بەرەو مەرگی ڕێکەوتنامەی ستراتیژی

لەلایەن ستاندار Posted on 408 جار بینراوە

ئاری ئەحمەد
ڕێکەوتنامەی ستراتیژی لە ساڵی ٢٠٠٧ لە نێوان ھەریەکە لە سکرتێری یەکێتی و پارتی جەلال تاڵەبانی و مسعود بارازانی ئەنجامدرا، ناوەڕۆکی ئەم ڕێککەوتننامەیە بەشێوەیەکی زۆری نھێنی مایەوە تا ساڵی ٢٠١٠ کە بەشێکی ئاشکرا کرا, بەڵام گومان لەسەر ڕاستی ناوەڕوکەکەی ھەیە, ناڕونیەکی یەکجار زۆر ھەیە, وە نەویستراوە تەواوی ئەم ڕێکەوتنامەیە بخرێتە بەردەم ڕای گشتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکەوتنامەیەکی گرنگە بەنسبەت ئەم دوو حزبەوە، چونکە بووەتە ھەوێنی یانزە ساڵ حکومڕانی ئەم دوو حیزبە و کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەم دوو حیزبە و فۆرم سیستمی حکومڕانی لە ھەرێمی کوردستاندا تا ھەنوکە بەویستی کەسە یەکەمەکانیان داڕێژراوە, لەڕاستیدا ئەم ڕێکەوتنامەیە بەر ئەنجامی “ڕێکەوتنامەی واشنتۆنە” کە لەساڵی ١٩٩٨ ئەنجامدارا بەسەرپەرشتی ئەمریکا بۆ وەستاندنی شەڕی ناوخۆ. لێکەوتەکانی رێکەوتنامەی ستراتیژی زۆرن، بەرچاوترینیان دابەشکردنی پەنجا بە پەنجای دەسەڵات و داھاتی ئەم ھەرێمە بوو, وە تاڕادەیەکی باش تێدا سەرکەوتوو بوون. ئەوان ئەگەر ساڵانێک شەڕی خوێناوی ناوخۆیان ھەڵگیرساند وایانکرد براکان دەستیان بە خوێنی یەکتر سور بێت, دووئیدارەیان لە سێ پارێزگا دروستکرد. لەدوای ئەم ڕێکەوتنامەیە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بوونە دوو حیزبی دۆست, ئەمەش لە چاوچنۆکیان بۆ دەسەڵات و ئیمتیازاتەکانی سەرچاوەی گرتبوو نەک پەرۆشیان بۆ پرسی کورد و خاوەن ھەلومەرجی تایبەت لە ناوچەکە. زۆرجار پاساویان بۆ کارە نایاساییەکانیان ئەوەیە کە “ئەزموونەکەمان لە مەترسی دایە بالێمان تێک نەچی” لە کاتێکدا ئەوان لەسەرتای دروستبوونی ئەم ئەزموونە چوار ساڵ شەڕی یەکتریانکرد.
دوای ئەنجامدانی ئەم ڕیکەوتنامەیە, لای ھەردوو حیزب زیاتر عەقڵیەتی پاوانخوازی و مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵات پەرەسەند, تەنانەت خولی سێیەمی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە لیستێکی ھاوبەش بەشداریانکرد, وەبەیەکەوە حکومەتی ھەرێمیان پیکھێنا، بەھۆی کاریگەری ئەم ڕێکەوتنامەیە لە ساڵی ٢٠١٣ بە ھاوبەشی پێش وادەی تەواو بوونی ماوەی سەرۆکی ھەرێمی، بە نایاسایی ویلایەتی سەرۆکایەتی ھەرێمیان لەناو پەڕلەماندا درێژکردووە، بەبێ گوێدانە بۆچوونی لایەنە ئۆپۆزسێونەکان، ئەمەش سەرەتای دیارترین خروقاتی یەکێتی و پارتی بە ئاشکراو بە بەرچاوی ڕای گشتیەوە, بوویە ھۆی ناڕەزایەکی فراوان, کە کاریگەری لەسەر یەکێتی دروستکرد، بۆیە دواتر یەکێتی بڕیاری دا بە لیستی جیا بەشداری ھەڵبژاردنەکانی خولی چوارەمی پەڕلەمانی کوردستان و عێراق بکات, ئەمەش سەرەتای دروستبوونی کەلێن بوو لەڕیکەوتنامەی ستراتیژی نێوانیان, لەو ھەڵبژاردنەدا یەکێتی توشتی شکستێکی چاوەڕواننەکراو ھات, و بوو بە حیزبی سێیەم لە کوردستان. دوای ھەڵبژاردنەکان پارتی وەک حیزبی یەکەم و براوە بۆ پیکھێنانی حکومەتی بنکە فراوان سەرەتا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ڕێکەوت, دواتر یەکێتی لەژێر ئەو ھەژموونی ئەمری واقعەی دروستبوو بەشداری حکومەتی کرد.
