڵپشتی دەسەلاتی سیاسیە، وە دین بازرگانیەکی گەورەی لە پاڵ دەکرێت لە لایەن بازرگانانی دین، وە میللەتیش قوربانی ئەو جۆرە بازرگانی یە چونکە تاک و خیزان بە جۆرێک عەقڵ و دەروونیان پرۆگرام دەکرێت کە ئارەزوومەندانە ببن بە کەرەستەی خاوی ئەو بازرگانیە.
بە ڕای من تەنها یەك جیاوازی لە نێوان کۆمەڵگای موسڵمانی کوردی خۆمان و کۆمەڵگا موسڵمانەکانی تر وەکو عەرەب و تورک و فارس و عەجەم بەدی دەکرێت ئەویش ئەوەیە جگە لە کورد ، هەموو ئەو میللەتانەی دراوسێ و برا موسڵمەناکانی کورد بەردەوام بە درێژایی مێژوو تاکو ئێستا ئاینی ئیسلام و دەسەلاتی دینی مەلاکان و پیاوانی ئاینیان لە بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێناوە و کردویانە بە خزمەتکار و بەندەی خۆیان تەنها ئەو میللەتی کورد نەبێت بۆتە بەندەی دەسەڵاتی دینی و مەلاکان، واتە بۆتە بەندەی بەندە، بەواتایەکی تر خزمەتکاری خزمەتکار. سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی لەناو کۆمەڵگای ئێمە دوای ١٩٩١ هات ئەو دەسەڵاتە دینیەو تەدەخولاتەی مەلایانی زیاتر کرد لە سەرگەردانکردن و چەواشەکردنی ئەو میللەتە.
وەکو دەزانن لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ لەگەل هاتنی پارتی و یەکێتی بۆ ناو شار وشارۆچکەکان، بزووتنەوەی ئیسلامیش کە لەسەر دەستی مەلاکانی بنەماڵەی مەلا عوسمان عبدالعزیز هەڵەبجەیی لە ئێران دروست کرا، ئەوانیش لە ناو شار و شارۆچکەکان بڵاوبوونەوە و خۆیان نمایش کرد وەکو ڕەوتێکی ئیسلامی کە دەتوانێت چارەسەری کێشە وقەیرانە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردەواری بکات و ببێت بە بەدیلی حزبەکانی تر کە بەناوی کوردایەتی و عەلمانیەت و ئیشتراکیەت چەندین ساڵە بوونیان هەیە لە ناو میللەت. بۆ بەبیرهێنانەوە ئەو کات ڕەوتی ئیخوان موسلمینیش بە هەردوو باڵەکەی (لقی مەلا صديقى برای مەلا عوسمان و لقی مامۆستا صلاح الدينى ئەمینداری یەکگرتوو) لە پاڵ ئەو بزووتنەوەیە خۆیان حەشاردبووەوە وەکو سێبەر ئیشیان دەکرد. بەڵام ئەو سێبەرە واتە لقی مامۆستا صلاح الدين لە دوای لێدانی بزووتنەوە لە لایەن یەکێتی لە دوای یەکەم شەڕی ناوخۆ لە ١٩٩٤ جیابەوە و وەکو رەوتیکی سەربەخۆی ئیسلامی دەرکەوت، کە لە بنەڕتەدا بەشێکە لە ئیخوانی عێراق کە الحزب الاسلامی العراقی نوێنەرایەتی دەکات.
جا چەند شتێکی ئەو سەردەمەتان لۆ دەگێڕمەوە کە پەیوەندی بە ئێستاوە هەیە بۆ ئەوەی پەند و عیبڕەتی لێ وەرگرن بۆ داهاتووتان بە تایبەتی ئەو خوشک و برا گەنجانەی کە نەوەتەکانیان لەبیر نیە.
لە ١٩٩١- ١٩٩٢ لە زەمانی بەرەی کوردستانی دیاردەی ووتاری سەرکردەی حزبەکان لە ناو خەڵکی سەری هەڵدابوو، ڕۆژەك مام جەلال دەهات، ڕۆژەك کاک مسعود، رۆژەك کاک محمد عزیزی شوعی، رۆژەك مەلا کرێکار، رۆژەك مەلا علی باپیر، ڕۆژەك فلان، ڕۆژەك عەلان. هەولێر ببوو بە گۆڕەپانێکی گەرم و گوڕی ووتاری جەماوەری، تەنانەت بەشێك لەو سەرکردانە لەناو زانکۆش ووتاریان پێشکەش دەکرد.
