گۆڕان لە نێوان دوو بەرداشدا

لەلایەن ستاندار Posted on 227 جار بینراوە
پێشڕەو بابەشێخ
بزوتنەوەی گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری و هەڵقوڵاوی ناخی خەڵک, دروستبون و هاتنە مەیدانی دەگەڕێتەوە بۆ نادادی کۆمەڵایەتی و ناشەفافی لە داهات و جیاکاری هاوڵاتیبون و نەبونی خزمەتگوزاری و خراپی ژیانی خەڵک بەرامبەر بە داهاتی بێ شوماری هەرێم . بزوتنەوەی گۆڕان هاتە مەیدان بۆ گەڕانەوەی بەهای دەنگی تاکی کورد و گێڕانەوەی سیاسەت بۆ مانا و شێوازە ڕاستەقینەکەی خۆی لە حوکمڕانیدا . گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی یەکێک بوو لە هۆکارەکانی دروستبونی بزوتنەوەکە و بەردەوامە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە . ئەوەی من لێرەوە دەمەوێت ئاماژەی پێبکەم و مەبەستی سەرەکیمە, بزوتنەوەی گۆڕانە لە نێوان دوو بەرداشدا, دەسەڵات بەدەستانی هەرێم لە لایەک و ڕاگەیاندن و هێزی تر وەک تابوری پێنجەم لە لایەکی تر .
چۆن گۆڕان لە نێوان دوو بەرداشدایە ؟
یەکەم / بزوتنەوەی گۆڕان لە دروستبونیەوە تا ئێستا بەردەوام لە لایەن دوو هێزی دەسەڵات بەدەستی وەک یەکێتی و پارتی زۆرترین دژایەتی کراوە, بە نانبڕینی دەنگدەران و گواستنەوەو فەسڵکردنی هەڵسوڕاوان و لێدان وترساندن و چاوسورکردنەوە و هێرشی ناڕەوا نزیکەکانی بزوتنەوەکەی گرتۆتەوە و ئێستاش مەترسیەکان لەسەر بزوتنەوەکە کەمتر نین لە ساتی دروستبونی . لە بەرامبەردا هێزێکی شاراوە وەک تابوری پێنجەم لە ئێستادا بەرامبەر بە گۆڕان لە هەوڵدایە وەک هێزی دەسەڵات و شەریکی دەسەڵات بیناسێنێت .
دووەم/ بزوتنەوەی گۆڕان بە هۆی هەڵوێستە نەگۆڕەکانی لە گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لە سەرۆکایەتی بۆ پەرلەمانی, توشی سزای سیاسی هات و بە زەبری هێز لە پەرلەمان و حکومەت دورخرایەوە, ئامادە نەبونی بۆ پاشگەزبونەوە لە هەڵوێستەکانی ونەچونە ژێر باری بڕیارەکانی حکومەتی جوت حزبی دەسەڵات بەدەست, دەرکردنی وەزیرەکانی لێکەوتەوە . لە بەرامبەردا هێزێکی بەکارهاتوی بە بەدیل شەڕکەر لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانیانەوە هەوڵی ئەوە دەدات شکستی حوکمڕانی ٢٧ ساڵ لە ساڵ و نیوێک کۆبکاتەوە و بە ئەنقەست و بە مەبەست بزوتنەوەی گۆڕان لە بەرهەڵستێکی سەرسەختی حوکمڕانی بکات بە شەریک و هاوئاواز .
سێ یەم / بزوتنەوەیەک پڕ لە هۆشیاری و پەخشکەرەوەی هۆشیاری, قسەکردن لەسەر ئەرک و ماف, لە شێوازی داواکاری ماف لەڕێگای مەدەنی و خۆپیشاندان, پێشڕەو لە پێشەوایەتی خەڵک بۆ بەدەستهێنانی مافەکان لە کارە بنچینەییەکانی بوە . تەخوین کردن و بەتێکدەر سەیرکردنی لەلایەن دەسەڵات بەدەستان باجی بارەگا سوتان و هەڵکوتانەسەر بارەگاو هەڵسوڕاوانی بەدوادا هات . لە بەرامبەردا هێزێک بە وەکالەت شەڕی دەکات و وەک تابوری پێنجەم لەناو خەڵک و دەنگدەران خەریکە گۆڕان واپیشان بدات جیاوازی نیە لەگەڵ حزبەکانی تر, وا بە گوێی خەڵک دەچرپێنن وەک ئەوەی گۆڕان تەقەکەری هەبێت و خۆپیشاندەر شەهید بکات, چەکداری هەبێت و بەرگری لە خۆی کردبێت و کردبنی بە پشتێنەی ئەمنی بۆ پارێزگاری لە حزب و بنەماڵە .
