دەنگ بەکێ دەدەی؟!

لەلایەن ستاندار Posted on 354 جار بینراوە

نیزام فەیسەڵ

ئەگەر پێشتر ئەو پرسیارەت لێکرابێت، ئەگەر لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوو کەسێک، ھۆزێک، حزبێک، ھەبووبێت لە دەنگداندا بێ ویستی ئارەزوومەندانەی تۆ ھاوبەشی بڕیاردانی تۆی کردبێت، ئەوا تۆ نە دەنگدەرێکی راستەقینە و دروست بویت و نە بۆ خۆت ژیاویت، بەڵکو ھەر خۆت پێشێلکاری یەکێک لە گرنگترین مافەکانی خۆت بووی.
پرسیاری دەنگدان دیاردەیەکی نەشیاوی ناشارستانییە، چونکە نھێنی دەنگدان مافێکی تایبەتی تاکە و ئیتیکی ھەڵسوکەوتکردنە لەگەڵ یەکتری، بێڕێزیەکی گەورەیە بەکەسێک بڵێی دەنگتدا بەکێ، چونکە بەو پرسیارە شەرمەزاری دەکەی و لەوانەیە رووبەڕووی درۆکردنی بکەیەوە، ئەگەر مرۆڤ لە ژیانیدا تاکە نھێنیەکی ھەبێت پێویستە ئەو نھێنیە دەنگدان بێت، تەنانەت بۆ ھاوسەران و نزیکترین کەسی ناو خێزانیش بۆیان نییە پرسیاری دەنگدان لە دەنگدەرێکی نزیکی خۆی بکات، مەگەر دەنگدەرەکە خۆی ئاشکرای بکات، لە وڵاتێکی دواکەوتووی وەکو وڵاتی ئێمە، کە مرۆڤ تیایدا خاوەنی زۆرێک لە مافەکان و ژیانێکی شایستە نییە، گرنگترین ماف ھەرگیز نابیت مرۆڤ لەدەستی بدات، دوور لە ھەموو فشارێکی ماددی و دەروونی، پیادەکردنی مافی دەنگدانە، لەبەرئەوە پێویستە دەنگدان دوایین شت بێت مرۆڤ لەدەستی بدات، کە رێگەتدا مافی دەنگدانت زەوت بکرێت، بێگومان ژیانێکی شایستەشت لێ چاوەڕوان ناکرێت.

دەنگ بە چی دەدەیت؟

دەنگدەر دەنگ نادات لەبەر خاتری خێزان، خزمان، ھۆز، موچە، پلەبەرزکردنەوە، پۆست، خانەنشینی، گۆڕی شەھید، گلکۆی سەرکردە، مێژوو، یان خەباتی شاخ، جگەلەمەش دیاردەیەکی نەشیاوەو بە سوک سەیرکردنی دەنگدەرە کاتێک لە کاتی بانگەشەدا؛ بەھۆی وەرگرتنی بەرتیل و پارەو چەک و ئوتومبێل و کەلوپەلی دیکە، دەنگی دەنگدەران وەکو کاڵا دەکڕدرێت، تۆ چەند دەفتەر دۆلارێکت لە مووچەکەت بڕاوەو بەھۆی دەمانچەیەک بڕەپارەیەکی کەم دەنگ دەدەیت؟! پێویستە بزاندرێت دەنگدان بریتییە لە جۆرێکی تایبەتی خواست و ویست، کە وەکو رۆحی مرۆڤ بەھادارەو کڕین و فرۆشتنی پێوە ناکرێت، دەنگدەری بەرتیلخۆر بەرلە بەرتیلدەر خۆی بە سوک سەیری خۆی دەکات و دواجار خۆی پێناسەی مرۆڤێکی بۆش و بەتاڵ بۆ خۆی ھەڵدەبژێرێت.
لەسەر ئەم بنچینەیە دوو ھۆکاری دیاریکراو ھەیە وەکو پێوەر لە ھەڵبژاردنە گشتییەکاندا پاڵنەری دەنگدانن، واتە دەنگدەری راستەقینەی فریونەدراو، دەنگ دەدات بۆ دوو لایەنی گرنگ و دوو مەبەستی سەرەکی:
یەکەم/ قەوارەی سیاسی و بەرنامەکەی.
دووەم/ کەسایەتی پاڵێوراوان.
دەنگدەر سەیری بەرنامەو بەڵێنەکانی ھەڵبژاردن دەکات، چ بەرنامەیەک لەگەڵ خواست و بەرژەوەندییەکانی بگونجێت دەنگی پێدەدات، بێگومان بەڵێن و بەرنامەیەک بۆ چینی فەرمانبەران گرنگ بێت، لەوانەیە بۆ کاسبکاران یان بازرگانان یاخود گەنجان گرنگ نەبێت، گرنگی کارنامەی لایەنەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، کاتێک دەنگدەر لیستێک یان قەوارەیەکی سیاسی ھەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی دەنگی پێبدات، دوای ئەوە ئەگەر سیستمی ھەڵبژاردنەکە (لیستی کراوە بۆ نموونە) رێگەی دا، ئەوا دەنگدەر لەناو لیستی پاڵێوراوان، یەکێکیان دەستنیشان دەکات و دەنگی پێدەدات.
لەنێوان پاڵێوراوێک و لیستێکی دیکەی جیاواز، بێگومان لیست ھەڵدەبژێردرێت، واتە پاڵێوراوێکی شایستە ھەیە لە قەوارەیەکی سیاسیدا کە بەنادڵی تۆیە، لە بەرامبەریشدا قەوارەیەکی سیاسی دیکە ھەیەو شایستەیەو بە خواستی تۆیە، لێرەدا قەوارە سیاسییەکە لە پێشترە بۆ ئەوەی ھەڵیبژێری کە خواستی تۆیە نەک پاڵێوراوێک لە لیستێکی دیکە، چونکە بەڵێنەکان و بەرنامەیەکی ھەڵبژاردن کە تۆ باوەڕت پێیەتی، گرنگتر و کاریگەرترە لە پاڵێوراوی ھەرلیستێکی دیکە، کە بەدیدی تۆ پاڵێوراوێکی شایستەیە، لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین؛ خەرابترین پاڵێوراو لە قەوارەیەک (حزبێک)ی شایستە، باشترە لە باشترین پاڵێوراوی قەوارەیەکی ناشایستە. چونکە ھەمیشە بەرنامە و سیاسەتی قەوارەیەک کاریگەری زیاتری دەبێت لە پاڵێوراوێک.

