ئەو سەگ وەڕینە بە ستاندەر بۆچی ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 433 جار بینراوە

پ.ی.د.رعد رفعە محمد
وەڕینی سەگ دیاردەیەکە دەنگیە، پسپۆرانی سروشتی ئاژەڵیی دەیگەڕێننەوە بۆ چەند ھۆکارێک، سەرەکیترینیان دوانن:
یەکەمیان: ئاگادارکردنەوەی خاوەنی سەگەکە لەمەترسی شتێک یان کەسێک.
دووەمیان: دەربڕینی بێزاری وتەنھایی و وەڕسی وگرنگی پێنەدانی لەلایەن دەوروبەری.
ئەمە پێشەکیەکی کورتە سەبارەت بەو دیادەی ماوەماوە چەند بەناو رۆشنبیر وخاوەن قەڵەم وسیاسی وفسفس پاڵەوانەکانی فەیسبوک وجاری واھەیە گروپی حزبی پێی ھەڵدەستن لە ھێرشی ناڕەوا بەسەر مسعود عبدالخالق ودەزگای ستاندەر، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوانە بەجیاوازی ژێرخانی ئایدۆلۆژی ئیسلامی ولیبرالی ومارکسی ھەموویان کۆک ویەک قسەن دژی ئەم پیاوەو ئەو دەزگایە .
ئێستا ئەو کەسانە، شوێنکەوتوی دەجال ئاسا ھەرجارەو لەزەمان ومەکانێک وھەقوڵاو لەنەفسی نەخۆشیان یان بەفیتی ھەرزەیەکی سیاسی یان لایەنێکی موفلیس لە فکرو سیاسەت وئەخلاق دەردەچن وپەیدا دەبن وسەگ وەڕین دەکەن بەسەر مسعود عبدالخالق ودەزگای ستاندەر –کە بۆتە رەمز وھێمای بەرخودان وخۆڕاگری وبەرگری وتەسلیم نەبوون لەھەولێر-، ئەوانە وازیان لەقەیرانە گەورەکانی کورد وکوردستان ھێناوەو دێن رەخنە لە زاراوەیەک، ووشەیەک، پیتێک، خاڵبەندیەک، وێنەیەک، نیازێکی ئەو پیاوە دەگرن ووازیان لە بابەتە سەرەکیەکەی کۆمەڵگەی کوردی ھێناوە کە خۆی دەبینێتەوە لە دەسەڵاتە ستەمکارو مرۆڤ لەناوبەرەکەی.
مسعود عبدالخالق جگە لەوەی خاوەنی چەندین کتێبی بەنرخی فکری وسیاسی ومێژووی کوردستانە، خاوەن ھەڵوێستێکی سیاسی نەگۆڕە لەبەرەی خەڵک دژی بەرەی گەندەڵ وستەمکاران، نەک تەنیا لەکوردستان بەڵکو لەتەواوی ناوچەکە. ئەوە سەرەڕای کەسایەتیە سادە وخاکیەکەی کەھەردەم لەخزمەتی گشت توێژەکانی کۆمەڵگە بووە بەتایبەت خزمەتکاری گەنجان بووە. ئەو پیاوە شاخ ئاسایە کەلە ھەولێر چەندین ساڵە رەگی داکوتاوەو بۆتە قەڵای خۆراگری بەرامبەر ھەرچی سزاو پاداشتەکانی دەسەڵات، نەک تەنھا بەھەڕەشە وبۆرە وەعدێکی پارەو پۆست واز لە بەھا بەرزەکانی خۆی بھێنێ.
دەزگای ستاندەر لەگەڵ چەند رۆشنبیر وچاڵاکوانێکی ناوخۆی کوردستانی خاوەن ھەڵوێست، بۆ ماوەی زیاتر لەساڵێکە خەریکی دروستکردنی بەرەیەکی بەرفراوانی میللیی لەحزب وکەسایەتیە سیاسیەکانە بۆ ئەوەی چیتر دەسەڵاتە مافیاگەراو کلیپتۆکراتیەکان حوکمی کوردستان نەکەن. ئەم پڕۆژەی بەرەیە باشترین رێگاچارەی واقعیە بۆ گۆڕانکاری راستەقینە لە دەسەڵاتی کوردستان. جا ھەر کەس ولایەنێک پشتگیری بکات سوپاسی دەکەین با پێشوتریش بەشێک بوبێت لە گەندەڵیەکانی کوردستان؛ چونکە ئەزمونی ووڵاتەکانی باشورو رۆژھەڵاتی ئەوروپا وئەمریکای لاتینی وباشوری رۆژھەڵاتی ئاسیاو ئەفریقیا، تەنانەت ئەو ووڵاتانەی کە ئەو برادەرانەی تێیدا دەژین، ووڵاتە دیکتاتۆر وگەندەڵەکانیان بەبەرەی نیشتمانی قۆناغی راگواستنی دیموکراتیان بە ھاوکاری وپاڵپشتی بەشێک لە حکومەتە دیکتاتۆرو گەندەڵەکان تێپەڕاندوەو گەیاندۆتە ئەو قۆناغەی ئێستا تێیدا دەژین. ئەو پشتگیریەی ئێمە بۆ خودی کەس وحزبەکان نیە، بەڵکو بۆ ئەو پڕۆژە گەورەیەیە کەخەڵک ھیوای لەسەر ھەڵچنیوە، ئەوە لەکاتێکدا ئێمەمانان لە رۆژانی حوکمرانی رابردوی ئەو حزب وکەسانەی ئێستا داوای چاکسازی وگۆڕانکاری ریشەیی دەکەن وپشتیان دەگرین، لەژێر فشار وئەشکەنجەی مادی ومەعنەوی وپەراوێزخستنی ئەواندابووینە، بەڵام گەورەیی خەون وئامانجەکەمان، ھەرچی خەمی تۆڵەو وفشاری رابردومان لەپێش چاو بچوک دەکاتەوە.