چوارەم / بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵسوڕاو و بریکارەکانی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان بون بە قەڵغان و پارێزەر لەدەنگی هاوڵاتی, بوون بە بەربەستێک وڕێگرن لە ساختەکاری دەسەڵات بەدەستان و باجەکەشی هەڵسوڕاوە خۆبەخش و بوێرەکانی گۆڕان دەیدەن . ترسی دەسەڵات لە هەڵسوڕاوەکانی گۆڕانە وەک چۆن ترسیان لە دەنگە بوێرەکانە, بەیەک چاو سەیرکردن و پیشاندانی بزوتنەوەی گۆڕان وەک حزبی دەسەڵات خیانەت و غەدرە لەو دەنگە بوێرو ئازاو بەهەڵوێستانەی لەبەرامبەر چەک و هێزو شەقوەشێنی دەسەڵات قوربانی دەدەن . بە حزبی دەسەڵات پیشاندانی گۆڕان هیچ نیە جگە لە خزمەتێکی شاراوەی دەسەڵات و کارکردنی ناڕاستەوخۆی تابوری پێنجەم بۆ نەگەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانی زۆرینەی هاوڵاتیان و ساردکردنەوەی دەنگدەر لە کاریگەری دەنگدانی بۆ گۆڕینی ئەم شێوازەی حوکمڕانی لە کوردستان .
پێنجەم / دژایەتی کردنی گۆڕان لە لایەن دوو حزبی دەسەڵاتدار و بە کارهێنانی هێزی چەکدار و پارەی بێ شومار و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنە زۆر و زەبەلاحەکانیان نەیتوانیوە ببێتە لەمپەڕوکۆسپ لە بەردەم گەشەو فراوانبونی بیری گۆڕانخوازی و سەرکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لە گەیاندنی پەیامەکەی لە بەرامبەردا لەڕێگای هێزو ڕاگەیاندنی تر کەوتنە کارکردن بۆ وەک یەک سەیرکردنی هەر پێنج حزبەکە و لەناویشیاندا بزوتنەوەی گۆڕان . ئەم بەرداشە جیاوازیەکی ئەوتۆی نیە لە ستەمی دەسەڵات بەدەستان, هۆکارێکە لەخزمەتکردن بە مانەوەی ئەم دەسەڵاتەو بێهێزکردنی دەنگی بوێری ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە .
شەشەم / ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە پیشاندانی بزوتنەوەی گۆڕانە بە دوو دیوو دیوێک بە حزبی دەسەڵات نیشاندانێتی لە لایەک و بە هێزێک کە نەیتوانیوە بەرامبەر بە دەسەڵات هیچ بکات لە لایەکی تر . ئەم جۆرە کارکردنە لەسەر گۆڕان لەلایەن دەسەڵاتداران و وەکیلەکانیان هیچ نیە جگە لە خۆڵ کردنە چاوی خەڵک و خزمەتکردن بە دەسەڵات و ئەم سیستەمە حوکمڕانیەی ئێستای هەرێم . بزوتنەوەی گۆڕان لە نێوان دوو بەرداشی یەک ئامانج و دوو ڕووی یەک دراو دا, بە هەڵوێست و بوێری و باجدانی بۆ بەرگری لە یاسا و مافی خەڵک و کارو بەرنامەی ڕابردووی لە لایەک و هۆشیاری و پشتیوانی جەماوەری و تاکە ئومێدی خەڵک بە گۆڕان بۆ داهاتوولە لایەکی تر, ئەم گەلە کۆمەی دەسەڵات و وەکیلەکانیان تێدەپەڕێنێت . خەڵکی کوردستان لە هەوڵەکانی دەسەڵات و وەکیلەکانیان بۆ شەڕی بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە تێگەیشتوە و ناهێڵێت ئەم هەوڵە نەزۆکانەیان بێتە دی .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.