پلانێكى مه‌ترسیدارى حكومه‌ت ته‌ڵه‌ى حكومه‌ت بۆ په‌رله‌مان و فه‌رمانبه‌ران

لەلایەن ستاندار Posted on 400 جار بینراوە

پلانێكى مه‌ترسیدارى حكومه‌ت
ته‌ڵه‌ى حكومه‌ت بۆ په‌رله‌مان و فه‌رمانبه‌ران

سەرتیپ وەیسی

له‌ ساڵى 2008وه‌ حكومه‌تى هه‌رێم زیاتر له‌ 42 جۆر ده‌رماڵه‌ى به‌ فه‌رمانبه‌ران داوه‌، به‌ڵام به‌ پێى پڕۆژە یاسای “چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵە ‌و بەخشین و ئیمتیازاتەكان”، كه‌ ئێستا له‌ په‌رله‌مانه‌و، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت په‌سه‌ندبكرێته‌وه‌ دواى هه‌مواركردنى، له‌مه‌ودوا خه‌رجكردنى ده‌رماڵه‌ى تایبه‌ت له‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كان ته‌نها بۆ فه‌رمانبه‌رو كارمه‌ندى شایسته‌یه‌، كه‌ به‌فیعلى خزمه‌ت ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش زۆرێك له‌و ده‌رماڵانه‌ى ده‌درێت به‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌بڕدرێت، ته‌نها ئه‌وانه‌ نه‌بێت، كه‌ ساڵى 2008 له‌ په‌ڕله‌مانى عێراقه‌وه‌ بڕیارى له‌سه‌ردراوه‌.

له‌و 42 جۆر ده‌رماڵه‌یه‌ی له‌ رابردوودا دراوه‌ته‌ فه‌رمانبه‌ران، حكومه‌ت ده‌یه‌وێت به‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و ده‌رماڵانه‌ ببڕێت، بۆیه‌ ئه‌و كاره‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یكات به‌ بڕینی ده‌یان ده‌رماڵه‌ له‌ ڕێی په‌رله‌مانه‌وه‌، به‌ ئاسانی له‌ناو خه‌ڵكدا تێناپه‌ڕێت و حكومه‌ت ده‌یه‌وێت په‌رله‌مان ناشیرین بكات.
بڕگه‌و ماده‌ى تایبه‌ت به‌ ده‌رماڵه‌ له‌ یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵە ‌و بەخشین و ئیمتیازاتەكان، كه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ نێردراوه‌ بۆ په‌رله‌مان بۆمبى ته‌وقیتكراوى تێدایه‌، چونكه‌ به‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌و یاسایه‌ ژماره‌یه‌كى یه‌كجار توێژى حكومه‌ت ده‌رماڵه‌كه‌یان ده‌بڕدرێت و، ژماره‌یه‌كیش ده‌رماڵه‌كه‌یان كه‌مده‌بێته‌وه‌ به‌ تایبه‌ت به‌شێك له‌ كارمه‌ندانى ته‌ندروستى، له‌وانه‌یه‌ زۆریك له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ شایسته‌یى وه‌رگرتنى ده‌رماڵه‌كه‌بن به‌ڵام ڵێیان ده‌بڕدرێت.

ئه‌و به‌شه‌ى یاساكه‌ كه‌ تایبه‌ت به‌ ده‌رماڵه‌ دوو ته‌ڵه‌ى تێدایه‌، یه‌كیان ئه‌وه‌یه‌ داهاتێكى زۆر كه‌ خۆى له‌ نزیكه‌ى (100 بۆ 150) ملیار دینار بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌و حكومه‌تیش ئه‌مه‌ى ده‌وێت، چونكه‌ به‌وكاره‌ى حكومه‌ت موچه‌ى به‌شێك له‌ توێژه‌كان وه‌كو ئه‌وه‌ى لێدێته‌وه‌، كه‌ پێشووتر موچه‌كه‌ى بۆ پاشه‌كه‌وتده‌كرا. له‌ هه‌مانكاتدا ئامانجى دووه‌مى حكومه‌ت ئه‌وه‌یه‌، نایه‌وێ ئه‌وكاره‌ له‌ رێگه‌ى حكومه‌ته‌وه‌ بكرێت و دیسانه‌وه‌ ئامانجیه‌تى له‌رێگه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان ناشرین بكات، بۆیه‌ گرینگه‌ فراكسیۆنه‌كان به‌ تایبه‌ت ئۆپۆزسیۆن وریابن له‌وباره‌یه‌وه‌.

چاكسازى و گۆڕانكاریكردن له‌ ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران كارێكى باشه‌، ئه‌گه‌ر ئامانج له‌ بڕینى ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران كۆتایهێنانبێت به‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌ له‌ كه‌سانى ناشایسته‌، به‌ڵام هه‌موو ئاماژه‌كان بۆئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى وریایى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌ نه‌كرێت وه‌كو ده‌ڵێن ” ته‌ڕو وشك پێكه‌وه‌ ده‌سوتێت “.

له‌وانه‌شه‌ په‌سه‌ندكردنى یاسایى چاكسازى بكه‌وێته‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان، چونكه‌ هه‌ندێك لایه‌ن بۆچوونیان گۆڕاوه‌و پێیانوایه‌: یاسایى چاكسازى ڕه‌نگه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ خراپ به‌سه‌ریان بشكێته‌وه‌.

ئاماره‌كان له‌ باره‌ى ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران :
به‌ پێى ئه‌و ئاماره‌كان، له‌ كۆیى ( 719 ) هه‌زار فه‌رمانبه‌رى هه‌میشه‌یى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان مانگانه‌ زیاتر له‌ (671 ) ملیار دینار له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌رده‌گرن له‌و ڕێژه‌یه‌ش له‌ (43%) كه‌ ده‌كاته‌ (288 ) ملیار دینار بۆ موچه‌ى بنه‌ڕه‌تى فه‌رمانبه‌ران ده‌چێت و له‌( 57%) بۆ ده‌رماڵه‌ى جێگیرو پیشه‌ییه‌كانى فه‌رمانبه‌ران ده‌چێت، كه‌ ده‌كاته‌ (382) ملیار دینار له‌و رێژه‌یه‌ش ( 204) ملیار دینارى بۆ ده‌رماڵه‌ پیشه‌ییه‌كان ده‌چێت و(76) ملیار دیناریش بۆ ده‌رماڵه‌ جێگره‌كان ده‌چێت ، به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى دارایى ته‌نها له‌ (20%) فه‌رمانبه‌ران ده‌رماڵه‌ى پیشه‌یى به‌ شایسته‌یى وه‌رده‌گرن و ته‌نها ده‌رماڵه‌ى جێگیره‌كان كه‌ ده‌كاته‌ ده‌رماڵه‌ى بڕوانامه‌ به‌شێوه‌یه‌كى دادپه‌روه‌رانه‌ دابه‌شده‌كرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.