دەسەڵات، ھەرجارەو بەشێواز ورێگایەگ دەیانەوێ ئێمە لەسەر رێگا راستەکە لادەن ومەشغولی شتی لاوەکیمان بکەن، ھەر لە داخستنی ئۆفیسی ستاندەر لەھەولێرو دەستبەسەرکردنی مسعود عبدالخالق سەرۆکی ستاندەر و وشککردنی سەرچاوەی دارایی دەزگاو وھەرەشەکردن لە ئەندامانی ستاندەر وفشارخستنە سەریان لە شوێنی کارکردنیان وبێ بەشکردنیان نەک تەنھا لە پۆست وپایەکانی دامەزراوەکانی ھەرێم بەڵکو لەمافی ھاوڵاتیبون لەھەرێمی کوردستان.
بەناراستەوخۆش فشارەکان بەردەوامن، ھەر لەسکاڵای یاسایی بە فیتی دەسەڵات –وەک زیندوکرۆدنەوەی سکاڵایەکی سەرکردەیەکی ئیسلامی ساڵی ٢٠١٥ لە ساڵی ٢٠١٧ دوای ھەڵوێستی ستاندەر لەسەر ریفۆراندۆمە شکستخواردوەکە-، یان لەرێگای جوێنبەخشینەوە بەسەر مسعود عبدالخالق ودەزگای ستاندەر لەلایەن چەند فەیسبوکوانێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کە جگە لە خزمەتی دەسەڵاتدارانی ھەرێم خزمەت بەکەسی تر ناکات.
ئەوانە بەبەکارھێنانی چەند زاراوەو دەستەواژەیەکی سواو وئێکسپایەر لەسەر کورسی ومێزەکانیان لەبەر سپلیتی کارەبا ٢٤ کاتژمێرەیەکانی ئەوروپا دەیانەوێ رووی رەشی خۆیان سپی بکەنەوە بەرامبەر جەماوەری ھەرێمی کوردستان کە گوایە خەمخۆر وھاوخەمی کوردستانن، بەڵام بێ ئاگان لەوەی ئێستا خەڵکی کوردستان شارەزای ئەو جۆرە فێڵانەی ئەوانە بوونەو باش دەزانن ئەوانە لەبیری کوردستان نینە –تەنیا ئەگەر بیر لە زەوی وخانوە بەکرێدراوەکانیان بن لەکوردستان-؛ چونکە کوردستانیان دەزانن کێ لەگەڵیان دەژیت وکێ بۆیان دەژیت وکێ ململانێی سەرسەختی سیاسی دەڵاتەتداران دەکات بۆیان وکێ گیان وماڵ ومنداڵ وپیشەو وکارەکانی کردۆتە قوربانی لەپێناویان؟ ھەر بۆیە ئەوانە دەیانەوێ لە رێگای ئەو جۆرە نوسینە ئاست نزمانە خۆیان لە پەراوێزی ژیانی کۆمەڵایەتی وسیاسی وافلاسی مەعریفی دەربکەن وبەرەخنە گرتن لەپیاوی گەورە وکاری گەورە، دەیانەوێ خۆیان گەورە نیشان بدەن.
لەکۆتاییدا دەڵێم: بەدرێژایی چەندین ساڵە بەچاوی خۆمان بینەری ئەو راستیە بووینە کە دوای ماوەیەکی کەم رووە راستەقینەکەی ئەو کەسانە دەرکەوتووەو بچوکی وناشرینی وھەڵپەرستی خۆیان ئاشکراکردوە -کاتێک پارچە گۆشتێکیان پێبەخشراوە یان ئافەرینێک ودەست لەپشتدانێکیان بۆ کراوە- وتەنانەت ھەر ھەموویان نەیانتوانیوە شوێنێکی بچوکیش لە زبڵدانی مێژوو داگیربکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.