ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەبارەی حوکمی لەسێدارەدان بۆ ڕامین حوسێن پەناھی بانگەوازێکی بڵاو کردەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 449 جار بینراوە

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوای لە هەموو ناوەند و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانی جیهان کرد بە دەنگ هاواری بنەماڵەی ڕامین حوسێن پەناهی و بانگەوازی چالاکانی مافی مرۆڤ و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بێن.

دەقی بانگەوازەکه:

ڕێگە مەدەن ڕێژیمی ئێران گیانی بەندییەکی سیاسیی دیکە بستێنێ!

حەوتووی ڕابردوو، “دیوانی بەرزی وڵات” حوکمی زاڵمانە و ناڕەوای ئێعدام لەبارەی بەندکراوێکی سیاسیی کورد، “ڕامین حوسێن پەناهی” پەسەند کردەوە.

حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن پەناهی یەکەم جار ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ژانویەی ٢٠١٨ی زایینی، لە لایەن بە ناو “دادگای شۆڕش” لە شاری سنه، بە سەر ئەو بەندییە سیاسییە کوردەدا سەپێندرا. ئەو حوكمە لە كاتێكدا بە سەر ڕامیندا سەپێنرا کە ناوبراو تەواوی قۆناخەکانی لێکۆڵینەوە و پێکهاتنی پەروەندەکەی بە برینداری و لەژیر ئازار و ئەشکەنجەدا تێپەڕ کردبوو. ئەو بەناو دادگایەش کە بۆ موحاکمەکردنی ئەو پێک هاتبوو، تەنیا یەک جار کۆ بوویەوە! هەر ئەو کات دەرکردنی حوکمی زاڵمانەی ئێعدام بۆ ڕامین حوسێن پەناهی بووە هۆی سەرسوڕمانی وەکیلەکەی، حوسێن ئەحمەدی نیاز و سەرجەم ناوەندەکان و چالاکانی بەرگری لە دادپەروەری و مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێراندا.

پەسندکرانەوەی حوکمی ئێعدامی ئەو بەندییە سیاسییە کوردە لە لایەن “دیوانی بەرزی وڵات” نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دوای پەرەگرتنی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان لە ئێران و بە تایبەتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان، بۆ چاوترساندنی خەڵکی وەزاڵەهاتوو، هەر وا کە لە کوشتنی خۆپیشاندەرەکان لەژێر ئەشکەنجەدا دەستی نەپاراستووە، دەیهەوێ لە ئێعدامی بەندییە سیاسییەکانیش دەست نەپارێزێ.

ئێمە لە هەموو ناوەند و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانی جیهان داواکارین بە دەنگ، هاواری بنەماڵەی رامین حوسێن پەناهی و بانگەوازی چالاکانی مافی مرۆڤ و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بێن. داوای بەپەلەیان لێدەکەین بە مەحکوومکردنی پەسندکردنەوەی حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن پەناهی و گوشارهێنان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لەو پێوەندییەدا، پێش بە مەترسیی ئێعدامی ئەو لاوە کوردە تێکۆشەرە بگرن.

هەر لەو کاتەدا داوا و چاوەڕوانیمان ئەوەیە سەرنج و بایەخێکی تایبەتی بە چارەنووسی ئەو گیراوانە بدەن کە بە دوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی رابردوو لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، خوزستان، تاران و شار و ناوچەکانی دیکەی ئێران گیراون و لەگەڵ مەترسیی مردن لەژێر ئەشکەنجە و چارەنووسێکی نادیار بەرەوڕوون.

هەر لەم دەرفەتەش کەڵک وەردەگرین بۆ راگەیاندنی سپاس و پێزانینی خۆمان لەهەمبەر هەموو ڕێکخراوە مەدەنییەکان، پارێزەرە بوێرەکان، چالاکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ و میدیاکارانی ئازادیخواز لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کە لە پێوەندی لەگەڵ چارەنووسی ڕامین حوسێن پەناهی و گیراوانی سیاسی و مەدەنیی دیکە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا، بێ ماندووبوون چالاکی دەکەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٧
١٣ی ئاوریلی ٢٠١٨

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.