بۆچی ھەرگیز نیشتمان نابێتە ھی ھەمووان؟

لەلایەن ستاندار Posted on 396 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

نیشتمان ئەو پارچە زەویەیە کە کۆمەڵە کەسانێک لەسەری نیشتەجێن و دەبێتە زێدی خۆیان و نەوە و باوباپیرانیشیان، ھەر ئەمەشە کە دەبێتە ھۆکاری خۆشویستنی و خۆبەختکردن لە پێناویدا،و ڕێگەنەدان بەھیچ داگیرکەرێکی دەرەکی کە پێی بخاتە سەر و خێروبێری وڵاتەکە بەھەدەر ببات و کوشت و کوشتاری تیادا بکات.
نیشتمان چەندە بچوک یان گەورە بێت ،یا دەوڵەمەند و ھەژار بێت یاخود چەندە ناخۆش بێت لەڕووی کەشوھەواو و ژینگە و نەبونی سیستەمێکی حوکمڕانی دادپەروەر کە ئازادیەکانی تاک و کۆمەڵگای تیادا زەوتکرابێت و دیموکراسیەت و مافی مرۆڤی تیادا پێشیل بکرێت،ھەر خۆشەویستە و ھیچ کات مرۆڤەکان ناتوانن دەستبەرداری ببن، نیشتمان لانکە و نەوای ھاونیشتیمانیانی خۆیەتی،ھەرچەندە ئەو تاکانەش نادڵسۆز و بێ وەفاو بێ ئەمەک و خەمخۆریش نەبن بۆی.
نیشتمان ئەو دایکە بەسۆزەیە کە ھەموان بە باش و خراپەوە لە ئامێز دەگرێت بەبێ جیاوازی،بەڵام ئەوە مرۆڤەکانە خۆیان لێدەگۆڕێت و دەبنە کەسانی سپڵە و بێ ئەمەک بۆ نیشتمانەکەیان.
مرۆڤەکان یاخود ھەندێکی کەم لە مرۆڤەکان بەڕێکەوت یان بە تۆپزی خۆیان دەکەنە دەمڕاست و لێپرسراو و سەرکردەی نیشتمان و ھالە و خەرمانەیەکی درۆینە بەدەوری خۆیاندا دروست دەکەن یان کەسانی دەوروبەریان لە ھەلپەرست و گەندەڵ و مشەخۆرەکان بۆیان دروستدەکەن و لەبارچاوی خۆیانیشدا خۆیان لێ گەورە دەکەن و لە زۆرینەی جەماوەر دایاندەبڕن و دەیانگەیەنن کەشکەلانی ئاسمان و بەرزیان دەکەنەوە و دەیانخەنە ((ێەومەعەیەکی))داخراوی لە خوا و لەجەماوەریش دوور ،ئیدی لێرەوە مەینەتیەکانی نیشتمان دەستپێدەکات و چەندین چینی جیاواز دروست دەبێت و ململانێ چینایەتیەکان سەرھەڵدەدەن و کۆمەڵگاش شەقار شەقار دەبێت، چینێکی دەسەڵاتدار و خۆ بەزلزان و مەغرور و بێ منەت لەگەل و نیشتمان لەسایەی دەسەڵات و پۆست و پلە و ئیمتیازاتەکانەوە کە دوور لە مافی ڕەوای خۆیان بەدەستیان ھێناوە ،چینێکیش ھەمیشە سووتەمەنی خەبات و خۆپیشاندان و شۆڕش و ڕاپەڕینەکان بوە لەلایەک دژ بە داگیرکەرانی دەرەکی و دواتریش لەسەردەمی حوکمڕانی خۆیەتیدا دەبنە سووتماک بۆ ھەوەس و ئارەزووەکانی شۆڕشگێڕانی دوێنێی نیشتمان و و خۆسەپێن و تاکڕەوی دەسەڵاتی ئەمڕۆ،ئیدی ئەم دوو چینە دژ بەیەکە نیشتمان دابەش دەکەن لەنێو خۆیاندا،چینە کەمینە دەسەڵاتدارەکە بەناوی ((شەرعیەتی شۆڕشگێڕیەوە))ھەموو حەرام و تابۆکانی نیشتمان بۆ خۆیان حەڵاڵ دەکەن و لەزۆرینەی جەماوەری بەش مەینەتی حەرام دەکەن، ئیدی لێرەوە نیشتمان نابێتە ھی ھەموان وەک یەک وبەیەکسانی،چونکە ھەموان لەسایەی ئاسمان و لەسەر زەمینی نیشتماندا ھەست بەیەکسانی و دادپەروەری ناکەن و ئازادی و مافەکانیان لێ زەوتکراوە و تەنھا لەکاتی تەنگانە و شەڕ و جەنگە ناڕەواکاندا نیشتمان دەبێتە ھی زۆرینەی بێ دەسەڵات کە ھەمیشە سووتەمەنیەکی ھەرزانکراون بۆ قوربانیدان و خۆشکردنی گڕی جەھەنەمێکی ب ناڕەوا داگیرساو کە تەڕو وشکی نیشتمان پێکەوە دەسوتنێنێت.