سەردەمێکی تازە لە پەیوەندیەکانی یەکێتی و پارتی دەستی پێکرد بە ئاقاری پشتکردنە ڕێکەوتنامەکەی نێوانیان، پارتی لە مەوقعی ھێزەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکە دەکرد نەک بەپێی ڕێکەوتنامەکە, چونکە ھاوسەنگیەکە تەواو گۆڕانی بەخۆوە بینی بوو, بەڵام جارێکی تر لەساڵی ٢٠١٥ پرسی پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم ھاتەوە بەرباس، لایەنە سیاسیەکان نەگیشتنە ڕێکەوتن, و تەنانەت پارتی تاک لایەنە پەڕلەمانی پەکخست و یەکێتی ھەوڵێکی بێ ئەنجامی دا نەیتوانی ناوەندگیری پارتی و گۆڕان بکات بۆ کاراکردنەوەی پەڕلەمان. یەکێتی ئەم جارە بۆ ئەوەی ھاوسەنگی بگەڕێنتەوە لە١٧/٥/ ٢٠١٦ ڕێکەوتنێکی سیاسی لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدا کە ئەم ڕێکەوتنە زۆر جیاواز بوو لە ڕێکەوتنامەی ستراتیژی، ئەم ڕێکەوتنامەیە مۆرکێکی چاکسازی و خزمەتکردن بە میللەتی پێوەدیار تا ڕێکەوتنامەی دوو حیزبی، و لە کاردانەوەی ئەم ڕێکەوتنامەیە پارتی لە ڕاگەیەنراوێکدا ووتی “ئەم ڕێکەوتنامەیە بە مردووی لە دایک بووە” دانیپێدانەنا, دواتر لە ڕوداوێکی گرنگ لە ساڵی٢٠١٧پارتی بە پاڵپشتی یەکێتی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دا لە ٢٥/٩/٢٠١٧, بۆ ئەومەبەستەش پارتی بە ھاوکاری یەکێتی پەرلەمانیان کاراکردووە, وەبانگەشەی “بەڵێ” بۆ ڕیفراندۆمیان ئەنجامدا.
بەڵام لێکەوتەکان ڕیفراندۆم پارتی و یەکێتی پەرتکرد، چونکە بەرژەوەندیەکانیان تەواو کەوتە مەترسیەوە وڵاتیان بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار برد, سەرئەنجام ١٦ ئۆکتۆبەری لێکەوتەوە, تێدا بە ئاشکرا پارتی یەکێتی بەخیانەتکار وەسفکرد, تا ئیستاش شکستی ئەم پڕۆسەیە بەیەکتر دەفرۆشنەوە, پارتی ئیستا ھەرچەندە لەگەڵ یەکێتی لە حکومەتدان, بەڵام ھەموو جومگە گرنگەکانی دەسەڵات لە دەستی پارتی دایەوە مۆنۆپۆلێ کردووە سەردەمی پەنجا بە پەنجا کۆتایی ھاتووە, ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق نزیکە, بەڵام یەکێتی و پارتی لە دوو حیزبی دۆستەوە گۆڕاون بۆ دوو حیزبی ناکۆک لە ڕواڵەتدا بۆ ڕاکێشانی دەنگی ھاوڵاتیان. ھەموو ئاماژەکان پێمان دەڵین ڕێکەوتنامەی ستراتیژی بوونی نەماوە تەنھا ئەوەنەبێت ھیچ لایەک لە یەکێتی و پارتی تاک لایانە نایەنەوێت ئیعلانی کۆتای ھاتی ئەم ڕێکەوتنامەیە بکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.