کام لیست؟

گوتارێکی نالۆژیکی ھەیە دەڵێ؛ “ھەر پێنج حزبەکەی ھەرێمی کوردستان، وڵاتیان وێرانکرد و ھیچیان بۆ میللەت نەکرد” ئەو گوتارە بەرلەوەی سیاسی نەبێت، لەگەڵ بیرکردنەوەی لۆژیکی ناگونجێت و کەسێک کەمێک بیربکاتەوە باوەڕ بەو گوتارە ناکات، ئاخر ئەو پێنج حزبەی ھەرێم لەنێوانیاندا ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات ھەیە، لەناو ئۆپۆزسیۆن حزبی جیاواز و سیاسەتی جیاواز ھەیە، ھەروەکو چۆن لە دەسەڵاتیشدا حزب و سیاسەتی پەیڕەوکراوی جیاواز ھەیەو چەند لەیەکتر بچن بەڵام وەکو یەک نین، لە نێوان رەش و سپی رەنگی خۆڵەمێشی ھەیە، لەناو خۆڵەمێشیش چەندین رەنگی دیکە ھەیە وەکو رەشتر یان سپیتر کە ناژمێردرێت، ناکرێت بەو ھەموو رەنگە جیاوازە بگوترێت رەش یان سپی، ئەوەش بڕیاردانی رەھایە و دوورە لە دیدگاو سەیرکردنی شەتەکان بە رێژەیی، کە رەنگە ئەمەش ھۆکارێک بێت بووەتە ھۆی ئەوەی دەنگدەری کوردستانی تاکو ئێستا دەنگدەرێکی دروست و ئاسایی نەبووەو دەنگدانەکەی نەبووەتە ھۆی گۆڕانکاریی ریشەیی لە ژیانی سیاسیدا.
دەنگدەر نابێت دەنگدەری ھەتا ھەتایی بێت، چونکە دەنگدەری ھەتا ھەتایی دەسەڵاتی ھەتا ھەتایی دروستدەکات، ھۆکارێکی گرنگی بوونی دەنگدەری ھەتا ھەتایی بریتیە لە لەخشتەبردن و فریودانی خەڵک لە لایەن حزبەکانەوە، دەنگۆی سیاسی بەرلە ھەڵبژاردن و بانگەشەی ئەو لیستانەی دەیانەوێت لە شکستەکان ھاوبەشیان ھەبێت، ئەوە ھەوڵێکە بۆ ئەوەی بازاڕێکی شێواو بێتەکایەوە، چونکە دز بازاڕی شێواوی دەوێت.
لێرە من پێت ناڵێم کێ شەیتانە و کێ فریشتەیە و دەنگ بەکێ بدە، بەڵکو بە تۆی دەنگدەر دەڵێم سنووری بیرکردنەوە لە دەنگدان ئەو سنوورەیە نابێت کەس بیبەزێنێت. با بیرکردنەوەکانت لەسەر رووداوەکانی ئەرزی واقیع بێت نەک گوتاری ساختەو حەماسەتی درۆزنانەی فریودەر، لە وەڵامی ھەندێک پرسیاردا تەنیا بەخۆت بیربکەوەو لێمەگەڕێ کەسێکی بە پارەگیراو مەھانەو بیانوو بۆ رووداوەکانی واقع بدۆزێتەوەو راستیت لێ ونبکات، ھەرخۆت وەڵام بدەوە، بۆ نموونە ئایا بڕیاری پاشەکەوتکردنی مووچە (مووچە بڕین)، بڕیاری ھەموو حزبەکان بوو؟! سەرەڕای ئەو دەریایە لە داھاتی گشتی کە ھەیە، کام حزب بوو پێشنیازی مووچە بڕینی کرد؟ ئەو حزبانەش کامانەبوون بڕیاریان لێداو کوردستانیان خستە ژێر چەندین قەیران؟ تۆی دەنگدەر خۆت وەڵامی بدەوە، ئایا حزبێک ئەندام نەبووبێت لە لیژنەی باڵای ریفڕاندۆم و دژی ریفڕاندۆمی ناوەخت بووبێت، وەکو ئەو حزبانەیە کە ریفڕاندۆمیان ئەنجامدا و دواتر ئەو کارەساتە گەورانەی بەدوای خۆیدا ھێنا؟! تەنیا بە بیرکردنەوەی لۆژیکیانە دەبیت بە دەنگدەرێکی دروست و راستەقینە و ئەوکاتە مانایەک بە ھەڵبژاردنەکان دەبەخشی.

