گۆڕینی ئەقڵ زامنی دەسکەوتە نەک کورسی

لەلایەن ستاندار Posted on 494 جار بینراوە

ھیوا حەسەن عەلی
سەرەتا پێم باشە بەچەند پرسیارێک بێمە نێو بابەتەکەوە،ئایا بەدەستھێنانی زۆرترین ژمارەی کورسی بەسە بۆ ئەوەی بتوانین مافە دەستوریەکانی کورد لەدەوڵەتی عێڕاقدا مسۆگەر بکەین؟ئایا ئەو جۆرە سیاسەتەی کەلەماوەی ڕابردوودا کارمان لەسەر کردووە تەندروست و واقیع بینانە بووە؟ئایا ئەوشکستانەی توشی گەلەکەمان ھاتووە بەتایبەتی لەدەسدانی زیاتر لەنیوەی خاکی کوردستان لەدوای ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفڕاندۆم و کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە ھەڵەی سیاسی کورد بوو یان پلانی نێودەوڵەتی ؟ئەمانە پرسیارگەلێکن ئەگەر بوێرانە بەدوای وەڵامەکانیدا نەگەڕێن و پەنجەیان لەسەر دانەنێین ،ئەستەمە بتوانین لەگەڵ ھاوکێشەکان و ئاڵۆزیەکانی ناو عێڕاقدا کەمترین دەسکەوتمان ھەبێت.
سەبارەت بە ژمارەی کورسیەکان،وەک ئاشکرایە کورد یەکێکە لەپێکھاتە سەرەکیەکانی عێڕاق، بەڵام بەپێی ژمارەی کورسیەکانی لەباشترین حاڵەتدا ھەرچەندە بەپێی ئەو سیستەمەی کە یاسای ھەڵبژاردنەکان دایناوە،جگە لەناوچە جێناکۆکیەکان ،کورسیەکانی شارەکانی ھەرێم نەگۆڕەو کە ٤٥ کورسیە ، واتا کورد لەناو ئەنجومەنی نوێنەران ھەر کەمینەیە و ناتوانێت گرەو لەسەر ژمارەی کورسیەکانی بکات، وەک ئەوەی لەماوەی رابڕدودا بینیمان چەندین یاسایان بەبێ بەشداری کوتلە کوردێکان تێپەڕاند. لێڕەوە ئەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ژمارەی کورسیەکانی کورد نابێتە پێوەر بۆ بەدیھێنانی مافە دەستوریەکانمان، ئەگەر پێداچونەوە بە عەقڵ و سیاسەتەکانمانەوە نەکەین .
سەبارەت بە سیاسەتی رابردوی دەسەڵاتدارانی ھەرێم و چۆنیەتی مامەڵکردنیان لەگەڵ ناوەند، بەداخەوە لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە دەسەڵاتی کوردی نەیتوانیوە بەسیاسەتێکی ڕۆشن و بە مەنتقی عەقڵو دوور لە موزایەدەو جوڵاندنی سۆزو عەتفی ھاووڵاتیان بۆ دەسکەوتی حزبی کار لەسەر بەدەستھێنانی داخوازیەکانی خۆی بکات، ئەمە جگە لە پیادەکردنی سیاسەتێکی ناشەفاف و لەبەرچاو نەگرتن و نەخوێندنەوەی سیاسەتی ووڵاتە زلھێزەکانی جیھان بۆ ناوچەکەو عێڕاق، ھەروەھا مامەڵەکردنێکی ناواقعی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی دوفاقی لەگەڵ ناوەند ھۆکار بوو بۆ شکستی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی ھەرێم لەماوەکانی ڕابردوودا.
بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیانەش نمونەمان زۆرە وەک:لەبەغداد شەڕی پۆست و دەسکەوتی حزبیان دەکرد،کەچی لەھەولێرەوە گوتاری گڕدارو ئاگرینیان ئەدا بەگوێی دەسەڵاتدارانی بەغداد، لەبەغدا داوای (توافق)یان ئەکرد کەچی ،لەکەرکوکیش بە زۆرینەی دەنگی ئەنجومەن بڕیاری تاکلایانەیان ئەدا، لەبەغدا داوای بەشە بودجەیان دەکرد،کەچی لە ھەرێم بێ گوێدانە ناوەند نەوتیان سەربەخۆ ھەناردە دەکرد،لەبری ئەوەی بڕۆن لەبەغدا چارەسەری کێشەکانیان بکەن،کەچی پایەکیان لەتورکیاو ئاوی دیکەیان لەئێران و ووڵاتانی دیکە بوو ، بەکوردی و بەکورتی لە بەغدا قسەیەکیان ئەکرد لە ھەولێر پێچەوانەکەیان ئەوتەوە.
بۆیە ئەبێ سەرکردایەتی سیاسی کورد بێ ئەوەی خەڵکی چەواشە بکات،با ئاشکراو بێ سمڵینەوە ھەرێم وەک بەشێک لە چوارچێوەی عێڕاق بزانێت و پێداچوونەوە بە پەیوەندێکانی نێوان ھەلێرو بەغداد بکاتەوەو بەتیمێکی حکومی و دوور لە دەستێوەردانی حزبی ڕوو لە بەغداد بکات و ھەموو ھەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ سەرجەم کێشە ھەڵپەسێراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد بەپێی یاساو بنەماکانی دەستور.
لێڕەوە ئەبێ ئەو ڕاستیەش بڵێین کە عەقڵیەتی دەسەڵاتدرانی بەغداش ھێندە شۆفینی و دوور لەبەھا ئەخڵاقی و مەدەنیانەیە کە مامەڵەکردن لەگەڵی زۆر قورسەو پشو درێژی زۆری ئەوێ، بۆیە گرنگە کورد ھەوڵە دبلۆماسیەکانی بخاتەوە گڕ ھەم بۆ دروستکردنەوەی متمانەی نێوان ھەرێم و ناوەندە سیاسیەکانی جیھان کە لەدوای پرۆسەی ڕیفڕاندۆمەوە بچڕابوو ، ھەم بۆ ئەوەی لە ڕێگای ئەوانەوە فشار بخرێتە سەر بەغداد بەمەبەستی جێبەجێکردنی دەستور کە بەشێکی گرنگی مافەکانی خەڵکی کوردستان مسۆگەر ئەکات.ئەمە ئەو ڕێگا ڕاستەیە کە ئەگەر حەکیمانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ڕەنگە ھەرێم بەرەو قۆناغکی تر ببات کە بەشێک لەم نەھامەتییەی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکات

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.