زاڵمی ناوخۆ و زەلیلی بێگانە

لەلایەن ستاندار Posted on 414 جار بینراوە
ئارام قادر حەمەسور
دەسەڵاتی جووتحیزبی یەکێتی و پارتی دەسەڵاتێکی کلیپتۆکڕاسییە، ئەم دەسەڵاتە بە بۆنی نەوت و دۆلار مەستبووە و لە دۆخێکی بێهۆشیدایە، پێویستە هۆشیارییەکی گەورەی شەقام ئەم دەسەڵاتە بوەستێنێت چونکە مودمین بووە بە چەتەگەریی، جووتحیزب لەڕێگەی قۆرخکاریی سیاسی و ئابوری ڕەوایەتی بەخۆی دەدات و کۆنتڕۆڵی هەموو جومگەکانیان کردووە، دوای بیست و حەوت ساڵ لە چەتەگەری و هەڵوشینی داهاتی هەرێم ئێستای دروستکردووە، بەردەوام ستەمکارەکان لەسەر ڕێچکەی ستەم و چەتەیی بەردەوام بوون، لەکۆتایدا شەقام کۆتایی بەم ستەمکارانە هێناوەو ڕەوانەی لاپەڕە ڕەشەکانی مێژووی کردون، دەسەڵاتە ڕەشەکان بەردەوام مایەی ڕەشبینی بوون بۆ گەلەکەیان، بەڵام هەموو دەسەڵاتە ستەمکارەکان کۆتاییەکیان هەیەو دەبێت بووەستن.
دەسەڵاتی دۆڕاو و بەزیو هێشتا شەرم ناکات  بەردەوامە لەسەر برسیکردنی خەڵک، ئەم دەسەڵاتە لە ڕووی سیاسیی و حکومڕانییەوە فەشەلی هێناوە، دۆڕاوی گەورەی سەر مێزەکانی گفتوگۆیە، دەیەوێت تۆڵەی دۆڕانەکانی بکاتەوە، ئەو دۆڕانانەی بەرامبەر عەبادیی ئەنجامیداون، دەسەڵات زەلیلی دەستی بێگانەیەو بەردەوام وەک داشی دامە لەلایەن وڵاتانی دراوسێ یاری پێدەکرێت، بۆیە تا ئەمڕۆش سڵ لە خیانەت ناکاتەوە.
یەکێتی و پارتی خاوەنی هێزی چەکدارن و بەردەوام وەک پاسەوانی چەتەگەریی بەکاریان هێناون، هێزە چەکدارەکان زاڵمانە بەکار دەهێنن بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان،  سیاسەتی فەشەل و ستەمکارانەی هەرێمە وایکردووە هێزەکان بکاتە هێزێکی شەقوەشێن نەک نیشتمان پەروەر. دەبێت ناڕەزاییەکان فراوان بکرێت و کۆتاییەک بۆ ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە دابندرێت، بێدەنگبوونی خەڵک زیاتر ئەم دەسەڵاتە بەرەو عەنتەری سیاسی دەبات، خۆپیشاندانی سەرتاسەری کاریگەری دەبێت بۆ کۆتاییهینانی ئەم شانۆگەرییەی دەسەڵات، خەڵک دەبێت بپرسێت بۆچی  داهات زۆرەو موچە نییە؟ ئەم دەسەڵاتە ئەخلاقی سیاسیی کۆتایی هاتووەو بەردەوام کەڕامەتی مرۆڤ دەشکێنێت، ئەگەر ستەمکاری لە ئەستوریدا بپسێت ئەوا ئەم دەسەڵاتە ستەمکارێکی ئەستورە.
هەموان دەبێت بێینە شەقام و داوای گۆڕانکاری بکەین، ئەم دەسەڵاتە بەزیوەو لەدەرەوەش پاڵپشتی نەماوە تەنیا چەک و پارە ڕایگرتووە، بەشێکی کۆمەڵگا لەسەر شەقامەو بەشەکەی تر لەماڵەوەیە و بۆتە پاڵەوانی فەیسبووک! گەلێک هۆشیاربێت قبوڵی ناکات پەروەردە و تەندروستی وەستابێت، کاتێک شەقام فراوان دەبێت ئەو کاتە دەسەڵات دەترسێت و ملی کەچدەکات بۆ داواکاریەکان، چونکە تا ئەمڕۆش خۆپیشاندانەکان نەگەیشتونەتە سەرتاسەری، وەک میکیاڤیلی دەڵێت کاتێک شەپۆلی گەل هەڵدەستێت هیچ قەڵایەک ناتوانێت میر  بپارێزێت، ئەم دەسەڵاتە زەلیلی دەرەوەیە و زاڵمی ناوخۆیە، گەر هێزی ناڕەزاییەکان فراوانبێت هێزێک دروست دەبێت ئەم زاڵمە زەلیل بکات. خۆپیشاندانەکانیش بەرەو سەرتاسەری دەڕۆن و جێگەی دڵخۆشین، هۆشیارییەکی گەورە لەسەر شەقام کۆتایی بەم دەسەڵاتە نەخۆش و بۆگەنە دەهێنێت و دەیخاتە تابوتی مێژوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.