بەرەی بایکۆت

لە ھەموو وڵاتێکی جیھاندا، کاتێک ھەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت، رێژەیەک لە دەنگدەران بەشداری دەنگدان دەکەن و بەشەکەی دیکە بایکۆتی دەکەن، بەڵام لەم ھەڵبژاردنانەی بەڕێوەن بەتایبەتی ھەڵبژاردنی ئایاری ٢٠١٨ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەناو خەڵک دەنگۆی بایکۆت ھەیە، بەشێک لە چینە جیاوازەکانی دەنگدەران دەیانەوێ بەشداری ھەڵبژاردنەکان نەکەن، بایکۆتی ئەمجارە وەکو ھەڵبژاردنەکانی رابردوو نییە، بایکۆتی کاردانەوەیە، ئەمەش ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە نا سەقامگیرو ناھەموارەی لە ئارادایە، توڕەیی خەڵک و رێگاگرتن لە دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە، جگەلەوەش بەردەوامبوونی دەسەڵات و دەستلەکار نەکێشانەوەی سەرەڕای ئەو ھەموو قەیرانە، ھەموو ئەمانە ھۆکارن بۆ ئەوەی خەڵک بێ ئومێدبن لە سندوقەکانی دەنگدان.
بەڵام ھۆکارەکانی ھەر شتێک بێت، پێویستە دەنگدەر بیزانێت؛ بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان ھەڵوێستێکی نادروست و نێگەتیڤە، چونکە لەوانەیە دەنگدەر بیەوێت بە بایکۆت توڕەیی بەرامبەر دەسەڵاتێک دەرببڕێت، دواجار بەو بایکۆتکردنە خزمەتێک بە دەسەڵاتەکە بگەیەنێت و دەرفەتی مانەوەی زیاتر بکات، بۆیە پێویستە ھەرگیز دەنگدەر ئەو مافەی خۆی نەبەخشێت بە ساختەکاران و ئەگەر خۆشی دەنگ نادات، با کەسێکی دیکە لە شوێنی ئەو دەنگنەدات، چونکە خەرابترین پڕۆسەی ھەڵبژاردن گرنگی خۆی ھەیە و چارەنووسی ژیانی بەرەی بایکۆتیشی پێوە بەندە، ئەگەر دەنگدەر لەنێوان قەوارە سیاسییەکاندا ھیچ لایەنێکی بەدڵ نەبوو، دەتوانێت کارتی سپی یان پوچەڵ بخاتە ناو سندوقەکەوەو ئیمزای بێلایەنی خۆی بکات، بێلایەن بوونیش رۆڵێکی کاریگەر و پۆزەتیڤی دەبێت لە پڕۆسەی سیاسیدا، ھەروەکو بەختیار عەلی لە یەکێک لە رۆمانەکانی نوسیویەتی: “سیاسەتی راستەقینە بێلایەنەکان دەیکەن”
لەم ھەڵبژاردنەدا بایکۆتی ھەڵبژاردن وەکو ئەوەیە دەنگت دابێت بە لایەنێک، چونکە لایەنێک یان چەند لایەنێکی دیاریکراو، بانگەشەی ساردکردنەوەی خەڵک دەکەن بۆ بەشدارینەکردنییان لە ھەڵبژاردن، بەتایبەتی ئەوانەی گوتاری بێنرخکردنی پەڕلەمان بە گوێی دەنگدەراندا دەکەن، ئەوانەی دەنگدەران ئاراستەدەکەن کە پەڕلەمان وەکو دەزگای نوێنەرایەتی میللەت ھیچ نرخ و کاریگەری نابێت، ئەگەر ھەر ژمارەیەکی کورسی بەدەست بھێندرێت، تۆی دەنگدەر دوو بژاردەت لەبەردەمە، دەنگ دەدەیت بە دەزگای شەرعی و نوێنەرایەتی گەل کە پەڕلەمانە، یان بایکۆتی ھەڵبژاردن دەکەی بۆ زاڵکردنی ویستی خێڵگەرای چەکدارانی دیوەخاننشین، چونکە ئەگەر دەنگدان ئامادەنەبوو، ھێزی چەک جێگرەوەی دەنگی ھاوڵاتیان دەبێت و ئەو رەوتی دژە میللەت سەردەکەوێت کە پێیوایە یەک کورسی و سەد کورسی پەڕلەمان یەک شتە و دەنگی گەل نرخی نییە. بۆیە دەنگدەری توڕەی بێلایەن، بە بەشداریکردنی لەم ھەڵبژاردنە، بێلایەنی خۆی دەسەلمێنێت و ئەوەش بزانە بە یەک دوو ھەڵبژاردنیش گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەو خێراییە روونادات.