ڕۆژێکیان لە کۆلیژی ئەندازە لە گەڵ هاوڕێیەکی خۆشەویستم ( ئەندازیار ئازاد مەجید برای کاک دلشاد مەجیدی نووسەر) دەگەڕاینەوە بۆ ناو بازار، گەیشتینە مزگەوتی احمد حسن بەکر ئەوەی لە تەنیشت کۆلیژی پەروەردەیە، بینیمان خەڵکەکی زۆر خڕبووینەوە، نوێژی عەسر تەواو ببوو، پرسیمان ئەوە چیە، گۆتیان کاکە مەلا فلانی ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی و ووتاربێژی مزگەوتی گەرەکی عەلانی هەولێر، لەو مزگەوتەی ووتاری دەدات.
لێتان ناشارمەوە من لە ناوەراستی هەشتاکانەوە کیتبەکانی مارکس و لینین و پاشان سید قوتب و حەسەن بەننام بە دزی دەخوێندەوە، بەداخەوە قەناعەتێکم بۆ درووست بوو سەردەمانێك کە ئیسلامی سیاسی مۆدێرن و میانڕەو چارەسەری پێیە بۆ کێشەکانی تاك و کۆمەڵگا و میللەت، چونکە مێژوو و ئەزموونی حزبەکانی ترم دەزانی، دەمزانی بە گشتی کوردایەتی لە چ باروودۆخێکی شڕ وشەپڕێو دایە.
لە راستیدا نەمدەزانی ئیسلامەتی لە کوردایەتی زیاتر وێرانترە، وە ئەگەر کوردایەتی و رەوتی عەلمانی کوردی جارەك شکستخواردوو بێت، ئەوا ئیسلامی سیاسی بە توندڕەو و بە میانڕەوەکەی دەجار وێرانترەو، بەلکو باجی کوردایەتی سەقەت زۆر ئاسانترە لە باجی ئیسلامەتی سەقەت، چونکە هی دووەمیان بە ناوی خودا و پێغەمبەرە.
با بێنەوە سەر مەسەلەی مەلا فلانی بزووتنەوە ، من و کاک ئازاد چووین دانیشتین، پاش ماوەیەك مەلا گەرم بوو یەك بە دەنگی خۆی هاواری کرد ( موسڵمانینە ئێستا ڕۆحی پێغەمبەر لەو مزگەوتەی لەناو ئێوە حازرە و تەماشاتان دەکات و دڵی بە ئێوە خۆشە) هەر دیتمان بووە یەک تەکبیر و الله اکبر، من لە جێی خۆم ڕاپەڕیم، وامزانی قیامەت هەستا، هەردووکمان هاتینە دەرێ و هەندەك پێکەنین و گۆتمان ئەگەر پێغەمبەر بە چاو ترووکانێك لە مەکە بچیتە قودس و ئاسمان، ئاساییە بێتە هەولێرێش لەبەر خاتری مالا تەڕەماشی. یەکێك لە شتە سەیرو سەمەرەکانی ئەو کات ئەوەبوو لە ژێر کاریگەری هیستریا و سۆزی دینی کە لەناو خەلکی پەیدا ببوو کە ئێستاس هەر بەردەوامە، ئەوەبوو هەر خۆڕیەکت دەبینی پاش ماوەیەکی زۆر کەم لە هاتووچۆی ئەو مزگەوت و بارەگای ئیسلامیەکان، دەتبینی ڕیشەکی پانی بەردایتەوە و ١٨٠ دەرەجە گۆڕایە، کاکە لۆ؟ وەڵا ئەفەندی خەونی بە پێغەمبەری دیتیە یان خەونی بە عومەری کوری خەتابی دیتە. یان کاکە لۆ ئەو کچە ڕەزا قورسە بوویتە موحەجەبە کەچی دوێنی سفور بوو؟! کاکە وەڵا، ئەو کچە خەونی بە پێغەمبەری دیتیە، حەزیش دەکات مێرد بە برایەکی موسلمان بکات.
نازانم لۆ من جارەك خەونم بە پێغەمبەری نەبینی هەرچەندە من زۆر دڵپاک و دڵسۆزبووم.
