یادەوەری ئەنفالی سێ

لەلایەن ستاندار Posted on 375 جار بینراوە

خەلیل سەرکانی
ئەمساڵ ٣٢ ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفالدا تێدەپەڕێت. بەندە وەک شایەتحاڵ و پێشمەرگەیەک، ئاگادار لە ڕووداوەکانی ئەو زەمەنە، ھاوکات کتێبێکم بەناوی (ئەنفال لە یادەوەری پێشمەرگەیەکدا) نوسیوە، کە باری سەرنجی خۆم و یادەوەریەکانم لەسەر ئەو کارەساتە بەیانکردووە.
ئەو گۆڕانکاریە سیاسیانەی لە دوای جەنگی جیھانی یەکەم ڕوویاندا، چ لە عیراق و ناچەکە و جیھان، کوردستانیشی لێ بێبەش نەبوو. ڕۆڵی دەوڵەتە زلھێزەکان لەناویاندا بەریتانیا، ڕۆڵی بەرچاویان ھەبوو لە بەستنەوەی ھەرێمی کوردستان بە عیراقەوە. لەو ساتەی ئێمە لە چوارچێوەی عیراقدا دەژین، ھەمیشە لەبەر لێشاوی کۆمەڵکوژی و لەناوبردندا بووین وەک دووەم نەتەوە لەعیراق. ھەر بۆیە زۆربەی شۆڕشە کاریگەرەکانی کوردستان لەم ناوچەیە دژ بە ئینگلیز و دەوڵەتی عیراق ڕویانداوە.
ئەوەی پەیوەندی بە حوکمڕانی عیراق ھەیە، سەرجەم ئەو دەسەڵاتانەی حوکمیان کردوە باوەڕیان بە مافی ڕەوای گەلی کورد نەبووە. ھەر بۆیە کورد بە ناچاری، لە چەندین قۆناغی جیاوازی ئەم حکومەتەدا پەنای بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش کردن بردووە. ھەر ئەمەش وایکردووە کە بەشێک لە دەسەڵاتداران ئەمە بکەنە بیانوی دەستیان و ڕەوایەتیانداوە بە بە کۆمەڵکوژی نەتەوەیی. بەتایبەت ھاتنی ڕژێمی داپڵۆسێنەری بەعس و بەتایبەت تر بە ھاتنی (ێدام حسین) ئەم قۆناغە لە کۆمەڵکوژی ھەنگاوی زۆر مەترسیداری بڕی.
بە ھەموو پێوەرە نێودەوڵەتیەکان، ئەوەی بەعس لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەرامبەر بە کورد ئەنجامیدا، دەچێتە چوارچێوەی جینۆساید و کۆمەڵکوژی نەتەوەیی. ئەم جۆرە لەجینۆساید، بەبەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دۆست و دوژمنانی کوردەوە. زۆرترین ماڵوێرانی و زیانی گیانی و ماددی بەدوای خۆیدا ھێنا. ھەر لە ئەنفالی بارزانیەکان، تا دەگات بە کیمیا بارانی ھەڵەبجە و سێوسێنان و قۆناغەکانی ئەنفال، کە بەدەیان و سەدان ھەزار کورد تیادا لەناوبران. ئەم تاوانانەی بەعس، گەلی کوردی گەیاند بە ئاستی ئەو گەلانەی جیھان کە زۆرترین تاوانی نەتەوەیی و نەھامەتی گەورەی بەسەردا ھاتووە.
ئەوەی جێگای سەرنج و باسی ئێمەیە، ئەوەیە کە دوای نزیکەی (٣٠) سی ساڵ بەسەر تاوانی گەورەی ئەنفال و نزیکەی سەدەیەک حوکمڕانی عیراق، بەڵام تائێستا ھیچ یەک لە کابینە و سیستەمەکانی حوکمڕانی عیراق قەرەبووی خەڵک و کەسوکاری قوربانیانی نەداوەتەوە. ئەوەی ئازارەکەی لای خەڵکی کوردستان زیاتر کردووە، لەماوەی حکومڕانی دەسەڵاتی کوردی و دوای ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١، بەڵام تا ئێستا قوربانیانی تاوانەکانی بەعس ھەست ناکەن کە لە سایەی دەسەڵاتێکی کوردیدا ئەژین. ھێشتا ئەم دەسەڵاتەی کە بەرھەمی قوربانیدانی خەڵکی کوردستانە، نەیتوانیوە تەنانەت تاوانبارانی ئەنفال و کیمابارانی کورد دادگایی بکات، بەڵکو ھەندێک لەو تاوانبارانە ئێستا لە لوتکەی ھەرەمی دەسەڵاتدان. بەشێکی زۆر لە قوربانیەکان لە ئازارێکی دەرونی و بارێکی سەختی ئابوریدا دەژین.
ئەو کارەساتانەی بەسەر گەلی ئێمەدا ھاتووە، بەسەر ھەر میللەتێکی تر بھاتایە، دەبووە ھەوێنی دروستبوونی دەوڵەت و بوژانەوە و یەکگرتنی نەتەوەیی. بەڵام بەداخەوە بۆ ئێمە تەنھا خەم و ئازاری لەدوای خۆی بەجێھێشتووە. وەک شایەتحاڵ و ئاگادار لە ڕووداوەکانی ئەو سەدەمە، دەمەوێت چەند خاڵێک بخەمە ڕوو کە بۆچی لە ئەنفالدا، بەتایبەت ئەنفالی گەرمیان زۆرترین زیانی ماددی و مرۆیی لێکەوتەوە؛
١. گەرمیان لەبەری خۆرئاواوە ھاوسنورە لەگەڵ ناوچە عەرەب نشینەکان، کە دەوڵەمەندە بە نەوت و سەرچاوە سروشتیەکان، ئەمەش پەیوەندی بە ئابوری عیراقەوە ھەیە.
٢. گەرمیان لەلایەن سوپای عیراقەوە لە ھەموو لایەکەوە ئابڵۆقە درابوو. ھێزی پێشمەرگەش توانای پاراستن و بەرگری ناوچەکەی نەبوو، ھێزی سەرەکی مەڵبەندی یەک لە دۆڵی جافایەتی و سنوری سەرکردایەتی بوو، کە ماوەی سێ ھەفتە لە ڕووبەڕوبونەوەیەکی سەخت و نابەرابەردا بوو. بەسەدان شەھید و برینداری دابوو، پاش ئەوە ناوچەکە لەلایەن سوپای عیراقەوە داگیرکرا و ھێزی پێشمەرگە پاشەکشەی کرد بەناو ئیران و لە قەندیل و خۆشناوەتی و ئاغجەلەرەوە تاکو گەشتنەوە گەرمیان. ئەم ھێزە زۆر ماندوو بڕستی لێبڕا بوو.
٣. بڕیاری ھەڵەی بەرپرس و فەرماندەکانی پێشمەرگە، کە لە سنورەکە مابوون، بەڕێگری کردن لە خەڵک تەقاندنی تایەی تراکتۆر و دەستگیرکردنی ئەو خەڵکانەی کە لە ھەوڵی خۆ دەبازکردندا بوون. لەڕاستیدا ئەم بڕیارە ھەڵەیە بوویە مایەی ئەوەی زۆرترین ژمارەی خەڵکی بێ دیفاع لە ئەنفالی سێدا لەناوچەی گەرمیان بێ سەروشوێن بوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.