ئاخر بەچی نیشمان ببێتە ھی ھەموان؟ لەکاتێکدا ئیمتیازات و خۆشیەکانی ژیان تەنھا بۆ کەمینەیەکی دەسەڵاتدار لە سەرکردە و حیزبەکان بێت و زۆرینەش لێی بێبەش بن،لەکاتێکدا ئەو کەمینە گەندەڵ و خۆسەپێن و پاوانخوازانە کۆنتڕۆڵی تەواوی جومگەکانی ژیان و گوزەرانی نیشتمانیان کردبێت،بەڵام لەبەرامبەریشدا زۆرینە لەو نیشتمانەدا بێ بەشکراو وبرسی و کرێنشین بن،ئیدی چی دەیانبەستێتەوە بەو نیشتمانە و چۆن ئینتیمایەکیان بۆی ھەبێت؟
کەواتە تا سیستەمێکی حوکمڕانی ڕەشید و ژیر و دیموکراسی تەواو نەچەسپێت کە ھەموان وەکویەک ھەست بەیەکسانی ئەرک و مافەکانیان نەکەن و دادپەروەری نەبینن لەکار وکردەوە و دابەشکردنی خێروبێری نیشتماندا و نیشتمان نەبێتە بەھەشتێک بۆ خۆیان ونەوەکانیشیان ھەرگیز نیشتمان نابێتە ھی ھەموان و ئەوکاتیش ھەرکەسە دەیەوێت چیتر لەو نیشتمانەدا نەمێنێتەوە و خۆی لێ ڕزگار بکات و بەجێی بھێڵێت.
بەداخەوە سەرکردە و حیزب و شۆڕشەکانی کورد بەگشتی لەھەر چوار بەشەکەیدا و بەتایبەتیش لە باشووری کوردستاندا ھەر لە قۆناغی شاخ و شۆڕشەوە تاکو ئێستای سەردەمی حومکڕانی و دەسەڵاتدا،نیشتمان ھەر بۆ کەمینەیەکی دەسەڵاتدار بوە و زۆرینەش خۆیان بەبێگانە زانیوە،ھەربۆیەش نیشتمان سەرناکەوێت و پێشناکەوێت و لەبازنەیەکی بۆشدا دەسوڕێتەوە و زۆرینە تیایدا ھەست بە ئەمان و ئاسایش ناکات،چونکە سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان ھێندەی بۆ بەرژەوەندی کەسی و بنەماڵەیی لەھەوڵدان نیوھێندە لەخەمی زۆرینە و نیشتماندا نین،ئەوەندی بەرژەوەندیە تەسک و بچوکە حیزبی و سەرکردەیی و بنەماڵەیی و ناوچەییەکانیان لامەبەستە نیوھێندە بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتمانیان لا پیرۆز نیە.جا تا ئەوکاتەی کە ھەموان وەکو یەک لە پێناو نیشتماندا قوربانی نەدەن ھیچ کات نیشتمان نابێتە ھی ھەموان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.