حکایەتێکی تری هەمان مەلاتان بۆ بگێرمەوە کە دوێنێ فەتوای حەڕام کردنی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی دەرکرد ، هەموو خەڵکی هەولێر دەزانن، کە مزگەوتی (—-) کە ئەو مەلایە تیایدا پێشنوێژ و ووتارخوێن بوو، لە سەرەتای نەوەتەکان ببووە سەنتەری پەرورەدەکردنی توندڕەوی ئیسلامی، وە لە شەری ناوخۆی نێوان یەکێتی و بزووتنەوە ئەو شوێنە ڕۆلێکی کاریگەر و بەرچاوی هەبوو لەو شەڕە نەگریسە، بەهەرحاڵ چەندین گەنجی ئەو شارە کە پەروەردەی مەدرەسەی بزووتنەوە و مەلا بوون کوژران بە دەستی یەکێتیەکان. برادەرێکم بۆی گێڕامەو گۆتی لە کاتی شەڕەکە ئەو مەلا هەولێریە لە ترسان چۆکی دەلەرزی، هاواری دەکرد کورە قوربانتان بم تەقەی مەکەن ، توندڕەو جەبان لەهەمان کاتدا. منداڵی خەڵکی بە کوشت دا بە خوتبە ئاگرینەکانی بە خۆشی تێخزاندو خەلکانێك قورتاریان کرد لە دەست یەکێتی. سەیرە دوێنی ئەو مەلایە لە هەمان مزگەوتی هەشتاکان و نەوەتەکان فرمێسکی درۆیینی دەڕژاند گوایە خەلکی ئاسایی لە نەخۆش دەبنە قوربانی بایکۆت و خۆپیشاندان بۆیە بایکۆت و خۆپیشاندان حەڕامە لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام هەزار ئایەت و حەدیسیشی هێناوە وەکو بەڵگە. باشە مالا هەر جەنابت نەبوو مندالێ خەڵکت هان دەدا بە ناوی جیهاد لە پیناو بانگەوازی ئیسلام و یەکێتی و عەلمانیەکانت تەکفیر دەکرد. ئەدی ئەو کات بۆ فرمێسکت نەدەڕژاند بۆ ئەو گەنجانە کە بەنج و گوومڕات کردبوون بە ئیسلامەتی، بۆ ئەوەی نەبنە قووربانی شەری ناوخۆ. بۆ ئێستا بوویت بە کۆتری ئاشتی، خودا هیدایەتی دایت یان پارەی دەسەڵات؟

پاشان زەمان گۆڕا و ئەو مەلا فلانە بوو بە وەزیر و مەقعەدێکی دکتۆرایان لۆ دابین کرد، ئێستاش خانەنشینی وەزیر وەردەگرێت کە بەلایەنی کەمەوە لەوانەیە ٦ ملیۆن دەبێت. ئەویش وەکو زۆر لە کۆنە ئیسلامیەکان بە ١٨٠ دەرەجە ئاراستەی خۆی گۆڕی هەر وەک چۆن زۆربەی کەونە ئیسلامیەکانی هەولیر و سولێمانی لە دوای ٢٠٠٣ ەوە بە ئاشکرا و بە نهێنی پەیوەندیان کرد بە دەسەڵات لە پێناو دەسکەوتی تایبەتی و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، وە ئەوانەی لە نەوەتەکان و لە شەڕی ناوخۆ کوژران یان بوونە قوربانی بارودۆخی نالەبار ئەوا بە گوونیان، جا ئیسلامەتی چ عەیبی هەیە، بە رای من بازرگانیەکی پڕ لە دەسکەوتە ؟!!!
مەلایەکی تری کەونە ئیسلامی هەولیری هەبوو و ئێستاش ماوە و بوویتە خورامی دەسەلات، ئەو مەلایە ڕۆژانی هەینی خوتبەی دەدا لە مزگەوتی گەڕەكەکەمان کە لە ماڵم نزیك بوو. ڕۆژێکیان خۆم گوێم لێ بوو لە خوتبەی هەینی ئەو مەلایە ڕەخنەیەکی زۆر و توندڕەوی لە حکومەت و پەرلەمان گرت و یەك بە دەنگی خۆی هاواری دەکرد دیگۆت کورە حکومەت و ئەندام پەرلەمان وەرنە ناو میللەت، تا کەی ئاوەڕ لەو خەڵکەی نادەنەوە؟ کورە وەرن ئەگینا گووڕی دەبن.
ئەوڕۆژی لە دڵی خۆمدا گۆتم بە خودای ئەوڕۆ مەلا بە سەلامەتی دەرناچێت. بەڵام دەرچوو شین و واوەیلای مەلا لۆ خەڵکی نەبوو، دەیویست پۆست و پارەکی باشی پێ بدەن. وەلا ماوەیەکی زۆری نەبرد مەلا بوو بە ئەندام پەرلەمان لە و سەنگەری خەباتی لە بەرەی ئیسلامی بۆ بەرەی عەلمانی و کوردایەتی گواستەوەو نوتقی لێ بڕاو و کە لەسەر کورسی پەرلەمان دادەنیشت جموجۆڵ و گەرموگۆڕ و هاژەهاژەی پێشووی لێ بڕا. پاش ئەوەی چەند نەوەیەکیشی لە سەر سەرشێتی و توندڕەوی ئیسلامی پەروەردە کرد بە خوتبە و قسەی قۆڕ و بێ مانا، ئەوجا لێیدا گێڕی گٶڕی.

