ماستاو, سۆز و ڕق سێگۆشە بەرمۆدەکەی ماسک

لەلایەن ستاندار Posted on 484 جار بینراوە

بەکر جۆڵا

دەمامککارەکان گەرچی بۆ مەرام و ئاوەزی تایبەت کۆمەڵێک دەرچە ڕێگای دروست وەک پردی تاکتیک دەگرنەبەر,لەپێناو ھەنگاوێک زووتر گەیشتن بەئامانجی دیاری کراو, وە زۆرجار ئەم دەمامککارانە یان ڕوونتر ئەم ماسککارانەی دەیان بینین زیاتر لەخەڵکی تر خۆیان بەبەخشندە و بەدەم کێشەچارەسەربوونی خەڵکەوە پیشان دەدەن, لەناواخنیشدا جەھەننەمێک بەحەشاردراوی خۆیان موبارەک دەکەن.
ماستاو , سۆز و ڕق وەک سێ توخمی ھەستیار کە پێموایە کۆمەڵگەی بەرەو لێکترازان و ھەڵدێر بردووە, ھەموو ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی حەپەلوش کردووە لەشێوەی بەرمۆدەیەک, وە ئەم فەزیحە ناجۆریەیە کە تاوانباری سەرەکی تاوان لێکراو خۆیەتی ئەوەش لەبەرمەبنای چەنبارەکردنەوەو کەوتنە تەڵەکەوە لەژێر ماسکی درۆینی پیرۆزی و ھەڵتەکاندی دەنگی حەقی خەڵک و لەکەدارکردنی دەنگی حەقی خەڵکی ناڕازی بەخیانەتکار ئەمانە شومی ئەم بەرھەمە تاڵەیە کەلە گوڵە ژاڵەیەک زیاتر نییە.
ماستاو کردن بەدەوری سەرکردەکانەوەو لەگوڵ زیاتریان پێنەوترێت, بەردەوام بەدەمیانەوە بوەستن وەک پەیکەر ئاسا نەڵێن پشتی چاوتان برۆیە, قسەو دیالۆگ و شیکردنەوەکان ھەمیشە بەئاراستەی بەدەم کارێزما بوونەوە بێت, حاڵمان لەمە باشتر نابێت, وە لەسۆز نواندنی چین و توێژەکان بەتایبەت لەکاتی ھەڵبژاردنەکان و تایبەت تر زانایانی ئایینی کە ڕۆڵی بەرچاویان ھەبووە لە ئاراستەکردن بۆ لایەنێک, لەژێر توڕەیی و غەزەبی خودا و لادان لەھەستی نەتەوایەتی ئەگەر دەنگ بۆ فڵان لایەن نەدرێت ئەم جۆرە سۆز نواندنەش بەرەنجامەکانی ئەمڕۆ دەرکەوتوون.
ئێمەی چەقبەستوو بەڕق و کینە, بێویژدانانە ھێرش و داماڵین بۆسەر یەکتر مۆتەکەی تەشەنەکردنی ماڵوێرانی بووە, تەنانەت ڕەنگدانەوەی ئەم یەکتر ڕیشەکێشکردنە وجودێکی ناعەقڵانی بەرجەستە کردووە, کە بەجۆرێک لەگەڵ واقعی حاڵ ڕقمان پەروەردە کردووە, بەرامبەر بە شەخس و کۆمەڵ و حیزب و گشت تەوجیھە خزمەتگوزارییەکانیش کە دەکرێت بەئاراستەی جیاواز وە بۆ پێچەوانەکردنەوەی کاری لەسەر بکرێت.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەم ڕق و توڕەییە کەچەکەرەی گیانمان بووە, ئاراستەیەکی تر وەر بگرین, لەمامەڵە و ھۆشیاری, واز لەچەند ڕوویی بێنین کە ھەوێنی ماڵوێرانی بووە, ھەرکەسێک ژیرانە بیربکاتەوە دەگات بەو دەرەنجامەی ئێستاش کەسانێک ھەن چارەی چەپڵە ڕێزان و قسەی بریقەداریان ناوێت, لە قسە کردارەکان زیاتر بۆ ئەم دۆخە ھیچی لێ سەوز نابێت, لەتێڕوانین و لێکدانەوەی سیاسەتی بەشێک لەسەرکردەکان تێڕامان و وردبوونەوەی زیاتری دەوێت, لە ئاراستەی ئاسایشی ناوخۆو خەمی خەڵک.
جۆری مامەڵەی بەرپرسانی ھەرێم لەشێوەی خواوەند و پەرستگر دەردەکەون و ئەوانەی دەوروبەریان بەداردەست و خزمەتکار, ئەوەی دەبینرێت نەک لەسەردەستی ئەمجۆرە حکومدارییە پێش نەکەوتووین بەڵکو بەرەو کۆمەڵگە سەتاییەکانی داڕشتنی بنچیینەی شارستانییەت و دابەشکردنی کارەکان گەڕاوینەتەوە, ئیستوارت میل ئاسا وتەنی: ئەو خەڵکانەی کە حوکمی خۆیان بەدەست نییە و کەسانی دیکە حکومیان بەسەردا دەکەن, لەلایەنی ئەخلاقی و عەقڵانییەوە بەرەو لەناوچوون دەچن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.