با فێڵت لێ نەکرێت

ھەڵبژاردن لە دوای ھەڵبژاردن دۆخی ھەرێمی کوردستان ئاڵۆزتر و پڕکێشەتر دەبێت، کەشوھەوایەکی سیاسی ھاتوەتە پێشەوە؛ بەھۆی دەنگۆیە سیاسییەکان، مەکینەیەکی گەورەی لەخشتەبردن و فریودانی دەنگدەران لەکاردایە، پێویستە بزاندرێت گۆڕەپانی سیاسی تەنیا دابەشنەبووە بەسەر دوو بەرەی ئاشکرا، کە بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە، بەڵکو لەتەک دەسەڵاتدا کۆمەڵێک کەسایەتی و قەوارەی سیاسی ھەن، ھەندێ جار بە دوکانی سیاسی ناودەبردرێن و بەزمانێکی جیا لە زمانی دەسەڵات دەدوێن، دەنگدان بەو قەوارانە دەنگدانە بە لیستەکانی دەسەڵات. بەھەمان شێوە لەبەرامبەر لیستەکانی ئۆپۆزسیۆن، چەند لیستی نوێ ھەن و بانگەشەی ئۆپۆزسیۆن دەکەن، لەسەر گۆڕەپانی سیاسی، ئۆپۆزسیۆنی ساختەش ھاتوەتە پێشەوە، ئەوە تۆی دەنگدەری پێویستە لەیەکتریان جیا بکەیتەوە، دەنگدەری ئازاد پێویستە دەمامکی دوو روویی ھەڵماڵێت و دوو شت لەیەکتر جیابکاتەوە، کردەوەی راستەقینەو گوتاری رەخنەگرانەی ساختە باشتر بناسێت، ھەرگیز بینەری یەک تاکە کەناڵ دەنگدەرێکی دروست نابێت، بەڵکو پێویستە گوێ لە ھەموان بگیرێت، ئینجا بەراوردی کردارەکان و لێدوانەکانیان بکرێت و دوو روویی لیست و پاڵێوراوان ئاشکرا بکرێت، بۆ نموونە ئەندامانی لیژنەی ریفراندۆم کە شەو و ڕۆژیان بۆ ریفڕاندۆمێکی ساختە لەسەریەک دانابوو، دوای ئەوەی ئەو ھەرەسە گەورەیە بەسەر کوردستاندا ھات، ھەر ئەوان بوون لێدوانی رەخنەگرانەی توندیان لە دژی ریفراندۆمەکەی خۆیان دەدا!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.