نموونەی تر گەلێك زۆرن بەڵام ئەگەر یەکە بەیەکە باسیان بکەم، لەوانەیە ببێت بە پەرتوکێك،
خولاسەتولقەول ئەویە
زۆرن ئەونەی ئەوڕۆ بازرگانی بە ئاینی ئیسلام دەکەن، لە سەر ئاستی هەموو توێژەکانی نێو کۆمەڵگا، هەر لە مەلاکانەوە بگرە تێپەڕ بە خەلکی ئاسایی و مامۆستای زانکۆ و نوخبەی نێو کۆمەلگا تا دەگاتە سیاسیەکان.
لەوانەیە خەلکانێك بڵێن، کاکە مەلامان هەن بە تایبەتی مەلاکانی سەر بە هەندێك لایەنی ئیسلامی، ئەوان لەبەرەی دەسەلات نین و لەبەرەی خەڵک و ئوپۆزسیۆنن.
بە ڕای من مەلا هەر مەلایە، لەبەرەی دەسەلات بێت یان لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن، پاشان لە بنەرەتدا سیاسەت بواری مەلا نیە خۆی تێ هەلقوڵێنێ، ئایا فیتەر دەتوانی نەشتەرگەری گورچیلە ئەنجام بدات؟ لە هەمووی گرنگتریش ئەوەیە خەلک دەبێت هۆشیار بێت کە ئیسلامی سیاسی، بە توندرەو و میانرەوی، لەوپەری راستی بۆ ئەوپەری چەپی، بە سەلەفی و خەلەفی، بە هەموو مەزهەبەکانی بەشیكن لە کێشە نەك بەشێکن لە چارەسەر. وە هەر کەسێك دوو خوتبە و قسەی قۆر بکات بەرامبەر دەسەڵات مانای وا نیە پیاوەکی شەریفە یان حزبەکی شەریفە، بەڵکو ئەگەر دەرفەتی دەسەلاتی بکەویتە دەست، دەبی بڵیین هەزار خۆزگە بە دەسەڵاتی ئێستا. گومانم نیە کە یەك حزب و لایەنی ئیسلامی بە هەموو مەلاکان و بانگخوازەکانیانەوە ئەوەی ئیستا لە کوردستانن جگە لە قووڵکردنی قەیرانەکان زیاتر چیان لە هەگبەدا نیە. دوا ڕۆژیش یەو ڕاستیە دەسەلمێنی.

بە ڕای من ئەوانەی لەشفرۆش و سۆزانین زۆر شەریفترن لەوانەی بازرگانی با ئیسڵام دەکەن وە لەوانەی رووی ڕاستەقینەی خۆیان لە ژێر ماسکی دینداری و ئیسلامەتی و ڕیشی پان و قسەی پان و لووس دەشارنەوە، چونکە لەشفرۆش بازرگانی بە لەشی خۆی دەکات و خۆی شەریف نمایش ناکات، بەڵام هەرچی مەلای دەسەڵات و مەلای سیاسەت ئەوانە بازرگانی بە ناوی خودا دەکەن و خۆیان بە ڕیفۆرمواز و بانگخواز نمایش دەکەن، ئەوانە بێ گومان لە لەشفرۆشیش کەمترن و سزایان زۆر قورسترە لە لایەن خوداش.
من سوپاس بۆ خودا چەندین ساڵە ئەو کێشەیەم نیە بڕۆم گوێ لە مەلایان بگرم نە لە ڕۆژی هەینی نە لە ڕۆژانی تر، زۆریش پێم سەیرە خەڵکانێكی ڕۆشنبیر بە پێ و ئارەزووی خۆیان دەچن بۆ خوتبەی هەینی گوێ لە مەلا دەگرن و پاشان گلەیی لێ دەکەن. ئەگەر میللەت دەیەوێت هۆشیار بێتەوە با دوای زانست و مەعریفەت بکەوێت، بەنج کردن بە دین و قسەی مەلایان و هاوشێوەی قسەی مەلایان کە ئیسلامیەکان بە شیوازێکی مۆدیرن دەیکەن جیا لە ئسلوبی مەلایان، ئەوا زیاتر ئەو خەلکەی بەرەو سەرلێشێواندن و دواکەوتن دەبات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.